دڵشاد میران
مه‌ته‌ڵێكى ئینگلیزى هه‌یه ده‌ڵێت، نه‌ریتى كۆن به ئاسانى له‌ناو ناچێت، چینى سیاسیى عه‌ره‌ب به سوننه و شیعه‌كه‌یه‌وه هه‌میشه به درێژایى ته‌مه‌نى ده‌وڵه‌تى عێراق ئه‌م وڵاته‌یان به موڵكى خۆیان زانیوه و حوكمڕانیه‌ت به مافى شه‌رعى و ئاسایى خۆیان له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر پاش 2003 و نه‌مانى رژێمى دیكتاتۆرى هه‌ندێ گۆڕانكارى به‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه هاتبێت، ئه‌وه ته‌نیا له ئه‌نجامى لاوازى و بێ ده‌سه‌ڵاتى و بێ ئه‌زموونیى شیعه بووه له حوكمڕانى، ئه‌گینا به‌شداریكردنى پێكهاته‌كانى تر‌ى غه‌یره عه‌ره‌ب له حوكمڕانى به مانا راسته‌قینه‌كه‌ى كه بریتییه له به‌شداربوون له پێكهێنانى بڕیارى سیاسیى چاره‌نووسساز نه له كۆن و نه له ئێستاش بوونى نه‌بووه و نییه و له دواڕۆژیشدا نابێت. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه ئه‌م جۆره بۆچوونه ته‌نیا پابه‌ند نییه به ره‌وشى عه‌ره‌ب، به‌ڵكو ده‌ردى هه‌موو وڵاتانى دواكه‌وتووى جیهانه، كه دانیشتووانى له زۆرینه و كه‌مینه پێكهاتووه.
كورد هه‌موو جۆره حوكمڕانییه‌كى عێراقى تاقی كرده‌وه، حوكمى پاشایه‌تى، كۆماریى چه‌پڕه‌و، كۆماریى ناسرى و نه‌ته‌وه‌یى تا حوكمڕانى به‌عس و ئێستاش هی ئیسلامیى شیعى. ئه‌م هه‌موو جۆره حوكمڕانییه‌ى كه به‌سه‌ر عێراقدا تێپه‌ڕیوه هه‌میشه یه‌كێ له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌وه بووه كه چۆن میلله‌تى كورد سه‌ركوت بكه‌ن و ئیراده‌ى خۆیان به‌سه‌رى دا بچه‌سپێنن، ئینجا هه‌ر رژێمه و به شێوازى خۆى، له پشتگوێخستن و چه‌وساندنه‌وه و شه‌ڕى له‌ناوبردن و به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى و ئه‌نفال، تا سیاسه‌تى شه‌ڕى برسیكردن، كه ئه‌مڕۆ حكوومه‌تى به‌غدا به‌ڕێوه‌ى ده‌بات. حكوومه‌تى عه‌بادیش كه له‌ناو قووڵایى مێژووى ئه‌م جۆره بیروبۆچوونه هه‌ڵقوڵاوه، هیچ گه‌شبینییه‌كى پێوه دیار نییه، ئه‌گه‌ر له‌م دواییه هه‌ندێ په‌یمان و قسه‌ى خۆشى به گوێچكه‌ى كورددا گوتووه، ئه‌وه له ئه‌نجامى لاوازیى حكوومه‌ته‌كه‌یه‌تى و هه‌روه‌ها له ئه‌نجامى فشارى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه كه پێویستیان به هێزى پێشمه‌رگه هه‌یه بۆ رزگاركردنى مووسڵ له‌ده‌ست داعش و هیچى تر، عه‌بادى تا ئێستا به كردار له‌باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هیچى نه‌كردووه، خۆ ئه‌گه‌ر نیه‌تى باش بووایه له‌م دوو ساڵ و نیوه‌ى كه سه‌رۆك وه‌زیران بووه، ده‌یتوانى هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ى پیشان بدات كه ئه‌و له مالیكى جیاوازه، به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵى داوه رۆڵى كورد له به‌غدا كه‌م بكاته‌وه، به بیانووى له‌ناوبردنى سیسته‌مى پشكپشكانێى سیاسى، كه خۆى له ئه‌نجامى ئه‌م سیسته‌مه بووه‌ته سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكوومه‌تى فیدڕاڵ. هه‌وڵى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، ئیبراهیم جه‌عفه‌رى و سووربوونى له بێ به‌ش كردنى كورد له ئاماده‌بوون له مه‌یانه‌كانى نێوده‌وڵه‌تى وه‌كو یاوه‌رێكیش، به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كى گرنگه بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم و كورد كه شتێكى وه‌ها له به‌غدا نه‌گۆڕاوه.
جه‌عفه‌رى و مالكى و عه‌بادى ده‌رچووى هه‌مان قوتابخانه‌ى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامین، كه له بنه‌ڕه‌تدا حزبێكى تۆتالیتاره، ئه‌م ره‌وته سیاسییه له ساڵانى رابردوودا توانیویه‌تى هه‌موو چه‌مكه‌كانى سه‌ره‌كیى حوكمرانى بخاته ژیر ده‌سه‌ڵاتى خۆى و ئه‌گه‌ر هیچ جیاوازى و ركابه‌ریش هه‌بێت له‌نێوانیاندا ناگه‌یه‌نرێته ئه‌و راده‌یه‌ى كه حوكمڕانى له‌ده‌ست حزبى ده‌عوه و لق و پۆپه‌كانى ده‌ربچێت. رزگاركردنى شارى مووسڵ له‌ده‌ست داعش كاریگه‌رییه‌كى سایكۆلوجى گه‌وره‌ى ئه‌بێت له‌سه‌ر زیاده به‌خۆ باوه‌ڕكردنى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا و ئه‌مه ئه‌گه‌رى توندبوونى هه‌ڵویستیان به‌رامبه‌ر به هه‌رێم و داكۆكى كردن له‌سه‌ر سه‌روه‌ریى ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵى زیاتر ئه‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش جێگاى سه‌رسوڕمان نیه كه عه‌بادى به‌و هه‌ڵوێسته لاوازه‌ى كه تا ئێستا تێیدا بووه، ئاماده نه‌بوو باسى دواڕۆژى مووسڵ بكات له‌گه‌ڵ هه‌رێم، یاخود هه‌ر هیچ نه‌بێت هاوكاریى هێزى پێشمه‌رگه بكات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هاوئاهه‌نگییه سه‌ربازییه‌ى كه هه‌یه له‌به‌ره‌كانى شه‌ڕدا له‌نێوان هێزى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراقدا.
پاش شه‌ڕى داعش مه‌ترسى هه‌یه كه حكوومه‌تى به‌غدا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، ناوخۆیى یا ده‌ره‌كى، پاشگه‌ز بێته‌وه له به‌ڵێنه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، هه‌روه‌ها مه‌ترسى هه‌یه ئه‌و گرنگییه‌ى ئێستاى جیهان به هێزى پێشمه‌رگه و هه‌رێم ئه‌دات وه‌كو پێویست نه‌مێنێت و فشارى عێراق و ناحه‌زانى ده‌وروبه‌رى كوردستان زیاتر ببێت و كێشه‌كانى ناوخۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا قووڵتر بكات، لێره‌دا كورد ته‌نیا یه‌ك كارتى به‌هێزى به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌ویش یه‌كڕیزى و یه‌ك هه‌ڵوێستیى حزبه سیاسییه‌كانه له پرۆسه‌ى گه‌یشتن به ئامانجى سه‌ربه‌خۆیى، كه ده‌وڵه‌تى كوردستانه، هه‌ر لایه‌نێكى سیاسیى كوردى كۆسپ بخاته به‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه، نه‌ك هه‌ر جه‌ماوه‌رى خۆى له‌ده‌ست ئه‌دات، به‌ڵكو له به‌غداش هیچى به‌ده‌ست ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر رازیش بێت به رۆڵى برا بچووكیى عه‌ره‌ب
27/10/2016