نرخی دراوەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە8/21/ 2016 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی = 128.850 دینار
100 یۆرۆ = 146.500 دینار
100 پاوەند = 167.250 دینار
100 ھەزار تومەن = 36.750 دینار
100 لیرەی تورکی = 44.000 دینار
21/8/2016
نرخی دراوەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە8/21/ 2016 بەمشێوەیەیە:
100 دۆلاری ئەمریکی = 128.850 دینار
100 یۆرۆ = 146.500 دینار
100 پاوەند = 167.250 دینار
100 ھەزار تومەن = 36.750 دینار
100 لیرەی تورکی = 44.000 دینار
21/8/2016
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 20ـی ئابی 2016 بۆ تاوتوێ کردنی پرسە هاوبەشەکان، بە تایبەت شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە سەلیم جبووری لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کۆ ببێتەوە.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی 2003، حوکمڕانیی عێراق کەوتە دەست شیعەکانی ئەو وڵاتە، کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.
20/8/2016
سوپای سووریا پاساو بۆ بۆردومانکردنی شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و چەکدارانی سەر بە رژێمەکەی، دەهێنێتەوە.
فەرماندەیی گشتیی سوپای رژێمی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2016 رایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا ”دەستدرێژییان دەکردە سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت، رێیان لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی قوتابییان دەگرت و هاووڵاتییانیان دەڕفاند“.
سوپای سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا ”باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن“ و مەترسییان لەسەر رژێمی سووریا لە شاری حەسەکە دروست کردووە.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بارەگاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان لە شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا بۆردومان کرد.
شار حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)یە، کە باڵی پەکەکەیە لە کوردستانی رۆژئاوا و دەکەوێتە سنووری کانتۆنی جزیرێ.
20/8/2016
نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات هەماهەنگی لەنێوان هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. هەروەها جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، سەبارەت بە یارمەتییە داراییەکان بۆ عێراق و چۆنیەتی خەرجکردنی دەڵێت: "چۆن ئەو پارەیە خەرجدەکرێت هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە".
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە هەموو ئەو هێزانەی کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن پێکەوە کار و هەماهەنگی بکەن. و هەروەها داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین لەکاتی شەڕەکاندا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن".
هەڵوێستی بێ لایەنی هاوشێوەی نەتەوەیەکگرتووەکان چاوەڕوانکراوە. بەڵام بەهیچ شێوەیەک مانای ئەوە ناگەیێنێت کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بێ هێزە. بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق زیادی کردووە و زیاتریش دەبێت.
هەر مانگی رابردوو کاتێک ئەمریکا و کۆمەڵێک وڵاتی هاوپەیمانی پەیمانیان دا کە 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ببەخشنە عێراق، ئەو وڵاتانە بە کۆی دەنگ رێککەوتن کە تەواوی دەسەڵاتی دابەشکردنی ئەو پارە زۆرە بدەنە دەست نەتەوەیەکگرتووەکان. بەگوێرەی زانیاریەکانی رووداو تەنیا 500 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە تەرخان دەکرێت بۆ کۆمەکی ئاوارەکان و باقی پارەکە لە ژێر ناوی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق خەرج دەکرێت.
ئەوەی کە دەمێنێتەوە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە و دیار نیە کە راستەوخۆ پارەکە دەدرێتە حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا یان نا. وەڵامی ئەم پرسیارە لای جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ کاروباری مرۆیی، کە بەرزترین بەرپرسی نێودەوڵەتییە لە بواری دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.
ستیڤن ئۆبرایەن، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت: "چۆن ئەو پارەیە خەرجدەکرێت هێشتا لە ژێر گفتوگۆدایە. وڵاتانی کۆمەک بەخش دەسەڵاتی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو پارەیەیان داوەتە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ دڵنیابوون لە بێ لایەنی لە چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکە".
بەڵام لەو هەڤپەیڤینە تایبەتەی لەگەڵ رووداو، ئۆبرایەن ئەوەشی راگەیاند کە ئەوان ناتوانن نوێنەرانی کورد بانگهێشتی کۆبوونەوە ئاست بەرزەکانی نەتەوەیەکگرتووکان بکەن بۆ بڕیاردان دەربارەی بەرنامە مرۆییەکان لە عێراق.
ستیڤن ئۆبرایەن، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت: "سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بنەمای تەنیا ئەندامبوونی دەوڵەتەکان دامەزراوە. بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکەی دەیەوێت سنوورەکان بگۆڕن رەخنە لەوە دەگرن، ئەوە بابەتێک کە نەتەوەیەکگرتووەکان ناتوانێت پێشڕەوی بکات و دەبێت بێ لایەن بێت بەتایبەتی بۆ بەشی بەرنامە مرۆییەکان".
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداو، زانیاری و وردەکاری زۆری ئاشکراکرد لەبارەی ئامادەکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی موسڵ.
20/8/2016
کەمپێکی ئاوارەکان
زۆربەی ئەو ئاوارانەی سووریا كە روویان لە توركیا كردووە، لە شارەكانی باكووری كوردستان نیشتەجێ كراون. چاودێران دەڵێن جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای باكووری كوردستان، ئەو ئاوارانە دەبنە هۆكارێكیش بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و بێكاری و هەژاریی زۆرتر دەكەن.
شارێك لە توركیا نەماوە ئاوارەی سووری رووی تێنەكردبێ، بەڵام زۆرترین ژمارەی ئەو ئاوارانە لە شاری روها نیشتەجێ كراون كە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانی توركیا ژمارەیان 410 هەزار كەسە، كەچی شارێكی گەورەی وەكو ئیستانبوڵ 394 هەزار ئاوارەی تێدایە.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری توركیا، دوو ملیۆن و 739 هەزار ئاوارەی سووری لە توركیان، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 41 هەزاریان لە شارەكانی باكووری كوردستان (غازی عەنتاب، ئامەد، روها، باتمان، ئادیەمان، سێرت، ماردین، شڕناخ و كلیس) نیشتەجێن. واتە 38%ی ئاوارەكانی سووریا لە باكووری كوردستانن.
هەندێك لە چاودێران هۆكاری چوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بۆ شارە كوردییەكان و بەتایبەتی بۆ روها، بۆ هۆكاری خزمایەتی دەگەڕێننەوە، بەڵام بەشێكیان پێیانوایە مەبەستی سیاسی لەپشت جێگیركردنی ئاوارەكانە لە باكووری كوردستان.
سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، زانكۆی بیلگی لە پانێلێكدا گفتوگۆی لەسەر هۆكاری گیرسانەوەی ئاوارەكان لە باكووری كوردستان كرد، لەوێ ئەو پرسیارە ورووژێنرا كە ئایا هۆكاری سیاسی لە پشت نیشتەجێكردنی ئاوارەكانە لە باكووری كوردستان؟
ئایهان كایا مامۆستای زانكۆی بیلگی لە پانێلەكەدا گوتی: نیشتەجێكردنی ئاوارەی سووری لە باشووری رۆژهەڵات بۆ هاوسەنگكردنی ژمارەی دانیشتووان و ئاستەنگكردنی بەهێزبوونی نەتەوەپەرستیی كوردە. ئەم هەوڵانەشی بە "ئەندازیاریی كۆمەڵایەتی" ناوبرد.
هەر لەوبارەوە پڕۆفیسۆر ئیلتەر توران گوتی، هاتنی سوورییەكان بۆ توركیا راستەوخۆ پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی ئاوارەكان بە رەچەڵەك عەرەبن، پێكهاتەی ئەتنیكی لە باشووری رۆژهەڵات دەگۆڕن.
ئاتیلا یازار، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤ (İHD)لە روها دەڵێت حكومەتی توركیا هەوڵ دەدات بەهۆی ئاوارەكانی سووریا دیمۆگرافیای روها بگۆڕێ. یازار بە (رووداو)ی گوت "جیا لە هۆكاری خزمایەتی، 60%ی روها كوردن، ئەوەی دیكە عەرەب و توركە. دەخوازن بەڕێگای ئاوارەی سووری، ژمارەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە هاوسەنگ بكەن. والی قەیسەری، قۆنیا و ئەنتالیا ئاوارەی سووری رەوانەی روها دەكەن".
ئەرسۆی دیبە، گۆشەنووسی رۆژنامەی ستار كە رۆژنامەیەكی نزیك لە حكومەتە، رۆژی شەشی ئەم مانگە بابەتێكی بەناونیشانی "سوورییەكان لە ئامەد نیشتەجێ بكەین" بڵاوكردەوە كە تێیدا پشتگیری لە سیاسەتی نیشتەجێكردنی ئاوارەكانی سووریا لە باكووری كوردستان دەكات و دەڵێت "پێویستە مافی هاووڵاتیبوون بدەینە ئەو كەسانە، هەروەها پێویستە ئەو كەسانە لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات، لەو شارانە نیشتەجێ بكەین كە ئاوەدان دەكرێنەوە. دەبێت هاوكارییان بكەین تاوەكو لە جۆلەمێرگ، ماردین، ئامەد و شڕناخ نیشتەجێ بكرێن".
ژمارەی دانیشتووانی نۆ شارەكەی باكووری كوردستان 8 ملیۆن و 385 هەزار كەسە. ژمارەی ئاوارە سوورییەكانیش لە ملیۆنێك زیاترە، واتە ئێستا ئاوارەكانی سووریا 12.5%ی دانیشتووانی باكووری كوردستان پێكدێنن.
چاودێران دەڵێن ئاسان نییە بتوانی بەبێ كێشە ئەو ئاوارانە لەگەڵ شێوازی ژیان، نەریت و بیركردنەوەی خەڵكەكە بگونجێنی. پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە ئاوارە سوورییەكان كێشەی كۆمەڵایەتی و رێژەی تاوان زیاتر دەكات و لەڕووی ئابووریشەوە كاریگەریی خراپ لەسەر خەڵكی ناوچەكە بەجێدێڵێت كە لە بنەڕەتدا داهاتیان كەمە و بەدەستی بێكارییەوە دەناڵێنن. رەنگە كێشەیەكی بچووك گەورە ببێت و بگاتە ئاستی تەقینەوەی كۆمەڵایەتی، رووداوەكانی ئەم دواییەش بەتایبەتی لە روها ئەمە دەسەلمێنن.
رۆژی 11ی مانگی رابردوو گەنجێكی خەڵكی روها بەنێوی سەدات ئایدن كە لە كاركردن دەگەڕایەوە، لەلایەن چەند كەسێكی ئاوارەوە درایە بەر چەقۆ و مۆبایلەكەیان برد، شەوی رووداوەكە هاوشاریانی ئایدن لە پاركێك كۆبوونەوە و دروشمان دژی ئاوارەكان گوتەوە.
مستەفا ساركنجی موختاری گەڕەكەكەی ئایدن بە رۆژنامەیەكی لۆكاڵی روهای راگەیاند " گیان و ماڵمان لەژێر مەترسیدایە. پێویستە بە زووترین كات رێگا لە دەستدرێژی و دزیكردنی ئەو كەسانە بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە بگیرێ".
هەوێی سووری تەڵاقی زیاد كردووە
پشێویی كۆمەڵایەتی كە لە ئەنجامی هاتنی ئاوارە سوورییەكان بۆ روها دروست بووە، تەنیا پەیوەست نییە بە شەڕی پیاوان و گەنجان، بەڵكو پەلی بۆ كێشەی خێزانیش هاویشتووە.
بە گوێرەی ئاماری ژووری پارێزەرانی روها، تەنیا بەهۆی "هەوێی سووری"، جیابوونەوەی ژن و مێرد لە روها بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش هاتنی ئاوارەكان 20% زیادی كردووە. سەڤدا چەڤیك ئۆزبینگۆل سەرۆكی باڵی ژنان لە ژووری پارێزەرانی روها بە (رووداو)ی گوت "ئەو ئاوارانە كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی داناوە، بە شوودانی كچانی سەر بەهەوێ بەرامبەر بە پارە، دروستكردنی ئاڵۆزی لە شوێنە گشتییەكان، لەشفرۆشی هەموو ئەم كردەوانە لە روها زیادیان كردووە. هەموو ئەوانە دیاردەی تەڵاق و تێكچوونی شیرازەی خێزانیان گەورەتر كردووە.
ئەم هەموو رووداو و پشێویە كۆمەڵایەتیانە لەكاتێكدا روودەدەن كە دەزگاكانی دەوڵەت خەریكن مافی هاووڵاتیبوون دەدەنە ئەو ئاوارە سووریانە. لە شارەكانی وەكو ماردین و روها كە رێژەیەكی بەرچاوی هاووڵاتی بە رەچەڵەك عەرەب و توركیان تێدایە، كاریگەری لەسەر هاوسەنگیە سیاسیەكان دەكات، لە تەواوی ناوچەكە لێكترازانی كۆمەڵایەتی زیاتر دەكات و لێكەوتەی ئابووریی خراپی دەبێت.
خەڵكی ناوچەكە كە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، پێیانوایە بەدیهاتنی دواڕۆژێكی گەش بەهاتنی ئاوارەی سووری زۆر زەحمەت دەبێت. بەتایبەتی كاتێك رێژەی بێكاری لە باكووری كوردستان لەبەرچاو بگیرێ كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا گەیشتبووە 24.8%.
قادر ئۆزەدمیر، توێژەری كۆمەڵایەتی و ئابووری كە خەڵكی روهایە و لە ئیستانبوڵ دادەنیشێ، بە (رووداو)ی گوت "باكووری كوردستان زەرەرمەندترین ناوچەیە لە هاتنی ئاوارەی سووری. هەرزانیی دەستی كاری سوورییەكان رێژەی بێكاری لە ناوچەكە زیاتر دەكات. ئەگەر چارەسەر نەكرێ، رەنگدانەوەی كۆمەڵایەتیی ترسناكی دەبێت".
20/8/2016
ئەمڕۆ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە کلاریسە پاستۆر نوێنەری نوێی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە فرەوانكردنی نوێنەرایەتییەكەی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا باسیان لێوە کرا و تیشک خرایە سەر گرنگی کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کە ساڵێک لەمەوبەر لە هەولێری پایتەخت کرایەوە، بەتایبەتی رۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو هاوکارییانەی کە یەکێتی ئەوروپا تەرخانی کردوون و دامەزراوە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرن.
پەرەپێدان و فراوانکردنی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیک و چۆنیەتی هەماهەنگی لە نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و ئۆفیسی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو کە هەردوولا بە گرنگیان زانی.
یەکێتی ئەوروپا لە دوو ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر کردووە و ئەو پەیوەندییانە گەیشتوونەتە ئاستێکی باش بەتایبەتی کە یەکێتی ئەوروپا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی و هەروەها ئۆفیسی هاوکاری مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و چەند بڕیارێکی سیاسی و مێژوویی دا بۆ هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەری دژی داعش.
19/8/2016
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکی
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قەیرانی سووریا بە بێ رووسیا چارەسەر ناکرێت و رایگەیاند، لەگەڵ رووسیا و ئێران لە نزیکەوە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری قەیرانی سووریا.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی سپۆتنیکی رووسی، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و رووسیا رایگەیاند، "تورکیا بۆ رووسیا لە ناوچەکە وڵاتێکی دۆستە و مۆسکۆ دۆستێکی متمانەپێکراوتر لە تورکیا نادۆزێتەوە."
لەبارەی میکانیزمی هاوبەشی نێوان تورکیا و رووسیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، چاوشئۆغڵو گوتی: "بارودۆخی سووریا رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت. بۆیە لە پێناو چارەسەری سیاسی و ئاگربەست، پێویستە ئێمە بەیەکەوە کار بکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشی کردەوە کە لەبارەی سنوور و یەکپارچەیی خاکی سووریا، رووسیا و ئێران و تورکیا وەک یەک بیردەکەنەوە و گوتیشی: "بە بێ رووسیا، چارەسەری یەکجارەکی لە سووریا ئەستەمە. بە بێ ئێرانیش. هەربۆیە لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین و پێویستە ھەماھەنگی نێوانمان بەھێز بکەین".
19/8/2016
لیوا محەممەد باقری، سهرۆکی ئهرکانی گشتی هێزه چەکدارەکانی ئێران
سهرۆکی ئهرکانی گشتی هێزه سەربازییەكانی ئێران رایگهیاند: "زلهێزهکان لە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بۆیە دروستکردنی لیژنهی هاوبهشی سنووری له نێوان ئێران و عێراق پێویسته".
لیوا محەممەد باقری، سهرۆکی ئهرکانی گشتی هێزه چەکدارەکانی ئێران و فالح فهیاز، راوێژکاری ئهنجوومهنی ئاسایشی نهتهوهیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە تاران، دۆخی ناوچهکه و پهیوهندییهکانی نێوان ئێران و عێراق-یان تاوتوێ کرد.
محهممهد باقری، سهرۆکی ئهرکانی گشتی هێزه چەکدارەکانی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی یەکپارچەیی عێراق و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە بیرۆکەیەکی دابەشکارانە خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، رایگەیاند: "بۆ دابینکردنی ئاسایش و سهقامگیری زیاتری سنوورهکان، لیژنهی هاوبهشی سنووری له نێوان ئێران و عێراق پێویستە."
سهرۆکی ئهرکانی گشتی هێزه چەکدارەکانی ئێران گوتی: "زلهێزهکان و هەندێک له وڵاتانی ناوچهکه له هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و ئێران و هیوادارم به دروستکردنی لیژنهی هاوبهشی سنووریی له نێوان ههر دوو وڵات بتوانین بهر به هاتووچۆی تیرۆریستهکان بگرین."
محەممەد باقری لە بەشێکی قسەکانیدا کە لەمیدیاکانی ئێرانی بڵاوکراوەتەوە تیشکی خستە سەر شەڕی موسڵ و گوتی: "هیوادارین سوپای عێراق هەرچی زووترە بتوانێت بە دەرکردنی تیرۆریستان لە موسڵ و ناوچەکانی دیکە، هەیمەنەی خۆی بەسەر هەموو خاکی عێراقدا بسەپێنێت".
فالح فهیاز، راوێژکاری ئهنجوومهنی ئاسایشی نهتهوهیی عێراق لە بەرامبەردا گوتی:" ئێمه جهخت له پهیوهندییه باشهکانی نێوان ههردوولا دهکهین. عێراق سوپاسی هاوکارییهکانی چەند ساڵی رابردووی ئێران دهکات."
19/8/2016
یاسای قەیوم تایبەتە بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان یان دورخستنەوەیان و دانانی کەسانی دیکە لە شوێنەکانیان، بەپێی یاساکە، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەرچووە "هەموو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لەکار دووردەخرێنەوە، کە پشتگیریان لە رێکخستنە تیرۆریستیەکان کردبێت".
سەرکان ئینجە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دێرسیم رایگەیاند، نزیکەی 100 سەرۆک شارەوانی شارو شارۆچکە و ناوچەکان لەدەستی پارتی هەرێمی دیموکراتیک (دەبەپە)دایە.
یاسای قەیوم، لە 14-8-2016 لە پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر درا و لە پرۆژەیاسایەوە بووە یاسا، دوای دەرچوونی ئەو یاسایە، بەپێی یاساکە ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیرییان لە "رێکخستنە تیرۆریستییەکان" کردووە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوور بخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانکراوە دادەمەزرێنرێت.
لە شارۆچکە و ناوچەکاندانیش بەپێی یاساکە، پارێزگار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، سەرۆک شارەوانییەک لەکار دوور بخاتەوە و یەکێکی دیکە لە شوێنەکەی دابنێت.
لەلایەکی دیکەوە هەدەپە و دەبەپە پێیانوایە ئەو یاسایە بە تایبەت بۆ ئەوان دەرکراوە، بۆ ئەوەی سەرۆک شارەوانییەکان و جێگرەکانیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی لەکار دوور بخرێنەوە.
18/8/2016
کوڕێکی ئوسامە بن لادن داوا لە خەڵکی سعودیە دەکات لە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەی پاشایەتی راپەڕن، داواشدەکات لە یەمەن رووبەڕووی هێزەکانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی ببنەوە، کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە تۆمارێکی دەنگیدا، کە رۆژی چوارشەممە 17-8-2016 بڵاوکراوەتەوە، حەمزە بن لادن، کوڕی ئوسامە بن لادنی، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە، داوا لە خەڵکی سعودیە دەکات پەیوەندی بە جیهادی نێودەوڵەتییەوە بکەن.
حەمزە بن لادن دەشڵێت "سەرەتا بۆ وەرگرتنی ئەزموون رووبکەنە یەمەن و دواتر هەوڵبدەن بۆ کۆتایيهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی پاشایەتی لە سعودیە و هەیمەنەی ئەمریکا بەسەر ئەو وڵاتەوە".
ئەو تۆمارە دەنگیە کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە بزووتنەوەی ئەلشەبابی سۆماڵی بڵاوکراوەتەوە، تێیدا حەمزە بن لادن داوا لە گەنجانی سعودیە دەکات پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدەوە بکەن لە یەمەن.
ئەوە چوارەمین نامەی دەنگی کوڕەكەی ئوسامە بن لاندنە، کە لە ماوەی یەک ساڵدا بڵاویکردووەتەوە.
شرۆڤەکاران پێیانوایە، کە ئەو تۆمارە دەنگیانەی کوڕی ئوسامە بن لاندن هەوڵێکە بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوی قاعیدە کە ئێستا لەلایەن ئەیمەن زەواهیرییەوە لە ساڵی 2011ـوە سەرکردایەتی دەکرێت.
18/8/2016
نهگهیشتنه رێككهوتنی لایهنه كوردییهكان بۆ دروستكردنی كهشێكی له بار بۆ ئهنجامدانی راپرسی له سهر مافی چارهی خۆنووسینی گهلی كوردستان، كه مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان چهندین جار داوای ئهنجامدانی كرد، وای له بارزانی كرد بهرهو ئهوه ههنگاو بنێت، كه به بێ ئهنجامدانی گشتپرسی دهوڵهت رابگهیهنێت، چونكه پێیوایه ئێستا ئهولهویهت بۆ سهربهخۆییه.
ههر لهمبارهیهوه، پسپۆڕێكی ئهكادیمی له زانكۆی سهلاحهدین له ههولێر گوتی، بارزانی ئێستا گهیشتوهته ئهو باوەڕەی كه راگهیاندنی دهوڵهت پێویستی به گشتپرسی نییه، به تایبهت دوای ئهوهی ههندێك لایهن دژی ئهو بابهتهن و هیچ گرنگی پێنادهن.
عهبدولحهكیم خهسرۆ مامۆستای زانكۆی سهلاحهدین به كهناڵی ئهلجهزیرهی گوت، سێ هۆكار پاڵ به بارزانییهوه دهنێن بۆ ئهم بژاردهیه، ئهوانیش نهگهیشتنه رێككهوتنی لایهنه سیاسییهكان له سهر راپرسی و ئهو قوربانییانهی پێشمهرگه داویهتی له شهڕی دژی داعش و، نهبوونی ئاسۆیهك بۆ چارهسهری كێشهكان له گهڵ بهغدا و كۆتایی هاتنی هاوبهشیی نیشتمانی به تهواوی.
به درێژایی مێژوو خۆپارێزی ههڵوێستی نێودهوڵهتی و ئیقلیمی لهمپهر بووه له بهردهم كورد بۆ به دهوڵهتبوون، بهڵام خهسرۆ دهڵێت، ئێستا دۆخهكه وهك جاران نییه.
خهسرۆ ههروهها گوتی “له ژێر رۆشنایی دۆخی ئێستا دهوڵهتانی ناوچهكه به تایبهتی ئێران و توركیا، لهوه تێگهیشتوون كه دهوڵهته كوردییه چاوهڕوانكراوهكه دهتوانێت ئارامی زیاتر بۆ سنوره هاوبهشهكانی نێوانیان فهراههم بهێنێت.
ئەو مامۆستای زانکۆیە دەڵێت ” كاتێك كوردستان دهبێت به دهوڵهت، ئهوا بهرپرسیارێتی ئهو دهبێت كه ههموو چالاكییه چهكدارییهكانی ناو خاكهكهی له دژی ئێران و توركیا بوهستێنێت”.
18/8/2016
ڕووسیا فڕۆكە جەنگییەکانی خۆی لە بنكەی سەربازیی پارێزگای ھەمەدانی ئێران بۆ ھێرشكردنە سەر خاكی سووریا جێگیر كردووە، ئەوە بۆ جاری یەكەمە دوای شەڕی جیھانی دووەم ھێزی سەربازی وڵاتێكی بیانی بەو شێوەیە ھاوكاری سەربازی لەگەڵ ئێران بكات.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی (ئیسنا)، ئامانج لە جێگیركردنی ئەو فڕۆكە جەنگیانە لە ھەمەدان گێڕانەوەی كات و تێچووە، ھاوكات مەبەستێكی دیكەی ڕووسیا باشتر پێكانی بنكەكانی داعش لە سووریایە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش جێگیركردنی فڕۆكە جەنگیەکانی خۆی لە بنكەی سەربازیی ھەمەدان پشتڕاست كردووەتەوە.
تەلەفزیۆنی حكوومەتیی (ڕووسیا 24)، بڵاوی کردووەتەوە فڕۆكە جەنگییەکانی ڕووسیا لە بنكەی ئاسمانیی (نوژە)ی ھەمەدانەوە بەرە سووریا فڕیون.
میدیا ئێرانی و عەڕەبییەكانیش چەندین گرتەی ڤیدیۆییان لە سێ فرۆكەی جۆری (تۆپۆلۆف22)، و فڕۆكەیەكی بارھەڵگری ڕووسیا بڵاو كردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 16ی ئابی 2016، فڕۆكە جەنگییەکانی ڕووسیا یەكەمین ھێرشی خۆیان لە بنكەی سەربازی ھەمەدانەوە بۆ سەر بارەگاكانی داعش و بەرەی نوسرە لە ناوچەی حەڵەبی سووریا ئەنجام دراوە.
لەو ھێرشەدا پینج كۆگەی چەك و تەقەمەنی، كەمپی فێركردن و بەڕێوەبەرایەتی داعش بۆردمان كراون.
مەودای فڕین لە نێوان ڕووسیا و شاری پالمێرا لە سووریا نزیكەی دوو ھەزار و 150 كیلۆمەترە، بەڵام مەودای بنكەی ئاسمانیی ھەمەدان بۆ پالمێرا تەنیا 900 كیلۆمەترە.
17/8/2016
ئۆپەراسیۆنی ٣ رۆژ بەر لە ئێستای ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنەوەی ١٢ گوند لە میحوەری خازر و گوێر، جگە لەوەی لە میدیا جیھانییەکان گرنگی پێدرا، بەڵام میدیاکانی تورکیا خولەک بە خولەک ڕووداوەکانیان دەگواستەوە و باسیان لە قارەمانیی پێشمەرگە دەکرد.
میدیاکانی تورکیا بە گرنگییەوە باسیان لە بەشداریکردنی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرد لەو ئۆپەراسیۆنەدا و پێیان وابوو کە ئەو گڕ و تینی زیاتر بە پێشمەرگە داوە. بۆ نموونە سایتی (بی بی سی تورکی) بە مانشێتی گەورە نووسیبووی (بە سەرکردایەتیی بارزانی پێشمەرگە بەرەو موسڵ لە پێشڕەوی دایە).
ھەروەھا باسی لەوەیش کردبوو کە پێشمەرگە بە رێبەرایەتیی بارزانی دەیەوێت مووسڵ گەمارۆ بدات و پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا مووسڵ لە ژێر دەستی داعش دەربھێنێت.
رۆژنامەی (سۆزجو) کە یەکێکە لەو رۆژنامانەی خوێنەرێکی یەکجار زۆری ھەیە لە تورکیا، رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە لە ھەواڵێکی بە پەلەدا باسی لە سەرکەوتنی پێشمەرگە کرد. ھەروەھا ئاماژەی دابوو کە مەسعوود بارزانی خۆی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات و، ھەر خۆیشی چاودێرێکی تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە.
میدیاکانی تورکیا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە، پشتیان بە میدیاکانی باشوور دەبەست و خولەک بە خولەک دەیانگواستەوە.
ماڵپەڕی (سپوت نیک) کە ماڵپەڕێکی ڕووسییە و بەشی تورکیشی ھەیە و ئۆفیسەکەی لە ئیستەنبۆڵە، لە بارەی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە بۆ سەر گروپی تیرۆرستی داعش راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئەویش بە ھەمان شێوەی سایتەکانی دیکەی تورکیا باسی لە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە کردوە.
ئەو ماڵپەڕە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە وەریگرتووە، ئاماژەی داوە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، خۆی سەرپەرشتیی شەڕەکەی کردووە و وەکو فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەشداری کردووە. ھەروەھا باسی لەوەیش کردووە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا پلانەکە بارزانی دایناوە و ھەر بە فەرمانی ئەویش، فەرماندەکان پێشڕەوییان کردووە.
میدیاکانی تورکیا چەند گرنگییان بەوە داوە کە پێشمەرگە توانی 12 گوند لە ژێر دەستی داعش دەربھێنێت، زیاتر گرنگییان بە بەشداریی بارزانی داوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بە تایبەت کە وەکو سوپاسالاری ئەو شەڕە بەشداری کردووە. لە ھەموو ھەواڵەکاندا لە بارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕۆڵی بارزانییان بەرز نرخاندووە و لە ھەواڵ و راپۆرتەکانیاندا باسیان کردووە. دەکرێت بڵێین، ئەوەندەی میدیای تورکیا گرنگییان بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنە و ڕۆڵی بارزانی داوە، میدیاکانی سلێمانی ئەوەندە بایەخیان پێ نەداوە.
"بارزانی دەچێتە ناو مووسڵەوە و دەست بەسەر شاری مووسڵدا دەگرێت"، ئەمەش مانشێتی ماڵپەڕی (ساری زەیبەک خەبەرە) کە ماڵپەڕێکی کەمالیستەکانە و پێیان وایە تورکیا تەنیا بۆ تورکەکانە. ئەو ماڵپەڕە بە شێوەیەک باسی لە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە کردووە، کە بە ڕێبەرایەتیی بارزانی ئیدی مووسڵیش دەکەوێتە ژێر دەستی کوردان.
ماڵپەڕەکە وەکو ھەواڵێکی بەپەلە نووسیویەتی، مەنبەج لە لایەن یەپەگەوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئەمڕۆیش بارزانی خۆی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کردووە بۆ ئازادکردنی مووسڵ. لە مانشێتەکەدا نووسیویانە: ”بارزانی چووە ناو مووسڵ، بەڵام لە ناوەڕۆکی ھەواڵەکە تەنیا باسیان لە پێشڕەویی پێشمەرگە کردووە، ھەروەھا باسیان لە بەشداریکردنی بارزانی کردووە وەکو سوپاسالاری ئەو شەڕە، بەڵام نیازیان لە دانانی ھەواڵەکە بە شێوەیەک بووە کە مووسڵ دەکەوێتە ژێر دەستی کوردان و ئیدی بارزانی مووسڵیش بە ھەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.
ماڵپەڕی (ئیکوادۆر) کە بە زمانی تورکی ھەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە، بە ھەمان شێوەی ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنەکانی تورکیا، گرنگی بەو ئۆپەراسیۆنە داوە و وەکو ھەواڵێکی بەپەلە بڵاوی کردووەتەوە و ھەروەھا ئاماژەی داوە کە داعش شکستی ھێناوە.
ئەو ماڵپەڕە لە راپۆرتێکدا بە درێژی باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کردووە و ئاماژەی داوە کە ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە ئازادکردنی 12 گوندە لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆرستیی داعش. ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە داوە و ڕای گەیاندووە کە وەکوو سوپاسالار بەشداری لە شەڕەکەدا کردووە.
جگە لەو ماڵپەڕ و رۆژنامانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، چەندین تەلەڤزیۆن و ماڵپەڕی دیکەی تورکی، بە ھەمان شێوە، بە گرنگییەوە باسیان لەو ئۆپەراسیۆنەی پێشمەرگە کرد بۆ سەر گرووپی تیرۆرستیی داعش. ھەروەھا لە ھەموو ھەواڵەکانیشدا بە گرنگییەوە باسیان لە ڕۆڵی بارزانی لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە و وەکو پلانداڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە باسیان لێوە کردووە.
ئەمانەی خوارەوەیش چەند ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنێکی دیکەی تورکیان کە لەسەر ھەمان بابەت، ھەواڵ و راپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە:
(تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێنی تورکی، تەلەڤزیۆنی TRT ، تەلەڤزیۆنی NTV، سایتی T٢٤ ، ماڵپەڕی دونیا بولتەن، رۆژنامەی حوڕییەت، رۆژنامەی پۆستە، ماڵپەڕی سۆڵ، ماڵپەڕی جەزیرە تورکی).
17/8/2016
رووسیا بەنیازە جارێکی دیکە مووشەکی کالیبرا ئاراستەی سووریا بکات، بۆ ئەوەی پێگەکانی داعش بکاتە ئامانج، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە عێراق و ئێران کردووە رێگەی بدەن ئاسمانی وڵاتەکانیان بەکاربهێنێت.
کامێس شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئابی 2016، رووسیا مانۆڕێکی سەربازی لە دەریای خەزەر و سپی دەستپێکردووە، هەروەها داوای مۆڵەتی لە ئێران و عێراق کردووە بۆ ئەوەی ئاسمانی ئەو دوو وڵاتە بەکاربهێنێت.
پەیامنێری رووداو گوتیشی "لەماوەی رابردوودا رووسیا دووجار مووشەکی نوێی بەناوی کالیبرای دوورهاوێژ رەوانەی سووریا کردووە، بۆ بەئامانجکردنی چەکدارانی داعش لەو وڵاتە، هەروەها هاوێشتنی ئەو مووشەکانە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بووە جێی نیگەرانی".
لەبارەی هاوێشتنی مووشەکە بۆ سووریا، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا بەنیازە جارێکی دیکە مووشەکی کالیبرا ئاراستەی سووریا بکات بۆ ئەوەی پێگەکانی داعش بکاتە ئامانج، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە عێراق و ئێران کردووە کە رێگەی بدەن ئاسمانی وڵاتەکانیان بۆ هاوێشتنی مووشەکە بەکاربهێنێت و بڕیارە ئەمڕۆ عێراق و ئێران بەفەرمی وەڵامی داواکەی رووسیا بدەنەوە.
پێشتر بەهۆی مووشەكەكانی رووسیا كە بە ئاسمانی كوردستاندا تێپەڕین، ماوەیەك هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی داخران و دەیان ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابووروی هەرێمی كوردستان كەوت، ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی كورد لێكەوتەوە.
16/8/2016
شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات سێیەم کۆبوونەوەی خۆیان لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندیدا ئەنجام دا و تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە ئاستی کۆبوونەوەکان بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بەرز بکەنەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدكا) لە سلێمانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕێکخراوەی کوردستانی حزبی کۆمۆنیست و سازمانی خەبات لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندیدا کۆ بوونەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (17/8/2016)، عەتا ناسرسەقزی - ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانیان لە سلێمانی بە (باسنیوز)ی گوت: "کۆبوونەوەکە لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستی حزبەکان بۆ کاری هاوبەش بووە".
ئاشکراشی کرد، ئەگەرچی باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی کۆبوونەوەکان و تەنانەت کۆبوونەوەی لووتکەی ئەو شەش لایەنەش کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا گرفت و جیاوازی هەیە و بڕیاری کۆتایی لای دەفتەری سیاسییە کە ئایا بڕیاری کاری هاوبەش و دروستکردنی بەرەی کوردستانی دەدەن یان نا.
عەتا ناسر سەقزی ئاماژەی بەوەدا کە کەشی کۆبوونەوەکان لەو ئاستەدا ئەرێنییە، بەڵام هەتا ئاستی کۆبوونەوەکان بۆ مەکتەبی سیاسی بەرز نەکرێتەوە، بڕیاری تێدا نادرێت.
لە دوو مانگی ڕابردوودا شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبێ بەشداری پێکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" و پارتی ئازادیی کوردستان "پاک" سێ کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە و بە گوتەی خۆیان هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەک بۆ کاری هاوبەشی سیاسیی و سەربازی دەدەن.
17/8/2016