دیدار ئەبوزێد
سنوورداركردنی توانا و كاریگه‌رییه‌كانی داعش وه‌ك هێزێكی تیرۆریستی و سه‌ربازیی خوێن‌ڕێژ، هێواش هێواش له نزیكبوونه‌وه دایه، ئه‌گه‌رچی هێزێكی تیرۆریستی دڕنده‌ی وه‌ك داعش له‌پێناو مانه‌وه‌ی سڵ له به‌كارهێنانی هیچ جۆره چه‌ك و ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌كی ناشه‌رعی ناكاته‌وه، به‌ڵام گۆڕانی هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌هێزبوونی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و كۆتاییهاتنی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئۆباما، پرۆسه‌كه خێراتر ده‌كا. هه‌موومان چاونه‌ترسی و ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه ده‌بینین، كه هه‌وڵی هه‌ر كه‌سێك به به‌راورد به هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان كه‌م دێته‌به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه ده‌بێ چه‌ند سوودێكی گه‌وره‌ی بۆ كورد هه‌بێ و پێویسته ئێمه به ته‌واوی گرنگییان پێ بده‌ین و به‌كاریان بهێنین، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كهموكورییهكانمان له‌و بوارانه‌ی كه پێش شه‌ڕی داعش له خانه‌ی بابه‌ته بیرلێنهكراوهكان دابوو، جێگای بایه‌خ نه‌بووه و ئاوڕی لێ نه‌ده‌درایه‌وه. ئه‌گه‌رچی هه‌موو شته باشه‌كانی دوای ئه‌و شه‌ڕه ناگاته ئاستی ئازاری جه‌رگسووتانی دایكی شه‌هیدێك، به‌ڵام ئیتر ئه‌مه واقیع و شه‌ڕێكی تاڵی تاقه‌تپرووكێن بوو، پێویست بوو ئه‌نجامی بده‌ین.
١- داعش له‌پاڵ ئه‌وه‌ی هێزێكی تیرۆریستیی خوێناویی دڕنده‌یه، ئه‌وا پشت به‌شێوازێكی زۆر رادیكاڵیی لێكدانه‌وه‌ی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كانی ئیسلام ده‌به‌ستێ و له مێژووی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه تیایدا ئیسلام ئایینی سه‌ره‌كی بووه، نموونه‌ی زۆره. داعش بیركردنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵیی تونده له‌باره‌ی مرۆڤ/ خوا، پیاو/ ژن، كۆمه‌ڵگه/ سیاسه‌ت، پاك/ پیس، بێ ئیمان/ ئیماندار، پیرۆز/ ناپیرۆز، پاك/ پیس، ئاسمان/ زه‌وی، كافر/ موسڵمان، ئێمه/ ئه‌وان. ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه به‌ره‌و كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و لهسێدهرهدانی ده‌یان و هه‌زاران كه‌سی بردوون له كاتی ده‌سه‌ڵاتدارییان. به كافر له‌قه‌ڵه‌مدانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ناچنه ناو بازنه‌ی پیرۆزییه‌كانی خۆیانه‌وه و نماییشهكانیان به دیل و گیراوه‌كان، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رێككه‌وتنه جیهانییه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ دیله‌كان. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بده‌ین كه نموونه‌ی تری پۆزه‌تیڤی ئیسلامیی میانڕه‌وی روونه و زۆرینه‌ی موسڵمانه‌كانی جیهان ئاشتیخواز و كه‌سانی ئاسایین، ده‌یان و سه‌دان ساڵه له‌گه‌ڵ مه‌سیحی و هه‌ڵگرانی ئایینانی تر به‌بێ كێشه ده‌ژین، بۆیه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌م، تاوه‌كو كه‌س وه‌ها تێ نه‌گات كه ئێمه مه‌به‌ستمان موسڵمان و ئیسلامه، چونكه ئایین لای زۆر كه‌س هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئارامیی رۆحی باوه‌ڕداره‌كانه، یارمه‌تی باوه‌ڕداران ده‌دا كه به‌رگه‌ى ناخۆشییه‌كانی ژیانیان بگرن و یارمه‌تی كه‌سانی هه‌ژار و ده‌وروبه‌ر بده‌ن و تاوان كه‌م ده‌كاته‌وه و ده‌یان سوودی تر.
دوای دروستبوونی داعش، ده‌بێ كورد بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه دیارده‌ی داعش به وردی توێژینه‌وه بكا و میتۆده‌كانی كاركردنیان روونتر بكاته‌وه، هه‌ڵوێسته جۆراجۆره‌كانیان له‌باره‌ی دیارده جۆراوجۆره‌كانی ژیان بخاته روو، به پشتبه‌ستن به میتۆدی زانستی نوێ، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر میدیاكانیان تاوه‌كو شێوازی بیركردنه‌وه‌ی داعشی روونتر بكرێته‌وه بۆ هاووڵاتییانی كوردستان و به‌بێ ترس له هیچ لایه‌نێك، به یاسا شێواز و زمان و زاراوه‌كانی داعش له میدیا و مینبه‌ره جۆراوجۆره‌كانی كوردستان قه‌ده‌غه بكرێ. ئێمه بینیمان داعش چ جۆره واقیعێكی تاڵ دروست ده‌كا و چ زیانێكی گه‌وره‌ی به كورد گه‌یاندووه، بۆیه هیچ پاساوێكی واقیعی له ئارادا نه‌ماوه بۆ رێگه‌نه‌گرتن به گوتاری داعشی له كۆمه‌ڵگه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وتاری رق به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه وه‌ك ئه‌وان بیر ناكانه‌وه، نموونه‌ی وتاره‌كانی رق و به كافردانانی ئه‌ویتری جیاواز له میدیاكان له ژماره نایه‌ت.
٢- ده‌بێ لێژنه‌یه‌ك له كه‌سانی پسپۆر له بواره جیاوازه‌كان دروست بكرێ، بۆ چاودێریكردنی وتاره جۆراجۆره‌كانی میدیا جیاوازه‌كان، كه به‌ناوی ئایین بره‌و به جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌ده‌ن كه كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و دووكه‌رتبوون و رق له ئه‌ویتری جیاواز ده‌به‌ن. به مانایه‌كی تر، هه‌ر كه‌سێك خوێندنی ئیسلامی ته‌واو كرد، یان دوو وشه‌ی به عه‌ره‌بی خوێنده‌وه، رێگای پێ نه‌درێ مینبه‌ر وه‌ربگرێ و خوتبه بخوێنێته‌وه، یان له به‌رنامه‌كانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ئایه‌ته‌كانی قورئان ته‌فسیر بكا، پێش هه‌موو كه‌س ده‌بێ زانا و پیاوانی ئایینی رێگه له‌و دیارده‌یه بگرن، كه هه‌ر كه‌سێك ببێ به مامۆستای ئایینی بتوانێ فتوا بدا و بڵێ من شوێنگره‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رم.
٣- نووسینه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كانی شه‌ڕكردن له دژی داعش به هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانه‌وه، چ له رووی ته‌كنیك و خراپیی په‌یوه‌ندی له‌نێوان سه‌نگه‌ره‌كان، چ له رووی بایه‌خنه‌دانی پێویست به پێشمه‌رگه‌كان له سه‌نگه‌ر، چ له رووی هه‌ڵه سه‌ربازییه‌كان، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به كه‌سانی پسپۆری بواره‌كه و گوێگرتن و تۆماركردنی ئه‌زموونی جۆراوجۆری مه‌یدانی پێشمه‌رگه و كه‌سانی به‌شداربوو له شه‌ڕه‌كان، تاوه‌كو له شه‌ڕه‌كانی داهاتوودا هه‌وڵ بدرێ هه‌ڵه‌كان دووباره نه‌بنه‌وه.
٤- ده‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ڕ و كه‌یسه‌كان له میدیا جیهانییه‌كان له رێگای په‌یامنێره‌كانی میدیاكان خۆیانه‌وه، واته ئه‌وان رووداوه‌كان له روانگه‌ی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه و باس ده‌كه‌ن، بۆیه پێویسته ئێمه كه‌سی تایبه‌ت دروست بكه‌ین بۆ باسكردنی رووداوه گرنگه‌كانمان له میدیا جیهانییه‌كان له روانگه‌ی كوردانه‌ی خۆمانه‌وه، واته وه‌ها بكه‌ین چه‌ند كه‌سێك به زمانه زیندووه‌كانی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و فه‌ره‌نسی له میدیاكان رووداوه‌كان له روانگه‌یه‌كی كوردانه‌وه بۆ بینه‌ره‌كانیان باس بكه‌ن و ره‌هه‌نده‌كانی شه‌ڕه‌كه شی بكه‌نه‌وه.
31/10/2016