وادەی یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی سێ لیوای پێشمەرگەی خۆبەخشی وەزارەتی پێشمەرگە، کە بڕیارە ئەمریکا هەم مەشقیان پێبکات هەم پڕچەکیان بکات لە نزیکبوونەوەدایە ، بڕیارە چەند رۆژێکی دیکە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی پێشمەرگە خۆبەخشەکان دەستپێبکات بۆ نێو ئەو لیوایانە.
مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خۆمان ئامادە کردووەو پلانمان هەیە بۆئەوەی ئەم سێ لیوایە بکەینە سێ لیوای رێکخراوی نیشتمانی ، هەموو خەڵکی ئاسایی ئەم نیشتمانە دەتوانێت لەم لیوایانە ببێتە پێشمەرگە، تەنیا مەرجی پێشمەرگایەتی تێدا بێت کە لە پاشاندا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویدەکەینەوە ، لە رێگەی بنکەی خۆبەخشی وەزارەتی پێشمەرگەوە وەردەگیرێن و مەشقیان پێدەکرێت و رێکدەخرێت".
بڕیارە ژمارەی پێشمەرگەکانی ئەو سێ لیوایە 6600 پێشمەرگە بێت، بەجۆرێک هەر لیوایەک لە 2200 پێشمەرگە پێکدێت، ئەو کەسەی وەک پێشمەرگەی خۆبەخش وەردەگیرێت دەبێت تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵ بێت.
گوتەبێژو بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە رووداوی گوت، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وێڕای ئەوەی تاوەکوئێستا بە بەهای زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلار هاوکاریی کەلوپەل و تەقەمەنی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ناردووە، هاوکات 18 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ کرێی گواستنەوەی کۆمەکی هاوپەیمانان خەرجکردووەو هەمو کەلوپەلەکانیش بەهەماهەنگی حکومەتی عێراق گواستراونەتەوە.
لە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزی پیشمەرگە، ئەمریکا دەیەوێت سەرپەرشتی ئەو سێ لیوایەی وەزارەتی پیشمەرگە بکات لە رووی مەشق و پڕچەککردنیانەوە، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دابمەزرێت. فەرماندەی ئەو سێ لیوایەش وەزارەتی پێشمەرگە دیاریدەکات نەک ئەمریکا.
31/5/2015