نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، کە ئەوروپییەکان چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکەن تاوەکو سەربەخۆیی رابگەیەنێت و کاری لەگەڵ بکەن.
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاندووە، کە وڵاتانی ئەوروپا جۆرە سەختییەک لە هەناردەکردنی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە دەبینن، چونکە تاوەکو ئێستا کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە.
دلاوەر ئاژگەیی پێیوایە بۆ رزگار بوون لەو کێشە یاساییانە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی، لیوای تایبەتی سەربازیی دروست بکا، کە مەشق لەسەر چەکە پێشکەوتوو و نوێیەکان بکەن، چونکە ”یەکێک لە هۆکارەکانی نەناردنی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە، لێ ڕا نەهاتنی پێشمەرگەیە لەسەر چەکی رۆژئاوایی“.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش داوە، کە هەوڵ هەیە تاوەکو هاوشێوەی رێککەوتنە سەربازییەکەی لەگەڵ ئەمریکا، کوردستان رێککەوتنێکی سەربازیی لەگەڵ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) واژۆ بکات.
ئاژگەیی پێیوایە کوردستان لە رووی وزەوە، بە تایبەت گازی سرووشتی، ناتوانێ شوێنی رووسیا بۆ ئەوروپا بگرێتەوە، بەڵام ”هەروەک ئەوروپییەکان ئاماژەی پێدەکەن، دەتوانێ بەشی سەرەکیی پێویستیی ئەوروپا لە گازی سروشتی دابین بکات“.
هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، بۆریی گواستنەوەی گازی کوردستان بۆ ئەوروپا، بە نیو خاکی تورکیادا دەڕوات، پێشبینیشی کردووە گازی کوردستانی باشوور لە سەرەتای ساڵی 2019ـەوە بگاتە ئەوروپا.
دلاوەر خالید ئاژگەیی لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، باسی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و پێیوایە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دژی ویستی گەلی کوردستان لە سەربەخۆیی، ناوەستن و رایگەیاندووە، ”ئەوان پێمان ناڵێن بڕۆن سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری جاڕدانی سەربەخۆیی ئێمە دەکەن و کار لەگەڵ واقیع دەکەن“.
ئاژگەیی بە پێویستی زانیوە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکەن لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و هاوشێوەی ئەمریکا، مووچەی بەشێک لە پێشمەرگە دابین بکەن، ”ئەمەش خزمەتێکی گەورە نییە بەرامبەر کوردستان دەکرێ، چونکە پێشمەرگە و کوردستان لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش و تیرۆریستان دەکەن“.
2/8/2016