هێرشەکی پاریس و کوشتنی 17 فەرەنسی لەلایەن ئیسلامییە تووندئاژۆکان، دەزگای هەواڵگریی و پۆلیسی ئەوروپای بەئاگاهێناو ئەمڕۆ هەینی 16-1-2015 دەیان کەس لە ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەرەنسا دەستگیرکران.
بەلجیکا
لە بەلجیکا پۆلیس شانەیەكی نوستووی گرووپێکی ئیسلامی توندئاژۆ ( گورگە تەنهاکان) هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتی هەڵکوتانە سەریشیان دوو کەس لە تووندئاژۆكان دەکوژرێن و کەسێکی دیکەش بە برینداری دەستگیردەکرێت.
داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاند ئەو چەکدارانە پێشتر لە سووریا شەڕیانکردووە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ بەلجیکا، بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆرستیش پیلانیان داڕشتووە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی ڤێرڤیە لە نزیک سنووری ئەڵمانیا ئەنجامدرا. ئێرک ڤان در سیبت، داواکاری گشتیی بەلجیکا رایگەیاند جگە لە کوژرانی ئەو دوو کەسە، کەسێکی دیکەش بە برینداری گیراوە. بە گوتەی پۆلیس 10 ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە بەلجیکا دژ بە شانە نووستووەکانی ئیسلامییەکان ئەنجامدراون، بەڵام پۆلیس رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کردەوەکەی پاریس و ئەو شانە نووستووەی بەلجیکا هەبێت.
فەرەنسا
لە پاریس هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا لە باشووری هەرێمی مۆنتریۆگ 13 کەسیان بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە رووداوەکانی هەفتەی رابردووەوە هەبووە، دەستگیرکردوون.
ئەمڕۆ 16 ی کانوونی دووەم لەگەڵ گەیشتنی جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ فەرەنسا 13 کەس لە باشووری هەرێمی مۆنتێریۆگ دەستگیرکران، هێزەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە کە ئەو 13 کەسە پەیوەندییان بە رووداوەکانی هەفتەی رابردووی پاریسەوە هەبووە کە لە 7ی کانوونی دووەمەوە هێرشیان كردە سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ و بەهۆی ئەو رووداوە و رووداوەكانی چەند رۆژ دواتری 17 كەس كوژران، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون هاوکاری چەکدارەکانی دیکەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە جۆن کێری گەیشتووەتە فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا هاوشێوەی فەرەنسا و پاریس پۆلیس چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت. پۆلیسی ئەڵمانیا لە بەرلینی پایتەختەوە دوو کەسیان دەستگیرکردوون کە گومان دەکرێت هاوکاریی دارایی داعشیان کردبێت و ژمارەیەک گەنجی ئەو وڵاتەشیان رەوانەی سووریا کردبن بۆ پەیوەندیکردنیان بەداعشەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی دژە تیرۆری ئەڵمانیا کە ژمارەیان 250 کەس دەبوو،
11 ماڵیان لە بەرلین پشکنین و دوو کەسیشیان بە گومانی هاوكاریكردنی داعش دەستیگرکردن. بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا ماڵی ئەو دوو کەسە لە ناوچەی موئابیدی بەرلینە لە نزیک ناوەندی کولتووری تورک و هەردووکیان تورکن.
لە لایەکی دیکەوە لە شاری فۆڵسبۆرگی ویلایەتی سەکسۆنیای خواروو، کەسێکی تەمەن 26 ساڵ کە بەڕەچەڵەک تونسییە دەستگیرکراوە، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ئەو کەسە لە ریزی چەکدارانی داعش لە سووریا گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە پلانی ئەنجامدانی هێرشی داڕشتبێت.
16/1/2015