فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

هێمن عەبدوڵڵا

كەركووكییەكان هەینییەكی سەختیان تێپەڕاند. چاوەكان لەسەر حەویجە بوون و گلەیی ئەوە دەكرا كە بۆچی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پێش حەویجە خراوە، چونكە، وەك كەركووكییەكان دەیانگوت: تا حەویجە بەدەست داعشەوە بمێنێ، مەترسی لەسەر كەركووك لاناچێ. كەچی داعش ئاگرەكەی خستە نێو ئاگردانی گەڕەكە عەرەبنشینەكانی كەركووكەوە. لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، پرسیارەكە ئەوە بوو: مووسڵی پاش داعش دەبێتە حەڵەب یان نا؟ كەچی ئێستا پرسیارەكە گۆڕاوە و ئەوەیە: ئەگەر داعش بەو هەموو دوژمنەیەوە كە هەیەتی بتوانێ وا بەهێزەوە بێتە نێو كەركووك، ئەی لە قۆناغی پاش داعش حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكە ناتوانن كەركووك بكەنە حەڵەبێكی نوێ؟

دیمەنەكانی هەینیی رەش لە كەركووك دوو دیویان هەبوو: دیوێكی خۆش و دیوێكی ناخۆش. دیوە خۆشەكەی ئەوەبوو كە بەرلەوەی هێزە ئەمنییەكان بێنە دەست، خەڵكی كەركووك بۆخۆی هاتەدەنگ و نەیهێشت داعش دەست بەسەر شارەكەیدا بگرێت. ئەو دیمەنانە پێشتریش لە كەركووك بینراون. كاتێك گەڕەكێكی كوردی هەڕەشەی لەسەر دروست دەبێت، گەورە و بچووكی كوردی كەركووك چەك هەڵدەگرێت و دێتە سەرشەقام. سەرلەبەیانیی هەینیی رەش ناخۆشترین سیناریۆ كە چاوەڕوانی بووین ببێتە راستی، ئەوەبوو كە خەڵكی كەركووك لەگەڵ بیستنی هاتنی بەلێشاوی داعش شارەكەیان بەجێبهێڵن و خۆیان رزگار بكەن، بەڵام پێچەوانەكەی روویدا. راستییەكەی تا مێژووی كەركووكت نەخوێندبێتەوە و كەركووكییەكان نەناسیت، ناتوانی بەباشی لەوە تێبگەیت كە بۆچی چەكدارە خۆبەخشە كەركووكییەكان لە هەینیی رەشدا لە پەخشی راستەوخۆی رووداودا دەیانگوت: "شارەكەمان شەرەفمانە و دەیپارێزین".

مێژووی پەنجا ساڵی رابردووی كوردی كەركووك مێژووی دەركردن و زوڵم و مافخواردن بووە. لە شەستەكان و حەفتاكان و نەوەتەكاندا لەسایەی بەعس و حوكمڕانیی پێش بەعسیش، كە عەرەبی سوننە بوون، كوردی كەركووك خۆشییان لەخۆیان نەبینی. لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و بەتایبەتیش پاش هاتنی داعش، كە بەهۆیەوە سوپای عێراق ناوچەكەی چۆڵ كرد و پێشمەرگە كەركووكی كۆنترۆڵ كرد، كوردی كەركووك ئەو ژیانەیان بینی كە ساڵەهابوو چاوەڕوانیان دەكرد: واتە ژیانی سەربەرزانە و كوردانە لە شاری خۆیان. بۆیە لەو ماوەیەدا هەر شتێك روویدابێت، لە كەركووك كە هەڕەشە بووبێت بۆ سەر گۆڕینی ئەو واقیعە، كەركووكییەكان دژی وەستاونەتەوە.

ئەمە دیوە خۆشەكەیە و دیوە ناخۆشەكەش لە چیرۆكی دزەكردنی ئەو هەموو چەكدارەی داعشەوە بۆ نێو كەركووك دەستپێدەكات تا دەگاتە ئەوەی تاوەكو ئێوارەی ئەو رۆژەش بێسەروبەرییەكی گەورە بەو هێزە ئەمنییانەوە دیاربوو كە دەبووایە شارەكە بپارێزن. شۆكەكە بۆ ئەوان هێندە گەورە بوو كە كاتێك لەسەر تەلەڤزیۆن قسەیان دەكرد، خۆشیان نەیاندەزانی بەدروستی چی لەو شارەدا دەگوزەرێ. لە دەمی یەكێكیشیانەوە دەرچوو كە ئەو زانیارییەی ئەوان هەیانبووە ئەوە بووە كە داعش بەتەمایە هێرش بكاتە سەر كێڵگە نەوتییەكان. باشووری كوردستان لە نەوەتەكاندا سیستمی فیفتی بە فیفتیی تاقیكردەوە و بۆی دەركەوت سەركەوتوو نییە، كەچی هێشتاش لە كەركووك ئاسایشی فیفتی بە فیفتی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە. خۆیان ئیدیعا دەكەن كە هەماهەنگییان زۆر باشە، بەڵام هەر ئەوەی كە دوو ئاسایشی جیاوازن، نیشانەی ئەوەیە ئاسایشێكی یەكدەست و یەك بڕیار لە كەركووك نییە.

ئێمە كە باسی كۆتایی قۆناغی سایكس-پیكۆ دەكەین و جارێكی دیكە بەتەما نین كەركووك تەسلیمی هیچ داگیركەرێك بكەین، دەبێ پاش هەینیی رەش لە كەركووك دان بەوەدا بنێین كە تەنیا بەقسە سایكس-پیكۆمان تێپەڕاندووە و بەكردەوە هیچمان بۆ نەكردووە.

24/10/2016

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان