بەشێک کوردانی دانیشتووی بەغدا رای دەگەیەنن، لەلایەن چەکداران و لە رێگەی مۆبایلەوە، ھەڕەشەی (شار ەدەرکردن)یان لێ دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو کوردانە بەشێکیان سەدان ساڵە بە بنەماڵەوە نیشتەجێی ئەو شارەن.
عیماد عەبدولخالق کوردێکی دانیشتووی گەڕەکی ئەعزەمییەی شاری بەغدایە و بە (باس)ی راگەیاند: "ئێمە وەک بنەماڵەیەکی کورد، زیاتر لە پەنچا ساڵە نیشتەجێی شاری بەغداین و لە ماوەی رابردوودا ھیچ کێشەیەکمان نەبووە، بەڵام ھەفتەی رابردوو دوو کەس، کە دەموچاویان نامۆ بوو و چەکی جۆری دەمانچەشیان پێ بوو، ھاتنە پێش دەرگاکەمان و پێیان راگەیاندین بەغدا بەجێ بھێڵین".
راشی گەیاند: "دوای ئەم رووداوە، راستەوخۆ پۆلیسمان ئاگادار کردەوە، بەڵام پۆلیسیش تا ئێستا ھیچ کەسێکی دەستگیر نەکردووە".
گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانم لە گەڕەکەکانی دیکەش ھەڕەشە لە کورد دەکرێت، ئێمە ناتوانین لەم شارە کۆچ بکەین، چونکە زۆربەمان فەرمانبەرین و کارمان لێرەیە".
نەجیب محەمەد، ھاووڵاتییەکی دیکەی کوردی دانیشتووی بەغدایە و رای گەیاند: "شەوێکیان تەلەفۆنێکم بۆ ھات، کە ھەڵمگرت یەکسەر دەستی کرد بە جنێودان بە کورد و سەرۆکی ھەرێم و ئاڵا و خاکی کوردان، پێمگوت لەبەرچی ئەو ھەموو جنێوانە دەدەی، یەکسەر گوتی پێویستە بەغدا بەجێب ھێڵن و بگەڕێنەوە بۆ کوردستانەکەتان".
گوتیشی: "لەبەر پاراستنی خۆم و ماڵ و منداڵەکانم بەناچاری بەغدام جێ ھیشتووە و ئاوارەی شاری کەرکووک بووینە".
راشی گەیاند: "لە دوای رووداوەکانی چەند مانگی رابردووی قەزای خورماتوو، کە شەڕ لەنێوان کوردی قەزاکە و چەکدارانی حەشدی شەعبی دروست بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا کوردەکانی بەغدا ھەڕەشەیان لێ دەکرێت".
وەک لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ٢١/١/٢٠١٦ بڵاو بووەتەوە، فوئاد مەعسوم، سەرکۆماری عێراق، پێشوازیی کردووە لە شاندێکی سەرۆک ھۆزە کوردەکانی شاری بەغدا و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر رەوش و گوزەرانیان کراوە، لە دیدارەکەدا سەرکۆمار داوای کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووی یاساییەوە، کار لەسەر ئەوە بکەن، کە چتر ھەڕەشە لە کوردەکانی بەغدا نەکرێت.
ماڵپەڕەکە لە زاری فوئاد مەعسوم بڵاوی کردووەتەوە، ھەر لایەن و گرووپێک ھەڕەشە بکاتە سەر کوردەکانی بەغدا، ئەوا لێپێچنەوەی لەگەڵ دەکرێت، چونکە کورد لە سەردەمی عەباسییەکانەوە تاوەکو ئێستا لە بەغدا بوونی ھەیە.
ھەڕەشەکردن لە کوردەکانی بەغدا پتر دوای ئاڵۆزییەکانی ١٢ تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی خورماتوو دێت، کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان کوردەکانی خورماتوو و چەکدارانی حەشدی شەعبی دروست بوو.
ئەم ئاڵۆزییانەش کاردانەوەی گرووپە چەکدارە شیعەکانی بەغدای لێ کەوتەوە و لە بەغداوە دەستیان کردووە بە ھەڕەشەکردن لە کوردان.
عەمار توعمە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باس)ی راگەیاند: "سەبارەت بە ھەڕەشەکردن لە کوردانی بەغدا، رەنگە ئەمە گرووپێکی توندڕەو بن و بەو کارە ھەستابن و نیازیان ھەڵگیرسانی ئاژاوە و شەڕی نەتەوە و تایفییە، ھیچ ھێزێکی حکوومی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆی نییە ھەڕەشە لە ھیچ کەس و لایەنێک و نەتەوەیەک بکات".
گوتیشی: "پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کاری خۆیان ھەستن و ئەو تاقم و گرووپانە دەستگیر بکەن، کە ھەڕەشەی کوشتن و شاربەدەرکردنی کوردانی بەغدا دەکەن، کوردەکانی بەغدا لەمێژە لە شاری بەغدا بوونیان ھەیە و لە سەردەمی بەعسدا ستەمیان لێ کراوە، نابێت لە عێراقی نوێدا رووبەڕووی فشار و ستەم ببنەوە".
پێشتر ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا رای گەیاندبوو: "کوردەکانی بەغدا ھەڕەشەی جدییان لەسەرە و پێویستە حکوومەتی عێراقی ھەڵوێستی ھەبێت و چیتر کورد لە بەغدا ھەڕەشەی لێ نەکرێت".
راشی گەیاندبوو: "توندوتیژی و ھەڕەشە دژ بە کوردان لە بەغدا لەلایەن میلیشیا شیعەکان، بۆ نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان پێکھاتەکان، لە کاتێکدا لە دەستووری عێراقدا رێگری لەوە کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران باسی ئەو ھەڕەشانەی نەکردووە".
زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ماڵباتی کورد لە شاری بەغدان و زۆرینەیان لە گەڕەکانی جەمیلە و سەدر و ئەعزەمییە و چەند گەڕەکێکی دیکە نیشتەجێن، بەشی زۆری کوردەکانی بەغدا لە ھۆزەکانی ئەرکەوازی و باجەلان و دەلۆ و زەھاوی و قەرەلۆس و ملک شاھی پێکھاتوون. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردووشدا بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی باشووری کوردستان بە ھۆی کار و وزەیفەوە نیشتەجێی بەغدا بوونە. کورد لە بەغدا یەک پۆستی وەک ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بەدەست ھێناوە، ئەویش کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدایە.
26/1/2016