بەپێی لێدوانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی سوید، دەبێت كوردی ئەو وڵاتە و بیانییەكانی دیكەی سوید، واز لە نەتەوەی خۆیان بهێنن و لەنێو كۆمەڵگەی سوێدیدا بتوێنەوە. چونكە سوێد بۆ سوێدییەكانە و دەڵێت "نابێت هەم كورد و هەم سوێدی بیت".
رەنگدانەوەی سیاسەتی رەگەزپەرستەكان لەسەر رێسا و نەریتی سوێدییەكان بەرەو پراكتیك دەڕوات و لە دوایین پەرەسەندنیشدا بە ئاشكرا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی سوێد كە لە پارتی سوێدییە دیموكراتەكانە، دەڵێت نابێ لە یەككاتدا كورد و سوێدی بیت.
رۆژنامەی داگنس نیهێتەر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بیۆرن سوێدەر، جێگری دووەمی سەرۆك وەزیرانی سوێد قسەیەكی كۆمیدیكاری كورد سۆران ئیسماعیلی بە نموونە هێنایەوە كە گوتبووی "من سەد لەسەد كوردم و سەد لەسەدیش سوێدیم".
بەڵام سوێدەر كە هاوكات سەرۆكی پارتی سوێدییە دیموكراتەكانە، بە تەنزەوە وەڵامی دایەوە و گوتی "ناكرێت سەد لە سەد كورد بیت و سەد لە سەد سوێدیش بیت، چونكە ئەمە دەكاتە 200، شتی وا نابێت". هەروەها گوتی "ئەم نەتەوانە ئەگەر نەتوێنەوە، ناكرێت بە سوێدی بزانرێن".
ریكاد یۆمشۆف، گوتەبێژی پارتەكەی سوێدەر بۆ كاروباری یاسایی، قسەكانی سوێدەری بە ناڕوون وەسفكرد و گوتی "هەموو كەس مافی پاراستنی نەتەوەی خۆی هەیە". ریكاد یۆمشۆف هەمان قسەی سەرۆكی پارتەكەی دووبارە كردەوە كە پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی "هەر حكومەتێك رەنگدانەوەی سیاسەتی بیانییەكانی بەسەرەوە بێت، دەیڕوخێنن".
ناوهێنانی كورد وەك نموونەیەك بۆ بیانییەكان لەلایەن ئەو ئەندامەی پارتی سوێدییە دیموكراتەكان كە پاشخانێكی نازیستیی هەیە، بۆچوونی جیاوازی هێناوەتە ئاراوە و نووسەرێكی كورد گلەیی لە كوردی سوید دەكات كە هەڵوێستیان لەسەر ئەم لێدوانە نەبووە. گۆران مەریوانی، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر سوێدەر و كوردیش دەردەبڕێ و دەڵێت "دەست لە كوردبوونی خۆم بەرنادەم".
فەوزایەك لە پەرلەمان
دوای ئەم لێدوانەی سەرۆكی پارتی سوێدییە دیموكراتەكان، كاردانەوەكان تەنیا مێدیایی نەبوون و پەرلەمانیشی گرتەوە. لە نەریتی قسەكردنی پارلەمانتارانی ئەو وڵاتەدا سەرەتا ناوی سەرۆكی دانیشتنەكە دەهێنرێت كە سەرۆكی پەرلەمان، یان جێگرەكانیەتی.
لە دانیشتنی دووشەممەی رابردوودا كە لەو كاتەدا سوێدەر وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، ئەندامێكی پەرلەمان كە بەرەچەڵەك چیللییە، سڵاوی تەنیا بۆ هەمووان نارد و گوتی "بەڕێزان". لەو كاتەدا سەرۆكی دانیشتنەكە قسەكەی بڕی و گوتی "بڵێ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان"، ئەویش رووی تێكرد و گوتی "تۆ سەرۆكی من نیت".
بەدوای ئەودا یەكێك لە ئەندامەكانی دیكە كە بەرەچەڵەك جوولەكەیە، بە زمانی عیبری گوتی "شالۆم" و ناوی ئەوی نەهێنا، پاشان ئەندامێكی دیكە كە بەڕەچەڵەك سامییە، بە زمانی خۆی سڵاوی نارد و هەمان نەریتی دووبارە كردەوە. بۆ هەریەكێك لەمانە سەرۆكی دانیشتنەكە گوتی "بڵێن بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان". بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە. ئەمانە بوونە هەڵوێستێك دژی ئەو لێدوانەی كە ئەو دابووی.
جەبار ئەمین پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی سوێد بە (رووداو)ی گوت "رۆژی هەینی رابردوو كاتێك نۆرەی لێدوانی من بوو، خۆم بۆ هەمان هەڵوێست ئامادە كرد، بەڵام بەداخەوە ئەو سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی نەكرد". گوتیشی "ئەمە كاردانەوەیەكی باش بوو كە ئەندامانی پارتە جیاوازەكان هەریەكەیان بە شێوەیەك پرۆتستۆیان كرد".
كورد قسەی خۆیان هەیە
سەفین عەلی، دانیشتووی شاری ستۆكهۆڵَم گوتی "دەبێ هەڵوێستمان هەبێت و ئەمە سەرەتایەكی خراپە". لە درێژەی قسەكانیدا بۆ (رووداو) سەفین گوتی "لەبەرنامەماندا هەیە خۆپیشاندان بكەین".
پارتەكانی كوردستان كە زۆربەیان نوێنەرایەتی و ئۆفیسیان لە سوێد هەیە، لەم رووەوە بە كەمتەرخەم دەزانرێن. كادرێكی پارتی دەڵێت: "پارتە كوردییەكان كەمتر بایەخیان بە بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی ئەم وڵاتە داوە". ئارام عەلی كە لە رێكخستنەكانی پارتی لە سوید كار دەكات، گوتیشی "زۆر گرنگە پارتەكان لەم بارەیەوە رۆڵیان هەبێت، چونكە ژمارەیەكی زۆری كورد لە سوێد هەن و پێویستیان بە هۆشیاری سیاسی هەیە و پارتە كوردییەكان كەمتەرخەمن لەم رووەوە".
نەجیبە مەحموود، رۆژنامەڤان و چالاكڤانی مافی مرۆڤ دەڵێت "سەرقاڵبوونی كوردی سوید بە كاركردن لەلایەك و بە ژیانی سیاسی و رووداوەكانی باشوور و رۆژئاوا لەم بابەتانەی دوورخستوونەتەوە". ئەویش بەهەمان شێوە پارتەكانی بە كەمتەرخەم زانی و گوتی "رۆڵیان لەم بارەیەوە نییە".
پارتە كوردییەكان یەك هەڵوێست نین لەبەرامبەر شتی لەم شێوەیە. ئارام محەممەد وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر ئەو راستییە، گوتی "یەكبوونی پارتە كوردییەكان و پرۆتستۆكردنی گشتی كاریگەری لەسەر شەقامی سوێد دەبێت".
گوتیشی "PKK لەلایەك و پارتی و یەكێتی لەلایەكی دیكە و گۆڕانیش لەلایەكی دیكە دەنگی كوردی ئەم وڵاتەیان پەرتكردووە و هەرگیز نابنە فشار لەسەر سیاسەتی سوێد".
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم هەڵوێستەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە خۆی و پارتەكەی پاشخانێكی رەگەزپەرستییان هەیە، راستیی سیاسەتی نازیانەی ئەوانی نیشان دا و كاریگەری لەسەر پرسەكانی داهاتوو هەیە.
هەفتەی رابردوو سەرۆكی پارتی دیموكراتی مەسیحی پڕۆژەیەكی پێشكەش كرد لەبارەی پەنابەران كە لە دیارترین خاڵیدا هاتووە: "مافی مانەوەی هەمیشەیی نەمێنێ و بكرێتە كاتی" هەروەها داوادەكات "مووچەی پەنابەر كەمبكرێتەوە".
جەبار ئەمین، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی داگنس نیهێتەر بڵاوكراوەتەوە، هێرشی توند دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی مەسیحی و دەڵێت "خۆتان لەگەڵ دروشمی راسیستەكان مەگونجێنن".
بەپێی یاسای پەرلەمانی سوێد، ئەو پارتانەی دەنگەكانیان كەمتر بێت لە 4%، مافی ئەوەیان نابێت بچنە پەرلەمان. دیموكراتی مەسیحیش یەكێكە لەو پارتانەی هەڕەشەی كەمبوونەوەی دەنگەكانی لەسەرە، بۆیە دەیەوێت سوود لە دەنگی راسیستەكان وەربگرێت.
ئارام عەلی كە هاوكات توێژەری سیاسییە، دەڵێ "بەرزكردنەوەی دروشمی راسیستی لای پارتێكی وەك دیموكراتی مەسیحی شتێكی چاوەڕوانكراو نەبوو، بەڵام كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی دەنگی راسیستەكان هەیە". گوتیشی "لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، كورد بەشدارییەكی كارای دەبێت و كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی كورسی راسیستەكان دەبێت".
شاد محەممەد/ رووداو - ستۆكهۆڵم
24/12/2014