نزیكەی دوو ساڵە، 150 كیلۆمەتر لەو سنوورەی كە براوەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی لە نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا كێشاویانە، لەمدیوەوە كەوتووەتە دەستی پێشمەرگە و لە دیوی ئەودیویش بەدەست شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەلەوەیە.
لە پیشابوورەوە لەلای باكوور، تاوەكو دەگاتە شنگال، هەردوو دیوی تەواوی ئەو سنوورە بەدەست پێشمەرگە و شەڕڤانانەوەیە و حكومەتی عێراق و سووریا هیچ دەسەڵاتێكیان لە ناوچەكەدا نییە.
هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ لە حوزەیرانی 2014 زۆر شتی گۆڕی، ئەو ناوچانەی كە بە ناوچەی ناكۆكی لەسەر ناسراون و دەكەونە سنووری پارێزگای نەینەوا، لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا نەمان، پاش ئەوەی بە تەواوی لەژێر دەستی داعش دەرهێنران.
ئەم شەڕە گۆڕانكارییەكی گەورەشی بەسەر نەخشەی ناوچەكەدا هێنا، پێشمەرگە لە باشووری كوردستان و شەڕڤانان لە رۆژئاوای كوردستان چەندین دەروازەی سنوورییان كۆنترۆڵ كرد كە پێشتر سەرپەرشتی و ئیدارەیان بەدەست حكومەتی سووریا و عێراقەوە بوو.
ئەو گوندنشینانەی بە درێژایی سەدەی رابردوو بە زەحمەت دەیانتوانی لە سنوورەكان بپەڕنەوە، ئێستا تەنیا بە مۆڵەت و روخسەتێكی ئاسایی پێشمەرگە و شەڕڤانان ئەمبەر و ئەوبەری سنوور دەكەن.
لە پردی سحێلاوە تاوەكو شنگال بە سەتان گوند بەدی دەكرێن كە شێوازی دروستكردنیان و شێوەی ژیانی خەڵكەكانیان لەگەڵ گوندەكانی ئەوبەری سنوور هیچ جیاوازییەكی نییە، زۆربەی ئەوانە پێشتر خزم و ناسیاوی یەكدی بوون، بەڵام زلهێزەكانی دونیا لێكیان جیاكردوونەتەوە.
ئیسماعیل محەممەد، 65 ساڵ، خەڵكی گوندی كەلا میرا لەسەر سنوور، دەڵێت "سەت ساڵە ئەو سنوورە كێشراوە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ خزمەكانمان لەودیو نەپچڕاوە، دوای ئەوەی سنوورەكە كەوتە دەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان، ئێستا زیاتر لە جاران سەردانی یەكدی دەكەین".
دوای كێشانی سنوور لە نێوان عێراق و سووریا، بەشێكی گوندەكەی مام ئیسماعیل كەوتە نێو خاكی رۆژئاوای كوردستانەوە. مام ئیسماعیل یادگاریی تاڵی لەگەڵ ئەو سنوورە هەیە و دەڵێت "لەوەتەی بەبیرم دێت هەر عەرەب لەم سنوورانە بوون، بەردەوام كێشەیان بۆ ئێمە دروست دەكرد، زۆرجار دەستگیریان دەكرین و قسەی ناشرینیان پێدەگوتین، بەڵام ئێستا وا هەست دەكەین كە یەك وڵاتین، لە هەردوو دیو كورد دەسەڵاتدارن".
حوسێن سالم، فەرماندەی پێشمەرگە لەو سنوورە چەند زانیارییەكی لەبارەی رەوشی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دایە (رووداو) و گوتی "بەدرێژایی 150 كیلۆمەتر سنووری نێوان عێراق و سووریا كە لە سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو كێشراوە، تەنیا لەسەر نەخشە ماوە، لەسەر ئەرزی واقیع هیچ سنوورێك نەماوە، ئێمە لە هەردوولا كوردین و متمانەمان بە یەكدی هەیە و خیانەت لە یەكدی ناكەین".
كاڵبوونەوەی ئەو سنوورە چەندینجار فریای كورد كەوتووە، لە كاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، ژمارەیەكی زۆری كوردی ئێزدی كە پەنایان بردبووە بەر چیای شنگال، دوای ئەوەی لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە رێی دەربازبوونیان بۆ كرایەوە، لەو سنوورەوە چوونە رۆژئاوای كوردستان و دواتر هەر لەو سنوورەوە خۆیان گەیاندە پارێزگای دهۆك.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لەو سنوورە پەڕینەوە و یارمەتی شەڕڤانانیان دا بۆ دەرهێنانی چوار گوندی دیوی رۆژئاوا لە دەستی داعش.
سەرچاوەیەكی سەربازی لەو ناوچەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی "ماوەیەك بوو كار لەسەر كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەكرا، بەڵام ئێستا كارەكانی سست بووە".
لەو سنوورەدا دوو دەروازەی رەبیعە و سێمالكا هەن كە بەهۆی ناكۆیی سیاسی نێوان دەسەڵاتدارانی هەردوو بەشەكەی كوردستانەوە ئێستا داخراون و تەنیا بەشێوەیەكی زۆر سنووردار دەكرێنەوە.
ئەو سەرچاوە سەربازییە گوتی "راستە هەندێكجار لە راگەیاندنەكانەوە هەندێك ئاماژە دەدرێن كە پەیوەندی نێوان هێزەكانی باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان خۆش نییە، بەڵام بەو شێوەیە نییە. ئێستا هەردوو هێز لەو سنوورە بە هەماهەنگی كار دەكەن".
31/5/2016