فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

رۆژی هەینی دوو بەلەم لە دەریای ئیجەدا نقوومبوون کە زۆربەی کۆچبەرەکانی سەریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، بەڵام لە شەواندا پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانەی لە دەریادا دەخنکێن لە تورکیا دەوەستێت، بۆیە تاوەکو ئێستا تەرمی ژمارەیەکیان  دەرنەهێندراونەتەوە.
دادی پزیشکی ئیزمیر باسی لەوە کردووە کە ئەوان بە پارە تەرمی ئەو کۆچبەرانە لەلای خۆیان دەهێڵنەوە، ئەگەر کەسوکاریشیان نەچن بەشوێن تەرمەکاندا ئەوا شارەوانی خۆی لە ئیزمیر دەیاننێژێت.
رەسەن رەمزی پەیامنێری رووداو لە ئیزمیر لەمبارەیەوە گوتی "ئێستا پزیشکی دادی لە ئیستەنبوڵ لیکۆڵینەوە لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە دەکات کە رۆژی 22/1/2016 لە دەریای ئیجەدا نقوم بوون و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە". گوتیشی "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 تەرم دەرنەهێندراونەتەوە".

پەیامنێری رووداو لە ئیزمیر باسیلەوەشکرد "کاتێک دونیا تاریک دەبێت پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکە گیانیان لەدەستداوە، دەوەستێت ".
کەسوکاری بەشێکی زۆر لەو کۆچبەرە کوردانەی لە دەریای ئیجەدا گیانیان لەدەستدا گەیشتوونەتە ئیستەنبوڵ و بەپێی گوتەی پەیامنێرەکەی رووداویش " ئەوان ئەمڕۆ دەگەنە ئیزمیر بۆ ئەوەی تەرمی ئەوانە وەربگرنەوە کە ناسنامەیان دیاریکراوە".
"پزیشکی داد لە ئیزمیر لەتوانایدا هەیە تەنیا چەند رۆژێک تەرمەکان لەلای خۆی بهیڵێتەوە، ئەگەر کەسوکاریان بەدەر نەکەوتن ئەوا تەرمەکان رادەستی پۆلیس دەکرێن و پۆلیس خۆیان دەیاننێژن".
رەسەن رەمزی باسیلەوەکرد "ناشتنی تەرمەکان لە ئەگەری بەدوادانەچوونی کەسووکاریان پڕۆسەی گواستنەوەی تەرمەکان بۆ زێدی خۆیان سەختتر دەکات، کاتێک دواتر کەسووکاریان بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، چونکە ئەو تەرمانە بەبێ ناسنامە دەنێژرێن بەمەش هەڵدانەوەی گۆڕەکان کارێکی سەخت دەبێت".
یەکیک لەو خێزانانەی دوێنێ لە دەریای ئیجەدا خنکان لە 10 کەس پێکهاتبوون کە زۆربەیان منداڵ بوون، تەنیا یەک منداڵ و ئافرەتێک رزگاریان بووە و، سێ تەرمیان وەرگرتووەتەوە و پێنج کەسی ئەو خێزانەش بێسەروشوێنن، کەسوکاری ئەو خێزانەش ئێستا لە ئیزمیرن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان.

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 22-1-2016، دوو بەلەمی كۆچبەران لەنێو دەریای ئیجە لەنێوان یۆنان و توركیا نقومبوون، كە 85 سەرنشینی باشووری کوردستانیان بەرەو ئەوروپا دەگواستنەوە.
ئامانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی فیدراسیۆنی‌ سەرتاسەری‌ پەنابەرانی‌ عێراق لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەو 85 هاونیشتمانییە تەنها 15 هاونیشتمانی رزگارکراون و 70کەسیان خنکاون و بێسەروشوێن بوون.
ئامانج عەبدوڵڵا گوتیشی " تائێستا تەرمی 23 کەس ناسراونەتەوە و زۆربەشیان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون".

23/1/2016

 

هێزه‌كانی ئه‌مریكا خرانه‌ ئه‌و په‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ به‌مه‌زنده‌ی ئه‌مریكا تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی كۆریای باكور مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێی له‌ جیهاندا دروست كردووه‌.

 سوپای ئه‌مریكا له‌ناوچه‌ی له‌چه‌ك داماڵراوی نێوان هه‌ردوو كۆریادا خرانه‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه‌. كه‌تیبه‌ی كیمیاوی 23 كه‌ هێڵی یه‌كه‌می به‌رگرییه‌ له‌دژی هێرشی كیمیاوی و بیۆلۆژی و ئه‌تۆمی خۆی بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نزیك ئاماده‌ كردووه‌.

ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و تیمه‌ی ئه‌مشه‌و بریتی ده‌بێت له‌ پشكنینی گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ژێر زه‌ویدا كه‌ له‌ڕابردوودا چه‌كی ئه‌تۆمی تێدا هه‌ڵگیراوه‌. به‌گوته‌ی شاره‌زایانی ڕه‌وشه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌كه‌ جیدیه‌.

خاڵی پۆزه‌تیڤی نێو ئه‌م ئاماده‌سازییه‌، كه‌بریتییه‌ له‌مه‌شقێك له‌ژێر زه‌ویدا، له‌وه‌دا قه‌تیس ده‌بێت كه‌ زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی كۆریای باكور له‌ژێر زه‌ویدان. دوور له‌چاوی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان.

ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی سوپای ئه‌مریكا، ئه‌ركی هه‌میشه‌ییان مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌ ئه‌تۆمییه‌كاندا، هاوكات له‌مه‌ترسیدارترین خاڵی سه‌ر زه‌ویدا دانراون.

 ئه‌و هێزه‌ ماده‌ی یۆرانیۆمیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ سوپای كۆریای باكور به‌كاری هێناوه‌.

كه‌تیبه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: " ده‌بێ ڕه‌چاوی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌واڵگری پێمان ده‌دات، تاكو مه‌شقه‌كه‌مان سه‌ركه‌وتووبێت و، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بین بۆ هه‌رشتێك كه‌ له‌گۆڕه‌پانی جه‌نگدا به‌كاری بێنن".

له‌به‌ر ئه‌وه‌ دانانی ئه‌و كه‌تیبه‌یه‌ له‌خاكی كۆریادا كارێكی زۆر پێویسته‌. تاكو له‌هه‌ر چركه‌یه‌كدا ئاماده‌ی جوڵه‌بن.

به‌سه‌رنجدان له‌كۆریای باكور و به‌رزی و نزمییه‌كانی ڕووكاری خاكه‌كه‌ی، پسپۆڕان پێیان وایه‌ دامه‌زراوه‌كانی له‌ژیر زه‌ویدا دروست كردووه‌.هه‌ندێ جار وه‌ك گه‌نجینه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌كارده‌هێنرێت.

دروشمی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی سوپای ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌(ئاماده‌ین ئه‌مشه‌و بجه‌نگین) ئه‌وه‌ وه‌ڵامی سوپای ئه‌مریكاده‌بێت بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی نه‌خوازراوی كۆریای باكور.

23/1/2016

 

تیمی "سوارچاكه‌كانی ڕووس" كه‌ بڕیاربوو به‌شداری بكه‌ن له‌ پێشانگای فڕۆكه‌وانی به‌حره‌یندا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ڕێگه‌ی نه‌دا به‌ئاسمانی ئه‌ودا بگه‌نه‌ به‌حره‌ین نه‌یانتوانی به‌شداری بكه‌ن.

 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا له‌به‌حره‌ین به‌ ئاژانسی"نۆڤۆستی" ڕووسی ڕاگه‌یاند: " تیمه‌كه‌ خۆیان بۆ به‌شداری كردن ئاماده‌كردبوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گه‌یشتبوونه‌ شاری ئیستراخان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران مۆڵه‌تی فڕینی به‌ئاسمانی خۆیدا پێنه‌دان، نه‌یانتوانی به‌شداربن".

شیاوی باسه‌ له‌ 2010وه‌ ئه‌و تیمه‌ به‌شداری له‌و نمایشه‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار ڕێگرییان لێ بكرێت.

به‌گوته‌ی "ئیگۆر كلیمۆف"  پێشتر گوتبووی: " سوارچاكه‌كانی ڕووس له‌و نمایشه‌دا چالاكی نوێ به‌ فڕۆكه‌ی قورسی سۆ-27 پیشان ده‌ده‌ن".

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی زانیاری، له‌ئێستادا ناكۆكیی له‌نێوان ئێرانی و ڕووسییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ به‌هۆی نادڵنیایی ئێرانه‌وه‌ له‌جوڵه‌كانی ڕووسیا له‌سوریادا، ئێران به‌چاوی گومانه‌وه‌ ته‌ماشای پشك وڕۆڵی خۆی ده‌كات له‌سوریادا له‌دوای هاتنی ڕووسیا بۆنێو شانۆی گۆڕانكارییه‌كان. بۆیه‌ چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌و ڕێگری كردنه‌ش به‌شێكه‌ له‌و ناكۆكییه‌ی ئێستا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه‌دا.

23/1/2016

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە.  داواش لە سەرکردەکانی جیهان دەکات دان بە شکستی رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا بنێن و بیر لە رێککەوتنێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەنەوە. 

لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای بەریتانی، بارزانی هانی سەرکردەکانی جیهان دەدات رێککەوتنێکی نوێ بکرێت کە رێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان خۆش بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشبینیشە بەوەی کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکە دێتە سەر ئەو بڕوایەی کە هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا تازە بە یەکگرتوویی نامێننەوە و سەلما کە سیستمی "پێکەوەژیانی بە زۆرەملێ" لە ناوچەکەدا هەڵەیە". 

ئەمساڵ یادی سەت ساڵەی واژۆکردن و کۆتاییهاتنی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە، کە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا بۆ نەخشەڕێژکردنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واژۆکرا.  بارزانی لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە گوتی: "سەرکردەکانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کۆتاییهاتووە. چ ئەوان ئەوە بڵێن یان نەیڵێن، چ ئەوە پەسند بکەن یان نا، راستییەکانی سەر ئەرزی واقیع ئەوە دەسەلمێنن، بەڵام ئاشکرایە کە دیپلۆماتکاران کەسانی موحافیزەکارن و هەڵسەنگاندنەکانیان لە قۆناخی کۆتاییدا ئاشکرادەکەن"، بەڵام وەک بارزانی باسیدەکات "هەندێکجاریش دیپلۆماتکاران توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتە نوێکاندا نییە".

بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ میدیای بەریتانی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەو جۆرەی ئێستای، هۆکارە بۆ دابەشبوون و وێرانی زیاتری هەموو ناوچەکە".سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستانیش، بارزانی گوتی: "سەربەخۆیی کوردستان، کە بۆ چەندین دەیە چەقی هیوا و ئومێدی کورد بووە و بەتووندی لەلایەن دراوسێکانییەوە لە ناوچەکەدا دژایەتیی دەکرا، ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە". 

بۆیەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات "هێزە هەرێمی و جیهانییەکان کار بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ بکەن کە تێیدا پێکهاتەکانی عیراق و سووریا بپارێزرێن. چونکە دابەشبوون لەو کۆمەڵگەیانەدا لایەنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و تایفەگەری گرتووەتەوە"، ئەمەش وەک بارزانی باسیکرد دەرهاویشتەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆیە و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە ئەزمونێکی هەڵە دووبارە بکرێتەوە کە بۆ ماوەی 100 ساڵ دووبارە بووەوە و بە هیچ نەگەیشت".

سەبارەت بە دابەشبوونی عێراقیش بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "ئێستا عێراق خەریکە دابەش دەبێت. ئێمە بەرپرس نین لەو دابەشبوونە. بە پێچەوانەوە، وەک کورد، هەوڵێکی زۆرماندا بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و پرۆسەی دیمۆکراسی. هەروەها ساڵی 1991 ئێمە روومانکردە حکومەتی عێراق و دانوستانمان لەگەڵ ئەو تاوانبارانەدا ئەنجامدا کە بەرپرس بوون لە بۆمبارانکردنمان بە چەکی کیمیایی و هەڵمەتی ئەنفال لەدژی کورد". 

بارزانی ئەو داوایانەش بە ناڕاست دەزانێت کە دەڵێن پێویستە لە عێراق پرۆسەیەکی لێبووردەیی هاوشێوەی باشووری ئەفریقیا دووبارەبکرێتەوە. چونکە وەک بارزانی باسیدەکات: "کورد بەر لە باشووری ئەفریقیا بەو ئەزموونەدا تێپەڕین. دوای ساڵی 2003یش روومان کردەوە بەغدا و ئەو پەڕی هەوڵی خۆماندا بۆ ئەنجامدانی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لەڕێگەی دەستوورەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لە عێراق کولتووری پێکەوەژیان نەماوە. کاتێک نەشتوانین پێکەوە بژین، باشتر وایە بەدوای بژارەی دیکەدا بگەڕێین".

22/1/2016

 

لە ناو شاری سلێمانی، لە لایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کرا.

”فارس نەورۆلی“، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سەعات 10:20 دەقیقەی ئەمشەو (پێنجشەممە 21\1\2016)، لە لایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کراوە، بەبێ ئەوەی تەقەکردنەکە هیچ زیانێکی لێکەوتبێتەوە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە تەقەکان لە نێو 2 ئۆتۆمبێل لە جۆری (تویوتا - ئەڤەڵۆن) و (نیسان - ئاڵتیما) (ئەڤەڵۆنی ڕەش و ئاڵتیما)وە ئاراستەی بارەگاکە کراون، بەبێ ئەوەی پاسەوانەکانی ئەو بارەگایە هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت. گوتیشی: ”هۆکاری نەبوونی کاردانەوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایشی سلێمانی لە نزیک بارەگاکە جێگیر کراوە، کەچی ئەوانیش فریای ئۆتۆمبێلەکان نەکەوتوون و هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان کردووە“.

بە گوتەی فارس نەورۆلی، ئەمە بۆ 21ەمین جارە تەقە لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەکرێت و ئێستاش هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، گەیشتوونەتە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

22/1/2016

 

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبووەوە و باسی دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرا.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 21-1-2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنەراڵ لۆید ئۆستن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و راوێژكارە باڵاكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی داعش لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و شوێنەكانی دیكە و، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە گفتوگۆی لە سەركرا.

ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا كرا، كە لە سەر راسپاردەی بارزانی سەردانی ئەمریكایان كردبوو و ئەنجامەكانی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا و، "بە لەپێشچاوگرتنی قەیرانی ئابووری جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

شاندی ئەمریكا ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگەی كرد و، هەردوو لا جەختیار لە سەر ئەوە كردەوە پێویستە دۆستانی كوردستان یارمەتی خەڵكی كوردستان بدەن لە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكاندا.

هەر لەو كۆبوونەوەیە باس لە بایەخی كۆنترۆڵكردنەوە موسڵ لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی داعش كرا و هەروەها ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان لە ڕوویەڕووبوونەوەی داعش و كاریگەربوونی هەماهەنگیی ورد لە وەدەستهێنانی سەركەوتنەكان تاوتوێكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

22/1/2016

 

وەزیری دەرەوەی ئێران نیازپاكی وڵاتەكەی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە دەربڕی و رایگەیاند، ئێران و ئەمریكا كە زیاتر لە 30 ساڵە دوژمنن گەیشتوونەتە رێككەوتن، كەواتە چۆن لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە "كە یەكدی بە خوشك و برا ناودەبەین ناگەینە رێككەوتن".


جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بەشداری لە پانێلێكدا كرد و، ئاماژەی بە رێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك كرد، بە سەرۆكایەتی ئەمریكا.

جەواد زەریف، كە لەگەڵ جۆن كیری هاوتا ئەمریكییەكەی، بە ئەندازیاری گەیاندی واشنتن و تاران بەو رێككەوتنە مێژووییە دادەنرێن، رایگەیاند"رێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیەی پەیامی خۆی هەبوو".

لەبارەی پەیامە جیهانییەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، زەریف رایگەیاند "ئەو رێككەوتنە سەلماندی ئەگەر ئارامگرتن و گفتوگۆی بەردەوام هەبێت، ئەوا دیپلۆماسییەت سەركەوتن بەدەستدەهێنێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا وەفدە دانووستاندكارەكان ئەوەیان سەلماند".

زەریف ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەوە دەيسەلمێنێت بۆ جیهان، كە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی بۆ ئامانجی ئاشتییە و نابێتە مەترسیی بۆ سەر هیچ وڵاتێك.

گوتیشی "رێككەوتنە لەڕووی سیاسيی و ئابوورییەوە قازانجی بۆ هەموو وڵاتان دەبێت، چونكە گەمارۆكانیش هەڵدەگیرێن".

لەبارەی پەیامە ناوچەییەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی كە رۆژی 14-7-2015 لە جنێف ئەنجامدرا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە نیشانیدەددات، كە چارەسەری كێشەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە مایەی ئەستەم نییە، چونكە وەك خۆی گوتی "ئەگەر ئێران و ئەمریكا كە ماوەی زیاتر لە سێ‌ دەیەیە دووژمنی یەكدین بتوانين رێككەوتن ئەنجامبدەين، ئەوا وڵاتانی ناوچەكە، كە یەكدی بە خوشك و برا ناودەبەين و، ئاین، كلتور و بەهای هاوبەشمان هەیە، چۆن ناتوانن بگەينە چارەسەر".

پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتانی كەنداو بەگشتی و سعودیەيه بەتایبەتی، كە بەهۆی قەیرانی سووریا، عێراق و یەمەن پەیوەندییەكانیان گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی.

لەكۆتایی گوتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مەترسیەكانی گرووپە چەكدار و تووندئاژۆكان كرد و رایگەیاند، مەترسیی ئەو گرووپانە لەسەر وڵاتانی ناوچەكە نییە، بەڵكو لەسەر هەموو جیهانە، چونكە كردەوە تیرۆریستییەكان پاریس، سان بێرنادینۆ، مۆسكۆ، جاكارتا و ئیسلامئاباد و چەندین وڵاتی دیكە دەكەنە ئامانج.

بەگوتەی زەریف چیدیكە گرووپە تووندئاژۆكان تەنها مەترسی نین لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، بەڵكو مەترسین بۆ سەر تاك بە تاكی جیهان.

21/12016

 

لیوا"محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری" فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ سیناریۆو هه‌وڵه‌كانی دابه‌شكردنی عێراق و سوریا پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌.

جه‌عفه‌ری له‌كۆنگره‌ی شه‌شه‌می "غه‌زه‌ سیمبولی مقاوه‌مه‌ت"دا گوتی: " كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایه‌ پرۆژه‌ و سیناریۆكانی دابه‌ش كردنی عێراق، پرۆژه‌ی ئه‌مریكا و جوله‌كه‌ن و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و سیناریۆ پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌".

له‌باره‌ی ڕه‌وشی سوریاشه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ باڵایه‌ی سوپای پاسداران گوتی: " ڕووداوه‌كانی عێراق و سوریا، هێرشكردنی داعش بۆ سه‌ر سوریا، له‌پێناوی له‌ناوبردنی ده‌سته‌ڵاتی سوریادا بوو كه‌ هه‌ماهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیدا، هه‌روه‌ها بۆ دابه‌شكردنی عێراق بوو".

ئه‌مڕۆ له‌تاران كاره‌كانی كۆنگره‌ی "غه‌زه‌ سیبمولی مقاوه‌مه‌ت" ده‌ستیان پێكرد، كه‌تیایدا به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گرووپه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن.

21/1/2016

 

بەرپرسانی باڵای چین و سعودیە رایانگەیاندووە، کە بڕیاریانداوە پەیوەندییەکانیان لە پەیوەندیی ئاساییەوە بگۆڕن بۆ ”هاوبەشی ستراتیژی“.

لە بەیاننامەیەکدا، کە دوای کۆبوونەوەی ”شا سەلمان بن عەبدولعەزیز“، شای سعودیە و ”چی جینگ بینگ“، سەرۆکی چین بڵاوکراوەتەوە، راگەیەندراوە، کە هەردوو سەرۆک و شا پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کولتووری، مرۆڤایەتی، سەربازی، ئاسایشی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کردووە، وێڕای تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان لە بواری وزەدا.

بەپێی بەیاننامەکە، کە میدیا سعودییەکان نێوەڕۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە، هەردوو وڵات ئارەزوو دەکەن هاریکارییەکانیان زیاتر بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاریان داوە پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و بیگۆڕن بۆ پەیوەندیی ”هاوبەشی ستراتیژی“ و لە شەش بواردا بە تایبەت بوارەکانی سیاسی، وزە، زانستی و ئاسایشی هەماهەنگییەکانیان پتەوتر بکەن.

21/1/2016

 

رۆژی 19ی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك لە رۆژمێری ئێراندا بە رۆژی هەوای پاک ناسراوە. مەبەست لە تەرخانکردنی رۆژێک بەوناوە ئەوەیە خەڵک بەشداربن لە چارەسەرکردنی پرسە ژینگەییەکان.

رۆژی هەوای پاک لەکاتێکدا لە ئێران بەڕێکرا کە هەوای شارە گەورەکانی ئێران و چەند شار و ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پیسە و خەڵک دەڵێن کێشەی ژینگەییان هەیە.

ساڵیادی ئەو رۆژە لەكاتێكدایە قوتابخانەکانی تاران بۆ دووەمین رۆژی بە دوای یەکدا، لەبەر پیسی هەوا داخران، سەرۆككۆماری ئێرانیش دان بەوەدا دەنێت، كێشەی ژینگەییان هەیە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "ئێمە وڵاتێکین کە کێشەی زۆرمان هەیە و لە دۆخێکداین کە پێمان گوتراوە زووتر لە کاژێر 10 بۆسەر کار نەچین. ئەمە مانای ئەوەیە کە کێشەی ژینگەمان هەیە و کێشە ژینگەییەکانیش بە درووشم چارەسەر نابن".

ماوەی چەند ساڵێکی خۆڵبارینەکان لە رۆژهەڵاتی کودستان هۆکارێکی گرنگی پیسی بووە.

پیسی هەوا ئێستا تەنیا تایبەت بە شارە گەورە پیشەسازییەکان نییە. تەنانەت لەمڕۆژانەدا هەوای شاری بۆکان گەیشتە ئاستی هۆشدار. ئەوەش واتە کێشەی ژینگە کێشەی هەمووانە. لە ناوەندی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخ ئێجگار پڕمەترسیترە.

لە شاری ورمێ لە 9 مانگدا تەنیا 30 رۆژ گونجاو بووە لە دەرەوە بگەڕێیت، هەموو رۆژەکانی دیکە رەوشی هەوا مەترسی بۆسەر تەندروستی هەبووە. هاوكات رەوشی کەشوهەوای کرماشان لە 10 مانگی رابردوودا 32 رۆژ پیس بووە.

هەوای 64 رۆژی ئیلام لە ئاستی مەترسیدا بووە. بەرپرسێکی ژینگەپارێزیی ئیلام، ئەوە بە کەموێنە لە قەڵەمدەدات.

20 ساڵ پێش ئێستا لە ئێران 19ی كانوونی دووەم وەک رۆژی هەوای پاک دیاریکرا، بۆ ئەوەی خەڵکیش بەشیک بێت لە چارەسەری رەوشی ژینگە.

تەنانەت دارستانەکان کە هۆکارێکی گرنگی پاک ڕاگرتنی ژینگەن، خۆیان بوونەتە هۆکاری پیسیی ژینگە. سووتانی دارستانەکان نەتەنیا کێشەیەکی ژینگەییە، بەڵکو بڕێکی زۆر ماددە پیسکەرەکانیش تێکەڵ بە هەوا دەکات. هەڵبەت کێشەی گەورەی شارەکان ئۆتۆمبێلەکانن. لە شاری کرماشان نزیک بە 80 لەسەدی هۆکاری پیسی ژینگە ئۆتۆمبێلەکانن.

21/1/2016

 

مامۆستايه‌كى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ساڵی 2015 يه‌كه‌مى باشوورى كوردستان بووه‌ له‌ قورئانخوێندندا و هه‌شته‌مى عێراقيش بووه‌.

گۆران مه‌عروف، قورئانخوێنێكى نێوده‌وڵه‌تيیه‌ و خه‌ڵكى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌يه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌شدارى له‌ شەش ڤێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى خويندنه‌وه‌ى قورئان كردووه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى باشوورى كوردستان. له‌ ساڵى 2013، يه‌كه‌مى باشوورى كوردستان بووه‌ له‌ قورئان خوێندندا.

ئەو قورئانخوێنە سەبارەت بەوەی خەڵکی هەڵەبجە ناوبانگیان هەیە بە دەنگخۆشی دەڵێت، “كۆمه‌ڵێك گه‌نجم لايه‌ ده‌نگيان زۆر خۆشه‌، به‌ڵام  ڕاهێنانيان پێنه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ڕاهێنانيان پێبكرێت له‌م بواره‌دا گه‌نجى زۆرمان هەیە”.

 ميهره‌يان حه‌مه‌سه‌عيد، مامۆستاى پێدانى مۆڵه‌تى خوێندنى قورئان، دەڵیت” گه‌نجه‌كانى ئێمه‌ جياوازن له‌ شاره‌كانى تر، پۆلێكى زۆر له‌ قوتابيانى شاره‌كه‌م به‌ڕێگه‌وه‌ن له‌ كوڕان و كچان كه‌ ده‌بنه‌ مايه‌ى دڵخۆشى “.

چه‌ند ساڵێكه‌ قورئانخوێنه‌كانى باشوورى كوردستان،گه‌شتونه‌ته‌ هاوشانى قورئانخوێنه‌كانى جيهان و به‌شدارى چه‌ند فێستفاڵێكى نێوده‌وڵه‌تى قورئانخوێندنیان کردووە كه‌ هه‌ندێكيان له‌ ده‌ره‌وه‌ى باشوورى كوردستانن.

21/1/2016

 

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر زانکۆی باچا خان لە پاکستان مامۆستایەکی زانکۆکە کوژرا و، چوار پاسەوان برینداربوون، هەروەها دوو لە هێرشبەرەکان کوژران.

بە پێی میدیا پاکستانییەکان هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر زانکۆکە ئەنجامداوە و لە ئەنجامیشدا شەڕە تەقە لە نێوان هێرشکەرەکان و پۆلیس روویداوە، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە هێشتا خوێندکار و مامۆستاکان لە زانکۆکەدا بوونە.

دکتۆر فازڵ رەحیم، راوێژکار لە زانکۆکە بە میدیاکانی پاکستانی گوتووە: چوار پاسەوان لە هێرشە تیرۆرستییەکەدا کوژراون"، گوتیشی: "ئێستا 3 هەزار خوێندکار لە زانکۆکەن و هیچ مامۆستایەک و خوێندکارێکیش بریندار نەبووە".

چەند سەرچاوەیەکی دیکە باس لەوە دەکەن دکتۆر حەمید، مامۆستای کیمیا لە زانکۆکە گوللەی بەرکەوتووە و کوژراوە و، 50 خوێندکاری دیکەش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لە کاتێکدا پۆلیس رایگەیاندووە " دوو لە چەکدارەکانمان کوشتوونە"، گەواهیدەرێک بە تەلەڤزیۆنی جیۆ-ی گوتووە " بەلایەنی کەمەوە 10 تیرۆرست هێرشەکەیان ئەنجامدوە ،  ئێستاس لەنێو باڵەخانەی زانکۆکەدان".

زانکۆی باچا خان لە شارۆچکەی چارسادا-یە، کە 50 کیلۆمەتر لە شاری پیشاوەر دوورە و، لە ساڵی 2014 دا چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەکی ئەو شارە،  لە ئەنجامدا 130 قوتابیان کوشتن.

ئەم هێرشە لە ماوەیەکی کەم دوای داخستنی چەند قوتابخانەیەک دێت لە شاری پیشاوەر بەهۆی بوونی چەند راپۆرتێک کە دەیانگوت چەکداران بەنیازن دووبارە هێرش بکەنەوە سەر قوتابخانەکان.

20/1/2016

 

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئیسرائیل پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان راگەیاند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە کورد وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات سەربەخۆبن".

ئایلێت شاکید، وەزیری دادی ئیسرائیل، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئاسایشی ئیسرائیل لە تەل ئەبیب داوای دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "ئێمە بەهەموو هێزمانەوە پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە دەکەین. لەسەر ئەو باوەڕەین ئەو کارە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێ و دووژمنانی ئیسرائیل لاواز دەکات".

پاڵپشتی رۆژئاواییەکان بۆ دەوڵەتی کوردی روو لە زیادبوونە، هەنگاریا رایگەیاندبوو "ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، یەکەمین وڵات دەبین بە فەرمی دەیناسین". پێشتریش هەندێک وڵات ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندبوو.

نیک کۆهین کە یەکێک لەبەنێوبانگترین نووسەرەکانی بەریتانیایە، رەخنەی زۆری لە وڵاتانی رۆژئاوایی گرتووە و دەڵێت: " جیهان چاوی لەدەستی پێشمەرگەیە داعش تێکبشکێنێت، بەڵام ئامادە نییە چەکی زیاتری بۆ بنێرێت".

کۆهین داوای کردووە لەو رەوشەدا کوردستان تەنیا نەبێت و پاڵپشتی و هاوکاری بکرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دادی ئیسرائیل رایگەیاندووە: "کورد هاوبەش و دۆستی ئیسرائیلن، هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندایە و دەیانەوێت رێگر بن لە پەلهاوێژی گرووپە جیهادییەکان و تووندئاژۆکان لە ناوچەکەدا".


ئایلێت شاکید دەربارەی کورد دەڵێت: "ئێمە پەیوەندی نێودەوڵەتی کلتووریمان لەگەڵ کورد هەیە. ئەوان مافی مرۆڤ بەباشی رەچاو دەکەن و رێز لە مافی ژنان دەگرن. کورد نەتەوەیەکی رەسەن و ئاشتیخوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و مێژووی رەشی پەلاماری وڵاتانی نییە".

شاکید داوای لە حکومەتەکەی کرد "پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لەهەموو روویەکەوە هەردوولا هاوکاری یەکدی بن." ژنە وەزیرەکەی کابینەی ناتانیاهۆ دەڵێت:"کاتی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی کوردە".

هەرچەندە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان ئاماژە بە پەوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی هەولێر و تەلئەبیب ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەرچەند دەگوترێت ئیسرائیل کڕیارێکی سەرەکی نەوتی کوردستانە.

زیاتر لە 200 هەزار کوردی جوو لە ئیسرائیل دەژین. ئەو کوردانە دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە کۆچیان کردووە و لە گۆشە و کەناری ئیسرائیل بڵاو بوونەتەوە. زۆربەیان لە باکووری ئەو وڵاتە و لە شاری کەفار یونا لە باکووری تەل ئەبیب دەژین.

ساڵ و نیوێک پێش ئێستا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند. ئەو پەسنی سیاسەتی سەرکردایەتی کوردی کرد و رایگەیاند:" مافی خۆیانە ببنە دەوڵەت".

20/1/2016

 

تۆڕی پەیامنێرانی رووداو لە شوێنەکانی خۆیانەوە، گەرمترین مژارەکانی رۆژ دەگوازنەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2016، لە پاریس وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆدەبنەوە و لە سویسراش کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەستپێدەکات، لە تورکیاش پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی ئەو وڵاتە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.

لە فەرەنسا وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش کۆدەبنەوە

هەژار ئەرگۆشی، پەیامنێری رووداو لە پاریس رایگەیاند "وەزیرانی بەرگری 7 وڵاتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەمریکا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، سویسرا و بەریتانیا كۆدەبنەوە".

کۆبوونەوەکە ئەجێندایەکی تایبەتی دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەتایبەت لە عێراق و سووریا، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێدانی هاوکاری زەمینی بۆ ئەو هێزانە تاوتوێدەکرێت کە شەڕی داعش دەکەن، بۆئەو مەبەستەش ناوی پێشمەرگە وەک هێزێکی کاریگەر لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا هاتووە و، داواکراوە کە هاوکاری زیاتری پێشمەرگە بکرێت.

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و فەرەنسا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەش سازدەکەن و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکەن.

لە سویسرا کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەستپێدەکات


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2015 لە سویسرا، کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە كۆڕبەندەكەدا كە ساڵانە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 40 سەرۆك وڵات و 3 هەزار كەسایەتی و بەڕێوەبەر و نوێنەری كۆمپانیاكان بەشدار دەبن.

ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ سویسرا رایگەیاند "ئامانجی کۆڕبەندەکەی داڤۆس قسەکردن دەبێت لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسی و کولتووری و چەند تەوەرێکی دیکە".

کۆڕبەندەکە لە رێوشوێنێکی ئەمنی تووند ئەنجامدەدرێت و زیاتر لە 4500 کارمەندی ئەمنی پارێزگاری لە ئەمنییەتی کۆڕبەندەکە دەکەن، تۆڕی میدیایی رووداویش رووماڵی کۆڕبەندەکە دەکات.

پەرلەمانی تورکیا بودجەی وڵاتەکەی تاوتوێدەکات


کەمال ئاڤچی، پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە رایگەیاند " ئەمڕۆ بودجەی ساڵی 2016 ی تورکیا لەلایەن حکومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆنی دارایی لە پەرلەمانی تورکیا تاوەکو 13-2-2016 بۆی هەیە بەوردی پڕۆژەکە تاوتوێ بکات و دواتر دەبێت ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".

لە پڕۆژەكەدا بڕی بودجەی دیاریکراو وەک خەرجیی تورکیا بۆ ئەمساڵ 570 ملیار لیرە تەرخانکراوە.

پەیامنێری رووداو لە ئەنقەرە هەروەها گوتی" ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلانHDP ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکەی هەڵدەبژێرێت، هاوکات لەبارەی دەسینشناکردنی نوێنەریان بۆ کۆمسیۆنی باڵای نووسینەوەی دەستووری نوێی تورکیا گفتوگۆ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ موختارەکانی تورکیا لە کۆشکی جانکایە کۆدەبێتەوە".

20/1/2016

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 20 ـ 1 ـ 2016 وەزیرانی بەرگریی حەوت وڵاتی سەرەكیی هاوپەیمانی دژی داعش كەلە رێگای ئاسمانەوە داعش بۆردۆمان دەكەن، بە سەرەپەرشتیی ئەمەریكا لە پاریس كۆ دەبنەوە.

"ئەش كارتەر و ژان ئیۆ لەدریان" وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و فەرەنسا بە هاوبەشی میوانداریی هاوتاكانی خۆیان لە وڵاتانی بەریتانیا، ئۆسترالیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەكەن و لەبارەی دوایین گۆڕانكارییەكانی شەڕ لەدژی داعش پێكەوە دیدار و گفتوگۆ دەكەن.

ئەم حەوت وڵاتە هەم لە هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و هەم لە پەروەردە و بارهێنان و دابینكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزە عێراقییەكان بۆ شەڕ لەگەڵ چەكدارانی توندڕەوی داعش رۆڵی سەەركییان هەیە.

ئەم دیدارە لە حاڵێكدا بەڕێوە دەچێت كە جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ هاوتا رووسییەكەی خۆی (سێرگیئی لاورۆف) لە جنێف كۆ دەبێتەوە.

رووسیا یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی حكوومەتی بەشار ئەسەدە و هێز و توانایی سەربازیی خۆی بە كردەوە لە مانگی سیپتەمبەری ساڵی 2015ەوە لە سووریا دەست پێكردووە، وڵاتانی ئەرووپی وازیاری دەست لەكار كێشانەوەی بەشار ئەسەدەن لە دەسەڵات و لە ماوەچی چەند مانگی رابردووودا لەبارەی هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای رووسیا بۆ سەر هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا هۆشدارییان داوەتە رووسیا.

هەواڵدەریی فەرەنسا لەزاری بەرپرسانی حكوومەتی فەرەنساوە بڵاوی كردووەتەوە كە دیداری ئەمڕۆی حەوت وڵاتی هاوپەیمان لەدژی داعش بە مەبەستی تاوتوێ‌ و لێكدانەوەی ئەو كار و چالاكییانەیە كەلە ساڵی 2014ەوە هەتا ئێستا ئەنجام دراون، هەروەها رێكارەكانی پەرەپێدانی دەخرێنەڕوو.

رێكخراوی توندڕەوی داعش لە ماوەی ساڵانی 2014 و 2015دا چەند ناوچەیەكی گرنگی خاكی سووریا و عێراقی داگیر كردووە و ئێستاش بەشێك لەو ناوچانەی لێ‌ سەنداروەتەوە، یان پاشەكشەی كردووە.

لەلایەكی دیكشەوە فەرماندەیەكی باڵای سوپای قەرەنسا ئاشكرای كردووە كە رێكار و پلانی داهاتووی وڵاتانی هاوپەیمان لەپێناو ئەنجامی خێرا لە شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكان، كۆمەڵێك گرفتیان لەبەردەمە.

حكوومەتی فەرەنسا ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لەبارەی هاوكاری و بردنەسەری توانایی هێزە ناوچەییەكان، سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێت.

ئوسترالیا، ئەمەریكا و فەرەنسا ئێستا سەرقاڵی بارهێنان و پەروەردەی نزیكەی 15 هەزار سەربازی سوپای عێراقن، بەپێی راپۆرتەكان لەو رێگایەوە توانیویانە لە بەرامبەر هێرش و تەقینەوەكانی داعشدا توانایی خۆیان بەرنە سەرەوە.

چاوەڕوان دەكرێت وەزیرانی دەرەوەی ئەو حەوت وڵاتە لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی لیبیاش گفتوگۆ بكەن.

20/1/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان