ئاسۆ عه‌بدوللـه‌تیف
هیچ به‌قه‌د چه‌مكی ئازادی گرنگ نیه بۆ مرۆڤ، ته‌نانه‌ت نان به‌بێ ئازادی جۆرێكه له ژه‌هر، سیستم و قه‌واره‌ش به‌بێ روانگه‌ی قوڵی دیموكراسی كاڵایه‌كی سیاسی به‌سه‌رچوه، بۆیه دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات ماكی حوكمڕانیه‌كی ته‌ندروسته كه ده‌توانرێت وه‌ك فۆرمێكی مه‌ده‌نی و فه‌زیله‌تێكی مرۆیی باڵا نوما بكرێت، لێره‌شه‌وه ئازادی و خۆشگوزه‌رانی تاك ده‌سته‌به‌رده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه چوارچێوه گشتیه‌كه‌ی له ده‌وڵه‌تدا چێ ده‌بێت، لێره‌دا ئیشی ئه‌م وتاره نیه قسه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته بكات كه ئایا ده‌وڵه‌تێكی ستهمكارو دیسپۆتیزمه یان ده‌وڵه‌تێكی خۆشگوزه‌ران، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌ڵمان وه‌ك نمونه‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت وه‌ربگرین، هه‌ر سه‌رده‌می نازیزم بۆ خۆی جهللادخانهو كوانوی شه‌ڕو قهراسینهو مه‌قسه‌ڵه‌ی سه‌رپه‌راندن و هه‌ره‌شه بوو له‌سه‌ر جیهان و سه‌رده‌مێكیش ئارام و خۆشگوزه‌ران و دیموكرات و پڕ به‌رهه‌م، لێ چونكه چوارچێوه گشتیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت، وجودی هه‌یه ده‌كرێت گه‌مه به سه‌رده‌مه‌كانه‌وه بكرێت، بۆیه هه‌رگیز ئه‌وه راست نیه هه‌ر له ئێستاوه پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی ئایندهی كوردستان بكرێت وه‌ك تاریكترین و برسیترین ده‌وڵه‌ت كه هێشتا سه‌ره‌تاكانی ده‌رنه‌كه‌وتوون.
ئه‌و سیستم و حوكمڕانیه، یان ئه‌و حیزب و قه‌وارانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئازادی و كرانه‌وه‌و مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن ده‌بێت له‌وه‌ش تێبگه‌ن كه دیموكراسیه‌ت، توێكڵێكی زمانه‌وانی و میدیایی و گه‌ڵته‌جاڕیی نییه، یه‌كێكه له پایه گرنگه‌كانی سیستمی ده‌وڵه‌تداری، ئه‌وه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوو بینیمان له هه‌ندێك وڵاتی وه‌ك" توركیا، ئێران، فه‌ره‌نسا" ده‌ره‌نجامی سێ جۆر سیاسه‌ت و كولتورو جیهانبینی بوو، كه ده‌وڵه‌ت د‌یاریكردبوو، ده‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی خێڵه‌كی و ئاینی و رۆشنگه‌ریی بوو، هه‌مانكات زاده‌ی دیموكراسیه‌ت و سته‌مكاری و نه‌بوونی ئازادیش بوو.
ئه‌گه‌رچی ناكرێت به‌راوردی وڵاتانێكی خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و رێنیسانس و رۆشنگه‌ریی وه‌ك فه‌ره‌نسا بكه‌ین به هه‌ندێ وڵاتی وه‌ك ئێران و توركیا، ئه‌سڵه‌ن بهراوردكاریهكه هه‌ڵه‌یه‌كی میتۆدیه، لێ به‌ساده‌یی ده‌توانین ئه‌و به‌راوردكاریه به‌كاربهێنین بۆ شرۆڤه‌ی دۆخی سیاسی و كولتوری سێ كاراكته‌ری جیاواز، تاوه‌كو تێبگه‌ین جیاوازیه‌كان چین و ئایا ئێمه‌ی كوردیش له‌م په‌ناو پهسێره بچوكه‌دا چۆن ده‌توانین بێ ده‌وڵه‌ت و سیستم و فه‌زیله‌ت گه‌شه‌بكه‌ین، وه ئایا ده‌كرێت ئه‌م قه‌واره كوردیه به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه له‌كاتێكدا هه‌ندێ فه‌زیله‌ت و گه‌شه‌سه‌ندنمان زیاتره له زۆرێك له‌و ده‌وڵه‌تانه.
گرنگه له پێشدا ئه‌وه بزانین ئایا ئه‌وه سیستم و كولتورو فه‌رهه‌نگ و رۆشنگه‌رییه كاراكته‌ر به‌رهه‌م دێنێت، یان ئه‌وه كاراكتهرهكانن سیستم قێزه‌ون ده‌كه‌ن و تێكی ده‌ده‌ن، به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیگه‌رو كه‌سایه‌تیانه په‌یوه‌ندی به چ ژینگه‌و كولتورو جیهانبینیهكهوه هه‌یه، ئایا ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا روو ده‌دات وه‌ك شۆڕش و تازه‌گه‌ری و لابردنی له‌مپه‌ره‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه له به‌رێوه‌بردن و دورخستنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه گه‌وره‌كان له كایه‌ی سیاسی و حوكمرانی و هێنانه پێشه‌وه‌ی ژن و ره‌مز و ئیلیتهكان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ر كاراكته‌ره‌كان نه‌بوون گۆڕیویانه، به‌ڵام ئایا چۆن و به چی گۆڕانكارییان دروست كرد.
فیگه‌رێكی وه‌ك "محمد كه‌بودوه‌ند"ی چالاكوانی مافی مرۆڤ له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌ساڵ ده‌خرێته زیندانی تاریك، دیواری زیندان ده‌كاته میكانیزمی شۆڕش و روپه‌ڕی رۆژنامه، مانده‌گرێت و له‌هۆش خۆی ده‌چێت، له 2007 بۆ 2017 له زیندان مێژوویه‌كی نوێ ده‌نوسێته‌وه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاراكته‌رێكی بێ شوناسه‌و به‌دوای ئازدیدا وێڵه‌و خوازیاره كه‌شفی شتێك بكات، ئه‌م كاراكته‌ره چونكه خۆی ده‌وڵه‌تی نیه‌و له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌ست ده‌چه‌وسێته‌وه شه‌رحی حاڵی كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك ئێرانمان بۆ ده‌كات، كه رهعیله یه‌كه‌مینه‌كانی ده‌وڵه‌تی نوێ، وه‌ك ئیمام خومه‌ینی، كاتی خۆی سودمه‌ندی یه‌كه‌م بوون له فه‌رهه‌نگ و ئازادی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی فه‌ره‌نساو توانیان له‌و وڵاتانه‌وه تیۆریزه‌ی فیكر‌و ئایدیا‌و جیهانبینی شۆرش و كوده‌تا بكه‌ن به‌سه‌ر شای ئێران‌دا له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، ته‌نانه‌ت سودیان له ته‌كنه‌لۆژیای رۆژئاواییش وه‌رگرت، به‌ڵام نه‌یانتوانی بۆ یه‌ك چركه له وڵاته‌كه‌ی خۆیاندا موماره‌سه‌ی به‌هاو میكانیزمه‌كانی رۆژئاوا بكه‌ن، ئێستاش تابێت ویلایه‌تی فهقیهو پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ره‌هبه‌ر له‌به‌رانبه‌ر ره‌وتی ریفۆرمخوازی ساخته‌ی ئیسڵاح ته‌ڵه‌ب، به‌ناوی دیموكراسیه‌ته‌وه ده‌خوازن خۆیان پیشانی ده‌ره‌وه بده‌ن، له‌كاتێكدا باڵی كۆنزه‌رڤاتیڤ و نه‌ریتخواز ده‌یانتوانی زۆر گۆڕانكاری ریشه‌یی بكه‌ن و ئازادی و دیموكراسی باشتر فه‌راهه‌م بكه‌ن، كاتێك كۆی كۆمه‌ڵگایان كردۆته تابۆی خۆیان و چۆنیان بوێت ئاوا گه‌مه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن، بۆیه ئازای و كرانه‌وه‌و ریفۆرم جگه له چیرۆكێكی میدیایی وێرانكه‌ر هیچی تر نیه، بۆیه هه‌زاران كه‌بودوه‌ند هێشتا له زیندانه‌كاندا چاوه‌روانی ئاینده‌یه‌كی تاریكن و هه‌زاران باقرییش ئاماده‌ن بچن ده‌ست بخه‌نه ده‌ستی تورك تاوه‌كو بچوكترین خه‌ونی كوردی نه‌یه‌ته‌دی!
به دیوی توركیادا زیندانیكردنی" سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش" له 4/11/2016ه‌وه تا ئێستا كه هه‌م سه‌رۆك پارتێكی رێگه‌پێدراوه‌و توانیان به‌ربه‌ستی %10ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌رێنن و به ره‌سمی بچنه په‌رله‌مان، هه‌م كوردێكی وێڵه به‌دوای ئازادی وده‌سته به‌ری ماف و كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌یدا، كاتێك به‌بێ هۆكارێكی عه‌قلانی خۆی و 80 سه‌رۆك شاره‌وانی و په‌رله‌مانتار ده‌خه‌نه زیندان، ئه‌وا هیچ مانایه‌ك بۆ ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤ و ده‌وڵه‌تی سته‌مكار نامێنێته‌وه، ئه‌مه به‌رهه‌می غیابی شوناس و ده‌وڵه‌ته، غیابی ئه‌و چوارچێوه ده‌ستوریه‌ی كورده، كه هێشتا نیه‌تی و پێی ره‌وانابینن، ئه‌م وێنه‌و دیمه‌نه جگه له‌وه‌ی ته‌فسیری سیستمێكی تاكڕه‌وی قاسی و فاشیزم بۆ ئێمه ده‌كات هیچی تر نیه، توركیا ده‌توانێت باسی ئازادی و دیموكراسی بكات بۆ توركزمان لێ بۆ كورد بۆی نیه ئه‌م بانگه‌شه‌یه بكات، عه‌ره‌بیش به‌هه‌مان شێوه‌یه له عێراق، ده‌كرێت به توركیا بڵێین كراوه‌و مۆدێرن،لێ بۆ خۆیان، كاتێك ئه‌م ده‌وڵه‌ته داوای چونه ناو خێزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، ئه‌وروپی و رۆژئاواییه‌كان خێرا تێده‌گه‌ن توركیا به‌و بیماریی و سته‌مكاریه‌وه دژی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی كورد ناكرێت بهێننه ناو جه‌سته‌ی خۆیان و بۆردی ئه‌وروپا، له‌به‌ر ئه‌وه له توركیا فیگه‌ری سوڵتان، به‌جارێك سیستمی تێكداوه له‌لایه‌ك گۆرانی ده‌ڵێت و له‌لایه‌ك قورئان، ده‌سه‌ڵاتدارێكی وه‌ك ئه‌ردوغان كه چاوی بڕیوه‌ته كۆمه‌ڵگای ئیسلامی و خۆی وه‌ك به‌دیلی خه‌لافه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی ده‌زانێت، هه‌موو وڵاتی كردووه‌ته پاوانگای خۆی و به دڵی خۆی ده‌ستكاری نۆرم و به‌هاو سیستم و دیموكراسی ده‌كات، ئه‌م ده‌وڵه‌ته خۆی خاڵی بۆته‌وه له مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی دیموكراسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌یان فیگه‌ری دیكه له زیندانه‌وه خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه گۆڕانكاری بخوڵقێنن و كه‌چی سیستم رێگه‌ی ئازادی بیروراشیان بۆ فه‌راهه‌م ناكات، بۆیه جێگای سه‌رسامی نیه كه ئه‌مانیش دژی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی راوه‌ستن، و ئه‌گه‌ر رانه‌وه‌ستن مانایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تی سته‌مكار نامێنێتتهوه.
دواجار ده‌ركه‌وتنی " ئیمانۆیل ماكرۆن" له كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسیدا، دوور له به‌كارهێنانی ئاین و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و ده‌ستله‌پشدانی حیزب و خێزانه شاهانه‌و ئه‌رستۆكراته‌كانی وه‌ك" شاژنی ئه‌لیزێ و بیتینكور و مۆلیزو ئارنۆو داسۆو هالی دیگۆلی، هاته ناو شانۆی سیاسه‌ت و هیچ هێزو ره‌وتێكی چه‌پ و راست نه‌یتوانی به‌ربگرێت به ئیراده‌ی ئه‌م گه‌نجه هه‌ڵكه‌وتووه ته‌كنۆكراته، ئه‌مه ده‌ره‌نجامی سیستم و دیموكراسی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ته، له فه‌ره‌نسا سیستم فیگه‌ری به‌هێزو كه‌سایه‌تی دروست ده‌كات، له وڵاتانی دیكه‌ش (توركیا ئێران) سیستم كه‌سایه‌تی و فیگه‌ره به‌هێزه‌كان ده‌خنكێنێت و باسی ئازادی و دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنیش ده‌كه‌ن، جا باسكردنی دیموكراسی له‌گه‌ڵ ئاین هێنده‌ی تر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن قێزه‌ون ده‌كه‌ن و خاڵی ده‌كه‌نه‌وه له هه‌موو ده‌ره‌نجامێكی جوان و پۆزه‌تیڤ.
بۆیه سه‌یر نیه ده‌وڵه‌تانی وه‌ك ئێران و توركیا راسته‌وخۆ ده‌بنه به‌ربه‌ستی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، باسی ئه‌وه ناكه‌م ئه‌م ده‌وڵه‌ته كوردیه فه‌زیله‌ت و شكۆ‌و خۆشگوزه‌رانی چۆنه‌و چۆن نیه‌و كێ به‌رێوه‌ی ده‌بات، باسی چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستوری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م كه ئه‌وه كرۆكی پرسه‌كه‌یه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر هه‌ندێك كه‌س ئه‌وه‌نه شاره‌زان له خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌و واده‌زانن ده‌وڵه‌تی كوردی ئه‌گه‌ر دروستیش بێت ده‌وڵه‌تێكی گه‌نده‌ڵ و فاشی و بێ سیستم و بێ پرۆژه ده‌بێت، چۆن توركیا‌و ئێران ده‌عمی ئه‌م ده‌وڵه‌ته ناكه‌ن تا كورد به‌ره‌و ئه‌و زه‌لكاوه به‌رن و ئه‌وكات بیسه‌لمێنن بۆ پارچه‌كانی تر مانه‌وه‌یان باشتره تاوه‌كو ده‌وڵه‌تێكی بچوكی فاشی و برسی وه‌كو باشوور، كه‌واته ئه‌و هێزه‌ی له ئێستادا دژ ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ونی ده‌وڵه‌ت، هێزگه‌لێكن له جێكه‌وته‌ی جوگرافی و هه‌ستانه‌وه‌ی رۆحێكی گه‌وره‌و فه‌زیله‌تێكی تازه ئه‌ترسن كه ناوچه‌كه‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوین بگۆڕێت و نه‌خشی ئه‌وان تێك بدات، وه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل خه‌ونی زۆربه‌یانی زڕاندو نه‌خشه‌كه‌ی به‌ته‌واوی گۆڕی و تا ئێستاش وه‌خۆ نهكهوتونهتهوه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده بێمتمانه و جێبڕوای خۆیان نین بانكێكی زامنكراویان هه‌بێت بۆ پاره‌كانیان و ره‌وانه‌ی نه‌كه‌ن بۆ ئه‌مریكا.
27/8/2017