قادر ئەلیاسی
تا رۆژی پێنجشەممە، ٢٠١٨/٨/٢ خەڵاتی فێڵدز بۆ زۆربەی گەلی کورد ناوێکی نەناسراو بوو. بە بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بیرمەند و زانای کورد، کۆچەر بیرکار لە شاری ریودووژانیرۆی پێتەختی وڵاتی برێزیل، کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوە و لە ناوخۆی وڵات بەرەبەرە بەو هەواڵە دڵخۆشکەرە گەشانەوە و بەو خەڵاتە شیاوە ئاشنا بوون. ناشوکری نەبێ، کورد تا رۆژگاری ئەمڕۆ لە وڵاتە دابەشکراوەکەی خۆیدا لە باتی خەڵات، قەڵاچۆ کراوە. هەموو کاتێک لە باتی ئەوەی چاوی لە خەڵات و بەرات و دەستخۆشانە بووبێ، بەردەوام بیری لای کارەسات و کۆمەڵکوژی بووە. بۆیە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی خەڵاتی فێڵدز و بەرگوێ کەوتنی ناوی کۆچەر بیرکار، ئەوسا راگەیەنەرە کوردییەکان کەوتنە رووماڵکردنی بابەتەکە و گرینگییان پێدا.
پێشینەی ئەم خەڵاتە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ چ کەس یان چ ناوەندێک بیریان لە دانی ئەم خەڵاتە کردۆتەوە؟
وێڕای پیرۆزبایی لە دوکتۆر کۆچەر بیرکار لە مەڕ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەچمە سەر مێژووی خەڵاتی فێڵدز و بە پێی توانا زانیاریی پێویست لەو بارەوە دەخەمە بەرچاوی خوێنەران:
سەرەتا لە ناوی فێڵدزەوە دەست پێدەکەم. جۆن چارلز فێڵدز john Charles Fields لەدایکبووی ١٤ی مای١٨٦٣ی شاری هامیلتۆنی وڵاتی کانادایە. فێڵدز دوای تەواوکردنی دەورانی خوێندنی سەرەتایی تا ئامادەیی، ساڵی ١٨٨٤ لە زانکۆی تۆرۆنتۆ بڕوانامەی پێش دوکتورای وەرگرت و بۆ درێژەی خوێندن رووی کردە زانکۆی جانزهاپکینز لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دوکتۆرا لە ١٨٨٧، دوو ساڵ لەو زانکۆیە دەستی بە وانەوتنەوە کرد. لە بەر ئەوەی هەستی دەکرد لە ئامریکا و کانادا وانەی بیرکاری بەو شێوەیەی پێویستە، گرینگیی پێنادرێ، خۆی گەیاندە ئورووپا. ماوەی ١٠ ساڵ لە ئورووپا مایەوە و پاش ئاشنابوون لە گەڵ زۆربەی زانایانی بواری بیرکاری لەو دەڤەرەدا وەک؛ کلین، فرینیوس، ڤیرشتراس، فوکس و هێنسێل و کۆکردنەوەی تۆشەبەرەیەکی باش لەو زانستە بە گشتی و بەشی جەبر بەتایبەتی، گەڕایەوە کانادا و ساڵی ١٩٠٢ لە زانکۆی تۆرۆنتۆ وەک مامۆستا دەستی بە وانەوتنەوە کرد.
بۆ ئەوەی لە وڵاتی کانادا زانستی بیرکاری بایەخی پێبدرێ، د. فێڵدز دەوڵەتی ئەو وڵاتەی رازی کرد کە ساڵانە ٧٥٠٠٠ دۆلاری کانادایی وەک بوودجەی تایبەت بۆ بیرکاری تەرخان بکا. ئەم پارەیە بە بەراورد لە گەڵ ئەو کاتە کە مووچەی مامۆستایەکی زانکۆ لە ساڵدا دەیکردە ١٠٠٠ دۆلار، پارەیەکی