بەرهەم عەلی
”کە شەڕ ھەڵدەگیرسێ، یەکەم فیشەک حەقیقەت دەپێکێ“...یەکێک لە رۆژنامەنووسە ناودارەکانی دنیا، دەیان ساڵ لەمەوبەر ئەمەی گوت و تا ئێستاش ئەم قسەیە بۆ ھەموو شەڕێک راستە.
ئەوە دوو شەو و دوو رۆژە بەدیار شاشەی تی ڤییەکانەوە دانیشتووم، پێوەند بە شەڕەکەی خورماتوو، گوێ لە لێدوانە جیاوازەکان دەگرم، وەلێ کیشەکە لەوەدایە کەس بەتەواوی قسەی راست ناکات و نادا لە بنی ھەمانەکە، یان کەس ناوێرێ بیکات! بۆچی؟ ھۆکار زۆرن!
ئەوە چەند جارێکە، شەڕ لەنێوان کوردی ئەو شارە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا ھەڵدەگیرسێ و خوێنێکی زۆر لە خورماتوو دەڕێژرێ و ماڵ و حاڵ و دووکان و ئۆتۆمبێلی کوردانی خەڵکی رەسەنی ئەو شارە موئامەرە لێکراوە، دەسووتێنرێ، بەڵام ھەموو جارێک کۆتاییەکەی بە ماچومووچێکی نێوان چەند بەرپرسێکی حزبیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھادی عامری، ئەمینداری ھێزی بەدر و رێککەوتنێکی دەڵەمەیی بێ مەعنا و بێ ناوەڕۆک، جەولەیەکی شەڕ کۆتایی دێت و دەبێ خەڵکی بەشمەینەتی ئەو شارە، ئەوانەی چەکیان نییە چەک پەیدا بکەن و ئەوانەشی ھەیانە چەکەکانیان خاوێن و چەور بکەنەوە و سندووقە فیشەکی نوێ بخەن، وەک ئامادەسازییەک بۆ جەولەیەکی نوێی شەڕ... کەی دوایین جەولەی شەڕ دەبێت؟ ئەنجامەکەی چ کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە؟ وەڵامەکەی ھەموومان پێشنبینیی دەکەین، بەڵام ھیچمان جورئەتی گوتن و ھێز و توانای رێگری کردن لە روودانیمان نییە.
جارێ پێش ھەموو شت، نە بەرپرسانی حزبیی یەکێتی، نوێنەری راستەقینەی ھەموو کوردی زوڵم لێکراوی خورماتوون و نە ھادی عامرییش نوێنەری راستەقینەی حەشدی شەعبییە، ئەسڵەن لەنێو گرووپە شەڕکەرەکانی حەشدی شەعبیی خورماتوودا، گرووپی وەھایان تێدایە، حسابی سەلکەتوورێکیش بۆ ھادی عامری و ئەمر و بڕیارەکانی ناکات.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە ، ھەرچی رێککەوتنێک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا بکرێت، بە یەک فەرمانی ئەفسەرێکی ئاسایی ئێرانی ھەموو شتێک ھەڵدەوشێتەوە، چونکە ھەردوو لایان لە بەرەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان.
مەسەلەکە نە شەڕی کورد و تورکمانە و نە شەڕی پێشمەرگە و حەشد، ھەمووان دەزانین تورکمانەکانی خورماتوو، خەڵکێکی ئارام و موسالیم بوون، خێرە وا لە دووسێ مانگدا ئەم ھەموو رامبۆیەیان تێدا ھەڵکەوت، من ئێستاش بڕوا ناکەم تورکمانێکی ئەسڵ و رەسەنی خورماتوویی جا ئیتر لەسەر ھەر مەزھەبێک بێت، دەستی بچێتە خوێنی پزیشکێکی کورد، کە نزیکە بیست ساڵە خزمەتی خەڵکی ئەو شارە دەکات، ئەو پزیشکە لە شەڕەکەی پێشوودا، نەک ھەر لە نزیکەوە فیشەک بە ناوچەوانیەوە نرابوو، بەڵکو بە قەمە و کەتەر تەرمەکەشی شێوێنرابوو، کەواتە خەڵکانێکی غەیری خەڵکی ئەو شارە، لە گەڕەکەکانی ئەو شارەدا شەڕ دەکەن و دەشیانەوێ خەڵکی چەندین ساڵ پێکەوەژیاوی ئەو شارە بە یەکدا بدەن.
راستییەکی تریش کە دەیسەلمێنێ شەڕەکە شەڕی کورد و تورکمان نییە، ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە تورکمانی سوننەی خورماتوویی، ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و ھاتوونەتە نێو گەڕەکە کوردەکانەوە، چونکە حەشدی شەعبیی شیعی، تورکمانی سوننەش دەکوژێت.
حەق نییە بەرپرسە ئیداری و حزبییە کوردەکانی خورماتوو، چیتر بە ترس و لەرزەوە قسەگەلی وەکو (ئەجیندایەکی بیانی یان دەرەکی، دەوڵەتێکی ئیقلیمی یان دەوڵەتێکی دراوسێ لەپشت ئەم رووداوانەوەیە)مان پێ بفرۆشن، کاتی ئەوە ھاتووە خەڵکی خوێن لێڕژاو و ماڵ سووتێنراو و ژیان لێ تێکدراوی خورماتوو، چیتر چەواشە نەکرێن، دەبێ پیێان بگوترێ، حکوومەتی ئێستای عێراق بە ھاوکاریی ئێران، دەیەوێ شاری خورماتوو بە یەکجاری بکاتە شارێکی شیعەنشین، شارێک کە یەک کورد و یەک سوننەی تێدا نەبێت... بۆچی؟ وەڵامی ئەمەش روونە، تەواوکردنی ھیلالی شیعی و کردنەوەی کۆریدۆرێکە لەنێو خاکی ئێرانەوە بۆ نێو خاکی سووریا، لە ھەردوو حاڵەتی (لێکھەڵوەشانەوەی عێراق یان مانەوەیەی عێراق وەک خۆی)، ئێران پێویستی بەم ھێڵە شیعەنشینەیە تا بەنێو خاکی عێراقدا بگاتە ناوچەی شیعەنشین (عەلەوی نشین)ی سووریا.
ئەگەر ئێستا تەماشایەکی نەخشەی عێراق بکەین و سەرنجێ لە دابەشبوونی تازەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی بدەین، دەبینین: پارێزگای بەغدا بەتەواوی بووەتە پایتەختی عێراقی شیعە، پارێزگای دیالە کە لەگەڵ ئێراندا ھاوسنوورە، تەقریبەن سوننەی تێدا نەماوە، سوننەی ئەوێ، یان ئاوارەیە و پەنای بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، یان چووەتە دەرەوەی عێراق، یان بووەتە داعش، یاخود لە دیالە ماوەتەوە و عاجلەن ئەم ئاجیلەن دەکوژرێ یان ناچار دەکرێ شارەکە جێ بھێلێت، لە پارێزگای سەلاحەدینیش، سوننەکان تەنیا سەنتەری تکریتیان بەدەستەوەیە، دەنا سامەڕا کە مەزاری دوو ئیمامی عەسکەریی شیعەشی لێیە، وردەوردە سوننەی تێدا نەما و شیعەکان زەوی و موڵکەکانی سوننە دەکڕنەوە، دەڵێن حکوومەتی شیعەی عێراق بەنیازە بیکاتە پارێزگایەکی شیعەنشیشنی سەربەخۆ و بە یەکجاری لە سەلاحەدینی بکاتەوە، پیلانی دوای ئەوە، گەیاندنی سامەڕایە بە خورماتوو، ئنجا پاکتاوکردنی عەرەبە سوننەکانی کەرکووک و ھەوڵدان بۆ بەشیعەکردنی ناوچەی عەرەبنشینی کەرکووک، ھەرچەندە ئەمەیان چەند ساڵێکە دەستی پێ کردووە، ئەمە جیا لەوەی حکوومەتی عێراق بەنیازە دوای رزگارکردنی مووسڵ، تەلەعفەریش کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی بەر لە ھێرشی تیرۆریستانی داعش، شیعەی عەرەب و تورکمان بوون، بکاتە پارێزگایەکی بەھێزی شیعە، دوای تەلەعفەر تاکە بەربەستێک بە گەیشتنی ئەم ھێڵە شیعەیە بۆ سووریا، شاری شنگالە، دەی باشە شنگال شارێکی موسڵماننشین نییە، بەڵکو بالباب خاکی کوردانی ئێزدییە، واتە بەشیعەکردنی کارێکی مەحاڵە، ئەی چۆن شنگال بکرێتە ناچەیەکی جێ نفووزی حکوومەتی عێراق و ئێران؟ حکوومەتی عێراق بە ھاوکاریی ئێران ھەوڵی چارەسەری ئەمەشی داوە، ئەویش لەرێگەی ئەوەی وردە وردە ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە بەداخەوە لەبەرەی حکوومەتی عێراق و ئێراندایە، لە شنگالدا جێگیر و بەھێز بکەن، ئیدی لەژێر ناوی (یەبەشە و یەپەژە و حەشدی شەعبی و....)دا، دەست بگرن بەسەر ئەو شارەدا و بە یەکجاری لە کوردستانی دابڕێنن، بۆیە خەڵکانێک ناحەقیان نییە کە گومان لە جموجۆڵی پەکەکە لە خورماتووش بکەن، بەڕاست پەکەکە ئیشی بە خورماتوو چییە!
ئەم شرۆڤانەی سەرەوە ئەگەر دروست بن، ئیدی کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکانە: ئایا کورد وا بەئاسانی ئەو شارەی خۆی تەسلیم دەکات؟ ئەگەر تەسلیمی نەکات، شەڕ چارەسەرە؟ ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ھێزێکی باڵادەستە لەو ناوچەیە و بەشێکیش لە شەھیدەکانی رووداوەکان، پێشمەرگە و فەرماندەی ئەو حزبەن، ئاگای لەم پیلانە نییە، یان ئاگای لێیە و خۆی لێ نەبان دەکات، یان بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی بوونەتە بەشێک لە پیلانەکە؟ دەبێ سەرکردەکانی یەکێتی بە دەنگی دلێر وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە، چونکە یەکێتی لەگەڵ پارتی و سۆسیالیست و حزبەکانی تر، پێشتر رووبارێک خوێنیان بۆ ئازادیی ئەو ناوچانە رشتووە.
وەڵامی ئەو پرسیارە قورسانە لای من نییە، بەڵام ئەگەر لێم بپرسن: بۆچی لەم کاتەدا ئەم شەڕە؟ دەڵێم لەبەر دوو ھۆ:
-1 بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لەم شەڕەوە بگلێنن و پرسی پڕ چەککردن و ھاوکاریی دارایی پێشمەرگە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە، کە ئێستا خەریکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، شکست بھێنێ، چونکە چەک نادرێ بە ھێزێک کە لە ناکۆکیی ناوخۆییدا بەکاری بھێنێت.
-2 بۆ ئەوەی رۆشنایی میدیایی لەسەر ئەو فەوزایەی نێو پەرلەمانی عێراق و شەڕی(شیعە -شیعە)ی بەغدا نەمێنێ.
29/4/2016