ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی نوێ دەکرێتەوە و پارتی لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیدا، دەستپێشخەری بۆ یەکێتی دەکا.
دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا، جۆرە ساردییەک کەوتە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان لاواز بوو، ھەندێ لە سەرکردەی ھەردوولا گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی، کە ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئەو قۆناغە باوی نەماوە، بەڵام ئێستا بە ھۆی بارگرژییەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و ھەلەبجە و ھەردوو دەڤەری راپەڕین و گەرمیان ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی و سووتاندنیان و کوشتنی کادیرانیان، بە دوایدا دوورخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئێستا ھەردوولا (یەکێتی و پارتی) نزیک بوونەتەوە لە یەکتری و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە نوێکردنەوەی ھەندێ لە ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، بە تایبەتیش لە بواری حوکمڕانی و سەربازی بۆ ئێستای پارتی و یەکێتی پێویستە.
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ڕووەوە و لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕانیدا، دەستپێشخەریی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و بەپێی زانیارییەکانیش بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی یەکێتی و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەدان، کە پێیانوایە ئەو ڕێککەوتنە لە ڕابردوودا دەستکەوتی زۆری لێ کەوتووەتەوە و بۆ ئێستاش گرنگیی زۆری ماوە و لە قۆناغەکانی داھاتووشدا خەڵکی کوردستان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، زیاتر سوود لە ڕێککەوتنەکە وەردەگرن.
عەلی حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) ڕای گەیاند، ڕێککەوتنی ستراتیژی بۆ قۆناغێک بووە کە ھەموو خەڵکی کوردستان بە لایەنە سیاسییەکانیشەوە سوودیان لێی وەرگرتووە و گوتی: “بە حوکمی مێژووی سەربازی و سیاسی، بەرپرسیاریەتی لەسەر شانی پارتی و یەکێتی بووە، لەم قۆناغەش بە ھەمان شێوە ڕەنگە بەرپرسیاریەتیی پارتی و یەکێتی لە خەڵکی دیکە زیاتر بێت”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، لەگەڵ یەکێتی کە ڕێککەوتنی ستراتیژیان ھەبووە، ئەگەر ھەندێ خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەش نەمابن، بەڵام کۆمەڵێک لە خاڵەکانی ھەر دەمێننەوە، چونکە خاڵی ئیجابین و پێویستە لەنێوان ھەموو لایەنەکاندا بوونیان ھەبێ و گوتیشی: “بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی ھەموو لایەکدایە، بەڵام ئەوەی ئێمە کە پێشمەرگەمان بە یەکەوە لە یەک سەنگەردایە بەرامبەر بە دوژمن، ڕاستە پێشمەرگەی کوردستانە، بەڵام لە ڕووی بیروڕاوە پارتی و یەکێتین. کەوابێت بەرپرسیاریەتییەکەی ئێمە زیاترە و دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بین، لەبەرئەوە پێویستە پێش ھەموو لایەنەکان لە ڕیزی ھەرە پێشەوە بین بۆ ئەو بەرپرسیاریەتییە”.
جەختی لەسەر ئەوەش کرد کە لەگەڵ یەکێتی خاڵی ھاوبەشیان زۆرە و ئەو خاڵانەش ماونەتەوە و دەڵێ: “قۆناغی ئەمڕۆ وا دەخوازێ متمانەی زیاتر لە نێوان ھەردوو لاماندا بوونی ھەبێ”.
ھاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی، بۆ (باس) ڕای گەیاند، ڕێککەوتنی ستراتیژیان لەگەڵ پارتی بە شێوەیەکی فەرمی ھەڵنەوەشاوەتەوە و ئەو کەموکوڕییانەی کە ھەشبوون دەبێ چارەسەر بکرێن و گوتی: “قۆناغەکە وا دەخوازێ کە دەبێ پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو شتانە و ڕێککەوتنی ستراتیژی و دەیان ڕێککەوتنی پێشووشدا بکرێ و خۆمان بۆ ئەگەرەکانی داھاتوو ئامادە بکەین”.
جەختی لەسەر ئەوەش کرد، ئەوە خەونی نەزۆکە، جارێکی دیکە پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی تفەنگەکانیان ڕووبەڕووی یەکتری بکەنەوە و گوتیشی: “ئەوە خەونی ناحەزانە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەوپەڕی قایمیدان و ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە، دۆستی کورد نییە و ناحەزی کوردە”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کە دەبێ پارتی و یەکێتی لەو قۆناغەدا ھەوڵ بدەن چی باشە بۆ میللەتەکە، ئەوە بکەن و دەڵێ: “ئێمە دوژمنێکمان ھەیە کە داعشە و ھەردوو لامان وەکو برا لە بەرامبەری وەستاوین، دەبێ میللەتیش وەکو ئێمە بێت و یەکگرتوو بێت بۆ لەناوبردنی ئەو دوژمنە”.
ھاوکات د. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دێرین و چاودێری سیاسی، بۆ (باس) رای گەیاند: ”لە حکوومەتی بنکەفراواندا ئەو ھەوڵە ھەبوو کە رێککەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەکێَتی شۆڕ بێتەوە بۆ نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکان، بەڵام ئەو ھەوڵە سەرکەوتوو نەبوو“.
ئاماژەی بەوەش دا، قۆناغی ئێستا وا دەخوازێ بەشێک لە مادە و بڕگەکانی رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئەکتیڤ بکرێنەوە، گوتی: ”ئەو رێککەوتنە کە زامنی دروستنەبوونی دووئیدارەیی و شەڕی براکوژی دەکا، بۆ ئێستای ئەم قۆناغە گرنگی ھەیە، بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی کە ھێزی پێشمەرگەو چەکداریان ھەیە و گرژیەکانی نێوانیان کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر دووبارە گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی، کە ئەوەش بە قازانجی ھەرێمی کوردستان نابێت“.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ئەوان پەراوێزخستنی ھیچ ھێزێک لە کوردستان بە باش نازانن و لەگەڵ تەبایی و یەکڕیزیی ھەموو لایەنە سیاسییەکاندان، بەڵام ناتەبایی نێوان پارتی و یەکێتی قورسایی و کاریگەری لە ھەموو ھێزەکانی دیکە زیاترە، گوتی: ”دەکرێ بۆ ئەم قۆناغەش پارتی و یەکێتی بە رێککەوتنەکانی پێشوویاندا بچنەوەو ئەو بڕگەو ماددانەی لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستانن دووبارە بەرکاریان بکەنەوە“.
لای خۆیەوە لەتیف شێخ عومەر، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیمانەیەکدا کە لەم ژمارەیەدا بڵاو کراوەتەوە، بە (باس)ی راگەیاند: ”لە کاڵبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتیدا، کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بووە“.
جێی باسە، لە ساڵی ٢٠٠٧، پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیان واژۆ کرد و دوای ئەو ڕێککەوتنە، کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی کوردستان ھات و ھەردوولا لە بواری سیاسی و حکوومەتدا بە ھاوبەشی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتن.
20/10/2015