فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

سمکۆ محەمەد 

لەنێوان خێر و شەڕدا رووبەرێک ھەیە وەکو پێوەر، ئەویش لێبوردن و پێکەوەژیانی پێکھاتە نەتەوەیی و مەزھەبی و سیاسییەکانە بەھەموو جیاوازییەکانیانەوە، دیموکراسی بەحیساب ئەم وەزیفەیەی ھەیە، بۆیە ئەم سیستمە یان ئەوەتا ھەیە یان نییە و رووبەرێک نییە ئەم نێوانە پڕ بکاتەوە. دیموکراسییەتی شەڕ تەنھا دۆخێکی سیاسی نایخوڵقێنێ، بەڵکو ھەندێکجار کارەکتەرێک دەیخوڵقێنێ کە خاوەنی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقەیە، بۆیە ئەفڵاتون کاتێک رەخنە لە دیموکراسی دەگرێت، تەنیا وەکو سیستم چاو لە کەموکوڕییەکانی ناکات، بەڵکو بەشێکی دەگەڕێنێتەوە بۆ کارەکتەری برسی و چاوچنۆک بۆ دەسەڵات، بۆیە دەڵێ ∀مرۆڤی دیموکراتی ھەرگیز بابەخ بەڕیزبەندی و پلەبەندی نادات، جۆرێک لە یەکسانی نێوان خۆشی و چێژەکانی دروست دەکات و سەرکردایەتی ژیانی خۆی دەداتە ئەو کەسەی کە زوو دێت، وەکو ئەوەی بە شانس بڕیار بدات، تاوەکو لەم کەسە تێر دەبێت، ئینجا دەیداتە کەسێکی دیکە∀. ئەم قسەیەی ئەفڵاتون بۆ ھەموو سەردەمێک دەشێت، بۆ نموونە بۆ ئێستای رۆژھەڵات بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ عێڕاق دەشێت پراکتیک بکرێ، چونکە ھەموو کارەکتەرە سیاسییەکان بەو پەروەردەیە گەورەبوون و وەکو حەز تەماشای دەسەڵات دەکەن.
ئەو دیمەنەی ھەفتەی رابردوو لەنێو پارلەمانی عێڕاق گوزەری کرد، دیموکراسییەتی شەڕ بوو نەک ئاشتی، بۆیە ئەم عینوانەم ھەڵبژاردووە، چونکە عێڕاق ھەمیشە لەژێر عینوانی دیموکراسی و ئاشتەوایی مامەڵەی لەگەڵ کەیسە ھەمیشە ھەڵواسراوەکاندا کردووە، سیناریۆکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سەرتاپا سیستمی سیاسی و ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە، کە بەشێکیان لەژێر عینوانی چاکسازیدایە و ئەویدیکەیان حکوومەتە تاک مەزھەبییەکەیە، لە ھەر شوێنێک دووچاری قەیران بووبێت یان بەپێچەوانەوە قەیرانێکی خوڵقیاندبێت، بەناچاری داوای ئاشتیی کردووە کە خۆی لە بنەچەدا بەرھەمی شەڕ بووە. چیرۆکی جەنگی نێوخۆیی و بەردەوامبوونی تیرۆر و دواجاریش داعشی بەرھەمھێنان، ئەوە دەسەلمێنێت کە ھێزە سیاسییەکان بەبێ ئەوەی ئاگادار بن ھێزی مەرگدۆستین و بەناوی ژیاندۆستییەوە سیاسەتیان کردووە، خراپتریش لەمە دۆخەکەیان تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیش کردووە، باشترین سەلمێنەریش ئەوەیە کە کوردستان و باشووری عێراق لەڕووی فەرھەنگی و رۆشنبیرییەوە لە یەکدی بێ ئاگان، ئەم دیموکراسییەتەی کە خەسڵەتی شەڕانگێزی بەسەریدا زاڵە، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە ھاوکێشەی نێودەوڵەتییەوە ھەبێت، بەشەکەی دیکەی پەیوەندی بەو کارەکتەرانەوە ھەیە کە نە دیموکراسین و نە دەتوانن لە دۆخی ئاشتیدا دیموکراسی بپارێزن.
ئەم دۆخە ناجێگیرەی عێڕاق کە کورد تێیدا دووچاری بووە و ناتوانێ خۆی داببڕێنێ لە جەنگە نادیارەکان، وای کردووە کە دەبێ ھەموو ھێزەکان چاویان لەو دەوڵەتانە بێت تاکو بەرەنگاری ئەم شێوە دیموکراتیزەکردنەی دەوڵەت و سیاسەت ببنەوە، بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو سیناریۆیە بدەنەوە کە بە ناوی دیموکراسییەوە گەمە بە کۆی کایەکانی ژیانەوە دەکات، گوایە ئەمانە جۆرە دەوڵەتێکی یاخین لەو ھێزە زاڵەی کە ئیدیعای دیموکراسی دەکات بۆ تەواوی دونیا، کەچی لەبری خۆشگوزەرانی و ژیان و سەقامگیری ئەمنی، بە ناوی پاراستنی ئاشتییەوە دیموکراسییەتی شەڕ دەکەنە باو.
ئەگەرچی ئەو ھێزە سیاسییانەی کە پێشتر مەحروم بوون لە دەسەڵاتدارێتی، نەیانتوانی رەگوڕیشەی جەنگە تایەفییەکان لە خەڵک دوور بخەنەوە، تاکو نەبن بە بەشێک لەبازاڕی سیاسی، کەچی دووبارەبوونەوەی جەنگی دوو ئیدیۆلۆژیای ئایینی و مێژوویی دژ بەیەک، یان جەنگی دوو جەمسەری سەرمایەداریی نوێ، وەھمی تەواوکردنی ئەم جەنگە بوو بە ئیدیۆلۆژیای مەزھەبی، کە خەیاڵی ھەردوو مەزھەبی سوننە و شیعە بوو، ئەم جەنگە ئەوەندە میتافیزیکی بوو کە تا ئێستا وەکو جەنگی نێوان خێر و شەڕ تەماشا کراوە، بۆیە بە سیستمی بەناو فیدراڵیزم و دیموکراسییەتی ئاشتیش رەگوڕیشەی جەنگی نەبڕاوەیە، لەکاتێکدا جەنگی قینە ئیدیۆلۆژیاکان بووە نەک ململانێی سیاسی. ئەوەی کە بە ناوی دیموکراسییەتی ئاشتییەوە ئەو مافەی بەخۆی داوە دەست لە کاروباری دەستووری و سیستمی فیداراڵییەوە وەربدات، سیاسەتی پارادۆکسییانە بوو کە دوا دیمەنی سیاسی بەرھەمھێنا و کودێتای بەسەر پارلەماندا کرد.
ھەڵبەت ئەو کاتەی کە بێ ئاگایە لەنێو جەنگەکەدا، ئەوکاتەیە کە تەنیا بە فۆڕم و لە رێگای دەزگا راگەیاندنەکانەوە دەیبیسێ و دەیبنێ و دەیخوێنێتەوە، ئەوکاتەش کە بەئاگایە دوو بەشن، بەشی یەکەمیان گرووپگەلێک یان دەستەبژێرێک کاری تێدا دەکەن، یان کارەکتەری چالاکی ئەم بوارەن و کەڵکی لێ وەردەگرن، بەشەکەی دیکەیان ئەو خەڵکە عەوامەیە کە ھەم لەژێر کاریگەریی راگەیاندنی چەواشەکار و ھەم لە پەنا حزبێک یان ھێزێکی سیاسیدا کەوتووەتە نێو گەمەکەوە، یان مەعیشەتی بە ناڕاستەوخۆ لەژێر ھەڕەشەی حزبێکدایە کە گەمەکەری سیاسەتەکەیە، کە ئێستا گۆڕاوە بۆ جەنگی نێوان دەستەبژێری سیاسی، بەو مانایەی فاکتی ژیان خەڵکی ناچار کردووە لەخۆڕا سیاسی بن، ئیدی چۆن و لە کوێ و بە مەنفەعەتی کێ دەگەڕێتەوە، ئەوەیان موناقەشەیەکی دیکەیە، سەرەنجامیش تەنیا کارەکتەرە چالاکەکان لە جیاتی خەڵک وەڵام دەدەنەوە، کە خۆیان داڕێژەری جەنگەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە ناوی دیموکراسییەتی ئاشتییەوە، کە لەئەساسدا شەڕ بووە.
جەنگێک ھەیە بە ناوی دیموکراسی و عەدالەتخوازییەوە، شەڕی مان و نەمانی گرووپی سیاسی لە قەوارەی سیاسیی دەسەڵاتدا دەکات، کەچی وا نیشان دراوە کە خەڵک ئیرەیی بەو جۆرە ژیانە ببەن کە ھەموو جۆرە عورفێکی تێدا فەراھەم کراوە، لە راسیتدا ئەو دیموکراسییەتەی کە لە عێراق و لە ناوچەکەدا ھەیە بریتییە لە بەرەڵایی و گەندەڵی، ئەمە نزمترین ئاستی پراکتیککردنی سیستمەکەیە کە بەناو دیموکراسیخواز و ئاشتیخوازەکان بانگەوازی بۆ دەکرێ، کە لە راستیدا شەڕخواز و مەرگدۆستن، ھەر بۆیە لەژێر ئەم عینوانەدا بە زۆرەملێ چارەنووسی خەڵک بەرەو نادیار دەبەن.

باسنیوز

30/4/2016

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان