لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، باسی ریفراندۆم کراوەو جەختکراوەتەوە کە دەبێ هەنگاوی بۆ بنرێ.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 18-5-2015 لەگەڵ سەرکردەو نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا یوسف محەممەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداربوون. بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەو کۆبوونەوەیەدا باسی سەربەخۆیی ئابووری کراوەو هەمووانیش لەسەر ئەوە کۆک بوون، کە کورد دەبێ لە قۆناخی یەکەمدا هەوڵی سەربەخۆیی ئابووری بدات، پاشان ریفراندۆمێک لەسەر سەربەخۆیی بکات.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەبارەی ریفراندۆمەوە بۆ رووداو گوتی "باسمان لەوەکرد کە دەبێ هەنگاو بەرەو ریفراندۆم بنرێ و ئامادەکاریی پێویستی بۆ بکرێ بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت".
سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستانیش، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی "کۆبوونەوەکەمان ئومێدبەخش بوو، باسی زۆر شت کرا، ئێستا لە دەزگا ئەکادیمییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ کێشەی کورد".
ئێستا کە لەهەموو کات زیاتر کورد باسی سەربەخۆیی دەکات، وەک لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، هۆکارەکەی ئەوەیە عێراق لەرووی کردەییەوە یەکپارچە نەماوەتەوە، هەروەها بەغدا پابەند نییە بەو رێکەوتنەی لەگەڵ هەولێر هەیەتی. کورد داوادەکات حکومەتی عێراق و دەوڵەتمەداری حکومەتەکە، چیتر دەستی بە دەستی بە مافی سامان و داهات و بودجە و مووچەی بڕیارلێدراوی هاوبەشی حکومەتی عێراق و کوردستان نەکات، بەڵکو بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەری یاسایی بۆ بکرێت.
19/5/2015