ساقی بارزانی
لە ساڵی ٢٠١٤، "نورسولتان نازەربایڤ" سەرکۆماری قەزاغستان، لە ئاهەنگی زانکۆیەکدا ووتەیەکی پێشکەشی نوێنەرانی هەرێمەکاندا کرد و بێزاریی خۆی دەربڕی لە هەمبەر ناوی ووڵاتەکەی کە بە –" ستان " کۆتایی دێت. سەرکۆماری قەزاغستان بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: " ووڵاتێکی ٢ ملیونی وەکو مەنگۆلیا پتر سەرنجی گەڕیدەرەکان ڕادەکێشێ تاکو ووڵاتی ئێمە؛ لەبەر ئەوەی ناوی ووڵاتەکەمان بە " ستان " تەواو دەبێ و دەبێتە هۆی هەڵەتێگەیشتنی گەڕیدەرەکان بۆ شوێنە گەشتوگوزاری یەکان." مەبەستی سەرکۆمارەکە ئەوە بوو کە ناوی ووڵاتەکەی وێکچوونی هەیە لە گەل ووڵاتانی تری وەکو ئەفغانستان یان پاکستان و بە هەڵە لێکدەدرێتەوە و پێشنیاری گۆڕینی ناوەکەی کرد بە " گەلی قەزاخ " یان بە ئینگلیزی بە "Kazakh Eli".
بۆیە لەو کاتەوە هزرێکی هاوچەشن مێشکمی داگیر کردووە کە بۆ دەبێ لە پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان ناوی کوردستان هەڵبژێرین. بژارەکانی ناوێکی فەرمی بۆ دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ زۆرن و پڕ گرنگە ناوێکی جوان هەڵبژێرین کە دەربڕی واقیعی ئێستای کوردستان و پێکهاتەکانی بێ وهەروەسا لە ئاست ووڵاتانی جیهانیی یەوە ناسراو بێ. بۆیە لەم نووسینە دا هەوڵ دەدەم هزری ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد بەرەو ئەم ئاقارە ئاراستە بکەم و هیڤیدارم کە لە ئاستێکی بەرزتر و فراوانتر کاری بۆ بکرێ و سەرنج و تێڕوانینی زمانناسان وئاکادیمییەکان و ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد بە هەند وەربگیرن.
پاشگری " ستان " لە زۆر ناوی ووڵاتانی جیهاندا بەکارهاتووە و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی فارسی و مانای شوێن دەبەخشێ وەکو: ئەفغانیستان، پاکستان، هندوستان، تورکەمەنستان، ئوزبەکستان... هتد. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ووڵاتی ئێران کە خۆی داهێنەری پاشگری "ستان "ە، خۆی بۆ خۆی بە کاری نەهێناوە و ناوی ووڵاتەکەی کردووەتە ئێران کە بە مانای "سەرزەمینی ڕەگەزی ئاریایی" یە.
مانای "کوردستان " واتا شوێن یان جێی کوردان دەگرێتەوە. بە بۆچوونی بەندە زۆر خەلەتێنەر دەبێ ئەگەر ناوی فەرمیی ووڵاتەکەمان کوردستان بمێنێ. چۆنکە ڕاستی یەکی حاشا هەڵنەگرە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی کە پاشگری "ستان " لە کۆتایی ناوەکانیان هاتووە، وولاتانی جیهانی سێیەمن و پڕاوپڕن لە کێشەی درێژەخایەنی سیاسیی و ئابووری وەکو: ئەفغانیستان، پاکستان، هندوستان، تورکەمەنستان، ئوزبەکستان، قەزاخستان، کرغیزستان و لە ناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین وهەرێمە کێشەدارەکانن. کە واتە سۆنگەیەکی لۆجیکی یە ئەگەر بخوازین لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بە فەرمی ناوەکە بگۆڕین . هەروەک زۆر ووڵات هەن کە لە پاش گۆڕانکاریی سیاسیی؛ یانژی لە بەر هۆکاری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناوی ووڵاتەکانیان یان ناوی شارەکانیان گۆڕیوە. ئەمانەی خوارەوە هەندێ نموونەن لە مێژووی تازەدا :
ـ ئەبیسنیا ووڵاتێکی مێژوویی ئەفریقایی بوو، بووە ئەتیوپیا.
ـ ئەنگۆرا، کە بە مانای "زێدی مەڕە ئەنگۆرییەکان" دێت، بووە ئەنقەرە، پایتەختی تورکیای ئێستا.
ـ بۆهێمیا ووڵاتێکی پاشایەتی ئەوروپی بوو. لە پاش شەڕی جیهانی یەکەم، خەڵکی چێک و بۆهێمیا گەیشتنە سلۆڤاکی یەکان و ووڵاتێکیان بە ناوی چکۆسلاڤاکیا چێکرد. ئەم ووڵاتە لە پاش ساڵی ١٩٩٣ دابەش بووە سەر دوو وڵاتی سلۆڤاکیا و کۆماری چێک.
ـ لە ساڵی ١٩٨٩ بێرمە ووڵاتێکی ئاسیایی ناوەکەی لە لایەن حکومەتیی میلیتاری گۆڕا بە میانمەر.
ـ سیلون لە ساڵی ١٩٧٢ بووە کۆماریی و ناوەکەی گۆڕا بە سریلانکا.
ـ کۆنستەنتینۆپل کە شارێکی ئەمپراتۆریی رۆمی باستان بوو لە کاتی داگیرکردنی لە لایەن تورکەکانەوە لە ساڵی ١٩٣٠ بە فەرمی گۆڕا بە ئەستانبول.
ـ کەمپوچیا ناوی گۆڕا بە کەمبۆدیا.
ـ پەکینگ پایتەختی کۆنی ووڵاتی چین ناوی گۆڕا بە بێجینگ.
ـ رۆدێزیا دابەش بوو بە ٢ ووڵاتی زیمبابوێ و زامیبا.
ـ سێنت پیتزبیرگ کە شارێکی ڕوسیا بوو و لە لایەن سزار پیتری ڕوسی یەوە چێکرابوو، ناوەکەی گۆڕا بە پێترۆگراد و پاشانیش بۆ لنینگراد. دوایی لە ساڵی ١٩٩١ ناوەکەی گۆڕاویەوە بۆ سێنت پیترزبیرگ.
ـ ووڵاتی سیام ناوی گۆڕا بە تایلەند.
ـ لە ئەفریقا تانگانیکا و زانیبار بوونە یەک و ووڵاتی تانزانیا یان پێک هێنا.
ـ لە ساڵی ١٩٩٧ ووڵاتی زئیر ووڵاتێکی ئەفریقا ناوی گۆڕا بە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ.
ئەمانە هەندێ نمونەی ووڵاتانن کە ناوەکانیان گۆڕیوە، بۆیە زۆر ئاسایی یە ئەگەر ئێمەش ناوی دەڵەتی کوردستان بگۆڕین. تا هنووکە زۆر ناو پێشنیار کراون وکو: مادستان، ماد، میدیا، زاگرۆس...هتد. وەلێ بە ڕای من باشترین بژار ناوی " کوردیا " یە. چۆنکە ڕیشە ومانا (etymology) ی "یا "ی دوایی کە لە ناوی هەندێ لە ووڵاتان دا هەیە، دەربڕی پاشگری کۆنی هیندو ئەوروپی یە کە بە واتای " هی " یان "پەیوەست" دێت. هەندێ لەو ووڵاتانەش کە ناوەکانیان بە "یا " کۆتایی دێت ئەمانەن:
ئەرمەنیا، توریکا، بۆلیڤیا، ئیندیا، ئۆستریا، ئۆسترالیا، بولگاریا، تورکیام کۆلۆمبیا، لیبریا، نایجێریا.
27/3/2016