رەزا شوان
(خەرمـانلۆغە) یەکێکە لە بیرەوەرییە شیرینەکانی تافی منداڵیم، نەریتێکی کوردەواریی خۆشی منداڵانی کورد بوو. لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو منداڵ بووم، ماڵـمان لە دێـی "گۆگـجە" لە ناوچەی شـوانی سەر بە پارێـزگـای کەرکـووک بوو.
هاوینان جووتیارەکانی دێیەکەمان کە بە داس دروێنەی گەنم و جۆیان دەکرد، رۆژانە بە شەغـرە، بە گوێدرێژ و هێستر دروێنەکانیـان دەگواستنەوە بۆ شوێنی خەرمانەکـانیان کە زۆر نـزیک بوون لە ماڵەکانی دێیەکەمانەوە. کە دروێنە تەواو دەبوو، نۆرەی گێرەکردن و کوتانی خەرمان بە جەنجـەڕ دەهـات کە جـووتێ گوێدرێـژ یا هـێستر رایـان دەکێشا.. گەورەکان ئێمەی منداڵانیشیان سواری جەنجەڕ دەکرد.. خۆشییەکی زۆرمان لە سواری ولە خولانـەوەی جەنجەڕدا دەبینی.. جەنجەڕ قرشەی خەرمانەکانی دەبڕین و وردی دەکـرد.. پێیان دەوت پاخـوڕ.. دوا قۆناغی کوتانیش وردە کوت بوو.
دوای کوتـان، نۆرە شەنکـردن دەهـات، کە قرشەی خەرمانەکانیان وردەکوت دەکـردن، خاوەنی خەرمانەکان، چاوەڕێی هەڵکردنی (بـای شەمـاڵ) یان دەکرد، کە بایەکی فێنک و لەسەرخۆیە.. بۆ ئەوەی شەن بکەن، بە شەنکردن بای شەماڵ کایەکەی لە دانەوێڵەکە دور دەخستەوە، چونکە کا لە دانەوێڵە سووکترە.. بەم شێوەیە گەنم و جۆیەکانیان لە کا پاک دەکـردەوە، بە ئەو گەنـم و جـۆیە پاک کـراوەیان دەوت جـێز.. دوایش گەنم و جۆ پاک کراوەکەیان لە سەرن و بێژنگ دەدان، تا لە بـەرد و لە زیـوان و لە شـتی تـر پاکی بکەنەوە، ئینجا بە قـزناخ دەیان پێوان تا بزنن، تۆوەکەیان یەک و چەنـدی بڕیـوە، واتە هەر تەغـارێک کە تۆویان کردوون چەند تەغـاری بڕێوە، ئەمەش بەپێی هات و نەهاتی ئەو سـاڵە بووە، ئەگـەر ئەو سـاڵە بـارانی بـاش بباریبـایە و ژەنگ و کوللـە و سـن لە دەغلەکانیانی نەدایـە، ئەوە ساڵێکی هـات بووە و هـەر تەغـارێک یەک و دە تا یەک و پانگـزەی دەبڕی.. ئەم رێژەیەش بە پێی ناوچەکانی کوردستان دەگـۆڕان، ناوچە هەبوو یەک و سی و یەک و چل تا یەک و پەنجاشی بڕیوە.. بە تایبەتیش ناوچەی قەراج.
دێینە باسی سەربەسەکەمان (خەرمانـلۆغە) ئێمەی منداڵانی دێیەکەمان، هـەر کومەڵێکی هاوتەمانی یەکتری یەکمان دەگرت، هەر یەکەمانقاپێکی گەورە یا توورەکەیەکی خامان دەگرتە دەسـتەمانەوەو دەچـووین بۆ ئـەو خەرمـانەی کە گـەنم و جۆیـەکەی بە تەواوی پاک کرابـوونەوە.. بە روویـەکی گـەش و بە زەردەخـەنەوە بە خـاوەنی خەرمانەکەمـان دەوت:"خەرمـان بەرکـەت" چۆنیـیەتی وەڵامـدانەوەی"خەرمـان بەرەکـەت"ەکەمـان، پەیوەندی بە بەرچاوتێری و بەرچاوتەنگی خـاوەن خەرمانەکانەوە هەبوو.. گەر خاوەن خەرمان بەرچاوتەنگ بوایە، وەڵامی خەرمان بەرەکەتەکەی نەدەداینەوە و بە تووڕەیی و گرژییەوە، پێمانی دەوت:"ئێوە دوابڕاوێکن، بەشی ئێوەی لێبدەم