فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی فلاندەرزی بەلجیكا، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئەزموونی بەلجیكایە بۆ باشتركردنی سیستمی ئیداری و جێبەجێكردنی چاكسازی كە ماوەیەكە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشتركردنی سیستمی بەرێوەبردن لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەست بە جێبەجێكردنی چەند ڕێكار و پلانێكی چاكسازی كراوە.

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7( - 4 - 2016 ) نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە خێرت بۆرژوا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بۆرژوا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ ئالۆز و نائارامدا، هەرێمێكی ئارام و پێشكەوتووە و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و ئارامی و پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند. هەروەك دەسخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، توانیویانە لەجیاتی جیهانی ئازاد پلانە مەترسیدارەكانی تیرۆرستان شكست پێ بهێنن و پێشوزای لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بكەن و خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی هەرێمی فلاندەرزی لە بوارە جیاجیاكاندا بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئابووری و مۆركردنی گرێبەستی ئابووری و خوێندنی باڵا و پەروەردەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پیشان دا و بۆ ئەم مەبەستەش هیوای خواست كۆمسیۆنێك لەنێوان هەردوولادا پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پەیوەندییە دووقۆڵیەكانیش زیاتر پتەو بكرێن.
لای خۆیەوه‌ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكی كرد بۆ تێڕوانینیان سەربارەت بە هەرێمی كوردستان و سەرەخۆشیشی لێ كرد بۆ قوربانیانی هێرشە تیرۆرستییەكەی داعش لە بروكسێلی پایتەختی بەلجیكا. ئاماژەی بەوەش دا كە پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و شانازی پێوە دەكەن.

سەبارەت بە شەڕی دژی داعشیش سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە بنەماكانی مرۆڤایەتی بپارێزرێن و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی فلاندەرز دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئەزموونی بەلجیكایە بۆ باشتركردنی سیستمی ئیداری و جێبەجێكردنی چاكسازی كە ماوەیەكە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشتركردنی سیستمی بەرێوەبردن لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەست بە جێبەجێكردنی چەند ڕێكار و پلانێكی چاكسازی كراوە.
8/4/2016

 

ڤلادیمێر پوتین سەرۆك کۆماری رووسیا رایگەیاند ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێ لە رێگەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی (پەنەما)وە دۆخی ناوەخۆی رووسیا تێكبدات، بۆ ئەوەی گەلی رووسیا ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە.

پوتین لەمیانی بەشداریکردنی لە دیدارێکی میدیاییدا لە شاری ساینت پترسبۆرگی رۆژئاوای وڵاتەكەی، ئاماژەی بەدزەپێکردنی بەڵگەکانی پەنەما دا و گوتی ئاشكرایە ئەوە هەوڵێکە بۆ ناسەقامگیرکردنی رووسیا لە ناوەخۆدا و بەئامانجی پێکدادانی خەڵکی رووسیایە لەگەڵ ئیدارەکەی.

سەرۆكی رووسیا لەبارەی نێوی ئەو هاوڕێیەوە كە لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە دەڵێ شانازی دەکات بەو هاوڕێیەی. دووپاتیشی كردەوە سێرجیۆ رۆلدوگینی هاوڕێم كە چەلۆژەنە، گوایە دوو ملیار دۆلاری هەیە، بەڵام ئەو پارانەی دەستی دەکەوێت لە کڕینی ئامێری میوزیکی گرانبەهادا خەرجیان دەكات و دەیانێرێتەوە رووسیا.
8/4/2016

 

په‌یپه‌ره‌كان چین؟

له‌ئه‌نجامی كاری هاوبه‌شی نێوان 300 ڕۆژنامه‌نووسی كنه‌كار له‌هه‌موو جیهانه‌وه‌، كه‌ پێداچوونه‌وه‌یان كرد به‌ دۆسیه‌ی 40 ساڵی ڕابردووی دزین و گه‌نده‌ڵی و، سپی كردنه‌وه‌ی دراو، خۆدزینه‌وه‌ له‌باج له‌لایه‌ن گه‌وره‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی جیهانه‌وه‌، به‌چه‌ندین سه‌رۆككۆماریشه‌وه‌، ئه‌و ڕاپۆرته‌ به‌رهه‌م هات كه‌ئێستا به‌ په‌یپه‌ره‌كانی په‌نه‌ما ناسراوه‌.

سه‌رچاوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان كۆمپانیای" Mossack Fonseca"یه‌ كه‌باره‌گاكه‌ی له‌ په‌نه‌مایه‌.

ئه‌و كۆمپانیایه‌ هاوكاری ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ جیهانیانه‌ی كردووه‌ تاكو له‌ باج خۆیان بدزنه‌وه‌، هاوكات یارمه‌تیداون بۆ دروستكردنی كۆمپانیای وه‌همی و سێبه‌ر. ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك كۆمپانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كرێن و، مه‌به‌ست له‌دروستكردنیان هه‌ستانه‌ به‌چه‌ند كارێكی قه‌ده‌غه‌كراو یان شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌باره‌ی پاره‌و سه‌رمایه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌كان ژماره‌یان 11.5 ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌بووه‌، كه‌له‌ماوه‌ی 40 ساڵی ڕابردوودا ده‌رچوون، نزیكه‌ی 107 میدیای جیهانی دوا ڕاپۆرتی په‌یپه‌ره‌كانی په‌نه‌مایان بڵاوكرده‌وه‌، له‌ 78 وڵاتی جیهانه‌وه‌. هاوكات وێب سایتێكی تایبه‌ت دانراوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و بینینی به‌ڵگه‌نامه‌ و ورده‌كارییه‌كان.

قه‌باره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان

نزیكه‌ی 11.5 به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌یان پێكراوه‌ كه‌ قه‌باره‌كه‌یان 2.7 تیرابایته‌. زانیاریی له‌باره‌ی 210 هه‌زار كۆمپانیا له‌ 21 وڵاتی جیهاندا ئاشكرا كردووه‌. نزیكه‌ی 140كه‌سایه‌تی جیهانی ناویان له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا له‌ 50 وڵاتی جیهان ناویان هاتووه‌.

له‌ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا ناوی ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌ هاتووه‌:

-سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، پادشای سعودیه‌.
-حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ ئال سانی، میری پێشووی قه‌ته‌ر.
-شێخ خه‌لیفه‌ بن زاید ئال نهیان، سه‌رۆكی ئیمارات.
-حه‌مه‌د بن جاسم بن جه‌بر ئال سانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی قه‌ته‌ر.
-عه‌لی ئه‌حمه‌د میرغه‌نی، سه‌رۆكی پێشووی سودان.
-ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق.
-عه‌لی ئه‌بو راغیب، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی ئه‌رده‌ن.
-عه‌لا حوسنی موباره‌ك، كوڕی سه‌رۆككۆماری پێشووی میسر.
-ڕامی و حافیز مه‌خلوف، ئامۆزاكانی به‌شار ئه‌سه‌د.
-مونیر مه‌جید، سكرتێری پادشای مه‌غریب.


كاردانه‌وه‌كان

په‌یپه‌ره‌كانی په‌نه‌ما، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ زۆرینه‌ی میدیاكانی جیهانیان به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌. كاردانه‌وه‌ی زۆریشیان له‌ زۆر جێگه‌ی جیهاندا دروست كردووه‌. چونكه‌ ناوی كه‌سایه‌تی زۆر گه‌وره‌ی تێدایه‌ له‌بواره‌كانی سیاسه‌ت و وه‌رزش و داراییدا. له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌دا كه‌ په‌یوه‌ستن به‌و په‌یپه‌رانه‌وه‌، كاردانه‌وه‌كان جۆراوجۆر بوون. به‌جۆرێك هه‌ندێكیان ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ریی كردووه‌. به‌ڵام هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نها به‌هۆی به‌ئامانج كردنیانه‌وه‌ بووه‌.


كاردانه‌وه‌كان به‌م جۆره‌بوون

به‌رده‌وام كاردانه‌وه‌كان له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه‌ پیشان ده‌درێن. به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی سیاسه‌ت و بزنس و به‌ناوبانگه‌كان، چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك پاره‌وپولیان ده‌شارنه‌وه‌. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان 11.5 ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و، هه‌موو به‌ڵگه‌كانیش له‌ كۆمپانیای "مۆساك فونسیكا" ی دادوه‌رییه‌وه‌ دزه‌ی كردووه‌. ئه‌م كورته‌ ڕاپۆرته‌ی خواره‌وه‌، گرنگترین كاردانه‌وه‌كانن.
ئه‌رژه‌نتین

نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین" ماوریسیۆ ماكری" له‌ڕێی به‌دوادا چوونێكی ڕۆژنامه‌ی"لاناسیۆن"ه‌وه‌، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌ نزیكه‌كانی ماكری خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك بزنسن و كۆمپانیایه‌كیان دامه‌زراندووه‌ به‌ناوی"فلیگ تریدنگ لیمیتد" له‌ دورگه‌ی باهامادا. به‌ڵام خودی سه‌رۆك خاوه‌نی هیچ پشكێك نیه‌ له‌و كۆمپانیایه‌دا و قه‌ت ڕۆژێك له‌ڕۆژانیش تیایدا به‌شدار نه‌بووه‌.

ئوستورالیا

نوسینگه‌ی باجه‌كانی ئوستورالیا، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سامانی نزیكه‌ی 800 كه‌س، به‌گومانی ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ باج دزیوه‌ته‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ش په‌یوه‌ندی 120 كه‌سی له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ به‌ كۆمپانیایه‌كی دارایی له‌ هۆنگ كۆنگه‌وه‌ ئاشكرا كردووه‌. به‌ڵام ناوی كۆمپانیاكه‌ی نه‌دركاند.

چین
ڕاپۆرته‌كان ده‌نوسن: كۆمپانیایه‌كی دادوه‌ری په‌نه‌ما، ده‌ستی كردووه‌ به‌ دامه‌زراندنی كۆمپانیای ساخته‌ به‌مه‌به‌ستی خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج، بۆ كه‌سوكاری نزیكه‌ی 8 كه‌س له‌ئه‌ندامانی ئێستا و پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی شیوعی چینی، كه‌به‌ لوتكه‌ی ده‌سته‌ڵات له‌چیندا داده‌نرێت. یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی كه‌ئاماژه‌ی پێدراوه‌ هاوسه‌ری خوشكی"شی جینبنگ" سه‌رۆككۆماری چینه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌دژی ئه‌و ڕاپۆرته‌ هاته‌ ده‌نگ، ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌بێ بنه‌ما له‌قه‌ڵه‌مدا. كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانیش ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یان به‌ته‌واوی پشتگوێ خستووه‌. هاوكات له‌تۆڕی ئینته‌رنێتیش، حكوومه‌ت هه‌موو سێرچێكی بۆ وشه‌ی"په‌یپه‌ره‌كانی په‌نه‌ما" سانسۆر كردووه‌.

كۆماری چیك

ناوه‌ندی ڕۆژنامه‌گه‌ری چیكی ئاشكرای كرد كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ 283 كه‌سی چیكی ناویان له‌كۆمپانیاكانی خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج تۆماركراوه‌. به‌گوته‌ی ناوه‌نده‌كه‌ باشترین شوێن بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌باج بۆ چیك دورگه‌كانی سیچیله‌. له‌دوای ئه‌وه‌ش دورگه‌كانی فیرگن له‌به‌ریتانیا و باهاما و شوێنه‌كانی تر. وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌" میلان خۆفانیتس"یش به‌ڵێنیدا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

فه‌ره‌نسا

داواكاری گشتی فه‌ره‌نسا ده‌ستی كرده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سپی كردنه‌وه‌ی دراو له‌و وڵاته‌دا، له‌دوای ئه‌وه‌ی ناوی سه‌دان هاووڵاتی فه‌ره‌نسی له‌په‌یپه‌ره‌كاندا هاتووه‌.

ئایسله‌ندا

"سیگمۆندۆ گونلاوگسۆن" ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كرد، له‌دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌ك به‌ناوی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ له‌دورگه‌ی فێرگنی به‌ریتانی ئاشكرا بوو. سه‌رۆكوه‌زیران گوتی: " هیچی تازه‌ له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا نیه‌. پێشنیارده‌كه‌م په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی نوێ ئه‌نجام بدرێت.به‌ڵام "ئۆلافۆر گریمسۆن" پێشنیاره‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌. خۆپیشانده‌رانیش له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا گردبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا.

ئیتاڵیا
"ئیسپه‌ر یسۆ"ی ئیتاڵی، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ناوی نزیكه‌ی 1000 هاووڵاتی ئیتاڵی له‌ داتا به‌یسی ئه‌و په‌یپه‌رانه‌دا هاتووه‌، له‌وانه‌: لۆكا كۆردبرۆ دی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی ئیتاڵیا و، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاندیدكردنی ڕۆما بۆ ئۆلۆمپیادی 2024.

ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌نوسێت: په‌یپه‌ره‌كان زنجیره‌یه‌ك بۆندی ساخته‌ی نه‌وتیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ 2007. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ "مۆنتیزیمۆلۆ" كه‌پێشتر سه‌رۆكی كۆمپانیای فیات بووه‌، له‌ئێستاشدا سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیا فیرارییه‌، له‌كاتی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردنیدا وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

نیوزله‌ندا
"جۆن كی، سه‌رۆكوه‌زیرانی نیوزله‌ندا، ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ڕۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاندبوو نیوزله‌ندا یه‌كێكه‌ له‌مۆڵگه‌كانی خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج.
ئاژانسی "ئاسیۆشێدت پرێس" ڕایگه‌یاند: " مۆڵگه‌كانی خۆدزینه‌وه‌ له‌باج له‌شوێنێكدا ده‌بێت كه‌تیایدا زانیارییه‌كان ئاشكرا نه‌بن، به‌ڵام له‌نیوزله‌ندا هه‌موو زانیارییه‌كان ئاشكران".

نه‌رویژ
بانكی"دی.ئێن.بی" نه‌رویژی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی هاوكاری 40 كه‌سی كردووه‌ بۆ دروستكردنی كۆمپانیا له‌دورگه‌كانی سیچیل به‌هاوكاری كۆمپانیای مۆساك فۆنسیكا، له‌دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی "ئه‌فتۆنبوستن"ی نه‌رویژی ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌یدابوو به‌وه‌ی ئه‌و بانكه‌ هاوكاری چه‌ندین كه‌سی كردووه‌ بۆ دروستكردنی كۆمپانیای وه‌همی، بۆخۆدزینه‌وه‌ له‌ باج.

بانكه‌كه‌ ڕای گه‌یاند: " له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌كارێكی یاسایی ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ دامه‌زراندنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ كارێكی باش بێت".

ڕووسیا

په‌یپه‌ره‌كانی په‌نه‌ما، كه‌ یه‌كێتی ڕۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر 100 هۆكاری ڕاگه‌یاندندا دابه‌شی كرد، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاوڕێكانی سه‌رۆككۆماری ڕووسیا، له‌وانه‌ "سێرگی ڕۆدۆلگین"ی ژه‌نیاری به‌ناوبانگی شیلۆ، په‌یوه‌ندییان به‌ تۆڕێكه‌و هه‌یه‌ كه‌ ملیاره‌ها دۆلار له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا به‌ڕیوه‌ده‌به‌ن.
وته‌بێژی فه‌رمی كۆشكی كرملین، ڕایگه‌یاند: " هیچ شتێك له‌په‌یپه‌ره‌كاندا نیه‌ كه‌ئاماژه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ دۆسیه‌كانه‌وه‌ گلاوه‌" بلاوكردنه‌وه‌ی په‌یپه‌ره‌كانیشی به‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ ناوزڕاندنی پۆتین له‌قه‌ڵه‌مدا.

ئیسپانیا

ده‌سته‌ڵاتی باج له‌ئیسپانیا، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ پێشێلكاری باج له‌لایه‌ن "لیۆنێل میسی" یاریزانی به‌ناوبانگ و "بیدۆر مۆدۆفار" ی ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی سینه‌ماوه‌.

خێزانی میسی، بلاوكراوه‌یه‌كیان ڕاگه‌یاندوو، ئه‌وه‌یان ڕه‌تكرده‌وه كه‌ هیچ پێشێلكارییه‌كی كردبێت. هه‌ڕه‌شه‌شیان له‌و ده‌زگایانه‌ی میدیاكرد كه‌ ناوی ئه‌و یاریزانه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌. برای ده‌رهێنه‌ره‌ سینه‌ماییه‌كه‌یش ڕایگه‌یاند: " ئه‌و كۆمپانیایه‌ی له‌و په‌یپه‌ره‌دا باسكراوه‌، له‌نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ند ساڵێك له‌دوای دامه‌زراندنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌".

ئۆكرانیا

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ دزه‌پێكراوه‌كان، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌"بیترۆ بۆرشینكۆ" كۆمپانیایه‌كی له‌مۆڵگه‌یه‌كی خۆدزینه‌وه‌ له‌باج كردۆته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی كۆمپانیایه‌كی شیرینی له‌ دورگه‌كانی فیرگن له‌به‌ریتانیا، له‌وه‌شدا وڵاته‌كه‌ی بێبه‌ش كردووه‌ له‌ملیۆنه‌ها دۆلاری باجی ئه‌و كۆمپانیایه‌.

سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ له‌كاتی خۆپاڵاوتنیدا بڕیاری دابوو كۆمپانیاكه‌ی بفرۆشێت. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ نه‌یاره‌كانی داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن
7/4/2016

 

سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی کرمانشانی کوردستانی رۆژهەڵات تەنیا سێ رۆژیان لەژیاندا ماوە و ئەگەر بەرپرسانی ئێران و خێرخوازان هەنگاوی بەپەلە نەنێن، دوای سێ رۆژی دیکە گیانیان لەدەست دەدەن.

ڕاگەیاندنە خۆجێیەکانی پارێزگای کرماشان رایانگەیاندووە، کە کچێک و دوو کوڕی خێزانێکی کرماشانی، بەناوەکانی شەونم ریسانی27 ساڵ، پارسا ریسانی 24 ساڵ و کەسرا ریسانی18 ساڵ کێشەی جیناتیان هەیە و هۆکارەکەشی ئەوەیە باوکییان لەشەری نێوان ئێران و عێراقدا بەر چەکی کیمیایی کەوتووتووە.

بەگوتەی ڕاگەیاندنەکان ئەوان پێویستیان بە چارەسەرێکی تایبەت هەیە و ئەو چارەسەرەش لە ناوخۆی ئێران دەست ناکەوێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەر لە سێ رۆژی داهاتوودا چارەسەرەکە وەرنەگرن، گیان لەدەست دەدەن.

ئەو دوو بڕاو خوشکە تەنیا بۆ هەتا کۆتایی ئەم ‌هەفتەیە دەرمانیان بۆ چارەسەر هەیە و ئەگەر بەدەستیان نەگات، هەناسەدانیان بۆ ئەستەم دەبێت و گیان لەدەست دەدەن.

ئەگەرچی عەبدوڵرەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینسته‌گرامدا داوای لە پارێزگاری کرماشان کردووە، کە بەپەلە بەهانای ئەو دوو برا و خوشکە بچێت، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک یارمەتی ئەو خێزانەیان نەداوە، کە سێ منداڵیان تەنیا سێ رۆژی دیکە دەژین.
7/4/2016

 

خه‌رجی سه‌ربازی ڕووسیا له‌ ساڵی 2015دا ده‌گاته‌ 82.2 ملیار دۆلار، به‌وه‌ش ڕووسیا تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته‌ سێیه‌م گه‌وره‌ترین بودجه‌ی سه‌ربازی له‌جیهاندا، چونكه‌ ڕووسیا له‌و ساڵه‌دا 66.4 ملیار دۆلاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخان كردووه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتێكی نوێ كه‌ په‌یمانگای ستۆكهۆڵم بۆ ئاشتی نێوده‌وڵه‌تی بڵاوی كردۆته‌وه‌، سعودیه‌ له‌ساڵی 2015دا نزیكه‌ی 82.3 ملیار دۆلاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخان كردووه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی خه‌رجی سه‌ربازی سعودیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێچووی شه‌ڕی یه‌مه‌ن كه‌تاكو ئێستا 5.3 ملیار دۆلاری تێچووه‌.

له‌ساڵی 1990ه‌وه‌ تاكو ئێستا ڕێژه‌ی بودجه‌ی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گاته‌ 13.7%ی داهاتی نیشتمانی.

ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی خۆی له‌بواری ته‌ندروستی له‌جیهاندا ببات به‌ڕێوه‌.

كۆماری چین دووه‌م وڵاته‌ كه‌ بڕی 215 ملیار دۆلاری بۆ بواری سه‌ربازی ته‌رخان كردووه‌، یه‌كه‌م وڵاتیش ئه‌مریكایه‌ كه‌ بودجه‌ی سه‌ربازی 596 ملیار دۆلاره‌.
7/4/2016

 

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌ ئه‌نكه‌را له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان كۆبووه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ باسی چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگیان كرد، دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ پارێزبه‌ندیمان له‌سه‌ر هه‌ڵبگرن و زیندانمان بكه‌ن، ناترسین. چونكه‌ زیندان هه‌میشه‌ ماڵی دووه‌می ئێمه‌ بووه‌.

له‌ باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری تازه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستە پارته‌ سیاسییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك، ده‌میرتاش ده‌ڵێ ئاكپارتی ده‌یه‌وێت ده‌ستوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بنووسێته‌وه‌ و بیخاته‌ ریفراندۆمه‌وه‌.

هەروەها ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ئاكپارتی ده‌ستوور له‌ په‌رله‌مانیش تێپه‌ڕێنێ و بیخاته‌ ریفراندۆمه‌وه‌، خه‌ڵك به‌ به‌ڵێ ده‌نگی بۆ نادات و ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵك به‌و راده‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ به‌رخ و به‌ هه‌موو شتێك بڵێت به‌ڵێ".

ده‌میرتاش دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌وان وه‌كو هه‌ده‌په‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی تیرۆر ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ن.

ئه‌و پێی وایه‌ هه‌ر لایه‌نێك هاووڵاتی بێتاوان بكاته‌ ئامانج به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ تیرۆره‌ و نابێت توركیا به‌ كاری تیرۆریستی لێڕابێت.
6/4/2016

 

ماڵپەڕێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە، دەیەوێت شارۆچکەی شنگال و شاری مووسڵ کۆنتڕۆڵ بکات.

ماڵپەڕی (ئۆرشەلیم ئۆنلاین) بڵاوی کردەوە، ئێران ده‌یه‌وێت كۆنتڕۆڵی چیاكانی شنگال و شاری موسڵ بكات، ئەویش له‌ ڕێگای گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و بە ئامانجی لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، ڕووبه‌ری چیاكانی شنگال، نزیكه‌ی 2 ئه‌وه‌نده‌ی ڕووبه‌ری وڵاتی لوبنانه‌ و ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ”سه‌ددام حوسێن“، سەرۆکی پێشووتری لەسێدارەدراوی عێراق، لێیه‌وه‌ به ‌مووشه‌ك هێرشی ده‌كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل.

ماڵپەڕەکە بوونی پەکەکەی لە چیاکانی شنگال بە بوونی ئێران لە چیاکە و هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل وەسف کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە جگە لە هەڕەشەی سەربازی، بوونی پەکەکە و ئێران لەو سنوورە، دەبێتە خاڵێکی ستراتیژی بۆ کاری هەواڵگری.

ئەو ماڵپەڕە ئیسرائیلییە باسیشی لەوە کردووە، ئێستا زۆربه‌ی ناوچه‌كانی شه‌نگال له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دایه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی 1600 گه‌ریلایه‌ بۆ كۆنتڕۆل كردنی شه‌نگال و هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ له ‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتیی نشتمانیی كوردستانەوە فه‌رمانیان پێ ده‌كرێت.

هەمان ماڵپەڕ، هۆشداری لە كۆنتڕۆڵ کردنی ئێران به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و ئاماژەی بەوە کرد: “ئه‌گه‌ر شنگال كۆنترۆل بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ سووریا ده‌به‌ستنه‌وه‌ و بۆ یارمه‌تی دانی ڕژێمی “به‌شار ئه‌سه‌د” بەکاری دەهێنن”.

ماڵپەڕە ئیسڕائیلییەکە ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ به‌ ئاشكرا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقەوە هاوكاری ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌م ناوچانه‌ كۆنتڕۆل نه‌كات. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستان کار دەکات.

لە ژمارە (280)ی ئەمڕۆ سێشەممە 5\4\2016ی هەفتەنامەی (باس)دا بە ڕاپۆرتێک وردەکاریی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ زامنکردنی ڕێگایەک لە نێوان ئێران و سووریا ئاشکرا کراوە و هەوڵەکانی ئەو پارتەش بۆ دەست بەسەردا گرتنی شنگال جەختی لێ کراوەتەوە. بۆ بینینی ڕاپۆرتەکە کلیک لێرە بکە.
6/4/2016

 

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگەدار، لە کۆبوونەوەی دوێنێی یەکێتی و پارتیدا، باس لەوە کراوە کە ئەگەر عەبادی داواکانی کورد جێبەجێ نەکات و لاملی بکات، کورد لە حکوومەتەکەی عەبادی دەکشێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکییەکان بە شاندێکی پارتی و یەکێتییان راگەیاندووە، ئەگەر عەبادی نکۆڵی لە مافی کورد لە بەغدا بکات، پشتیوانی بڕیارەکانی کوردستان دەبین و کورد سەرپشکە لە ھەر ھەڵوێستێک.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ دووشەمەی یەکێتی و پارتی، دوای دانیشتنێکی نوێنەرانی یەکێتی و پارتی ھاتووە لەگەڵ نوێنەرانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی لە عێراق.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەمەریکییەکان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ھەڵوێستی کورد د‌ەربڕیوە و ھەموو سەرنجەکانی شاندە کوردییەکەیان بەھەند وەرگرتووە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئەمەریکاییەکان گوتویانە ئەوان تا ئەو شوێنە پشتیوانیی حکوومەتی عەبادی و چاکسازییەکانی دەکەن، کە لەژێر چەتری دەستووردا بێت و رەچاوی ئەوە بکات کە کورد نەتەوەی دووەمی عێراق و شەریکی حوکمڕانییە لە عێراقی نوێدا، بە پێچەوانەوە دژی عەبادی دەبن کە نکۆڵی لە مافی گەلی کوردستان بکات.

گوتیشی: ئەمەریکییەکان سوور بوون لەسەر پشتیوانیی کورد و سوننە، ھەروەھا سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەشی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەشدا باس کراوە ئەوە بووە کە ئەمەریکا کوردی سەرپشک کردووە لەوەی کە ئەگەر عەبادی ملی بۆ داواکانیان نەدا، چ بڕیارێک دەدا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە دوای ئەم رایەی ئەمەریکاییەکانەوە، باس لە مەسەلەی بژارەی وازھێنان لە حکوومەتی عێراق و ئەنجامدانی ریفراندۆم کراوە وەکو وەڵامێک بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە عێراقدا ڕوو دەدەن.

ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ھەرکاتێک عێراق بەھێز بێت مافەکانی گەلی کوردستان پێشێل دەکا.

راشی گەیاند، ئەمەریکییەکان لەگەڵ دەستوور و یاسادان و پشتیوانی لە ھیچ ھێزێک ناکەن لە عێراقدا دەستوور پێشێل بکات، ئێمەش وەکو کورد داوای ئەوەمان کردووە، کەوابێت داوای کورد و ئەمەریکییەکان یەکە، گوتیشی: ”بەر لە رای ئەمەریکییەکان، بۆ کورد گرنگە خۆی بڕیار بدات و لایەنی باشی و خراپی دوورکەوتنەوە لە حکوومەت یان کۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ھەڵبسەنگێنێ“.

راشی گەیاند، ئێستا کوردستان خۆی بۆ ریفراندۆم ئامادە دەکا، چونکە دڵنیا بووە لەوەی کە ژیان لە چوارچێوەی عێراقدا ئەستەمە گوتی ”کورد دەبێ بۆ سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت، ئەگەر ئەمەریکییەکانیش رێگری لەوە دەکەن یان پشتیوانیی ناکەن، با بێن شەراکەتی حەقیقی بە کورد لە عێراقدا بدەن“.

ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەمەریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جەخت لەسەر مافی میللەتان دەکاتەوە و ئەو بڕیارانەشی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دراون لە ساڵانی حەفتاکان ئەمەریکا پشتگیریی کردوون کە میللەتەکان بڕیار لەسەر مافی چارەنووسی خۆیان دەدەن، کەوابێت لە دۆخێکی وەھادا ناتوانێ پشتیوانی لەگەلی کوردستان نەکا.
بەڵام بەختیار جەبار، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، لەوە دەچێت عەبادی پابەندی داواکانی کورد بێت لە بەغدا و ئەوەش ئەگەری کشانەوەی کورد لە حکوومەت یان عێراق روو نەدات، بەڵام ئەگەر ھەر پابەند نەبێت ئەوە حەقی گەلی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانە بڕیار و ھەڵوێستی خۆیان ھەبێ و گوتی: ”ئەوەی تێبینی دەکرێ ئەمەریکییەکان لەگەڵ یەکپارچەیی عێراق و چارەسەری کێشەکانن، ناڕۆنە ناو وردەکارییەوە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە ئەوان ھەوڵی خۆیان بۆ داواکانی کورد لە حکوومەتی عەبادی بدەن“.
6/4/2016

 

عه‌مید "عه‌لی ئاراسته‌" هه‌ماهه‌نگی كاری نێوان یه‌كه‌كانی وشكانی سوپای ئێران، ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك پسپۆڕی لیوای 65ی پیاده‌ی ناردۆته‌ سوریا.

ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی"ته‌سنیم"ی ئێرانی، ئاماژه‌یكرد بۆ به‌شداریكردنی هێزی ڕاوێژكاری وشكانی ئێران له‌ جه‌نگی سوریادا.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ هه‌موو یه‌كه‌ بچوكه‌كانی ئه‌و هێزه‌ نێردراونه‌ته‌ سوریا، فڕۆكه‌ی تایبه‌تی بێ فڕۆكه‌وانیان پێدراوه‌، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ئه‌و فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانانه‌ له‌یه‌كه‌ جه‌نگییه‌كاندا خزمه‌ت ده‌كه‌ن، سه‌رباری یه‌كه‌كانی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری.

له‌دوای پاشه‌كشه‌كردنی به‌شی زۆری هێزه‌كانی ڕووسیا له‌سوریا، بڕوایه‌ك دروست بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی ئێران جێگه‌ی هێزه‌ ڕووسییه‌كان پڕده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ئێستادا ناردنی ئه‌و هێزه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌و بروایه‌ پشت ئه‌ستور ده‌كات.
5/4/2016

 

له‌ شارۆچكه‌ی خورماتوو، سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌در له‌گه‌ڵ به‌رپرسی دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووه‌ و له‌میانه‌دا باسی كشانه‌وه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا كراوه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریی و وێنانه‌ی ده‌ست(باسنیوز) كه‌وتوون، ڕۆژی دووشه‌ممه‌(4-4-2016) هادی عامری سه‌ركرده‌ی ڕێكخراوی به‌در له‌گه‌ڵ (ئاغای ئیقبالی) به‌رپرسی دۆسییه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی حه‌شی شه‌عبی له‌ شارۆچكه‌ی خورماتوو كۆبووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌ پێی زانیارییه‌كان، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسی هه‌وڵه‌كان بۆ كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شارۆچكه‌ی خورماتوو به‌ گشتی و سایلۆی شارۆچكه‌كه‌ به‌تایبه‌تی كراوه‌.
5/4/2016

 

"ئەو هێرشەی لەماوەی ڕابردوودا کرایە سەر تۆپخانەی ئەمریکی ناسراو بە "فایێربەیس بێڵ" کەلە مەخمور جێگیرکراوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە زانیاریە هەواڵگریەکانی داعش لەو ناوچەیە"

فەرماندەکانی پێشمەرگە گومان دەکەن بەشێك لە سەربازانی سوپای عێراق کە لە باشوری ڕۆژئاوای هەولێر جێگیرکراون دەزە بە زانیاریاری بکەن بۆ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چونکە هێرشی داعش بۆسەر ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە کوردیەکان، ئەوان نیگەرانن کە لە ناو سوپای عێراقی جێگیرکراو لە ناوچەی مەخمور هەندێ لە سەربازەکان پەیوەندی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ چەکدارانی داعش و ئەو پەیوەندیانە بەکاردەهێندرێن بۆ دزەپێکردنی زانیاری لەسەر ناوچەکە بە ئامانجی فراوانکردنی توانای هێرشی داعش.

ئەم نیگەرانیانەی کاربەدەستانی کورد لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم ساڵ حکومەتی عێراقی، بە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزێکی بەرفراوانی لە باشوری هەولێر جێگیرکرد بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. لە 24ی ئازاری ئەمساڵ، سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەستپێکی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاکەی ڕاگەیاند.
"نەجات عەلی"، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخمور، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "داعش سەرچاوەی زانیاری هەیە لە ڕیزی سوپای عێراق، حەشدی وەتەنی، وە خەڵکی عەرەبی ناوچەکە."

بەگوێرەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، داعش هەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزی قۆستۆتەوە بۆ بەدەست گەیشتنی زانیاری. "لەناو سوپای عێراقی سەرباز هەیە باوکی، برای، یا مامی ئەندامی گروپی داعشە...ئەوەی هەیە لەناو سوپای عێراقی بریتیە لە دزینی زانیاری بە هۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی."

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخموور، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ئەوان دڵنیان لە هەبوونی سەرچاوەی هەواڵگری داعش لە ناو سەربازانی عێراقی و خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەن لەم بارەوە.

بە وتەی سیروان بارزانی، "ئێمە وەکو دۆکیومێنت هیچمان لا نییە بەڵام سەد لە سەد ئاگادارین و دەزانیین کە زانیاریان بۆ دەچێت....لە ڕابردوودا کاتێك کۆبونەوەمان کردووە لەگەڵ سوپای عێراق، ڕادیۆکانمان و ئامێرەکانی تری چاودێریمان تێبینی گواستەنەوەی زانیاریان کردووە بۆ داعش سەبارەت بەوەی بەرەو کوێ دەچین و چۆن دەچین."
بەوتەی شاخەوان عەبدووڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق، جێگیرکردنی سوپای عێڕاق لە مەخمور ئاسایشی باشوری هەولێری تێکداوە و بووەتە هۆی فراوانکردنی بۆردومانەکانی داعش.

شاخەوان عەبدوڵا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێ ڕێگەبدات سوپاکەی عێڕاق بڵاوەی پێبکرێ لە ناوچەکە و نزیکببێتەوە لە دانیشتوان بۆ ڕێگەگرتن لە ئەگەری هێرشی زیاتری داعش بۆسەر پێشمەرگە و هاوڵاتیان.
بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا، "لەوەتی ئەوان هاتوون بۆناوچەکە هێرشی داعش زۆر بووە و ئەوەش بەڵگەیەكە لەسەر ئەوەی کە داعش لەناو ئەوانەوە زانیاری پێدەگات ئەگینا ئەوان داعش لەو ناوچەیە ناتوانێت هیچ بکات."
ئەم لێدوانەی شاخەوان عەبدوڵا لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەوهێزەکانی داعش به‌ پێنج ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و شه‌ش خوكوژه‌وه هێرشێکی خوێناویان کردەسەر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیسی قه‌زای مه‌خمور کەبه‌و هۆیه‌وه‌ ژمارەیەک پیشمه‌رگه‌ و پۆلیس گیانیان له‌ ده‌ستدا و برینداربوون.
سەرچاوە کوردیە ئاگادارەکان بە دەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند کە ئەو هێرشەی لەماوەی ڕابردوودا کرایە سەر تۆپخانەی ئەمریکی ناسراو بە "فایێربەیس بێڵ" کەلە مەخمور جێگیرکراوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە زانیاریە هەواڵگریەکانی داعش لەو ناوچەیە.
تۆپخانەی فایێربەیس بێڵ لە ناوڕاستی مانگی ڕابردوو هێرشێکی موشەکی لەلایەن داعشەوە کرایە سەر و لەئەنجامدا سەربازێکی ئەمریکی کوژرا و چەندانی تر برینداربوون. ئەوەی جێگەی باسە، پێشتر هەبوونی تۆپخانەکە لەلایەن ئەمریکاوە ڕانەگەیەندرابوو تاوەکو دوای هێرشەکەی داعش.
بەگوێرەی سیروان بارزانی، "ئەو بۆردومانەی کرایە سەر کەمپی ئەمریکیەکان بە دڵنیاییەوە پەیوەستە بە سەرچاوەکانی زانیاری داعش لە ناوچەکە....ڕاستە داعش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردێنێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوچەکە بەڵام وردی بۆردومانەکە بۆ سەر کەمپی ئەمریکیەکان زانیاری هەواڵگری لەپشتە."
ستیفن وارن، وتەبێژی هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی‌ داعش، ئامادە نەبوو زانیاری لەم بارەوە بدرکێنێت و بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئێمە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ پاراستنی زانیاری و لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکانمان کاردەکەین بۆئەوەی زانیاریەکان پارێزراو بن. ئێمە ئامادەنین زانیاری هەواڵگری ئاشکرابکەین."
5/4/2016

 

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سەرەڕای ئەوەی ماوەی 4 مانگە هێزەکانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام باوەڕیان بە ئامانجەکەیان هەیە و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە دژی داعش شەڕ دەکەن.

”مەسرور بارزانی“، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپه‌ری كه‌نه‌دی (CBS News)ی ڕاگەیاند، كورد ته‌نها بۆ خۆیان شه‌ڕ ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وان له‌بری جیهان دژی تیرۆریستان ده‌جه‌نگن. ڕوونیشی کردەوە: ”هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 4 مانگه‌ مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به‌ داعش شه‌ڕ ده‌كات، پێشمه‌رگه‌كان بڕوایان به‌ ئامانجه‌كه‌یان هه‌یه‌“.

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسیشی لەوە کردووە: “پێشمه‌رگه‌کان خاوه‌نی خێزانن و نازانین تا كه‌ی ده‌توانن بێ مووچه‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌رده‌وام بن؟ ئه‌وه‌ له‌كاتێك دایه‌ كه‌ هاتنی نزیكه‌ی 2 ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر، خۆی قه‌یرانه‌كه‌ی قووڵتر كردووه‌ته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی کوردستانی به‌ ڕێژه‌ی 30% به‌رز كردووه‌ته‌وه‌”.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی باسی لە مەترسییەکانی ڕووخانی بەنداوی مووسڵ کردووە و گوتوویەتی: “ئەگەر بەنداوەکە بڕووخێت، بەشی زۆری مووسڵ لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ژێر ئاو دەکەوێت و تا دەگاتە بەغدا، هەرچی لەبەردەمی دایە وێرانی دەکات".

4/4/2016

 

تۆیژه‌رێكی به‌ناوبانگی ئیسرائیلی باس له‌ڕاگه‌یاندنی فیدراڵی له‌ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات و، ده‌ڵێت: " ئه‌وه‌ ته‌نها هه‌نگاوێكه‌ بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، نه‌ك ته‌نها له‌ سوریادا، به‌ڵكو له‌كوردستانی عێراقیشدا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " تاكو ئێستا كورده‌كان گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی دانیشتوانی ڕه‌سه‌نن له‌م ناوچه‌یه‌دا كه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری خۆیان نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌گۆڕێت و وه‌ك پێشتر نامێنێته‌وه‌".

"دێڤید مارك" سه‌رۆكی گروپی"چالی گروپ" كه‌تایبه‌ته‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی هاوچه‌رخ، له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی "ئیسرائیل ڕیسینگ" بۆ پرسی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆڵی جیۆسیاسی ئیسرائیل، بابه‌تێكی نوسیوه‌ به‌ناوی" كورد و ڕووسیا و ئیسرائیل ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕن"، له‌و بابه‌ته‌دا باس له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد ده‌كات، به‌بڕوا و هه‌ڵسه‌نگاندی ئه‌و توێژه‌ره‌، ڕووسیا هاوكار ده‌بێت بۆ ئه‌و پرسه‌.

له‌باره‌ی دروست بوونی ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ كورد ده‌نوسێت: " ئه‌گه‌ر له‌ دورست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیدا ڕووسیا كلیله‌كه‌ی به‌ده‌ست بێت، ئه‌وا كورده‌كان پێویستیان به‌ پشتیوانییه‌كی شاراوه‌ی ئیسرائیل هه‌یه‌، چونكه‌ ئیسرائیل ده‌بێت له‌وه‌ دڵنیابێت كه‌له‌ لای ڕاستی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ جیۆسیاسیه‌دایه‌".
3/4/2016

 

زیندانێکی نهێنیی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئاشکرا دەبێت، کە 1500 کەسی تێدا زیندانی کراوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، "موهەنەد ئەلعوبەیدی"،قایمقامی شارۆچکەی هیت رایگەیاندووە، کە زۆرینەی زیندانیکراوەکان هاووڵاتیی مەدەنی بوون و لەلایەن سوپای عێراقییەوە رزگارکراون.

عەقید "فازڵ نەمراوی"، فەرماندەیەکی سوپای عێراقی رایگەیاندووە، کە زیندانەکەیان لە ژێر زەوی لە سنووری شارۆچکەی هیت لە پارێزگای ئەنبار دۆزیوەتەوە و نزیکەی 1500 کەسی زیندانیکراوی تێدابووە.

چەکدارانی داعش لە مانگی ئایاری 2015 هێرشیان کرد و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ئەنباریان داگیرکرد. سوپای عێراقیش لە کۆتایی مانگی ئاداری 2016، توانی بەشێکی زۆری شارۆچکەکانی ئەنبار رزگار بکاتەوە و لە کۆتایی ساڵی رابردووش، شاری روومادیی سەنتەری پارێزگاکەیان رزگار کردەوە.
3/4/2016

جێگری رێکخەری هێزی وشکانی سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاندووە، سوپای ئەو وڵاتە بڕیاری داوە، هێزێکی تایبەتیی خۆی ڕەوانەی سووریا بکات.

 


بەپێی هەواڵی ئەو بەرپرسەی هێزی وشکانیی ئێران گوتیشی: "ئەو هێزەی سوپای ئێران (ئەرتەش) کە بڕیارە ڕەوانەی سووریا بکرێت، هێزێکی ڕاوێژکارییە.

"ئەمیرعەلی ئاراستە" جێگری رێکخەری هێزی وشکانیی سوپای ئێران گوتیشی: "تیپی 65ی سوپای ئێران بڕیاری داوە کە بەشێک لە هێزی وشکانیی خۆیان و بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی دیکەی سوپای ئێران بەمەبەستی ڕاوێژکاری ڕەوانەی سوریا بکەن".

هەرچەندە حکوومەتی ئێران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە کە هێزی چەکداریی سوپای وڵاتەکەی و سوپای پاسداران لە سووریا لەشەڕدا بن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا جگە کە کوژران زیاتر لە 130 ئەندامی سوپای پاسداران ‌و بە دەیان چەکداری ئەو وڵاتەش لە سووریا کوژراون، یان بریندار بوون کە بەشی زۆریان فەرماندەی پلە بەرزی سەربازی بوون.

basnews

4/4/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان