فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ئاكۆ محەممەد

تەنیا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندا نییە، بەڵكو دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لەبەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەكەدایە . یەكێك لەوانەی زۆر سوودمەند دەبێت لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە بەشە كوردستانیییەكەی عێراقدا ، توركیایە . دەوڵەتی كوردستان توركیا لە مەترسییەكی ستراتیژیی گەورە دووردەخاتەوە و، دەوڵەتێك كە دەتوانێت زۆر هاوبەرژەوەندبێت لەگەڵیدا، دروستدەبێت .

دەوڵەتی كوردستان ئێستا جگە لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان ، كۆمەڵێك بەرژەوەندی دیكە لەخۆیدا كۆدەكاتەوە . لەپێش هەموویانەوە دەركەوت ، كوردستان تاكە شوێنی جوگرافیبوو كە دەتوانرا بەئاسانی هاوپەیمانی دژە تیرۆر لەسەر زەویەكەی دابمەزرێت ، لە هەموو سووریا و عێراقدا شوێنێك نەبوو گونجاوبێت بۆ دروستبوونی ئەو هاوپەیمانەیە ،جگە لە كوردستان. ئەگەر كوردستان نەبووایە ئەو هاوپەیمانییە لە ئاسمانەوە نەدەكەوتە سەر زەوی . ئەو مەترسییەی تیرۆر ، بە دروستبوونی داعش دەستیپێنەكردووەو بە تێكشكاندنی داعشیش كۆتایی نایێت . لەوماوەیەشدا دەركەوت كە هەردوو حكومەتی عێراق و سووریا بەو پێكهاتەی ئێستایانەوە ، یارمەتیدەرنەبوون بۆ دروستبوونی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە رۆژئاواییە لەسەر زەویەكەیان. هەروەها حكومەتی عێراق ، نەك هەر یارمەتیدەر نەبوو بۆ هێزی پێشمەرگە بەڵكو زۆرجار رێگریش بوو لە گەیشتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ هێزی پێشمەرگە ، بەڵام پێشمەرگە لەگەڵ ئەو سەختیانەشدا ، بە برستێتیش شەڕی داعشی كرد و تێكیشكاند . بەهێزبوونی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی هاوپەیمانیی رۆژئاوا بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و لە بەرژەوەندی توركیاشدابوو ، چونكە لەهەر شوێنێك پێشمەرگە نەبووبێت ، ئێران و هێزە نەیارەكانی توركیا شوێنەكەیان كۆنترۆڵكردووە .

دەوڵەتی كوردستان لە بەرژەوەندی مانەوەی سووننەدایە لە عێراقدا . نزیكەی نیوەی سوننەكانی عێراق ئاوارەبوونە ، ئەوانەی لەعێراقیشدا ماون ژێرخانی ئابوورییان لەلایەن داعش و هێزە عێراقییەكانەوە تێكدراوە ، ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دانەمەزرێت ، ئەو سوننانەی ماویشن هیچ هیوایەكیان نامێنێت و پەڕاگەندە دەبن ، بەڵام دەوڵەتی كوردستان زۆر هیوابەخشە بۆ بەربەرەكانێی ئەوان لە داهاتوودا بۆ مانەوە لەعێراقدا و بیركردنەوە لەچوارچێوەیەكی سیاسی كە ژیانێكی ئارام و مەدەنیانەی دوور لە تووندوتیژییان بۆ دابین بكات ، نەك رووبكەنە دەرەوەو دروستكردنی رێكخراوی تووندوتیژی دیكەی وەك داعش . ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دروستنەبێت ، سوننەكان تووڕەیی خۆیان لەدەربەدەری و باڵادەستبوونی شیعە بەسەر دەسەڵاتی عێراق و ناوچە سونییەكانی عێراقدا ، بە ئەمریكا و رۆژئاوا و توركیا و وڵاتانی عەرەبیی كەنداودا دەڕێژن .

دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە بەرژەوەندی توركیادایە ، لەبەرئەوەی دەوڵەتێك كە بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ توركیادا هەیە دەبێتە دراوسێی توركیا ، ئەگەرنا ئەو میلیشیانە دەبنە دراوسێی توركیا ، كە ناكۆكییان لەگەڵ هەبوونی توركیاشدا هەیە . میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا بنكەیان لە موسڵ و هەموو ناوچە سوننییەكانی دیكەی عێراق داناوەو ، هەروەك سوننەكانی عێراق خۆیان دەڵێن ، ئەو میلیشیانە و حیزبە شیعییەكان بۆ بەشیعەكردن هاتوونەتە ئەو ناوچانە و لێشی دەرناچن ، ئەگەر سوننە نەبێتە خاوەن هێزێكی بەپشتوپەنا . ئەگەر ئەوەنەبێت سوننە بە تووندوتیژییەكی دیكەی لەشێوەی داعشدا خۆی دەردەخاتەوە لەبەرامبەر داگیركاریی شیعەدا .

نەتەوەی دووەمی دەوڵەتی كوردستان ، توركمان دەبن . توركمان لە دەوڵەتی كوردستاندا ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەبێت ، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوامبێت ، شیعە زۆربەیان لەنێو ناسنامەی ئایینزایی شیعەدا لەعێراقدا ، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان وندەكەن و توركمان بەقەبارەی بچووكی خۆیەوە لەتدەبێت ، ئەو لەتبوونەش تەنیا لەنێوچوونی توركمانی بەدوادا دێت .

دەوڵەتی كوردستان رێگەی فرۆشتنی نەوت و بازرگانییەكەی لەگەڵ توركیادا دەبێت . بەڵام عێراق رێگەی فرۆشتنی نەوتەكەی بەسرە و، هیلالی شیعی لە سووریا و ئێران دەبێت . ئێستا هەرێمی كوردستان سێیەمین بازاڕی توركیایە لە جیهاندا بۆ كاڵاكانی ، بەڵام حكومەتی عێراق دەیەوێت نەوتی كەركووك و هەموو هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە ببەستێتەوە . تێكدانی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ، ئامانجێكی ستراتیژییە بۆ ئێران ، بۆ گرێدانی ئەو ناوچەیە لەڕووی ستراتیژییەوە بە ئێرانەوە . كە هەر بۆ نموونە بەرپرسانی ئێران چەند جار بە ئاشكرا رایانگەیاندووە ، بۆچی هەرێمی كوردستان ئەو بازرگانییەی لەگەڵ توركیا دەیكات لەگەڵ ئێران نایكات .

بەهێزی پێگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا لە بەرژەوەندی ئارامی ناوچەكەدا بووە . بەهێزبوونی ئەو پێگەیە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتری هەمووان لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەكەدایە ، كە توركیا زیاتری هەمووان پێویستی بەو سەقامگیرییە هەیە . بارزانی خاوەن قسەیەكی بیستراوە لەنێو بەشێكی زۆری كورد لە توركیا ، هەبوونی پەیوەندییەكی بەهێزی حكومەتی توركیا لەگەڵ بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زۆر بەسوود شكاوەتەوە بۆ سەرۆككۆمار و پارتی داد و گەشەپێدان ، چونكە هەمیشە ئەو كوردانەی دەنگیانداوەتە پارتی داد و گەشەپێدان ، بەشێكی ئەو دەنگدانەی خۆیان بەستووەتەوە بەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەندییەكی بەهێز و دۆستانەیان لەگەڵ بارزانی و حكومەتی كوردستاندا هەیە ، ئەگەر ئەو پەیوەندییە نەمێنێ ئەو دەنگانەی پارتی داد و گەشەپێدان لەنێو كورددا لەتوركیا پەرتدەبن . ئەوەش دیارە ئەگەر لە دوو هەڵبژاردنی دوواییدا دەنگی كورد نەبووایە ، دەنگەكانی پارتی داد و گەشەپێدان و گۆڕینی دەستووری توركیا بەشێوەیەكی دیكە دەبوون . هەروەها دەوڵەتی كوردستان دەتوانێ ببێتە مایەی سەقامگیرییەكی زیاتریش بۆ توركیا ، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان .

25ی مانگی ئەیلوول گشتپرسی لەسەر چارەنووسی كوردستان دەكرێت لە عێراقدا . گشتپرسی پرۆسەیەكی گەلێری ناوخۆییە و بۆ زانینی بڕیاری خەڵكی كوردستانە ، بەڵام دروستكردنی دەوڵەت پرۆسەیەكی سیاسی و نێودەوڵەتییە و پێویستی بە ئامادەكاری نێوخۆیی و زەوینەسازی دەرەكییە . لەبەرئەوەش ئەو پرۆسەیە درێژدەكێشێت ، بۆیەش پێویست ناكات ، نە خەڵكی كوردستان و نە دەوڵەتانیش لەوباوەڕەدابن كە رۆژی 26ی ئەیلوولیش دەوڵەتی كوردستان دروستدەبێت .

28/8/2017

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان