فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

56856Image1

 

ئێران دەڵێت گرووپی حەماس بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل تەنیا لە 3% توانای سەربازی خۆی كەڵكی وەرگرتووە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقایی رایگەیاندووە، ئێران لە هەموو بژاردەكان بۆ پێشگرتن لە درێژەكێشانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر شاری غەزە كەڵك وەردەگرێت.

راشیگەیاندووە، كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان، حەماس لەكاتی دەستپێكردنی ئەو شەڕەدا، لە 3 لەسەدی توانای سەربازی خۆی كەڵكی وەرگرتووە و هێشتا 97 لەسەدی تواناكەی خۆی لەو بارەوە بەكار نەهێناوە.

بەگوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، كۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راگرتنی ئەو شەڕە و بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەكان هەوڵە دیپلۆماسییەكانی خستووەتە گەڕ.
لەو شەڕەدا كە زیاتر لە 20 رۆژە دەستیپێكردووە، زیاتر لە هەزار فەڵەستینی و 44 ئیسرائیلی كوژراون.

27/07/2014

 

 

danishtn2672014-b

 

به‌مه‌به‌ستی وتووێژکردن له‌سه‌ر ئاماده‌کاری بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان هه‌ریه‌که‌ له‌ ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس هه‌ریه‌که‌ له‌ داودئۆغلۆ و جۆن کیری له‌ پاریس کۆبوونه‌وه‌ به‌ڵام جۆن کیری به‌شێوه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر داودئۆغلۆ دانیشتبوو که‌ بووه‌ته‌ هۆی توڕه‌کردنی هاوڵاتیانی تورکیا و به‌ سووکایه‌تیکردنێک به‌رامبه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان ده‌یبینن.

میدیاکانی تورکیا وێنه‌ی ئه‌مڕۆی کۆبوونه‌وه‌که‌ی نێوان داودئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا و جۆن کیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆی توڕه‌کردنی هاوڵاتیانی تورکیا له‌وانه‌ سایتی حورییه‌تی تورکی نووسیویه‌تی "ئه‌م دانیشته‌ قه‌یران دروست ده‌کات " ، سایتی میللییه‌تیش ئاماژه‌ی بۆ پێڵاوه‌کانی جۆن کیری کردووه‌ و ده‌ڵێت" نامه‌یه‌کی ساده‌ ".

سایتی رادیکاڵیش نووسیویه‌تی زمانی جه‌سته‌ی دانیشتنه‌کانی جۆن کیری و داود ئۆغلۆ ده‌بێته‌ جێگه‌ی باس و خواس.

سایتی حورییه‌ت له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌یدا چه‌ند وێنه‌یه‌کی تریشی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مریکا به‌جۆره خۆبه‌گه‌وره‌زانینێک و که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی به‌رپرسانی تورکیا هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌.

له‌وانه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ی ساڵی 2012-ی نێوان ئه‌ردۆغان و ئۆباما که‌ له‌وکاته‌دا کۆشکی سپی وێنه‌یه‌کی ئۆبامای بڵاوکرده‌وه‌ له‌کاتی په‌یوه‌ندیکردنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان دارێکی به‌یزبۆڵی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

وێنه‌یه‌کی تریشی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ کاتی سه‌ردانه‌که‌ی بولێنت ئه‌جه‌وید سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتری تورکیا له‌ ساڵی 1999 بۆ لای بیل کلینتن که‌ له‌ ئۆفیسی ئۆڤال گیراوه‌ .

27/07/2014

jhaja

 

كوردانی جەبەل ئەلئەكراد لە لازقییە گلەیی ئەوە دەكەن كە چۆن پێشتر لەلایەن حكومەتی سووریاوە چەوسێندراونەتەوە ، ئێستاش لەلایەن گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە زۆردارییان لێدەكرێت و پشتگوێخراون.

لەڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە

جەبەل ئەلئەكراد خاوەن شوێنێكی جوگرافیی زۆر گرنگە بۆ حكومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن ، چونكە دەكەوێتە نزیك گوندی قرداحە (گوندەكەی بنەماڵەی ئەسەد) و، لەبەرئەوەی دەڕوانێتە سەر شەقامی سەرەكیی حەلەب و لازقییە و، دەڕوانێتە سەر دەشتی غاب كە زۆرینەی دانیشتووانی شیعەن ، هەر لایەنێك دەست بەسەر جەبەل ئەلئەكراددا بگرێت ، دەتوانێ بە تەواوی دەست بەسەر ساحلی سووریدا بگرێت ، بەهۆی بەرزی شوێنەكەیەوە .

ژمارەیەك گوندی كوردی لەو ناوچەیە هەن ، كە تاوەكو پردی شغور لە ئدلب درێژ دەبنەوە. هەروەها لەبەرئەوەی جەبەل ئەلئەكراد دەگاتەوە ئەسكەندەروون و كورداخ لە ناوچەی عەفرین ، لەبەرئەوەش بەپێی نەخشەیەك كە مێژوونووس و كوردناسی رووسی نێودار میخائیل سیمۆنۆڤیج لازاریف لە لێكۆلینەوەیەكدا كە ساڵی 1983 لە رۆژنامەی (پراڤدا)ی رووسیادا بڵاویكردەوە، دەڵێ ئەو ناوچەیە بەشێكە لە خاكی كورد و بەشێكە لە هەرێمی كوردی لە سووریا .

هەروەها یەكێك لە بەنێوبانگترین قەڵاكانی سەلاحەدین لەو ناوچەیەیە ، كە قەڵایەكی بەردینی زۆر سەرنجڕاكێشە ، بۆیەش لەلایەن رێكخراوی زانست و هونەری سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (یونسكۆ) ، خراوەتە لیستی ئەو شوێنەوارانەوە كە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت .

هاوهەڵوێستی لەگەڵ راپەڕینی رۆژئاوای كوردستاندا

كوردانی ئەو ناوچەیە هەستی كوردییان هێشتا زۆر بەهێزە و شانازی بە كوردبوونیانەوە دەكەن . لەكاتی راپەڕینی 12ی ئاداری 2004دا لە رۆژئاوای كوردستان و ئەو كۆمەڵكوژی و رەشبگیرییەی بەرامبەر خەڵكی قامشلۆ ئەنجامدرا ، خەڵكی گوندە كوردنشینەكانی ناوچەی جەبەل ئەلئەكراد لە لازقییە رژانە سەر شەقامەكان و كۆمەڵكوژییەكەیان پرۆتستۆكرد.

ئێستا هەمان دۆخ بەسەر كوردانی جەبەل ئەلئەكراددا هاتووە و كەوتوونەتە بەر هێرشێكی بەربڵاو ، خەڵكی گوندەكانی : بابنا، جەنكیل ، بەككاس ، دفیل ، شێرقاق و مەشرقییە لە گوندەكانیان دەركراون .

خەڵكی كورد لەو ناوچەیەدا بەشدارییەكی بەرچاویان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەدا گێڕا كە بەرامبەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستیانپێكردووە لە ئاداری 2011ەوە لە سووریا .

هەروەها لە رووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكاندا ، جەبەل ئەلئەكراد، بووە شوێنێكی گرنگ بۆ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن ، بەهۆی هاوكاری خەڵكی ناوچەكە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا ، هەروەها بەهۆی بەشداری خەڵكی ناوچەكە لە چەند كەتیبەیەكی چەكداریدا لەو شەڕانەدا كە بەرامبەر سووپای دەوڵەتی سووریا ئەنجامدران .

كەتیبە كوردییەكانی ناوچەكە لە ژوورێكی چالاكیدا یەكیانگرت بەناوی (ژووری هاوئاهەنگی و مەشق و فەرماندەییكردنی چالاكییە سەربازییەكان ، بە فەرماندەیی مالك كوردی) .

هەروەها ئەحمەد بەكور ، فەرماندەی مەیدانیی (بزووتنەوەی رزگاریخوازانی شام) لە ناوچەی جەبەل ئەلئەكراد، گلەیی لە دەستەی ئەركانی سوپای ئازاد كرد ، كە هیچ هاوكاری كەتیبەكانی جەبەل ئەلئەكراد ناكات و رایگەیاند " ئێمە هیچمان نییە جگە لە چەكی تاكەكەسیی خۆمان ، ئەوەش بەشی رووبەڕووبوونەوەی رژێم ناكات ، چونكە ئەوە جەنگی سوپاكانە "، هەروەها گوتیشی " ئەوە ساڵێكە هیچ چەك و تەقەمەنییەك نەدراوەتە ئێمە".

بەڵێنێك لە دیمەشقەوە

دوێنێ یەكێك لە كوردانی جەبەل ئەلئەكراد ، پڕۆژەیەكی حكومەتی بەشار ئەسەدی بۆ دانیشتووانی جەبەل ئەلئەكراد ئاشكراكرد ، تێیدا دەڵێت دوای ئەوەی هێزەكانی بەشار ئەسەد نەیانتوانی دوای چەندین هێرش ، دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرن و نەیتوانی دەستیش بخاتە نێو فەرماندەیی و سەركردایەتی جەبەل ئەلئەكرادەوە، حكومەتی سووریا لە رێگەی ئێرانەوە پڕۆژەیەكی بۆ چەكدانان و چوونەوەی هێزەكانی سووپا بۆ ناوچەكە داوەتە خەڵكی ئەو ناوچەیە و رێگە بدەن بنكەیەكی سەربازیی ئێرانی – رووسی لە ناوچەكەدا دروستبكرێت ، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ئەسەد ئامادەیە ئەو شتانە بۆ خەڵكی ناوچەكە بكات:

1-وەزارەتێك بداتە خەڵكی جەبەل ئەلئەكراد ، ئەوەش دەبێتە یەكەم وەزیری خەڵكی ئەو ناوچەیە بەدرێژایی مێژووی كۆماری سووریا .
2- ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی دەركراوەكان .
3-حیسابكردنی هەموو كوژراوانی ناوچەكە بە شەهیدی دەوڵەتی سووریا و ، بەوشێوەیەش مامەڵەكردن لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانیان .
4-دیاریكردنی دوو كورسی پەرلەمان بۆ خەڵكی جەبەل ئەلئەكراد.5-ئازادكردنی هەموو گیراوانی ناوچەكە .
6- دامەزراندنی خەڵكی ناوچەكە لە دەزگا حكومییەكاندا .

ئەو كوردە كە ناوی (حەمدی شەریف)ە، دەڵێ پاش ئەوەی هەموو لایەك لە عەرەب و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەشێوەیەكی زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئەوان كرد ، لەوانەیە لەو پڕۆژەیە بچنە پێشەوە ، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن و گرووپە چەكدارەكان هەڵوێستیان بەرامبەر ئەوان راستنەكەنەوە.

كوردانی ئەو ناوچەیە گلەیی ئەوە دەكەن كە لایەنە كوردییەكانیش ئەوانیان پشتگوێخستوون و هیچ بایەخێكیان پێنادەن .

27/07/2014

bvsp8qbu2772014bb

 

دوای تەواوبوونی وادەی دیاریی كراوی ئاگربەستەكەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حكومەتی ئیسرائیل، حەماس سێ موشەكی ئاراستەی ناوچەیەكی ئیسرائیل كرد.   كاتژمێر 8 ئێوارەی ئەمڕۆ وادەی ئاگربەستە 12 كاتژمێرییەكەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حكومەتی ئیسرائیل كۆتایی هات و بەتەواوبوونی ئەو وادەیە حەماس سێ موشەكی بەئاراستەی ناوچەیەكی نیشتەجێی ئیسرائیل تەقاند، بێئەوەی زیانی گیانی لێبكەوێتەوە.   بەرپرسانی ئیسرائیل لەهەوڵی درێژكردنەوەی وادەی ئاگربەستەكەدا بوون بۆ 4 كاتژمێری دیكە، بەڵام حەماس بەتەقاندنی ئەو سێ موشەكە هیچ بوارێكی بۆ وتوێژ لەبارەی درێژكردنەوەی وادەی گرێبەستەكە نەهێشتەوە.  سوپای ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كردەوە كەپێشتر داوای لێكردبوون ناوچەكە چۆڵبكەن و نەگەڕێنەوە، ئاگادارییەكەش بۆ دوای وادەی ئاگربەستەكەبوو، "هەركەس لەو ناوچانە بێت كە حەماس بۆردومانی دەكات ئەوا ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە".    حكومەتی ئیسرائیل رەزامەندی پیشاندا لەسەر درێژكردنەوەی وادەی ئاگربەستەكە بۆ ماوەی 4 كاتژمێری دیكە تا دەرفەت لەبەردەمی ئیسرائیل بڕەخسێت داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات وادەی ئاگربەستەكە بۆ 24 كاتژمێر درێژبكرێتەوە.  وادەی ئاگربەستەكە لە كاتژمێر 8 بەیانی ئەمڕۆ تا 8 ئێوارە بوو تا بەهۆیەوە كۆمەكی پزیشكی بگەیەنرێتە دانیشتوانی فەلەستین، هەروەك لە ماوەی ئاگربەستەكەدا تەرمی زیاتر لە 100 هاوڵاتی فەلەستین لەناوچە مەترسیدارەكان هەڵگیرانەوە كە لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی بۆردومانی خەستی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل بەجێ مابوون.

27/07/2014

zerebatr

 

قایمقامی مەریوان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "ئێوارەی رۆژی هەینی 25-7-2014 دوو گەنجی مەریوانی، کە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ گرتنی ماسی بە کەڵک وەرگرتن لە چووپی ئۆتۆمبێڵ چووبوونە ناوەڕاستی دەریاچەی زرێبار، دوای ئەوەی چووبەکەیان هەڵگەڕاوەتەوە و بە هۆی ئەوەی مەلەیان نەزانیوە، خنکاون."  محەممەد فەلاحی، قایمقامی مەریوان ئاژەی بەوە کردووە، کە " یەک کاژێر دوای ئەو رووداوە تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە تەرمی ئەو دوو گەنجە لە ئاو بهێننە دەرەوە".  بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی پزیشکی دادی پارێزگای سنە، لە 4 مانگی رابردوودا تاوەکو ئیستا، 7 کەس لەو پارێزگایە بە هۆی خنکان لە نێو ئاودا گیانیان لەدەستداوە.

26/07/2014

kordan

 

پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بەردەوامە و لە ئەمریکاش بەو بۆنەیەوە گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە شاری ناشڤیلی پایتەختی ویلایەتی تێنێسی ئەمریکا ، بەسەدان کورد گردبوونەوە و بە گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی راگەیاند.

گردبوونەوەکە لەبەردەم باڵەخانەی فیدڕالی لە سەنتەری شارەکە ئەنجامدرا و ئاڵای کوردستان سەرتاپای گردبوونەوەکەی داپۆشی.

شاری ناشڤیل بە کوردستانی بچووک ناسراوە، بەهۆی ئەوەی رەوەندێکی زۆری کورد لەو شارە نیشتەجێن ، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و نیشتەجێکردنی ئەمریکیش، زۆرترین رێژەی کورد لەو شارە نیشتەجێن.

لەدوای رووداوەکانی 10ـی مانگی حوزەیران و کۆنترۆڵکردنی کەرکووک و بەشێکی زۆری ناوچە دابڕێنراوەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە ، دەنگی سەربەخۆیی باشووری کوردستان زیاتر لە جاران بەرزبووەتەوە و هاونیشتمانییانی تاراوگەش لە چەندین وڵات پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەردەبڕن.

26/07/2014

masrurbarzany2572014bb

 

له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكی، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ڕایگه‌یاند: كورد له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ ته‌نها خۆی شه‌ڕی تیرۆر ده‌كات و "ته‌نانه‌ت گولله‌یه‌كیشمان له‌ ئه‌مریكاوه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌" ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مریكا كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی پێشكه‌وتووی وه‌ك یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ سوپاكه‌ی مالیكی كردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی واشینتۆن پۆستی ئه‌مریكی، ده‌قی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ناوبراو باس له‌ ڕه‌وشی نوێی عێراق و پێشهاته‌ مه‌یدانییه‌كان ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد پێویستی به‌ پشتیوانیی سه‌ربازی ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن.

وتیشی: به‌وپێیه‌ی له‌ به‌غدا حكومه‌تێكی فاشیل كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، عێراق پڕبووه‌ له‌ تیرۆریست و میلیشیا كه‌ جێگه‌ی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانیان گرتووه‌ته‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا پارتی و یه‌كێتی له‌ لیستی 3ی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان پۆلێنكردووه‌، مه‌سرور بارزانی وتی: "پۆلێنكردنی پارتی و یه‌كێتی وه‌ك ڕێكخراوی تیرۆریستی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ مایه‌ی پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ شه‌ڕمان له‌دژی ڕژێمێك كردووه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌مریكا به‌ده‌ستی خۆی و به‌هاوكاری پارتی و یه‌كێتی رووخاندی."


وه‌رگێڕان: ڕه‌وا مه‌حمود
سه‌رچاوه‌: Washington Post

26/07/2014

 

kashty2872014bb
که‌شتییه‌ک نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان که‌ نه‌وتی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌ سه‌ربه‌خۆکانی هه‌رێمی کوردستانی بارکردبوو له‌ ئێستادا له‌ که‌ناراوه‌کانی فلۆریدا له‌نگه‌ری گرتووه‌ .

ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مریکا بڵاویکرده‌وه‌ که‌شتییه‌ نه‌وتی (United Kalavrvta) که‌ یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی تورکییه‌وه‌ هه‌ڵگرتبوو له‌ ئێستادا گه‌یشتووه‌ته‌ که‌ناراوه‌کانی ویلایه‌تی فلۆریدا و له‌نگه‌ری گرتووه‌ ، بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ بگاته‌ به‌نده‌ری گالڤستن له‌ ویلایه‌تیی ته‌کساس و که‌شتییه‌ نه‌وتییه‌که‌ له‌لایه‌ن (Unicom Management Services Ltd)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنی که‌شتییه‌ نه‌وتییه‌که‌ی هه‌رێمیش به‌ که‌ناراوه‌کانی ئه‌مریکا، ماری هارف، وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند، "ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ین که‌ که‌شتییه‌ک له‌ که‌ناراوه‌کانی فلۆریدا له‌نگه‌ری گرتووه‌ ، به‌ڵام سیاسه‌تی ئێمه‌ نه‌گۆڕاوه‌ ، سه‌رچاوه‌ وزه‌ییه‌کانی عیراق ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراقییه‌کان ".

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ دوو مانگ له‌مه‌وپێش که‌شتییه‌ نه‌وتی یونیایتد لیده‌رشیپ که‌ به‌هه‌مانشێوه‌ نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی هه‌ڵگرتبوو گه‌یشته‌ ئه‌مریکا به‌ڵام له‌وێ به‌هۆی ‌هه‌ڕه‌شه‌کانی حکومه‌تی ئه‌مریکاوه‌ له‌ کڕیاره‌کان ڕێڕه‌وه‌که‌ی گۆڕی.

له‌ ئێستادا گۆڕانێک له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌دی ده‌کرێت و به‌گوێره‌ی سایتی کوارتزی ئه‌مریکا که‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه‌ ده‌ستی که‌وتبوو ده‌ڵێت: به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی ئاگادار له‌ ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌مریكا ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ شاراوه‌كانی خۆی، به‌واتای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ خوازیارن نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بكڕن داوای ئامۆژگاری و رێنیشانده‌رییه‌ك له‌ ئه‌مریكا بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌مریكا ئه‌و رێوشوێنه‌ یاساییانه‌یان به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق له‌ كاتی كڕینی نه‌وتی هه‌رێمدا به‌رامبه‌ریان ده‌یگرێته‌ به‌ر، به‌ڵام بڕیارێك ده‌ركراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر ئه‌مریكا واز له‌وه‌بهێنێت كه‌ كڕیارانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت بكرێت و ئاگاداركردنه‌وه‌یان بۆ بنێرێت.

که‌شتییه‌ نه‌وتییه‌که‌ی ئه‌م جاره‌ی هه‌رێمی کوردستان نه‌وتی له‌ ڕێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌ سه‌ربه‌خۆکانی هه‌رێمی کوردستان که‌ گه‌یاندراوه‌ به‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی تورکی بارکردووه‌.

26/07/2014

Selahattin-Demirta1-610x250

 

سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ، هاوسه‌رۆکى گشتى پارتى دیموکراتى گه‌لان(HDP) و پاڵێوراوى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى تورکیا ره‌خنه‌ى له‌ هه‌ڵوێستى سیاسى سه‌رۆک وه‌زیرى تورک ره‌جه‌ب تایب ئه‌ردۆغان ده‌گرێت له‌به‌رامبه‌ر به‌ رووداوه‌کانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت :" مانه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ داهاتووى دیموکراسى تورکیا ."
ده‌میرتاش رایگه‌یاند:'' ئه‌ردۆغان له‌ هه‌موو وتاره‌کانیدا به‌ ئاشکرایى رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌گه‌ر ببێت به‌ سه‌رۆک کۆمارى ئه‌و وڵاته‌، وڵات به‌ ته‌نیا به‌رێوه‌ ده‌بات و دیارکه‌رى هه‌موو رووداوه‌ سیاسى و جێبه‌جێکه‌رى ولات ده‌بێت." ده‌میرتاش ووتى :" به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌مه‌ جێگاى په‌سه‌ند نییه‌ و هه‌ڵوێستى ئه‌ردۆغان و مانه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ داهاتووى دیموکراسى له‌تورکیا ."
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ داهاتووى تورکیا زۆر گرنگتره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى که‌سێک بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆماری که‌ دیموکراسى به‌بنه‌ماناگرێت، هه‌روه‌ها نیگه‌رانى خۆشى ده‌ربڕى له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى که‌ تورکیاش وه‌کو ئێراق و سوریا رووبه‌رووى شه‌ڕى مه‌زهه‌بى ببێته‌وه‌ و ته‌ئکیدى کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت گه‌ل به‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌کى مێژووى بچنه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان و چاره‌نوسى وڵات دیار بکه‌ن'' .
له‌به‌شێکى دیکه‌ى ووته‌کانیدا ده‌میرتاش ووتى :'' هێرشه‌ هۆڤانه‌کانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر هاوڵاتیانى بێتاوان و بێ په‌ناى غه‌زه‌، تیراژیدییه‌کى مرۆڤایه‌تییه‌ و ده‌بێت هێرشه‌کان شه‌رمه‌زار بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژئاواى کورستان رووبه‌روى هۆڤانه‌ترین هێرشى گروپه‌ چه‌ته‌کانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ئێراق و شام(داعش) ده‌بنه‌وه‌ و سه‌رۆک وه‌زیرى تورک ره‌جه‌ب تایب ئه‌ردۆغان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورک ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو تائێستا یه‌ک وشه‌یان سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌کانى سه‌ر رۆژئاوا ده‌رنه‌بڕیوه‌ و کاتێک که‌ کورد رووبه‌روى هێرش ده‌بنه‌وه‌، راى گشتى و هه‌ڵوێستى سیاسى ئه‌نقه‌ره‌ بێده‌نگى هه‌ڵده‌بژێرن. ئێستا گه‌لى کوبانێ له‌ ژێر گه‌ماڕۆى چه‌ته‌کانى داعش دایه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌ى ئه‌ردۆغان هێنده‌ى ده‌رزییه‌ک له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا راست بوایه‌، له‌به‌رامبه‌ر کوبانێ هه‌ڵوێستى ده‌بوو ."
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هه‌روه‌ها داواى له‌ حکومه‌ته‌که‌ى ئه‌ردۆغان کرد که‌ به‌ هۆى کۆمه‌ڵکوژکردنى هاوڵاتیان له‌ که‌رتى غه‌زه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی، سه‌ربازى و ئابوورییه‌کانى نێوان هه‌ر دوو وڵات بپچڕێنێت .

25/07/2014

logoi komarixwaz u hdp

bzutnawa u hdp2--

 

کۆماریخواز/ ناوندی هەوال/ هەولێر: رۆژی پێنج شەممە ٢٤/٠٧/٢٠١٤، بەرانبەر بە 2ی گەلاوێژی 20714 کوردی شاندێکی ( ه. د. پ ) لە هەولێر پێشوازیان کرد لە شاندێک لە کارگێرانی نوێنەرایەتی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە: کاک هیوا کوردستانی، کاک سالە برناس، و کاک شەهرام میرزائی کادری پێوەندییەکان،. شاندی ب د پ پێکهاتبوون لە: هەڤاڵ جەماڵ بەشی پەیوەندیەکانی( ه د پ )، هەڤال ئەبێد ئیکی، هەڤاڵ جوال سۆکئن. لەم دیدارەدا سەرەتا شاندی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان سەبارت بە کارو چالاکیەکانی ( ه . د. پ ) ڕوونکردنەوەی داوو ، لەدوای دەست خۆشی و پشتگیری کردن، هیوای خواست گەلی کورد لە ئەۆ بەشەی نیشتیماندا بەتوانێت بە حەقی لە مێژینەی خۆی کە بە درێژایی مێژوو لە لایەن رێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیە چاوپۆشیان لێ کراوە بەگەن، هەروەها هێوای خواست گەلی کورد لە دوای سەرکەوتنە مەزنەکەی ٣٠ ئادار، بتوانێت پۆستی سەرۆک کۆماری لە ئەۆ بەشەی نیشتیما ندا بە پاڵپشتی هەڤالان و چالاکانی باکوری کوردستان دەستەبەر و مسۆگەربەکات.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا باس لە کۆبانی رۆژئاوای کوردستان کرا کە پێویستە هەموو گەلی کورد پاڵپشتی خۆیان بە کردەوە بۆ ئەو بەشەی نیشتیمانی داگیرکراو نیشان بدەن، چونکە رۆژئاوای کوردستان هەلێکی مێژویی و دەرفەتێکی هەرە مەزن بۆ گەلی کورد لە هەموو پارچەکانیتری کوردستانە، بۆیە دەبێت هەموو جەریانە سیاسی و مەدەنیەکان پاڵپشتی ئەو بەشەی نیشتیمان بەکەن تاکو چیتر چەتەکانی داعش نەتوانن مەرامی چەپەڵ و دژەمرۆیانەی خۆیان لەم ناوچەیەی کوردستان پیادە بکەن، کە لەم پەیوەندییەدا دوولایەن هیوایان خواست کە پێویستە دەگەل پاراستنی یەکریزی و یەکدەنگی گشت لایەک، دەبێت هەموو کوردێک خاوەندارێتی لێبکات و بەرزی بەنرخێنێت. جێی ئاماژەی شاندی خانەخوێ دەستخۆشی و سوپاسی سیاسەتی شەفافی بزوتنەوەی کۆماریخوازای رۆژهەلاتیان کرد کە بە کردار و گوتار هەردەم هەڵوێستی شەفافیان هەبووە سەبارەت بە هەموو کوردستان وبەتایبەت رۆژئاوای کوردستان.

 تەوەرێکی دیکە لەباسەکان پەیوەندیداربوو بە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و هەڵسەنگاندنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی وهەروەها گرینگ نرخاندنی بەستنی ئەم کۆنگرەیە لەپێناو ساغکردنەوەی مەرجەعێکی خاوەن دەنگ و رەنگی جێی متمانەی نەتەوەیی لەئاستی ناۆخۆ و دەرەوەی کوردستان، کە لەم پەیوەندییەدا دوولایەن جەختیان لەسەر پێویستی هاریکاری گشت لایەنی بەشەکانیتری کوردستان بۆ بەستنی گۆنگرەی نەتەوەیی لەکات و ساتی گوونجاۆ وبەدوور لە هێژموونی حیزبی و دەست تێوەردانی لایەنی دەرەکیدا کردەوە. لەکۆتاییدا، شاندی خانەخوێ دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ پرۆژەی ئاشتەوایی بزووتنەوە و وەک هەوڵێکی سەردەمیانە کە کار دەکات بۆ بە ئاشتی کردنی کێشەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان،و دووپاتیان کردووە کە دەبێت هەموو حیزبە خەم خۆرو سیاسیەکانی رۆژهەلات لە هەموو بوارێکدا پاڵپشتی خۆیان بۆ سەر خستنی ئەۆ ئەرکە مەزن و پیرۆزە دەربڕن. شایانی باسە دیدارەکە نزیک بە یەک کاتژمیر و نیوی خایاند و دوولایەن هیوایان خواست کە بتوانن ئاستی هاریکاری و پیوەندییە دێپلۆماسی و دووقۆلیەکانیان پەرە پێ‌بەدن، و بەم مەبەستەش دیدار و سەردانی بەردەوامیان وەک مکانیزمی گوونجاو و کارا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندی دووقۆلی، بە پێویست دەستنیشان کرد.

25/7/2014

25/7/  bzutnawa u hdp3-

 

 

lozzzan

 

24-7-1923 لە شاری لۆزانی سویسرا رێکەوتننامەیەک واژۆ کرا. دەوڵەتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم لەگەڵ تورکیای میراتگری دەوڵەتی عوسمانی رووخاو لەسەر سنوورەکانی کۆماری تورکیای نوێ رێکكەوتن کە دوای چەند مانگێک دادەمەزرا.

ئەم رێکەوتننامەیە بە گرنگترین دەستکەوت دەبینرێت بۆ تورکەکان و وەک خاڵی وەرچەرخان ناودەبرێت کە موستەفا کەمال ئەتاتورک لەسەر جەستەی بێگیانی عوسمانی دەوڵەتێکی نوێ و بەهێز بەچاو دراوسێکانیدا هێناوە دنیاوە.

بە پێچەوانەی رێکكەوتنی سیڤەرەوە کە 10-8-1920 لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی واژۆکرابوو، ئەمجارە هاوپەیمانەکان رووبەڕووی پێداگری و کێشمەکێشمکاری سەرکردەکانی ئیدارەی ئەنقەرە دەبوونەوە. جیاوازییەکی گەورە هەبوو لە نێوان ئەم دوو گرووپەدا، لەبەرئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاوی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، بەڵام ئیدارەی ئەنقەرە براوەی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بوو کە بە سەرۆکایەتیی ئەتاتورک لە 1919 هەتا 1923 بەردەوامبوو و بە دەرکردنی سەرجەم سەربازی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان کۆتایی پێهاتبوو.

ئەنقەرە 20-11-1922 کە رۆژی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بوو، یەکێک لە جەنەراڵەکانی جەنگی سەربەخۆیی نارد تا نوێنەرایەتی بکات لە لۆزان. ئەم جەنەراڵە کەس نەبوو بێ لە عیسمەت ئینۆنو، ئینۆنو لۆزانی بە بەرەیەکی جەنگ دەبینی و سووربوو لەسەر ئەوەی دەستکەوتەکانی جەنگ لەسەر مێزی گفتووگۆ بپارێزێت و بناغەکانی دەوڵەتێکی بەهێز دابمەزرێنێت.

هەوڵەکانیشی بێ ئەنجام نەبوون، بە پێچەوانەوە لۆزان بووە مەنەفێستی کۆمارێکی بەهێزی تورکی کە بەدرێژایی سەدەی 20 ەم و هەتا ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆی لەسەر خاکی ئەنادۆڵ و باکووری کوردستان سەپاند بە چەشنێک کە سەرجەم نەتەوەکانی دیکە بە کوردیشەوە بناڵێنن بەدەست ژێردەستی و بێبەشکردن لە مافە نەتەوایەتییە سەرەتاییەکان.

ئەمە نەخشەی تورکیایە بە پێی رێکوەوتننامەی سیڤەر کە دابەشکراوە بەسەر دەوڵەتە هاوپەیمانەکان و تەنها چەند شارێکی چواردەوری ئەنقەرە ماونەتەوە بۆ تورکەکان. ئەم نەخشەیە هەواڵی دەوڵەتێکی کوردیشی دەدا بە گوێی جیهاندا، بەڵام نەخشەی تورکیای نوێ دوای رێکكەوتننامەی لۆزان دابەشکردنی خاکی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تورکی، بە فەرمی تۆماردەکرد کە تەنانەت باسکردنی مافی نەتەوەکانی دیکە تیایدا بڤە دەبوو.

لەم رێکەوتننامەیەدا شاندی تورکی ویستی ویلایەتی موسڵیش بکات بە بەشێک لە دەوڵەتە نوێکە کە لە ئەنقەرەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئەوەی بۆ نەچووە سەر و پرسی ویلاتەی موسڵ بە هەڵپەسێردراوی مایەوە هەتا دوای چەند ساڵیک بە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە کۆتایی پێهات. بەڵام هەڵگرتنی ژێربارییەکانی سەر تورکیا و وەرگرتنەوەی خودموختاری بۆ بەڕێوەبردنی گەروەکانی ناو سنووری ئەو وڵاتە بە دەستکەوتە گرنگەکانی ئینۆنو دەزانرێت لە رێکكەوتنەکەدا.

شتێکی دیکە کە پێویستە بگوترێت بابەتی نوێنەرایەتی کوردە لەم رێکكەوتننامەیەدا. هەرچەندە ئینئۆنو دەیگوت ئەو نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکات و ئەتاتورکیش بە ئاشکرا باسی لە پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەری دەکرد بۆ کوردەکان، بەڵام هیچ یەک لەمانە رەنگیان نەدایەوە لە رێكکەوتننامەکەدا.

تەنها شتێک کە لەبارەی مافی کوردەوە گوترابێت لە لۆزاندا، خاڵی 38 ی رێکكەوتنەکەیە کە ناوی کوردی تێدا نەهاتووە و بە شێوەیەکی گشتی دەڵێت "حکومەتی تورک پەیمان دەدات ژیان و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی تورکیا بپارێزێت بە بێ گوێدانە جیاوازی ئایینی و نەتەوەییان". خاڵی 39 ش رێگە لە تورکیا دەگرێت بەکارهێنانی زمانی پێکهاتەجیاوازەکانی ئەو وڵاتە قەدەغەبکات. بەڵام ئیجرائاتەکانی ئەنقەرە لە 1923 ەوە هەتا ئەمڕۆش ئاشکرای دەکەن، ئەم تاکە دوو خاڵەش جێبەجێ نەکراون و تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز ماونەتەوە.

ئەمڕۆ نزیکەی سەدەیەک بەسەر رێکكەوتننامەی لۆزاندا تێتدەپەڕێت، لەم ماوەیەدا گۆڕانکاری ریشەیی زۆر روویداون لە جیهاندا. بەڵام زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بڵێین پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە کە ئومێدی هەڵگرتنی سنوورە دەستکردەکانی نێوان کورد بهێنێتە ئاسۆی کوردستانەوە.

25/07/2014

 

 

 

SULIMANI
دوو سیاسەتمەداری باڵای شیعە لە عێراق دەڵێن، كە ماوەیەك پێش ئیستا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغدا داوای لە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، كە دەست لە پۆستەكەی هەڵبگرێت، بەڵام مالیكی ئەو داوایەی سولەیمانی رەتكردووەتەوە.

یەكێك لەو سیاسەتمەدارانە، كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان مالیكی و قاسم سولەیمانی ئامادە بووە، بە ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسی ئەمریكی گوتووە، كە ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران چاوەڕێی ئەوەی نەكردووە مالیكی داواكەی رەتبكاتەوە و بە لایەوە سەیر بووە.

سیاسەتمەدارێكی دیکەی شیعە، کە ئەسۆشێیتد پریس ناوی نەهێناوە، ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە و گوتویەتی، پاساوی مالیكی بۆ رەتكردنەوەی داواكەی قاسم سولەیمانی ئەوە بووە، كە لیستەكەی زۆرترین دەنگی هێناوە لە هەڵبژکاردنی مانگی نیسان و مافی لیستەكەیەتی كە حكومەت پێكبهێنێت.

قاسم سولەیمانی بە یەكێك لە بە دەسەڵاتترین كەسەكان دەناسرێت لە عێراق و ئێران رۆلی سەرەكی هەبووە لە درێژكردنەوەی ویلایەتی مالیكی لە 2010.

24/07/2014

patrolul

 

دوای ڕاگرتنی بۆ ماوه‌یه‌ك، ئه‌مڕۆ جارێكیتر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێی‌ تانكه‌ره‌وه‌ بۆ وڵاتی ئێران له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

حسێن ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان به‌ KNN ڕاگه‌یاند، كۆماری ئیسلامی ئێران به‌بیانووی هه‌ندێك ڕێكاری تایبه‌ت، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ ده‌رگایان به‌ڕووی هه‌نارده‌كردنی تانكه‌ره‌كانی نه‌وتدا داخستبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جارێكیتر هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ی ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی KNN، داخستنی ده‌روازه‌كان به‌ڕوی تانكه‌ره‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ئاڵۆزیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌، كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ كه‌ركوك‌و مامه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم به‌ پرسی نه‌وته‌وه‌.

24/07/2014

mapek

 

یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بەڵگەنامەیەکی یاسایی مێژووی سیاسی جوگرافی لەسەر دەوڵەتی کوردستان لە چوارچێوەی کتێبێکدا گەڵاڵەکردووە و بەمنزیکانە دەیگەیەنێتە پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئێران و تورکیا و عێراق و وڵاتی دیکەش بەمەبەستی خستنەرووی مافی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی.

سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێ، دامەزراندنی دەوڵەت ئاسان نییە، سەرکردەکانی کوردیش رادەسپێرێ ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بکەن.

نیعمەت عەبدوڵا سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، دەڵێ: ئێستا بابەتی دەوڵەتی کوردی گەرمترینە لە ھەموو کاتێکدا، پێشی وایە گرنگە پێش گەرمکردنی ئەو باسە کورد ئامادەکاریی بۆ بکا.

دەشڵێ، كه‌ دەبێ ئامادەکاریی بکەین بۆ ئەو دەوڵەتە، چونکە دامەزراندنی دەوڵەت ئاسان نییە، بۆیە دەبێ لە رووەکانی سیاسی، مێژوویی، یاسایی، جوگرافی ئامادەکاریی تەواو بکەین.

نیعمەت عەبدوڵا رەخنەش ده‌گرێت و دەڵێ، زۆرێک لەوانەی باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن ئامادەکاریی بۆ ناکەن لەو رووانەی کە پێویستە، بەڵکو تەنھا باسی لێوەدەکەن.

یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان رێکخراوێکە سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ھەرێم و پەرلەمانی عێراق تێیدا ئەندامن، لەساڵی ٢٠١٠ نەخشەرێگەیەکی بە پێنج زمان لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە بڵاوکردەوە و ئەو کات دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا.

نیعمەت عەبدوڵا ئەوەش ئاشکرا دەکا، کە بەھاوکاریی دەزگای ستاندەر رێ وشوێنیان بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیەک بۆ دەوڵەتی کوردی دەست پێکردووە و بەمنزیکانە لە چاپ دەدرێ کە ھەڵێنجاوی چەندین کۆنفڕانسە، بۆ ئەو پرسەش بۆردێکی كه‌ لە ژمارەیەک ئەندامانی خۆی و چەند کەسایەتییەکی دەرەوەی یەکێتییەکە پێکھێناوە.

نیعمەت عەبدوڵا لەو رووەوە وتی: "پرۆژەیەکمان ھەیە کە کۆکردنەوەی چەندین بەڵگەنامەی گرنگی یاسایی و سیاسی و مێژوویی و جوگرافییە لەسەر دەوڵەتی کوردستان، لەو بەڵگەنامەیە ئەوە دەخەینە روو کە کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی ھەبێ، بەتایبەت لەرووی یاساییەکەیەوە کە پشتمان بە پڕنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتننامەکانی سایکس بیکۆ و سیڤەر و چەند بەڵگەنامەیەکی دیكه‌ بەستووە."

لەبارەی پرۆژەکەشەوە وتی: "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دەگەیەنینە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، ئێران، عێراق و وڵاتانی دیكه‌، ئێمە دەمانەوێ لە دەرەوە لۆبی بۆ دەوڵەتی کوردی دروست بکەین و پاڵپشتیی تەواوی بۆ کۆبکەینەوە."

سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتاران پاڵپشتیی سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی بە پێویست زانی بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیەیان و بە باشی زانی ئەو دۆسییەیە زیاتر مۆرکی رەسمیی ھەرێمی کوردستانی پێوەدیار بێ.

24/07/2014

 bankimmmon

مەسعود بارزانی دەڵێت هەرچی لە تواناماندابێت دەیكەن بۆ هاوكاریكردنی برایانمان لە عێراق، بەڵام ناتوانین چاوەڕێی ئایندەیەكی نادیار بكەین.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان دوای كۆبوونەوەیان لە شاری هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا. لە كۆنگرەكەدا بارزانی رایگەیاند، دووەمجارە بان كی مۆن لەمساڵدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، كە لەدوای سەردانی یەكەمی گۆڕانكاری زۆر بەسەر ناوچەكەدا هاتوون و دەرفەتێكی باشبوو گۆڕانكارییەكان تاوتوێ بكەین.

بارزانی گوتی: "بۆ بان كی مۆن جەختمكردەوە كە هەرچی لە تواناماندابێت دەیكەن بۆ هاوكاریكردنی برایانمان لە عێراق، بەڵام هاوكات بەردەوامدەبین بۆ ئەوەی میللەتی كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ناتوانین چاوەڕێی ئایندەیەكی نادیار بكەین". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هاتنی بان كی مۆن هاندەردەبێت بۆ ئەوەی لایەنەكان رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزنەوە كە ئومێد دەكەن بە زووترین كات رێگەچارەكە بدۆزرێتەوە.

لە كۆنگرەكەدا سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداریان لەگەڵ بارزانیدا هەبووە. نیگەرانی خۆشی لە دۆخی ئەمنی عێراق دەربڕی و گوتی رێكخراوی داعش یاسا نیودەوڵەتییەكانی پێشێلكردوون. گوتیشی پێشمەرگە زۆر دلێرانە كەمینەكانیان پاراستوون.

بان كی مۆن سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، پیرۆزبایی لە د. فوئاد مەعسوم دەكەین بە هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستەو نەتەوەیەكگرتووەكان پشتیوانی لە سەرۆككۆماری عێراق دەكات. لەبارەی رەوشی ئاوارەكانیش گوتی :" بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی زۆریان بۆ ئاوارەكان كردووە".

بان كی مۆن لە چوارچێوەی گەڕێكی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ پێنجشەممە 24لا تەمموزی 2014 سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق كۆبووەوە. دواتریش بۆ یەكەمجار سەردانی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی كرد لە عێراق. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دوای 10 ساڵ یەكەم وێنەی سیستانی بڵاوببێتەوە.

پاشان سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی حكومەت كە پێكهاتبوون لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە كۆبووەوە.

24/07/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان