بان کی مون، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەوەی وەک پەرچەکرداری هێرشەکانی فەڕەنسا، مسوڵمانان لە جیهان بەگشتی و لە فەڕەنسا بەتایبەتی، پەلاماربدرێن و بکرێنە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە.
بان کی مون لە بەیاننامەیەکدا، هۆشداری دەدات، کە لەدوای رووداوەکانی هەفتەی رابردوو لە پاریس، مسوڵمانان نەکرێنە ئامانجی تۆڵە سەندنەوە و دەڵێ "لایەنگیری بێپاساو دواجار بە قازانجی تیرۆریستان تەواودەبێت و هاوکار دەبێت لە بەردەوامی تووندوتیژی".
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوادەکات کە هەوڵ و کۆششەکان لەپێناو پتەوکردنی لێبووردەیی و لێکگەیشتن چڕبکرێنەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "جیهان لە هەفتەی رابردوودا چەندین تەقینەوەی هۆڤانەی بەخۆیەوە بینی، کە هەر هەموویان مۆرکی تایەفیان پێوە بوو. بۆیە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە کە بەشێوەیەک چارەسەری ئەو تووندوتیژی و دابەشبوونە بکات، کە نەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کێشەکان و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا زامن بکات".
12/1/2015