ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا وڵاتانی دراوسێی تێپەڕاند و گواسترایەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. لە ٢٤ کاتژمێردا بەرپرسانی تورکیا و هۆڵەندا توندترین لێدوانیان لە دژی یەکدا و ژمارەیەک ڕێ و شوێنی دیبلۆماسییان لە دژی یەک گرتە بەر.
دوای ئەوەی حکومەتی هۆڵەندا بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی گشتی ڕێگەی نەدا فڕۆکەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وڵاتەکەی بنیشێتەوە و ڕێگریکرد لە بە شداریکردنی وەزیری خێزانى تورکیا لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لۆبی تورکی و دیپۆرتی ئەڵمانیای کردەوە، حکومەتی تورکیاش باڵیۆزخانە و کونسوڵی هۆڵەندای لە وڵاتەکەی داخست و ڕایگەیاند باڵیۆزى هۆڵەندا پێویست ناکات لە دواى پشووەکەى بگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە.
دوای ئەوە ژمارەیەک هاوڵاتی تورکیا لە بەردەم باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە ئەستەنبوڵ گردبونەوە و ئاڵای ئەو وڵاتەیان هێنایە خوارەوە و بۆ ماوەیەک ئاڵای تورکیایان لە شوێنەکەى بەرزکردەوە.
لە کاردانەوەیەکیشدا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاند، پاراستنی گیانی دیپلۆماتکارەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی تورکیادایە و لەو بارەیە وە سکاڵایان گەیاندووەتە بەرپرسانی تورکیا.
جیاواز لەو ڕێ و شوێنە دیبلۆماسییە دژ بەیەکانە، بەرپرسانی تورکیا و هۆڵەندا لێدوانی دژی بەیەکیشیاندا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر هۆڵەندا بە فەرمى داواى لێبوردنیش لە تورکیا بکات دەبێت باجی هەڵسوکەوتەکانی بدات، وتیشى فێریان دەکەن دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی چییە.
ئەردۆغان وتیشى، ئەو پێی وابوو نازییەت لە ئەوروپا کۆتایی هاتووە بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا خەبەری بووەتەوە. هاوکات ئەردۆغان داواى لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانە سزا بەسەر هۆڵەندادا بسەپێنن.
بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیاش ڕایگەیاند، ئەو هەڵسوکەوتانەی هۆڵەندا قبوڵکراو نییەو بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە.
هاوکات مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی هاوڵاتیانی ولاتەکەی لەشاری میسی فەڕەنسا رایگەیاند، هۆڵەندا لە جیاتی ئەوەی پایتەختی دیموکراتی بێت، بووەتە پایتەختی فاشییەت.
چاوش ئۆغلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ڕێ و شوێنەکانی دژی هۆڵندا تا ئەو وڵاتە پۆزش دەهێنێتەوە، وتیشى تەنانەت پۆزش هێنانەوەش بەس نییە.
لەبەرامبەردا مارک ڕۆتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کە وڵاتەکەى لەگەڵ تورکیادا پێکەوە ئەندامى ڕێکخراوى ناتۆن، تێکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بە قوڵترین کێشە ناوبرد کە ڕوبەڕوی وڵاتەکەی بوبێتەوە.
ڕۆتە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەیانەوێت لەو کێشەیەدا لایەنە ژیرەکە ببن و چیان بۆ بکرێت بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخەکە دەیکەن بەڵام هۆڵەندا ڕێگەنادات بێڕێزی پێبکرێت.
هاوکات لەسەر گرژییەکانی نێوان تورکیا و هۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانى دانیمارک پێشنیازی کردووە، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گەشتەکەی بۆ وڵاتەکەی دوابخات.
فەڕەنساش داوای هێوربونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەندامانى یەكێتیی ئەوروپاى کرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە حاڵەتی نەبونی هەڕەشەی ڕووندا، پێویست ناکات ڕێگری لە کۆبونەوەی جەماری بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داواشی لە تورکیا کردووە واز لە هەڕەشە و پێشلکارییەکان بهێنێت.
13/3/2017