حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بڕیاردەدەن دەست بە خەباتی چەكداری بكەنەوە، هەندێك لە پێشمەرگەكەكانی ئەو حیزبانە ئێستا شانبەشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدان لە دژی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. هەندێكیشیان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هێشتا نەچوونەتە بەرەكانی شەڕ.
دوای هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بنكە و بارەگایان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئامادەیی خۆیان پێشاندا دژی داعش بوەستنەوە.
لەو پێنج حیزبە سێیان پێشمەرگەیان ناردووەتە بەرەكانی شەڕ، ئەوانیش حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی كوردستان و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانن.
هەروەها یەكێك لە كۆمەڵەكان و حیزبی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بەرگری لە كوردستان بكەن.
نزیكەی 10 حیزب لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەن كە سەرجەمیان لە هەرێمی كوردستانن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان، خەباتی چەكدارییان لە دژی كۆماری ئیسلامی وەستاندووە، ئێستا ئەوان دووبارە دەستیان بە خەباتی چەكداری كردووەتەوە، بەڵام بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان نەك دژی كۆماری ئیسلامی.
دوای ئەوەی سەرەتای هەفتەی رابردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) ئامادەیی خۆی نیشاندا پێشمەرگەكانی بنێرێت بۆ بەرەكانی شەڕ، رۆژی 7/8/2014 پۆلێك پێشمەرگەی ناردە ناوچەی خازر لە رۆژئاوای شاری هەولێر.
بەپێی زانیاریی (رووداو)، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران نزیكەی 250 پێشمەرگەی ناردووەتە بەرەكانی شەڕ.
رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدكا كە سەرپەرشتیی ئەو هێزە دەكات، بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە "پێشمەرگەكانی دیمۆكرات بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی كوردستان و پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە گوێڕ و مەخموور شەڕیان لە دژی داعش كردووە". جەهانگیری گوتیشی "ئێمە بۆ رێكخستنی هێزەكانمان ستادێكی فەرماندەییمان لەكەسانی شارەزای بواری نیزامی پێكهێناوە، فەرماندە نیزامییەكانی حیزبی دیمۆكرات بەهاوكاری فەرماندەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی هێزەكانمان دەكەن".
بەپێی زانیارییەكان ئەو هێزە تەنیا دوو رۆژ لە ناوچەی مەخموور و گوێڕ ماونەتەوە و دواتر گەڕاونەتەوە بارەگاكانی حدكا. رۆستەم جەهانگیری ئەو زانیاریانەی بۆ ئاژانسەكە پشتڕاستكردەوە و گوتی "ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێشمەرگە و هێزی خۆمان رەوانەی بەرەكانی شەڕ كرد، هەر لەسەر داوای ئەوانیش لە بەرەی شەڕ گەڕاینەوە". گوتیشی "ئەم ماوەیە هێزەكانمان لەژێر فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا بوون".
دەنگۆی ئەوە هەیە هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران بەهۆی فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەبەرەكانی شەڕ كشابنەوە. بەڵام رۆستەم جەهانگیری گوتی "ئێمە لەوبارەیەوە بەڵگەیەكمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە ناتوانین ئەو ئیدیعایە پشتڕاست بكەینەوە. ئێمە تەنیا لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هێزمان بەرەو بەرەكانی شەڕ بەڕێكرد و لەسەر داوای ئەوانیش گەڕاینەوە".
پارتی ئازادیی كوردستان یەكەم حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان، ئەو پارتە ئەمەی بە كردەوە سەلماند كاتێك رۆژی 6/8/2014 پۆلێك پێشمەرگەی ناردە نزیك چیای شەنگال تاوەكو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕووی چەكدارانی داعش ببنەوە.
حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدك)یش بە دەركردنی راگەیەندراوێك پشتیوانی و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و لە بەشێكی راگەیێنراوەكەی (حدك)دا هاتووە: "ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان لە باشووری نیشتمان بە دەسكەوتێكی گەورەی هەموو رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دەزانین هەروەك لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوودا نیشانمان داوە و لە پێناوی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونیدا بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك ئامادەین".
هەڵگورد حیكمەت، بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی رایگەیاند لەوەتەی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە و چالاكوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پەیوەندییان پێوەكردوون بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكی هەرێمی كوردستان بكەن.
لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك لە چالاكڤانان لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەمپینێكیان بەناوی كەمپینی پشتگیری لە كۆبانێ و شنگال بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك رێكخست.
بەڕێوەبەرانی كەمپینەكە رایانگەیاند كە خەڵكی رۆژئاوا و باشووری كوردستان بوونەتە قوربانیی هێرشی چەكدارانی داعش و ئەوان دەیانەوێت هاواری قوربانیان بگەیەننە گوێی بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
هاوكات رۆژی هەینی رابردوو كە لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژی پەیامنێران بوو، چەكەكانیان لەسەر سەكۆیەكی باڵەخانەی پارێزگای ئەو شارە دانا، ئەمەش وەك رێزگرتنێك لە گیانی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییە مەدەنیانەی باشوور و رۆژئاوای كوردستان كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەهید كراون.
تەپوتۆزی داعش گەیشتە رۆژهەڵات
چەكدارانی داعش بە تەنیا مەترسی نین بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری كوردستان، بەڵكو هەڕەشەكانی ئەو گرووپە گەیشتە رۆژهەڵاتی كوردستانیش.
بەپێی ئاژانس و ماڵپەڕەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری بانە ژمارەیەك گەنجی مۆتۆرسوار ویستوویانە دۆخی شارەكە بشێوێنن و بەوتەی خەڵكی شارەكە دروشمی لایەنگری لە "داعش"یان گوتووەتەوە.
شایەتحاڵێك بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای گوت "ئەو لاوانە شەرواڵی كورتیان لەبەردابووە و دروشمی لایەنگری بۆ داعشیان گوتووەتەوە".
بەقسەی هاووڵاتیان، دوای مانۆڕی ئەو لاوانە، هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنی رووداوەكە، بەڵام كەسیان دەستگیر نەكردووە.
دەگوترێت چەند رۆژێك لەمەوبەریش چەند كەسێك لە لایەنگرانی "داعش" لە ناوچەی ئاویەری شاری سنە هەڕەشەیان لە خەڵك كردووە.
14/08/2014