فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکانی یەکێتیی دەکات و هیوا دەخوازێت هەڵبژاردنیان "خزمەت بە ئاواتەکانی سه‌رۆك مام جەلال بکات".

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 26/2/2020 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهوور شێخ جه‌نگى، به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنيانه‌وه‌ به‌ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، پيرۆزبايى لێكردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى، هيواى سه‌ركه‌وتنی بۆ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان خواستووە و، باسى له‌ رۆڵى "ديارى يه‌كێتى له‌ قۆناخه‌كانى خه‌باتى گه‌لى كوردستاندا" كرد و جه‌ختى له‌ "گرنگيى پێگه‌ و هه‌وڵه‌كانى يه‌كێتى له‌پێناو ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پێكهاته‌ و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا" كرده‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها هيواى خواست هەڵبژاردن و ده‌ستبه‌كاربوونی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگیی، "خزمەت بەو یەکڕیزییە و ئاواتەکانی خوالێخۆشبوو جەنابی سه‌رۆك مام جەلال بکات".

26/2/2020

 


یەکێک لە رێکارە تەندروستییەکان کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگیرێتەبەر خۆپاراستنە لە قەرەباڵخی، بۆ هێشتنەوەی خەڵکی لە ماڵەوە و دووربوونیان لە تێکەڵاوی و قەرەباڵخی، حکومەتی ئێران لە هەندێک پلاتفۆڕمی ئینتەرنێتی فیلم و زنجیرەی بێبەرامبەر بۆ خەڵک دابین دەکات.

وەزیری پەیوەندیەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە بەرنامەکانی تایبەت بە منداڵان لە هەندێک پلاتفۆرمی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر دەبێت و ئەو کارە بۆ ئەوەیە خەڵک بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.

ئازەری جەمهوری، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی چەند کەناڵێکی ئینتەرنێتی ئێران قسەی کردووە و ئەوانیش بڕیاریانداوە بەرنامە و بڕگە تایبەتەکانی منداڵان و هەندێک فیلم و زنجیرەکانیش بۆ کەسانی گەورە بێبەرامبەر بەردەستدەبێت تاوەکو خەڵک لە ماڵەوە سەرگرەم ببن و نەچنە دەرەوە.

ئەو وەزیرە دەڵێت "تکاتان لێدەکەم لە ماڵەوە بمێننەوە و مەڕۆنە دەرەوە. ئاگاتان لە خۆتان و منداڵەکانتان بێت لە دژی کۆرۆنا".

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە چین سەری هەڵدا و بە جیهاندا بەخێرایی بڵاوبووەوە و گەیشتووەتە ئێران و بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 100 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 15 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەوانەیە رژێمی ئێران وردەکاریی گرنگی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەی شاردبێتەوە.

26/2/2020

 

بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق، کەمپێک بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش لە سنووری شنگال دروستدەکرێت و ئێستا 50%ی پرۆژەکە تەواوبووە؛ بڕیارە زیاتر لە 31 هەزار لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بگوازرێنەوە ئەو کەمپە.

خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیک ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال، کەمپەکە دروستدەکرێت کە بڕیارە 31 هەزار و 400 کەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی سووریاوە بگوازرێنەوە بۆی.

بەڕێوەبەری ناحیەی سنوون گوتیشی "ئەو کەسانە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەلاحەددین و ئەنبارن، پێشتر خەڵکی ئەو پارێزگایانە قبووڵیان نەکردنەوە، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریدا لەنزیک سنوون کەمپێکیان بۆ دروستبکات".

خودێدا چوکێ ئاماژەی بەوەش کرد، زانیارییان هەیە و خەڵکیان ناردووەتە نێو کەمپی هۆل، بۆیان دەرکەوتووە کە بەشێکیان تاوەکو ئێستاش وابەستەی داعشن و هەمان بیرکردنەوەیان هەیە، دەشڵێ "بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبنە مەترسی بۆسەر ئێزدییەکان".

هاوکات مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە رووداوی راگەیاند، لە رابردوودا پەیوەندیمان بە حکومەت و پەرلەمانی عێراقەوە کرد و بڕیاردرا بڕیاری دروستکردنی ئەو کەمپە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام دواتر دروستکرا. باشتروایە حکومەتی عێراق لەجیاتی هێنانی کەسوکاری چەکدارانی داعش، کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات.

17/2/2020

 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ترەمپ وادەزانێت رژێمی ئێران لەسەر رووخانە بۆیە لەگەڵمان کۆنابێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەسەر سەکۆ کەوتە نێو گفتوگۆ و دەمەقاڵییەکی گەرم لەگەڵ پێشکەشکاری پانێلێک لەسەر ئەوەی بۆچی ئێران لەگەڵ ئەمریکا کۆنابێتەوە.

جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ بوو، ئەمریکا لەو مێزە دوورکەوتووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەرۆککۆماری فەرەنسا و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەوڵیاندا لەڕێگەی دەستپێشخەریی دیکەوە ئێمە دانووستان لەگەڵ ئەمریکا بکەین کە ئەم پێشنیازانە نەیانهێشت هیچی دیکە بە گوێی ترەمپدا بچێت.

زەریف ئەوەی خستەڕوو، ترەمپ پێیوایە ئێران لەسەر لێواری رووخانە بۆیە گفتوگۆمان لەگەڵ ناکات. ترەمپ بەدوای گۆڕینی رژێمەوەیە و لەوە زیاتر هیچی دیکەی ناوێت.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە هەبوون لەسەر ئەوەی گوایە ئێران هەوڵی گفتوگۆ و دانووستانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەنداو نەداوە، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی پاکستان، خۆی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی پاسداران بەنیاز بوون نامەیەک بۆ سعودییە بنێرن، بەڵام "شازادەیەکی عەرەب" پێی گوتووە شەڕی نیوان وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیی بە تۆوە نییە.

زەریف دەڵێت، هەر ئەو رۆژەی "فەرماندە قاسم سولەیمانی شەهید بوو"، وڵاتانی عەرەبی بە ئێرانیان گوتووە ،دەیانەوێت دانووستان بکەن، ئەوانیش گوتوویانە ئامادەین، بەڵام وڵاتانی عەرەبی دوای ئەوە بێدەنگ ماونەتەوە.

17/2/2020

 

لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ژمارەیەک چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی تووندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئافرەتان دەردەبڕن.

ئەو چالاکییە بەشێکە لە هەڵمەتی ملیارێک کە لە ساڵی 2012 لە ئەمریکاوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئافرەتان راگەیێنراوە،.مەبەستیش لەو ناوە ئاماژەیە بۆ ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە دەڵێت، لە سەرانسەری جیهاندا ملیارێک ئافرەت تووندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

لویزا ریزیتێلی، رێکخەری هەڵمەتی ملیارێک لە ئیتاڵیا دەڵێت، ''دەبێت ئافرەتان باوەڕیان پێبکرێت کاتێک تۆمەتیان ئاراستە دەکرێت، چونکە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان کە سەنتەرەکانی دژی تووندوتیژی بە بەردەوام باسی دەکەن ئەمەیە کە دەبێت سەرچاوەیەکی وردتری دارایی هەبێت بۆ پشتیوانیکردنی سەنتەرەکان. بەدڵنیاییەوە پێویستی بە یاسای وردتریش هەیە، چونکە ناکرێت لە هەر 72 کاژێرێکدا ئافرەتێک بکوژێرت، بەداخەوە ئەم پرسە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و ئەمە شتێکی باش نییە".

چالاکڤانان و بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە دەڵێن، تاوەکو دێت تووندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئافرەتان زیاتر دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشن کە پیاوان پشتیوانی لە هەڵمەتەکەیان دەکەن و دەنگە ناڕازییەکانیش دژ بەم تووندوتیژیانە رۆژ لە دوای رۆژ بڵندتر دەبن.

هەندێک لە چالاکڤانانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بنەبڕکردنی تووندوتیژییەکان بە تەنیا لەڕێگەی باشتر پەروەردەکردنی نەوەی نوێوە دەبێت.

گابرێلا کالیفۆرۆنۆ، دانیشتووی رۆمایە و دەڵێت، "بەداخەوە ئەمە شتێکی کولتوورییە و بنەبڕکردنی ئاسان نییە، دەبێت لە منداڵەکان، قوتابخانەکان و هەروەها خانەوادەکانەوە دەست پێبکەین، بە شێوەیەکی باش پەروەردە بکرێن، پەروەردەیەکی فرەچەشن و گشتگیربێت".

ئەم هەڵمەتە بەدەر لە رۆما لە 70 شار و شارۆچکەی دیکەی ئیتاڵیا راگەیێنراوە و هاوکات هەڵمەتێکی جیهانیە و لە چەندین وڵاتی دیکەشدا بە هەمان ناوەوە چالاکڤانانی مافەکانی ئافرەتان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای بنەبڕکردنی تووندوتیژییەکان لە دژی ئافرەتان دەکەن.

17/2/2020

 

بەھۆی بەفربارین و دروستبوونی کڕێوە و خێرایی ئاستی با دەروازەی نێودەوڵەتیی ھامڵتۆن لەنێوان چۆمان - حاجی ئۆمەران داخرا، بەو هۆیەشەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران وەستاوە.

مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو 82 سانتیمەتر بەفر باریوە و تیمەکانی راماڵینی بەفر سەرقاڵی كارکردنن بۆ کردنەوەی رێگەکە.

ئەو بەرپرسە لە کۆمەڵگەی گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی بارینی بەفر و خێرایی ئاستی با و کڕێوە رێگرن لە کرانەوەی رێگە و کەوتنەکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری.

مەسعود باتێلی لە رێگەی رووداوەوە داواکارە خەڵکی ئەمڕۆ سەردانی دەروازەکە نەکەن و دەڵێ "ناتوانن لە رێگەدا دەربازیان ببێت".

داخستنی دەروازەی حاجی ئۆمەران لەکاتێکدایە کە چەند هەفتەیەکە لەو سنوورە بە شێوەیەکی چڕ بەفر دەبارێت، بەشێوەیەک زۆرترین رێژەی بەفری تێدا باریوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما تێیدا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

بۆ مەبەستی گەشتیاری ‌و بازرگانی، ئێران ‌و هەرێمی كوردستان چەندین خاڵی سنووری ‌و دەروازەی هاوبەشی فەرمییان هەیە، دەروازەی حاجی ئۆمەران یەكێكە لە دەروازە فەرمییەكان ‌و رۆژانە زیاد لە 500 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەوێوە هاتووچۆ دەكەن، هاوکات رۆژانە زیاد لە هەزار كەس هاتووچۆ لەو دەروازەیەوە دەكەن.

17/2/2020

 

دوای 18 ساڵ لە شەڕ و پێکدادان لەنێوانیان، بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ گەیشتوونەتە رێککەوتن.

سوهەیل شاهین، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان بە میدیاکانی ئەفغانستانی راگەیاندووە، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتن و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە، رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد "رێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا بەکۆتا گەیشتووە و واژۆکردنی رێککەوتنەکەش بەندە بە کەمبوونەوەی تووندوتیژییەکان لە حەوت رۆژی داهاتوو و دوای ئەو وادەیە".

عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی چیدی ناوچەیەکی ئارام نابێت بۆ چەکداران و وڵاتەکەی پاڵپشتیی تەواوی پرۆسەی ئاشتیی ئەفغانستان دەکات.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ لێدوان و زانیارییەکیان لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان نەداوە.

پێشتر مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی پلانی هەیە لەسەر چەند بنەمایەک ژمارەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان بۆ هەشت هەزار و 600 سەرباز کەمبکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێستا ئەمریکا 12 بۆ 13 هەزار سەربازی لەسەر خاکی ئەفغانستان هەیە.

چەند بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کە لە بازنەی بڕیاردانەوە نزیکن، باسیان لەوە کردبوو کە رێککەوتنی دووەمیان لەگەڵ ئەمریکا لە رۆژی 29ی شووبات واژۆدەکرێت و گفتوگۆی ئاشتیی نێوان سەرجەم لایەنە جیاجیاکانی ئەفغانستان لە رۆژی 10ی مانگی ئاداری ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، چاوەڕێش دەکرێت هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەیەکی 18 مانگیدا لە ئەفغانستان بکشێنەوە.

لە مانگی تەمووزی ساڵی 2018وە گفتوگۆکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی درێژخایەنی ئەفغانستان دەستیان پێکردووە، مانگی ئەیلوولی 2019 ئەمریکا و تاڵیبان لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیکبوونەوە، بەڵام دوای کوشتنی سەربازێکی ئەمریکی لەلایەن تاڵیبانەوە، شکستیهێنا.

دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەو شکستە پرۆسەی ئاشتی "مرد"، بەڵام گفتوگۆکان بە نوێنەرایەتیی زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتەوایی ئەفغانستان بەردەوامبوون.

17/2/2020

 

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا لە توویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر رایگەیاند، نابێت کوشتن و کردەوەی رفاندن لە عێراق بەردەوامبن.

ئەم هەڵوێستەی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا دوای ئەوە هات کە دوێنێ سێشەممە 11-02-2020 نزار زەنوون، سەرپەرشتیاری گشتیی کەناڵی ئاسمانیی رەشید لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.

ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "بە کوژرانی نزار زەنوون لەسەر دەستی چەکدارانی نەناسراو تاسام، چونکە ئازادیی رادەربڕین مافێکی سەرەکییە لە مافەکانی مرۆڤ. ئەمە جگە لەوەی مافێکە دەبێت گەل شانازیی پێوە بکات".

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا دەشڵێت، "نابێت ئەو کوشتن، رفاندن و تۆقاندنانە بەردەوامبن و دەبێت بکەرانی ئەم کردەوانە سزابدرێن".

بەپێی دوا ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە خۆپێشاندانەکاندا دژی گەندەڵی، بێکاری، حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق تاوەکو ئێستا 543 کەس کوژراون و زیاتر لە 22 هەزار کەسی دیکە برینداربوون و نزیکەی 70 کەسیش رفێندراون یان بێسەروشوێنکراون.

12/2/2020

 

حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئێستاش بەهەمان گوڕوتینی ساڵی 1979 ئێرانییەکان لەنێوان سیستمی پاشایەتی و شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێراندا شۆڕش هەڵدەبژێرن.
ئێستاش ئەگەر ئێرانییەکان بخرێنە بەردەم بژاردەی شۆرشی ئیسلامی یان سیستمی پێشوی پاشایەتی، بەهەمان گوڕوتینی ساڵی 1979 شۆڕش هەڵدەبژێرن

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، دوێنێ سێشەممە، بەبۆنەی یادی 41 ساڵی شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئێستاش ئەگەر ئێرانییەکان بخرێنە بەردەم بژاردەی شۆرشی ئیسلامی یان سیستمی پێشوی پاشایەتی، بەهەمان گوڕوتینی ساڵی 1979 شۆڕش هەڵدەبژێرن.

11-ی شوباتی ساڵی 1979 بەڕابەرایەتی شۆڕشی ئیسلامی، گەلانی ئێران راپەڕینیان دژی سیستمی پاشایەتی ئەو وڵاتە ئەنجامداو بەهۆیەوە رژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست.
گەلانی ئێران لەنێوان دەسەڵاتێکی گەندەڵ و پشتبەستو بەئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتێکی ئاینی و دیموکراتی، ئەوەی دوەمیان هەڵدەبژێرن

رۆحانی وتیشی، گەلانی ئێران لەنێوان دەسەڵاتێکی گەندەڵ و پشتبەستو بەئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتێکی ئاینی و دیموکراتی، ئەوەی دوەمیان هەڵدەبژێرن.

وتیشی ساڵانە خەڵکی ئێران لەم رۆژەدا بژاردەی مانەوە لەماڵەوە و هاتنە سەرجادە بۆ پەیمان نوێکردنەوە بۆ شۆڕشی کۆماری ئسلامی ئێران لەبەردەستدایەو خۆیان ئەوەی دوەم هەڵدەبژێرن.

12/2/2020

 

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی هێرشی تووندی کردە سەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی دوو لە سنوورەکانی ئیدلب نەکشێیتەوە لە ئاسمان و زەوییەوە لێتدەدەین.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەو هێرشانە کرد کە لە ئیدلب لەلایەن سوپای سووریا کراوەتە سەریان و کوژراو و برینداربوونی سەربازانی لێکەوتەوە و گوتی "لە ئەمڕۆ بەداوە رایدەگەیێنم، ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر سەربازانمان، بێ پابەندبوونمان بە یاداشتی سنوورەکانی رێککەوتنی ئیدلب و سۆچی لە هەموو شوێنێکدا لە هێزەکانی رژێم دەدەین".

سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوەکانی لەبارەی ئیدلب بە لەبن نەهاتوو ناوبرد و گوتی "چاوەڕێیان ناکەین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامیان دەدەین".

سەرەڕای هەڕەشە و هۆشدارییەکانی تورکیا، سوپای سووریا بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی رووسیا لە پێشڕەوییەکان بەردەوامە و پێداگرە لە کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئیدلب.

رۆژی دووشەممە 10ی شوباتی 2020 لە هێرشێکی سوپای سووریادا پێنج سەربازی تورکیا کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون. بە هەمان شێوە رۆژی 3ـی شوباتی 2020 لە بۆردوومانێکی سوپای سووریادا، هەشت سەربازی تورکیا لە ئیدلب کوژران.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەردوو جاردا رایگەیاند کە بەرپەرچی سوپای سووریایان داوەتەوە، بەپێی راگەیێنراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا یەکەمجار 76 و دووەمجار 110 سەربازی سوپای سووریا لە ئاکامی بەرپەرچدانەوەی تورکیا کوژراون، بەڵام ئەمە لەلایەن شامەوە پشتڕاستنەکرایەوە.

ئێوارەی 11ی شوباتی 2020 جێمس جێفرى، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ پرسی سووریا گەیشتە ئەنقەرە و بۆ رۆژنامەڤانان گوتى: "ئەمڕۆ لە ئیدلب سەربازانی تورکیای هاوپەیمانمان رووبەڕووی هەڕەشەن. ئەم هەڕەشەیە لەلایەن رووسیا و حکومەتی ئەسەدەوەیە. لە گۆڕەپانەکەدا شەهیدمان هەن. سەرەخۆشیتان لێ دەکەم. ئێمە ئەمڕۆ هاتووینەتە ئەنقەرە و دەمانەوێ چاو بە دۆخەکەدا بخشێنینەوە. تا ئەو رادەیەی دەکرێ دەمانەوێ پشتیوان بین".

ئەردۆغان لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا جەختیکردەوە کە چاوەڕێی کۆبوونەوەکان ناکەن و هەنگاوی پێویست دەنێن و لە پەیامێکی تووندایشیدا بۆ ئەسەد گوتی "ئەمڕۆ پێتدەڵێم، یەک زەرەری بچووک بەر یەک سەربازمان بکەوێت لە هەموو شوێنێکی سووریا لێت دەدەین".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2020 کۆشکی کریملین رایگەیاند کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان دۆخی ئیدلب بووە.

12/2/2020

 

پێکدادانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاوکاری تورکیا لە نزیک رێگەی نێوده‌وڵه‌تیی M5 بەردەوامە.

سوپای سووریا دوو رۆژ لەمەوبەر رێگەی ستراتیجیی M5ـی کۆنترۆڵکرد و گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاوکاری تورکیای ناچار بە پاشەکشێ کردن.

سوپای سووریا دەیەوێ پێشڕەویی زیاتر بکات و له‌و به‌شه‌ی رێگەی نێوده‌وڵه‌تیی M5 کە به‌ ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییەکانی ئیدلبدا تێپەڕدەبێت پێکدادان بەردەوامە.

لەو بەشەی رێگەکەدا کە‌ لە شامەوە‌ ده‌ستپێده‌كات و حه‌ما، حومس، ئیدلب و حه‌له‌ب پێکەوە ده‌به‌ستێته‌وه، هێزەکانی سوپای سووریا تەواو باڵادەستن و ‌ هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرئاوای ناوچەکە ده‌ده‌ن كه‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ رێگەكه‌وه‌ دوورن.

میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی سووریا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر رێگەكه‌دا گرتووه‌، ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ بۆ ته‌واوكۆنترۆڵكردنی رێگەكه‌ پێویسته‌ باڵاده‌ستییان به‌سه‌ر به‌شی خۆرئاوای رێگەكەدا‌ فراوان بكه‌ن.

12/2/2020

 

سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین رایگەیاند، پلانەکەی ئەمریکا رەتدەکەنەوە و رازینابن بەوەی قودس بە ئیسرائیل بدەن و بە فەرمی هەموو پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندوون.

ئەمڕۆ شەممە 01-02-2020 مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە گوتەیەکدا لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە رایگەیاند، "کە گوتیان قودس بۆ ئیسرائیل دەبێت، بە هیچ شێوەیەک بەم چارەسەرە رازی نەبووم و نابم. هیچ کات رازینابم بەوەی مێژوو تۆماری بکات کە قودسی پایتەختی هەتاهەتاییمانم فرۆشتبێت".

مەحموود عەباس ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر رازیبووین بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر 22%ی خاکی مێژوویی فەلەستین، کەچی ئێستا داوای 30%ی ئەو رووبەرەش دەکەن کە ماوەتەوە، بۆیە بە فەرمی بە ئیسرائیل و ئەمریکامان راگەیاند کە هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا پچڕاندن و داوامان لە ئیسرائیل کرد وەک هێزی داگیرکار بەرپرسیارێتییەکانی لەئەستۆ بگرێت".

ئەم گوتانەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی دوای راگەیاندنی دەستپێشخەریی سەدە تایبەت بە بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند و هەر زوو دەسەڵاتی فەلەستینی رەتیکردەوە.

ترەمپ نەخشەیەکی نوێی بۆ سنووری ئیسرائیل و فەلەستین داناوە کە تیایدا ئۆرشەلیم (قودس) بە پایتەختی ئیسرائیل دانراوە و بەگوتەی خۆی، ئەو خاکەی بۆ فەلەستین لە نەخشە نوێیەکەدا دیاریکراوە، دوو هێندەی ئەوەی ئێستا دەبێت و رێککەوتنەکەی بە هەلێکی مێژوویی بۆ فەلەستینییەکان ناوبرد تاوەکو لە کۆتاییدا ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لە نەخشەی فەلەستیندا کەناری رۆژئاوا بە توونێلێک بە کەرتی غەززەوە دەبەسترێتەوە.

3/2/2020

 

سامانی جیهان 360.603 ترلیۆن دۆلارە، كە 223.81 ترلیۆن دۆلاری واتە لە 62.1% ‪‬لای پێنج ئابووریی یەكەمی جیهانە، واتە ئەمریكا، چین، ژاپۆن، ئەڵمانیا و بەریتانیا. ئەمریكا بە 105.99 ترلیۆن دۆلار (واتە 29.4٪ی سامانی جیهان) خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهانە.‬‬

لەسەر ئاستی ناوچەكان ئەمریكای باكوور بە 114.607 ترلیۆن دۆلار (واتە 31.8%ی سامانی جیهان) لە رێزی یەكەم دێ. ئەوروپا بە 90.7 ترلیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێ، دوای ئەویش ناوچەی ئاسیای سەر زەریای ئارام بە 64.778 ترلیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم وەستاوە، ئەو ناوچەیە چین و هیندوستان لە خۆناگرێ كە لە پلەكانی چوارەم و پێنجەم دێن.

هیچ وڵاتێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 15 وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكەی جیهاندانین، كە زیاتر لە 84٪ی سامانی جیهانیان لایە.

ئەمریكا: 105.99 ترلیۆن دۆلار (29.93%ی سامانی جیهان)
چین: 63.83 ترلیۆن دۆلار (17.7%ی سامانی جیهان)
ژاپۆن: 24.99 ترلیۆن دۆلار (6.93% سامانی جیهان)
ئەڵمانیا: 14.66 ترلیۆن دۆلار (4.07% سامانی جیهان)
بەریتانیا: 14.34 ترلیۆن دۆلار (3.98% سامانی جیهان)
فەرەنسا: 13.73 ترلیۆن دۆلار (3.81% سامانی جیهان)
هیندستان: 12.614 ترلیۆن دۆلار (3.5% سامانی جیهان)
ئیتاڵیا: 11.358 ترلیۆن دۆلار (3.1% سامانی جیهان)
كەنەدا: 8.573 ترلیۆن دۆلار (2.4% سامانی جیهان)
ئیسپانیا: 7.772 ترلیۆن دۆلار (2.2% سامانی جیهان)
كۆریای باشوور: 7.302 ترلیۆن دۆلار (2%ی سامانی جیهان)
ئوسترالیا: 7.202 ترلیۆن دۆلار (2%ی سامانی جیهان)
تایوان: 4.062 ترلیۆن دۆلار (1.1%ی سامانی جیهان)
سویسڕا: 3.877 ترلیۆن دۆلار (1.1%ی سامانی جیهان)
هۆڵەندا: 3.719 ترلیۆن دۆلار (1%ی سامانی جیهان)
وڵاتانی دیكەی جیهان: 56.585 ترلیۆن دۆلار (15.7٪ی سامانی جیهان)

سامانی چین و ئەمریكا پێكەوە زیاترە لە كۆی سامانی ئەو 13ە وڵاتە كە لە خوار ئەوانەوە دێن.

سامانی جیهان لە 2019 لە چاو ساڵی پێشتر بە بڕی 9.1 ترلیۆن دۆلار (واتە2.6 % زیادیكردووە).

سعودیە دەوڵەمەندترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە كە سامانەكەی 1.56 ترلیۆن دۆلارە، دوای ئەو وڵاتە توركیا دێ كە سامانەكەی 1.36 ترلیۆن دۆلارە.

كیشوەری ئەفریقا هەژارترین ناوچەی جیهانە و كۆی سامانی ئەو كیشوەرە تەنیا 4.119 ترلیۆن دۆلارە، كە دەكاتە 1.1%ی ئابووری جیهان.

3/2/2020

 

تادێت كێشەی كەمیی غاز لە هەولێر قووڵتر دەبێتەوە، بەرپرسانی حكومەتیش هیچ گەرەنتییەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكە نادەن، ئەوان كۆمپانیایەك بە هۆكاری قەیرانەكە دەزانن و دەڵێن رێگری لە ناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆك دەكات، بەڵام كۆمپانیاكە دەڵێت رێگریمان نەكردووە.

هەولێر لە وەرزی هاویندا رۆژانە پێویستی بە 250 تۆن غازی شل هەیە، بەڵام لە وەرزی زستاندا دەگاتە 400 تۆن، هەرچەندە نرخی بوتڵێك غازی شل بە 7500 دینار دیاریكراوە، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخەكەی بەرزبووەوە بۆ 15 هەزار دینار و زیاتریش. مەغدید عوسمان، بریكارێكی غازی ماڵان لە هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "نزیكەی 15 رۆژە كێشەی كەمیی غازی شل لە هەولێر دروست بووە، ئەوەی دەدرێتە بریكارەكان زۆر كەمە، خۆم دەبێت غازی نزیكەی 50 گەڕەك دابین بكەم، بەڵام هەفتەی سێ جار غاز وەردەگرم و هەر جارێكیش 70 بوتڵم پێدەدرێت كە بەشی دوو گەڕەكیش ناكات".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی هۆكاری ئەم قەیرانەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "كێشەكە بەهۆی دوو كۆمپانیایە، پێشتر كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار لەگەڵ داناغاز گرێبەستی كردبوو بۆ دابەشكردنی غاز لە كوردستان، گرێبەستەكەش لە 1/1/2020 كۆتایی هات، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گرێبەستەكەی بۆ ماوەی مانگێك درێژ كردەوە تاوەكو لەو ماوەیەدا كارەكانی رادەستی كۆمپانیای سۆرگاز بكات، كۆمپانیا نوێیەكەش رێكارەكانی تەواو كرد و هیچ كێشەیەكی نەبوو".

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "دوای ئەو وادەیە حكومەت گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار هەڵوەشاندەوە، كۆمپانیا نوێیەكەش لە رۆژی 1/2/2020 دەستبەكار بوو، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی و لە ئێوارەی هەمان رۆژ هێزێكی چەكدار لە نزیك كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ رێگەیان لە تانكەرەكانیان گرت، خاوەنی كۆمپانیاكە رفێنرا و رێگەیان نەدا غازەكە بهێنێت بۆ هەولێر".

بەگوتەی قایمقامی هەولێر، كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار رێگرن لە دابەشكردنی غاز و گوتی: "كۆمپانیای پێشوو كە پاڵپشتی سەربازیشیان هەیە، رێگرن لەوەی غاز دابەش بكرێت، بۆیە پارێزگاری هەولێر یادداشتێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەت كردووە كە پێویستە بێتە ناو كێشەكەوە و بە خێرایی چارەسەری بكات".

بەرپرسانی حكومەت دەڵێن ناتوانن هیچ گەرەنتییەك بدەن كەی كێشەكە چارەسەر دەكرێ‌. بەختیار پشدەری، بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێستا بەهۆی كێبڕكێی نێوان كۆمپانیای پێشووتر و كۆمپانیا تازەكە غاز دابەش ناكرێ، بۆیە من هیچ گەرەنتییەك نادەم بۆ دابەشكردنی غاز، هەركاتێك غازەكە گەیشتە دەستمان راستەوخۆ لەڕێگەی بریكارەكانەوە دابەشی دەكەین".

قەیرانی غاز بەیاننامەی ناڕەزایی حكومەت و فراكسیۆنی پارتی بەدوای خۆیدا هێنا. گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "هەندێ كەسی دەستڕۆیشتوو لە گەرمیان و سلێمانی وەك كارتی فشار، رێگرن لەوەی غاز بێتە هەولێر و دهۆك و ئەوە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەكەی".

هەروەها فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان هەمان رۆژ لە بەیاننامەیەكدا دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەرێمی كوردستان بە كردەوەی "كۆمەڵێك مافیارەفتار" ناودەبات كە "دەستیان بەسەر غازدا گرتووە" و داوا دەكات "بەهۆی حەز و چاوچنۆكیی كەسانێك بۆ دەستخستنی پارەی نایاسایی، هاووڵاتییان باجەكەی نەدەن".

هەر لەوبارەوە شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیە كردووە، هێزێكی چەكداری مەشقپێكراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە، بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە رێگرییان لە تەنكەرەكانی كۆمپانیای سۆرگاز كردووە".

گوتیشی: "هێزەكە خاوەنی كۆمپانیاكەیان بەناوی بەكر سدیق رفاندووە، ئەشكەنجەیان داوە و سێ پەراسوویان شكاندووە، داوای پشكیان لێكردووە، هەڕەشەشیان لێكردووە كە نابێت بەهیچ جۆرێك باسی هێزەكە و ئەو پشكانەش بكات كە داوایان كردووە".

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان رۆژی شەممەی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا موژدەی نەمانی قەیرانی غازی راگەیاند، بەڵام رۆژی دواتر بەیاننامەیەكی دیكەی دەركرد و رایگەیاند "ئەوەی جێگای سەرنجە، ئیدارەی گشتیی یەكێتی خۆی رێككەوتووە لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە بەڕێژەی 40%‏، لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە شەریكە كە تەندەری بۆ دەرچووە، كەواتە بۆ ناهێڵێت غاز بگاتە ماڵان؟".

بەگوێرەی ئەو وەڵامە توند و زبرەی كە سایتی (میللەت پرێس)ی نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە بڵاوی كردەوە، لە پشت ئەم دوو كۆمپانیایەوە دەستی حیزب و ململانێی حیزبی و شەڕی نەوت و غازی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز بە ئاشكرا دیارە.

بەیاننامەكە، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "گوتەبێژی حكومەتی پارتی" ناودەبات و دەڵێت "چیتر ناتوانن وەك چۆن مافیائاسا نەوتەكەی كوردستان دەدزن، غازەكەش بدزن".

كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار كە پێشتر ‌غازی بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرد، رەتیدەكاتەوە ئەوان سەرچاوەی قەیرانی غاز بن لە هەولێر و دهۆك. برادەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە لە 31/12/2019ـەوە گرێبەستەكەمان تەواو بووە، كۆمپانیا تازەكە پارەیان نەدابوو، بوتڵیان ئامادە نەبوو، گۆڕەپانیشیان نەبوو، بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان خۆی گرێبەستەكەی تاوەكو 31/1/2020 لەگەڵ ئێمە تازە كردەوە، ئێمەش بۆ ئەوەی قەیران دروست نەبێت قبوڵمان كرد، ئێستاش ئێمە رێگریمان لەو كۆمپانیایە نەكردووە و ناشیكەین".

بەڵام بەیاننامەی "سەرچاوە نزیكەكە" لە یەكێتی قسەیەكی دیكەی هەیە و دەڵێت "یەكێتی رێگە بە هیچ كەس و دەسەڵات و لایەنێك نادات سەروەت و سامانی ناوچەی سەوز تاڵان بكەن. لە سێبەری ئەم یەكێتیە بەهێزەدا، پارتی ئەو هێزەی جارانی نامێنێت‌ سەرخان و ژێرخانی ناوچەی سەوز داگیربكات و رۆژێكیش دێت تەواوی كوردستان لەدەست گەندەڵ و نەوتخۆر و مافیاكانی ناو پارتی رادەپەڕن".

سەرچاوە نزیكەكە لە یەكێتی دەشڵێت: "ئێستا پارتی و حكومەتەكەی و پەرلەمانەكەی دەیانەوێت غازەكەی كوردستان بدزن و رێگەیەك بۆ ئەو دزییە بدۆزنەوە. هاتوون باسی شەفافییەت و تازەكردنەوەی تەندەر دەكەن. سودفە گەورەكەش ئەوەیە ئەو تەندرەی كە پارتی دەڵێت بۆ خەڵكی ئاسایی بەناوی گواستنەوەی غازی كۆرمۆرەوە دەرچووە، دراوە بە ئەفسەرێكی پاراستن".

ئەمەش بەو مانایەیە كە ئەگەری ئەوە دوورە كێشەی غاز لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەر ببێ.

3/2/2020

 

کارگەیەکی ئێرانی لە شارێکی ناوەڕاستی وڵاتەکە ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل دروستدەکات، بەڵام بۆ نیازێکی روون و دیاریکراو کە سووتاندنیانە و ئەوان نایانەوێت لە دەرەوەی ئێرانەوە ئاڵا بۆ سووتاندن هاوردەبکەن.

کارگەی دیبا لە شاری خومەین مانگانە 130 هەزار مەتر دووجا ئاڵا دروستدەکات. بەشێک لەو ئاڵایانەی وڵاتە نەیارەکانیان تەنیا بۆ سووتاندن دروستدەکەن، وەک ئاڵای ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیا.

غاسم خنجانی، بەڕێوەبەری کارگەکە دەڵێت، "کارگەکەمان 42 کارمەندی هەیە و زۆربەیان ئافرەتن. مانگانە 130 هەزار مەتر دووجا ئاڵا دروستدەکەین. زۆربەی بەرهەمەکانمان دەفرۆشرێنە دامودەزگا حکومییەکان. لەنێو ئەو 130 هەزار مەتر دووجایەی دروستیان دەکەین، هەندێک مانگ هەزار و 500 بۆ دوو هەزار مەتر دووجا ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا دروستدەکەین بۆ ئەوەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاربهێنرێن".

لەوەتەی قاسم سولەیمانی لە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق کوژراوە، ئەم کارگەیە بازاڕەکەی بە رێژەیەکی زۆر گەرموگوڕ بووە. رۆژانە بانەر و تابلۆی فەرماندە ئێرانییەکە دروستدەکەن و دەیانفرۆشنەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ژمارەیەکی زۆر ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا دەسووتێنرێن.

دامەزرێنەری کارگەکە ئاماژە بەوە دەکات، مەبەستیان نییە بانگەشە بۆ شەڕ و خراپتربوونی دۆخی ناوچەکە بکەن، بەڵام دەڵێن وڵاتێک فەرماندەیەکی ئاوا پلەبەرزیان لێبکوژێت، با پێشبینی سووتانی ئاڵاکەی لە وڵاتەکەماندا بکەن.

عەبدولفەزلی خنجانی، دامەزرێنەری کارگە دەڵێت، "ئێمە بۆ سووتاندن ئاڵا دروستناکەین. کە بەرهەمیان دێنین، بیر لە ئامانجی بەکارهێنانیان ناکەینەوە. گومان لەوەدا نییە ئێمە حەزمان بە ئاشتی و دۆستایەتی و سازشکردنە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان. هیواخوازین رۆژێک بێت هەموو وڵاتان وەکو دۆستمان ببینین، بەڵام کاتێک وڵاتێک رێگە بە خۆی دەدات نادادپەروەرانە فەرماندەیەکمان لێبکوژێت، کەسێک کە هۆکاری ئاسایشە بۆ وڵات و خێزانەکانمان و لە دژی داعش جەنگاوە، بەلاتانەوە سەیر نەبێت ئاڵای ئەو وڵاتە لە وڵاتەکەماندا بسووتێت".

دۆخی ئەم کارگەیە پێچەوانەی زۆربەی کارگەکانی دیکەی ئێرانە کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمریکاوە، تاوەکو دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا گرژیی زیاتری تێبکەوێت، بازاڕی ئەم کارگەیە باشتر دەبێت.

3/2/2020

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان