زیكا، ئەو ڤایرۆسەی هاوپەیوەندكراوە بە لەدایكبوونی هەزاران منداڵ بە تێكچوونی گەشەی مێشك، بە خێرایی لە بڵاوبوونەوەدایە و كیشوەری ئەمریكای بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووە، تەندروستی جیهانیش هۆشداریدەدات لە بڵاوبوونەوەیەكی جیهانیی و درووستكردنی تەنگاوییەكی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەو ڤایرۆسەوە.
هەندێك ناوچەی جیهان لە ئێستاوە حاڵەتی تەنگاوییان راگەیاندووە، لە هەندێك ناوچەی دیكەش داوا لە خانمان دەكرێ بیرۆكەی منداڵ درووستكردن دوابخەن تاكو ئەم قۆناخە سەختەی بڵاوبوونەوەی زیكا تێدەپەڕێنرێت.
نیشانەكانی زیكا
بە دەگمەن خەڵكی بەم ڤایرۆسە دەمرن، تەنانەت 20%ـی تووشبووان نیشانەكانیان تیادا دەردەكەوێت، كە ئەمانەن:
-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)
-سووتانەوە و سووربوونەوەی چاو
-سەرئێشە
-ئازاری جومگەكان
-پەڵەی پێست
لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا بەهۆی نەخۆشخستنی دەمارەكانەوە، ئیفلیجییەكی كاتی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە پەیدا دەبێت.
تاكو ئێستا نە پێكوتە (ڤاكسین)ـی دژی ئەم ڤایرۆسە درووستكراوە، نە دەرمانی تایبەتمەندی لەنێوبەری ڤایرۆسەكەش هەیە. وەكو جۆرە جیاوازەكانی دیكەی پەتا، داوا لە تووشبووان دەكرێ پشووبدەن و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە.
گەورەترین نیگەرانی كە ئەم ڤایرۆسە درووستیكردووە. لە خانمانی دووگیاندایە، كە رەنگە ببێتەهۆی بچووكی كەلـلەسەر و ناتەواویی مێشكی كۆرپەكانی نێو سك-یان.
بچووكیی كەلـلەسەر چییە؟
-قەبارەی سەریان بچووكتر دەبێ لە ئاسایی
-بەزۆری بەهۆی ئەوەوەیە كە مێشك لە ناوەوە گەورە نابێ
-پێوانەی چێوەی سەر لەكاتی لەدایكبوون لە 31.5 سەنتیمەتر كەمتر دەبێت
راددەی بچووكییەكە جیاوازە، هەندێكجار مێشك هێندە بە كەمی گەشەی كردووە كە ناتوانێ كردە بنچینەییكانی ژیان جێبەجێبكات و رەنگە تووشبووەكان بەهۆیەوە بمرن.
ئەو منداڵانەی نامرن و بەدرەوامدەبن لە ژیان، راددەی زیرەكییان كەمدەبێ و گەشەیان ناچالاك دەبێ.
وڵاتێكی وەك بەرازیل لەساڵی 2014 و بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی زیكا لە سەراپای ئەو ساڵە دا لە هەموو وڵاتەكە 150 حاڵەتی بچووكیی سەری منداڵی هەبووە، كەچی ساڵی رابردوو دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ژمارەكە زیادیكرد بۆ 3500 منداڵ.
ڤایرۆسی زیكا لە كوێوە هاتووە؟
ڤایرۆسی زیكا بۆ یەكەمجار ساڵی 1947 لە مەیموونەكانی ئۆگەندا دۆزرایەوە.
یەكەم حاڵەتی تووشبوونی مرۆڤ بە ڤایرۆسەكە ساڵی 1954 لە نێجیریا تۆماركرا و دواتر چەند شەپۆلێكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئەفریقا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و دورگەكانی زەریای هێمن تۆماركران.
چۆن بڵاودەبێتەوە؟
بەهۆی جۆرە مێشوولەیەكەوە دەگوێزرێتەوە، كە هەمان ئەو مێشوولەیەیە كە تای دانكە و چیكونگونیا دەگوێزێتەوە و بە Aedes mosquitoes ناسراون.
مێشوولەكە لە شوێنە زۆر ساردەكاندا بەرگەناگرێ و لەنێودەچێ، واتە زۆرتر لە شوێنە فێنك و گەرمەكاندا دەژی.
كاتێك بە كەسێكی تووشبووەوە دەدەن، ڤایرۆسەكە لە خوێنییەوە وەردەگرن، دواتر بە كەسێكی تەندروستەوە دەدەن و ڤایرۆسەكەی بۆ دەگوێزنەوە و تووشیدەكەن.
بەپێچەوانەی مێشوولەی گوازەرەوەی مەلاریا، ئەم مێشوولەیە زۆرتر بە رۆژدا چالاكە، بۆیە پەردەكولـلە رێگرییەكی ئەوتۆی لێناكات.
بەشێك لە پسپۆڕان هۆشداریدەدەن كە زیكا هەر لە ئەمریكا قەتیس نامێنێتەوە، بەڵكوو ئاسیاش دەبێ چاوەڕوانی شەپۆلی فراوانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بێت.
خەڵكی چۆن خۆیان بپارێزن؟
لەبەرئەوەی دەرمانی تایبەتمەندی دژی ڤایرۆسەكە تاكو ئێستا درووستنەكراوە، باشترین رێوشوێنی دژی تووشبوون، خۆپاراستنە لە پێوەدانی مێشوولەكە، ئەویش بە:
-رشتنی دەرمانی دژە مێشوولە
-جلێك لەبەر بكە زۆربەی جەستەت دابپۆشێ
-دەرگا و پەنجەرەكانت دابخە
مێشوولەكە لە ئاوە راوەستاوەكاندا هێلكەی خۆی دادەنێت، بۆیە ئاوی نێو دەفرە سەردانەپۆشراوەكان بەكارمەهێنە، لەسەر ئاستی فراوانیش گۆماوە راوەستاوەكان كۆنترۆڵبكرێن.
ئەو خانمانەی دووگیانن، با گەشت نەكەن بۆ ئەو وڵاتانەی نەخۆشییەكەیان تیادا تۆماركراوە.
تاكو ئێستا چی كراوە بۆ رێگە لێگرتنی؟
1-لە بەرازیل ئامێرێك درووستكراوە بۆ دەستنیشانكردنی خێرای هەبوونی نەخۆشییەكە لە خوێنی كەسێكدا
2-بیر لەوە كراوەتەوە مێشوولەی ئەوتۆ لە شوێنی مێشوولەكانی ئێستەی ناوچەكان بڵاوبكرێنەوە كە گۆڕانكاری بۆماوەییان تێداكرابێت، بەجۆرێك نەتوانن ڤایرۆسەكە بگوێزنەوە.
3-هەڵمەتی فراوانی بڵاوكردنەوەی دەرمانی مێروكوژ لەو ناوچانەی لە مەترسیدان، دەستیپێكردووە.
یارییە ئۆڵۆمپیەكان مەترسییان لەسەرە؟
بڕیارە لە 5-21ی ئابی ئەمساڵ یارییە ئۆڵۆمپییە جیهانییەكان لە ریۆ دی جانیرۆـی بەرازیل ئەنجامبدرێن، دیارە بەرازیلیش ئێستا ڤایرۆسی زیكا تیایدا بڵاوبووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی بەرازیل لە هەوڵی چڕوپڕدان تاكو بەر لە وادەی یارییە ئۆڵۆمپییەكان، مەترسیی نەخۆشییەكە نەهێڵن و لەنێوی ببەن.
لەلایەكی دیكەوە، مانگی ئاب مانگێكی سارد و وشكە لە بەرازیل، ئومێد هەیە ئەوەش رێگربێت لە مێشوولەی گوازەرەوەی نەخۆشییەكە.
1/2/2016