کاردۆ کەمال
لە 22ی حوزەیراندا ئەندامانی ئۆپێك بە سەرۆكایەتی سعودیە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێك بەسەرۆكایەتی رووسیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد بكەن كە دەبێتە زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی جیهان بەڕێژەی 1%. زیادبوونەكەش بەشێوەیەكی پلەبەندی بێت تاوەكو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بازاڕ نەبێت.
بڕیاری زیادكردنی خستنەڕووی نەوت لەدوای كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هات لەلایەن هەریەكە لە ڤەنزوێلا و ئێرانەوە، لەدوای كۆبوونەوەكەی ئۆپێكیش نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كرد، ئەمەش بووە مایەی پرسیاری بەشێكی زۆر لە بازرگانان كە چۆن دەبێت لەكاتێكدا ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكات، نرخی نەوت بەرزبێتەوە؟
لەڕاستیدا چەند فاكتەرێك هەن كە بوونەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەگەرچی ئۆپێك بڕیاری زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی دا بە بڕی یەك ملیۆن بەرمیل، بەڵام لەڕاستیدا تەنیا 500 تا 600 هەزار بەرمیل ئامادەیە كە لە مانگی داهاتوودا بخرێتە بازاڕەوە و هەریەكە لە ئێران و نەیجیریا و لیبیا و جەزائیر كێشەیان هەیە لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، قەیرانەكانی هەریەكە لە ڤەنزوێلا و لیبیا و ئەنگۆلا بڕی 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە بازاڕدا كەمكردووەتەوە، ئەمەش خزمەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی كرد و بووە هۆكارێك بۆئەوەی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بگاتە ئاستی 79 دۆلار. كێشە جیۆسیاسییەكان بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری لە بازاڕی نەوت، بەتایبەتیش داواكاریی ئەمریكا لە وڵاتان كە كڕینی نەوت لە ئێران تا مانگی نۆڤەمبەر كەم بكەنەوە و دواتریش بەهیچ شێوەیەك نەوت لە ئێران نەكڕن، ئەمە بووە هۆكاری دروستبوونی ناسەقامگیرییەكی زۆر نەك تەنیا لە خستنەڕووی نەوتدا، بەڵكو لە گەیاندنی نەوت بە كڕیاران و دروستبوونی گۆڕانكاری لە تێچووی گواستنەوەی نەوتدا.
فاكتەرێكی دیكە كە بووە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتییە لە ئاستی پابەندبوونی ئەندامانی ئۆپێك بە رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، ئەگەرچی ئەندامانی ئۆپێك رێككەوتن لەسەر زیادكردنی خستنەڕووی نەوت بە بڕی نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام پێش ئەو بڕیارە، رێژەی پابەندبوونی ئەندامانی ئۆپێك بە رێككەوتنەكەوە گەیشتبووە 147% هەربۆیە لە دوای بڕیاردان بە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان رێژەی پابەندبوونەكە لە 147% ەوە بۆ 100% دادەبەزی. ئەگەرچی رێژەكە دادەبەزێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەندامان بە رێژەی 100% پابەندی رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانن، ئەمەش پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی كرد.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزە، توانای ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە هێشتا كاریان پێ نەكراوە و بەڵام لە ناكاودا دەتوانرێت بخرێنە كار، 4.3 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا.
لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكرێت كە بڕی ئەم یەدەگە كەمببێتەوە، بەتایبەتیش كە ئێستا ئەندامانی ئۆپیك كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەكەن، سعودیە پلانی هەیە كە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 10.8 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش پڕكردنەوەی خواستی كڕیارانی نەوت دەگەیەنێت بەڕێژەی 40%.
هەنگاوێكی لەم شێوەیەی سعودیە، رێگری لە ئۆپێك دەكات كە نەتوانێت جارێكی دیكە بڕیار لە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بدات، لەگەڵ زیادكردنی گوشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و ڤەنزوێلا، سعودیە سوودمەندی یەكەم دەبێت لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ڤەنزوێلا بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی رەوشی دارایی ئەو وڵاتە رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر ببێت و كرێكارانی شارەزای كەرتی نەوت ئەو وڵاتە جێبهێڵن و ببنە پەناخواز و ئاوارە لە وڵاتانی دیكە، ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ئاستی توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ڤەنزوێلاوە بەڕێژەی 40%.
لەلایەكی دیكەوە خراپیی رەوشی لیبیا هۆكارێكی كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش بە دەرفەتێكی دیكە دادەنرێت بۆ سعودیە كە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی بەرز بكاتەوە.
لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەند جارێك بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایانگەیاند، ئەمریكا بە تەنیا كار لەسەر گەڕانەوەی گەمارۆكان بۆ سەر ئێران ناكات، بەڵكو كار لەسەر دابڕینی ئێران دەكەن لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەمریكا كار لەسەر بڕینی سەرچاوەكانی داهاتی ئێران دەكات و رێگری دەكات لە چوونە ناوەوەی پارە بۆ ناو ئەو وڵاتە، تا ئەو كاتەی ئێران وای لێدێت دەستدەكات بە بەكارهێنانی یەدەگی بیانی، لەگەڵ كەمبوونەوەی یەدەگی ئەو وڵاتەش تمەنی ئێرانی رۆژ لەدوای رۆژ بەهاكەی دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە و گرانبوونی نرخی كاڵاو شمەك كە ئەمەش هەر لە ئێستاوە بووەتە هۆكاری تووڕەیی و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە ئێران.
لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا لەگەڵ راگرتنی كڕینی نەوت لە ئێران، خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئێرانەوە بە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل كەمدەكات، ئەوكات كێشەكانی ناوخۆی ئێران قووڵتر دەبنەوە، بەم شێوەیەش ئەمریكا لەڕێی گەمارۆكانەوە رەوشی ئابووری و سیاسیی ئێران تێكدەدات.
سەبارەت بە نرخی نەوتیش كە رۆژی هەینی رابردوو یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە ئاستی 78.85 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرا، بانك ئۆف ئەمریكا پێشتر پێشبینیكردبوو لە چارەگی دووەمی ساڵی داهاتوودا نرخی برێنت بگاتە 90 دۆلار و UBS پێشبینیدەكرد لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگاتە 80 -85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، هەردوو بانكەكەش پشتیان بە توانای بەرهەمهێنانی وڵاتان بەستبوو لە پێشبینییەكانیاندا، بەڵام ئەوەی كە بووەتە داینەمۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت گەشەكردنی خواستە لەسەر نەوت.
بەپێی پێشبینییەكانی ئۆپێك، لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵدا خواست لەسەر نەوت بەرزدەبێتەوە بۆ 99.42 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا و لە چارەگی چوارەمی ئەمساڵیشدا دەگاتە 100.25 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
6/7/2018