ساڵح نازم
ئەو ئالۆزی و قەیرانە سیاسییانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا رووبەرووی عێراق بوونەوە، وڵاتەکەیان لە لێوارەی ھەڵوەشانەوەو پارچە بوون نزیک کردووەتەوە. ئەوەش کە لەو ھاوکێشانە دڵخۆشکەرە، یەکگرتوویی و یەک ھەڵوێستی کوردە لە بەغدا لە بڕیاردان و ھەڵوێست وەرگرتن لە سەر بابەتەکان.
سیستەمی سیاسی و حوکم لە عێراق لە ترۆپکی بێ ھێزیدایەو بیری مەزھەبی و ململانێی ناوخۆی شیعە، ئاڵۆزییەکی زۆری ھێناوەتە ئاراوە، بگرە رەنگە ئەو ململانێیانە دۆخەکە بەرەو لە یەک ھەڵوەشانەوە بەرێت، ئەوەش بۆ کورد گرنگیی خۆی ھەیەو دەرفەتێکە پێویستە بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوەی لە ئارادایە ململانێیەکە لە دژی لایەنێکی شیعەو بۆ بەھێزکردن و رەگ داکوتانی لایەنەکەی دیکەیە، ھەرچەندە ململانێکە لەژێر ناوی چاکسازییەو بە دروشمی چاکسازی دەزگا شەرعییەکان پەکدەخرێن، بەڵام جگە لە خودی شیعە، ئیدی ھیچ لایەنێک ھیوای بە چاکسازی نەماوە، ھەڵبەت ئیرادەیەکی یەکگرتوو بوونی نییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی کە ئەویش بەھۆی ترسیانە لە بەھێزتربوونی پێگەی لایەنە سیاسیەکانی شیعەو نەبوونی گەرەنتی مانەوەی پێگەی خۆیان لە سیستەمی حکومرانی عێراقدا.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، حکومەتێکی سیستەمیی بەھێز بوونی نەماوە بە ناوی عێراق، ئەو دۆخە دەرفەتێکی ھاوشێوەی ٢٠٠٥ی بە کورد بەخشیوە ئەگەر بەکاری بھێنێت بە زاناییەوە. ئەگەر عێراق لەوپەڕی لاوازی نەبێت و حکومەت و بەرپرسانی بێھێز نەبن، وتارێک ملیۆنان خۆپیشاندان بەو شێوەیە ناورووژێنێت، ئەگەر حکومەت دەسەڵات و سیستەمێکی ئەوتۆی ھەبووایە، ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییەی لایەنگرانی سەدر بوونی نەدەبوو کە بە وتارێکی نیو کاتژمێری ملیۆنان خەڵکی خستە دژایەتی حکومەت و ھاندانیان بۆ ھەڵکوتانە سەر شەرعی ترین و باڵاترین دەسەڵات لە وڵاتدا کە ئەویش پەرلەمانە و شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
فراکسیۆنە کوردییەکان کارێکی عاقڵانەیان کرد کە لەو ململانێیەی ئەم دواییە خۆیان بەدوور گرت و نەبوونە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان و بە یەکگرتوویی مانەوە، ئەوە ھەنگاوێکی دڵخۆشکەر بوو، پێویستیشە سەرکردایەتی کوردو پارتە کوردییەکان، سوود لەم دۆخە وەربگرن و وەک چۆن لە بەرامبەر رووداوەکان یەکگرتوو بوون ئاواش لە بریاردان یەکگرتوو و یەک ھەڵوێست بن، بێھێزی عێراق ھەمیشە لە بەرژەوەندی کورد بووە، بەڵام ھەمیشە کورد ئەو دەرفەتەی لە دەستداوەو چووە عێراقی بونیات ناوەتەوە، ئەگەر ئەمجارەش کورد رۆڵ ببینێت لە بونیاتنانەوەی دۆخەکە، ئەوا پێویست دەکات فاتیحایەک بۆ خەونەکانمان و ئاییندەمان بخوێنین.
لە راستیدا، ھەڵەکانی رابردووی کورد، تا راددەیەک رەشبینی کردووین، بە ھیواین ئەمجارەو ئەم دەرفەتانە وەک رابردوو لەکیس نەدرێن، لە بری ئەوەی کورد عێراق بونیات بنێتەوە، گەرەکە نێوماڵی خۆی یەکخاتەوەو گوتارێکی یەکگرتوو دروست بکات، ئاشتەوایی نیشتیمانی بھێندرێتە ئاراوە، ئیدی ھیوایەک بە عێراق نەماوەو گەرەکە کورد بڕیاری خۆی بدات.
کورد لەبەر چەند ھۆیەک دەرفەتی گەورەی لەپێشە: بوونی بارودۆخ و کەشێکی سیاسی لەبار لەرووی ھەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، لەرووی دیفاکتۆوە ئەوە روونبۆتەوە کەیەکپارچەیی عێراق مایەی دروستبوونی کێشەو ئالۆزییە بەردەوامەکانی عێراقە و وە مانەوەی ئەو یەکپارچەییەی عێراقیش گەرەنتی پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەی نێوان ھەرسێ پێکھاتە سەرەکیەکەی عێراق (کوردو شیعەو سوننە) ناکات، کە ئەم واقیعەش ھەم بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی و ھەم بۆ دەوڵەتانی جیھانیش روونبۆتەوە. مانەوەی کورد لەگەڵ عێراقدا لە چوارچێوەی یەکپارچەیی و عێراقێکی یەکگرتوو ھیچ قازانجێک بۆ کورد دەستەبەر ناکات، ئیدی ھیچ ھۆکارێک نەماوە کورد پەیوەست بکات بە عێراق. بۆیە لەم کاتەدا باشترین بژاردە، بە بروای من بریاردانە لە مافی چارەنووس.
ململانێکانی عێراق درێژە دەکێشن و ھەرگیز کۆتاییان نایە، ھیچ کاتێکیش کورد لە چوارچێوەی عێراق ناگاتە مافەکانی، بەو ھیوایەی ئەمجارە کورد یاریکەرێکی سەرکەوتوو بێت و بتوانێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و وەک جاران لە دەستی نەدەین، چونکە رەنگە جارێکی دیکە دەرفەتی وا دروست نەبێتەوە لەبەردەم کورد.
basnews
8/5/2016