رەزا شوان
چەند بەهایەکی بنەمایی هەن، کە مرۆڤ و کۆمەڵگا ناتوانن بەبێ ئەو بەهایانە بژین، سووریشن لەسەر ئەوەی کە ئەو بەهایانە بۆ منداڵەکانیان بکوێزنەوە.. گرنگترینی ئەو بەهایانەش لێبووردنە کە لە لووتکەی ریزبەندی پەیـژەی بەها جوانەکانەوەیە.. پێویستە هەموو مرۆڤێک ئەم بەهـایە لەخۆبگرێت.. چونکە لێبووردن زۆر واتای جوانی لەخۆی گرتووە و، شادی بە مرۆڤ دەبەخشێت. کاتێ کە مرۆڤ لە ئەوپەڕی بەهێزی و توانا و شکۆ و سنگ فراوانیدا لێدەبوورێت.. ئەمە هێندەی تر گەورەیی و شکۆداری و شادی و ویژدان ئاسوودەیی پێدەبەخشێت و، زیاتریش لە ناو کۆمەڵدا رێزدار و رەوشمەند و ناسراو دەبێت.. لێبووردنیش باشترین تۆڵەکردنەوەیە.
ماهاتما گاندی دەڵێ:" لاواز ناتوانێت لێببوورێت، لێبووردن لە خەسڵەتەکانی بەهێزەکانە"
جەواهیر لال نەهرۆش دەڵێ:" تەنیا کەسە مەزنەکانن، کە دەزانن چۆن لێببوورن"
ئێمەی کوردیش لەم رووەوە پەندمان زۆرە، بۆ نموونە:" دۆژمنی خۆی بەشکراو دەخنکێنێ" پەندێکی ترمان دەڵێ:" دۆژمن بکە بە دۆست، دۆست مەکە بە دۆژمن" لێبووردن بە یەکێک لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و رەوشتی دەزانرێت، لە راستیشدا لێبووردن و لە یادکردنی ستەم و ناڕەوایی شتێکی ئاسان نییە.. بەڵام هەڵەش بە هەڵە چارەسەر ناکرێت.. ئەو چێژ و خۆشی و شادی و ئاسوودەییەی کە لە لێبووردندا هەیە، لە تۆڵەسەندنەوەدا نییە.