نووسهر: محەمەدعەلی دەستماڵی
یەکەم فستیڤاڵی خەڵاتی "قەڵەمی هەژار" لە سنە بەڕێوەچوو. بە موبارەکی و خۆشی، کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەری کورد لە زۆر شوێنی کوردستانەوە بوون بە میوانی بناری ئاویەر.
ڕێک هەر لەو ڕۆژەدا لە شاری چوار لە پارێزگای ئیلامی ئازیز، یەکەم فستیڤاڵی هۆرە بەڕێوەچوو. بەڵام کەس باسی نەکرد.
بۆ؟
نازانم!
لەوانەیە لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەوەی لە میدیا باسی لێنەکرێ، وەکوو ئەوە وایە هەر بوونی نەبێ!
یان ڕەنگە لەبەر ئەوەی ئێستاش گوتار یان دیسکۆرسی بە سۆرانی دیتن و بە موکریانی خوێندنەوەوی هزر و ئەدەبی کوردی، هێندە زاڵ و خاوەن دەزگا و ڕێکخراوەیە کە ئیزن نادات دەرەوەی ئەم گوتارە هەوڵیتر و چالاکیتر، بکەوێتە بەرچاو.
دیارە کەس ناتوانێ نکۆڵی لە خزمەتە گەورەکانی هەژار بکات.
دیارە ئەوەی لە زانکۆی کوردستان کرا، نرخ و بەهای خۆی هەیە و ناکرێ بە هیچ بزانرێ.
سپاس بۆ تەواوی ئەو کاربەدەستانە وا هەوڵیاندا فستیڤاڵی خەڵاتی "قەڵەمی هەژار" بەڕێوە بچێ. بەڵام پرسیارێک: ئایا دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا، خەلاتێکمان بێ بە ناوی خەڵاتی هێمن ؟!
پێم وانەبێ!
لانیکەم لەو ئاستەدا وا هەوڵدراو بوودجە بۆ هەژار دابینکرا، پێم وانەبێ ئەوندە پێشوازی بکرێ و کەسی وا پەیدا ببن شان بدەنە بەر بۆ بەڕێوەچوونی بۆنەیەکی ئابڕوومەند و خۆش بۆ یادی هێمنی گەورەپیاو.
بۆ؟
بۆیە!
چونکا!
ئەگەر بمانەێ لە ڕۆچنەیەکی هێماناسی و هەروەها لە لایەنێکی خوێندنەوەی چەمکەکانی "دەسەڵات" و "ڕێکخراوە"، باسی هێمن و هەژار بکەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە هێمن بۆ ئەوە نابێ ڕێکخراوەیەکی موحافزەکار وەکو زانکۆ و دەسەڵاتێک وەکوو دەسەڵاتی ئێستای ئێران، لێی نزیک ببێتەوەو بیکاتە ناوەند و سەنتەری کۆکردنەوەی بیرمەند و نووسەر.
یەکەم هۆکار: هێمن – لەبەراورد لەگەڵ ڕەحمەتی هەژاردا – پێمل نەبوو بە پاراستنی هێڵی بڤەکان. هێمن لە دونیای ئەدەب و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا، بوێرتر و شەیداتر بووە لەوەی کە بەردەوام لە یەک قاڵبدا بمێنێتەوە. ئازایەتی و جەسارەتی مێژوویی ئەوەی بووە، هەم لە بەرامبەر دەسەڵاتی حیزبی و هەم لە بەرامبەر دەسەڵاتی فەرمی دەوڵەت و حوکمڕانیدا، دوبارە بیر لە پاراستنی هزری سەربەخۆ و ڕۆحی شاعیرانەی خۆی بکاتەوەو قازانج و ستاتۆ و جێگە و ڕێگەی شەخسی و تاکەکەسی، بەلایەوە هێندە نەهێنێ کە بەردەوام لە جەرگەی موحافزەکاراندا بمێنێتەوەو لە لای ئەوان جگەرە بەدەستەوە بگرێ. هەر بۆیە ئەگەر وەکوو هێماناسین چاو لە جیاوازی کەسایەتی ئەم دوو کۆڵەکەیە بکەین، وێنەیەکی ئاوەهامان دەکەوێتە بەرچاو:
هێمنێکی شەیدا و بوێر لە بەرامبەر هەژارێکی کارمەند و ژیر.
ڕەنگە دەس بە جێ بۆ ڕەفزکردنەوەی بنەمای ئەم وەسفە، پرس و ئیستدلالی وەها بکەوێتە مێشک و خەیاڵمانەوە: ئەی ئەوە نەبوو هێمنیش وەکوو هەژار هەم لە جەرگەی شۆڕش و چالاکی حیزبایەتی و هەم لە کار و باری ڕێکخراوەییدا لە سروە و شوێنەکانیتر، لە چەمکی کارمەندی و ڕێکخراوەیی نزیک کەوتەوە ؟
وەڵام: نەخێر!
شێوازی مشت و مڕی هێمن، لەگەڵ سیاسەت و حیزب و دەسەڵات و ڕێکخراوەدا، زۆر جیاواز بوو لەوەی هەژار. هەر بۆیە ناتوانی بڵێی "سروە" و "سروش"، بۆ ئەم دوو گەورە ئەدیبە، کارکرد و کارنامەی هاوسانی بووە. ئەگەر هەژاری گەورە نووسەر و گەورە وەرگێڕ، بە خەباتی وەکوو وەرگێڕانی بەرهەمی عەلی شەرێعەتی و قورئانی پیرۆز و ئیبن سینا و هەنبانە بۆرینەوە دەناسرێ، هێمن دەبێ بە ناڵەی جودایی و توحفەی موزەفەرییە و کۆمەڵێک شیعر و پەخشان و هەوڵدانی ڕۆژنامەگەرییەوە بناسین کە بەردەوام لەبەر خۆر ئارەقەی ڕشتووە و لە سێبەر هەڵاتووە.
پێم وابێ تەنیا "ساقینامە" بەسە بۆ ئەوەی بزانین هێز و توانای شاعیرانەی ئەو پیاوە چەندە بێوێنە و جیاوازە لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا. هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکەم ناوەندی هەرە موحافزەکار وەکوو "زانکۆ"، هێزی ئەوە لە خۆیدا ببینێ بەلای هێمندا بڕوات. ئاساییە ئەوەی شاگردی دینی و هۆگری ستاتۆی بێ سەرئێشە و بێ قڕە بێ، ئەوا دەتوانێ لە ژێر بەیداخی هەژاردا کۆ ببێتەوەو کۆ بکاتەوە. بەڵام خەبات و چالاکی وەکوو خەڵات و فستیواڵی ئەدەبی بە ناوی هێمن، بەڕاستی کاری دەزگای دەوڵەتی نییە و ئەرکی سەر شانی ئەنجومەن و تاقمە سەربەخۆکانە.
٣١/٥/٢٠٢٥