ئەمەریكا، كە مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات، بە هاوکاری وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی دروستكردنی بەرەیەكە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، كە ئەمریكاو ئەوروپا بە هەڕەشەی جددی دەزانن بۆ سەر ئاسایشی خۆیان.
یەكێك لەو وڵاتانەی ئەوروپا و ئەمریكا دەیانەوێت هاوكاریان بێت لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش، ئێرانە، وێڕای وڵاتانی عەرەبی، ئەمە لە كاتێكدایە، كە ئەڵمانیا، قەتەر بە هاوكاریکردن و تەمویلكردنی ماددی داعش تۆمەتبار دەكات.
لە دوایین پەیامیدا كە دوای كوژرانی رۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە پێشكەشیكرد، باراك ئۆباما، سەرۆكی وڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لەسەدەی بیست و یەكدا هیچ شوێنێك بۆ داعش نییە و بە تووندیش هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوەی لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كرد.
هاوكات لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش كرد، كۆنگرەیەك ببەستن بۆ بڕیاردان و گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی دژی "دەوڵەتی ئیسلامی" و بڕینی سەرچاوەی داراییان، چونكە ئەو رێكخراوە وەك وڵاتێك هەڵسوكەوت دەكات، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئەوروپاو پێویستە لەناوببردرێت.
لەلایەكی دیكەش فرانك شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ چەكداركردنی كوردەكان بە خێراترین كات و بە رێژەیەك توانای بەرگریكردنیان هەبێت.
رێكخراوی " دەوڵەتی ئیسلامی" ناسراو بە داعش دوای ئاڵۆزییەكانی نێوخۆیی سووریا لەو وڵاتە دروستبوو، دواتریش توانی كۆنترۆڵی چەند شارێكی عێراق بكات و لە باشووری كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی و مەسیحییەكان بكوژێت.
21/08/2014