فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات ئەگەر زۆریلێبکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
سەرۆککۆماری عێراق لە میانی پێشوازیکردنی لە پێکهاتەکانی عێراق و شاندی پارتە سیاسییەکان ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو بە دەنگی هەموو پێکهاتەکان بووەتە سەرۆک و ئامادە نییە هیچ کەسێک دیاریبکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەگەر “کۆدەنگی لەسەر نەبێ”.
فوئاد مەعسوم گوتویەتی “ئەگەر گوشاری بخەنەسەر ئەوا ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بینێت.”
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نوری مالیکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە رێگەی جیاوازەوە و بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ داوای لە فوئاد مەعسوم کردووە کە پەلە بکات لە دەستنیشانکردنی ، چونکە“کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە”.
سەرۆککۆماری عێراق لە وەڵامی مالیکی و فراکسیۆنەکەی گوتویەتی کە “ئەو بڕیاریداوە کە تاکلایەنە دەسەڵاتی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی کەس بەکارنەهێنێ و ئەو کەسەی دیاریدەکات دەبێ پشتگیری هەمووانی هەبێ.”
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ فوئاد مەعسومی وەک سەرۆککۆمار هەڵبژارد و چاوەڕوان دەکرێ سەرۆککۆمار یەکێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپێرێ. هەر لە رۆژەدا کە مەعسوم دیاریکرا ،فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا نامە و بەڵگەی خۆیان پێشکەشی سەرۆککۆماری نوێ کرد بۆ ئەوەی مالیکی دەسنیشانبکات.
بە پێی دەستووری عێراق ئەو کەسەی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێ دەبێت لە کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان بێ. هاوپەیمانی شیعەکان کە زۆرینەن ئاشکرایان نەکردووە کە ئایا بە یەک کوتلە دەچنە پەرلەمان یان بە جیا جیا.
دەوڵەتی یاسا کە خاوەنی ٩٣ کورسییە سوورە لەسەر ئەوەی مالیکی وەک تەنیا کاندید دیاریبکات.
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن سەڕەڕای رەتکردنەوە مالیکی لەلایەن کورد و سوننەوە، لەناو ماڵی شیعە و حیزبی دەعوەش کۆدەنگی لەسەر مالیکی نییە.
ئەم جیاوازییەش لەوکاتەدا دەرکەوت کە نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە ناراستەوخۆ داوای لە مالیکی کردووە دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت, ئەم داوایەش لە لایەن مالیکیەوە رەتکراوەتەوە.
31/07/2014