ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئادار، 113 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ”مستەفا بارزانی“دا تێدەپەڕێت.
مستەفا بارزانی یاخود بارزانی نەمر، لە 14ـی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان لە کوردستانی باشوور لەدایکبووە.
بارزانی نەمر، کە باوکی ”مەسعود بارزانی“، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە ساڵی 1943ـەوە دەستی بە شۆڕش لە دژی رژێمەکانی عێراق کردووە و سەرکردایەتیی جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانی کردووە.
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لە ساڵی 1946، مستەفا بارزانی چووە کوردستانی رۆژهەڵات و هێزەکەی خستە خزمەتی کۆمار و خۆیشی بە سوپاسالاری ئەو کۆمارە هەڵبژێردرا، دواتریش لە هەمان ساڵ، پلەی ژەنەڕالی سەربازیی پێدرا.
مەلا مستەفا، کە بەشێکی گەلی کوردستان بە باوکی رۆحیی کورد ناوی دەبەن، لە ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلولی لە دژی رژێمی عێراقی هەڵگیرساند و توانی لە ساڵی 1970 چۆک بەو رژێمەدا بدات و ناچاری بکات دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بنێت.
ئەو سەرکردەیەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کورد، لە ساڵی 1979 لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا گیانی لەدەست دا.
14/3/2016