فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

logoi pkk u pdki

 

بۆ جاری سێیەم، شاندی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەو بڕیاریاندا"پڕوپاگەندە دژ بە یەکتری نەکەن و دۆخی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت".

رۆژی شەممە 20-6-2015 ، شاندی پەکەکە و حدکا لە بنکەی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە سەرۆکایەتی شاندی پەکەکەی کردووە و محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدکا سەرپەرشتی شاندی ئەو حیزبە بووە.

رووداو زانیویەتی، هەردوو لایەن لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون، پڕوپاگەندە دژ بە یەکتری نەکەن و دۆخی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت.

شاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەردوولایەن سیاسەتی دۆستانەیان پێکەوە هەبێت.

محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدکا لەو بارەوە بە( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" شاندی پەکەکە پێیان راگەیاندووین کە پێشوازی لە سیاسەتەکانی حیزبی دیموکرات دەکەن بۆ ئەوەی کە کێشە لەنێوانیاندا سەرهەڵنەداتەوە".

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاریانداوە، بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیان لەبارەی جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حدکا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، دووبارە کۆببنەوە. 

پێشتریش هەردوولا جارێک بە ئامادەبوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دواتریش بە دوو لایەنە لە بنکەی سەرکردایەتی حدکا لە کۆیە کۆببوونەوە.

رۆژی یەکشەممە 24-5-2015 گەریلاکانی پەکەکە هێرشیانکردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین لەسێ گۆشەی سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکوور و باشووری کوردستان، بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات گیانی لەدەستدا و 3 پیشمەرگەش برینداربوون، ئەمەش كاردانەوەیەكی تووندی لە نێوان خەڵك و لایەنە سیاسییەكان لێكەوتەوە.

دوای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و سەردانیكردنی شاندێك بۆ قەندیل و كۆیە كە بارەگای سەرەكی ئەو پارتانەی لێیە، رۆژی چوارشەممە 27-5-2015، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" و پارتی کرێکارانی کوردستان"پەكەكە" لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.

20/6/2015

barzabi u xalid u babakr zrebari

 

رۆژی شەممە 20ـی 6ـی 2015 لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق و بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق كرد و تاوتوێی بارودۆخی موسڵیان کرد.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی عێراق، سەرۆك بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق ئاگادار كردەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە " لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی شاری موسڵ و ئایندەی موسڵ خرایە بەر باس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە".

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەرێمی كوردستان لە بواری سەربازی و ئاساییش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێكرا.

20/6/2015

ruhani u amiri qatar

 

ئەمیری قەتەر رایدەگەیەنێت، پێویستە قەتەر و ئێران ناکۆکییەکانی نێوانیان تێبپەڕێنن و پەیوەندی نێوانیان پتەوبکەن لەپێناو بەرقرارکردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.

شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئالسانی، ئەمیری قەتەر لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی بە حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئەو وڵاتەی گوتووە، کە پێویستە ئێران و قەتەر کۆتایی بە ناکۆکی نێوانیان بهێنن و هەردوولا ناکۆکییەکانی نێوانیان تێبپەڕێنن لەپێناو بەرقرارکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە. 

ئەمیری قەتەر، بە رۆحانی گوتووە، ئەگەر لەسەر هەندێک پرس ناکۆکیش بین، لەبەر پەیوەندی پتەویی مێژوویی نێوانمان و دراوسێیەتیمان، پێویستە ئەو ناکۆکیانە تێبپەڕێنین بۆ ئەوەی ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێرانیش لەوەڵامی ئەو قسانەی ئەمیری قەتەر گوتوویەتی " دەتواندرێت پەیوەندی سیاسی و ئابووری پتەو لەنێوانماندا دروستبکەین"، ئەمیری قەتەریش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە و ئەگەر دانوستاندن شوێنی تووندوتیژی بگرێتەوە، ئەوا لە سووریا و عێراق و یەمەن و ناوچەکە، کۆتایی بەشەڕ دێت و ئاسایش و ئارامی شوێنی شەڕ و توونوتیژی دەگرێتەوە.

20/6/2015

karkuk u danishtni layanakan

 

لایەنە كوردییەكانی كەروكووك هەوڵەكانی خۆیان چڕكردووەتەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە، هەموو لایەنە كوردییەكانی كەركووك یەكهەڵوێستن لەسەر ‌ئەوەی كە ئەو دەرفەتەی ئێستا هاتووەتە پێش، پێدەچێت جارێكی دیكە بۆ كورد دووبارەنەبێتەوە، بۆیە پاڵپشتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی كەركووك دەردەبڕن و بەڵێندەدەن كاری جیددی لەسەر بكەن.

نوێنەری سەرجەم لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە و لە نزیكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی دەستوور كردووە، ئەوان پڕۆژەیەكیشیان پێشكەشكردوون و نوێنەرانی حیزبە كوردستانییەكانی كەركووك بە هەنگاوەكانی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی نووسینەوەی دەستوور گەشبینن.

پێشمەرگە لە هەندێ‌ ناوچە گەیشتوونەتە دوایین سنووری كوردستان، بەڵام لە هەندێ‌ ناوچە هێشتا بەشێك لە خاكی تەعریبكراوی كوردستان لەژێر دەستی داعشدایە، پێشمەرگەش ئامادەكاری دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی سەرجەم ناوچەكان.

19/6/2015

 

 

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی جنێڤ-ی تایبەت بە چارەسەركردنی قەیرانەکانی یەمەن دەکات، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٧ی حوزەیران دوای دوو رۆژ لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی یەمەندا، بڕیاری دا کۆبوونەوەکان درێژتر بکاتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە هەوڵدەدات کۆی هەموو پرس و کێشەکان لەو کۆبوونەوانەدا بخاتە بەرباس و شاندی حوسییەکان و شاندی حکومەتی یەمەنیش پێکەوە گفتوگۆ لەسەر کۆی پرسە جیاوازەکان بکەن.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە ئەو کۆبوونەوانە تا رۆژی هەینی 19ی حوزەیران دەخایێنێت، هەوڵیشدەدات ئاگربەستێک لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەی 15 رۆژ رابگەیێندرێت لەپێناو گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی یەمەن، بەتایبەت کە ئێستا مانگی رەمەزان دەستیپێکردووە و خەڵکی یەمەن پێویستییان بە هاوکاری زیاترە. 

شاسندی حکومەتی یەمەنی،  نوێنەرایەتی حوسییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات، کە نایانەوێت گفتوگۆی جیددی بکەن و تەنیا لەنێو هۆتێلەکاندا دادەنیشن، بەبێ ئەوەی خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەبێت. بەڵام حوسییەکان ئامادەبوونی خۆیان لە جنێڤ بە هیوایەک دەزانن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکردووە هەردوو شاندی حوسییەکان و حکومەتی یەمەنی پێکەوە راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن، نەک تەنها بە نێوەندگیری نەتەو ەیەکگرتووەکان. بەگوێرەی دوایین ئامار لە مانگی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا 2 هەزار و 600 کەس لە یەمەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە کوژراون و رێکخراوە مرۆییەکانیش دۆخی یەمەن بە کارەسات نێودەبەن. 

19/6/2015

hadi hameri rekxrawi badr

 

سه‌رۆكی‌ ڕێكخراوی‌ به‌ده‌رئاماژە بەوەدەکات، ئامادەکارییەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنبار بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ کاتێک بۆ ئازادكردنی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار دیارینه‌كراوه‌. وهاوکات چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ گرتنەوەی ئەنبار.

هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی ڕێكخراوی به‌در ڕایگه‌یاند :" ئاماده‌كاریه‌كان بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕومادی به‌رده‌وامه‌ ، به‌لاَم كاتی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە دیارینه‌كراوه‌".

 سه‌رۆكی‌ ڕێكخراوی‌ به‌ده‌ر ئاماژە بەوەشدەکات ، حه‌یده‌ر عه‌بادی ، سەرۆککوەزیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ، سه‌رپه‌رشتی ئاماده‌كاریه‌كانی کۆنتڕۆڵکردنەوە و تێكه‌ڵكردنی هۆزه‌كانی ئه‌نبار به‌ حه‌شدی شه‌عبی و پرچه‌ككردنیان ده‌كات.

بەگوتەی عامری، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەیی سەربازی تەواویان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی پاریزگای ئەنبار وهاوکات ژمارەیەکی دیکەی چەکدارەکانیان لە مەشق و راهێنانی سەربازین بۆ ئامادەکاری لە کۆنتڕۆلکردنەوەی ئەنبار.

19/6/2015

hkumati harem u baxshini qarzi shahidan

 


وەزارەتی دارایی  و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراویکدا رایگەیاند، کە حکومەت لە سەرجەم ئەو پێشینانەی لە ئەستۆی شەهیدانی بەرەنکانی جەنگی دژ بە تیرۆرن خۆشبوو.

شەهیدانیش بەپێی راگەیەندراوەکە : پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هاووڵاتیانی خۆبەخش و فەرمانبەرانی راژەی شارستانی دەگرێتەوە کە " لەشەڕی دژی تیرۆر شەهیدبوون" و قەرزە حکومییەکانیش: پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە و سندوقی نیستەجێبوون دەگرێتەوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەش، ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعش گەیشتووەتە هەزار و 205 شەهید

18/6/205

demertash-220714

 

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان KCK رەخنە لە دەمیرتاش دەگرێ بەهۆی رەتکردنەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان AKP".

موراد قەرەیڵان، رەخنەکەی ئاراستەی ئەو قسەیەی دەمیرتاش بوو کە پێشتر گوتی: "هیچ بژاردەیەکمان نییە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ AKP".

هەروەها دەڵێ: "هادەپە ئەو بەڵێنەی خۆی بەجێهێنا، کە بە ئەردۆغانی گوت ناتکەین بە سەرۆک، لێرەوە پێویستە هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێ".

لەبارەی نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لە تورکیا قەرەیلان گوتی: "هەدەپە بەرتەسکانە لەو پرسە نزیکدەبێتەوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک هادەپە بە رێژەیەکی زۆر بەربەستی سەدا 10 ی تێپەڕاند و ئەو بەڵێنەیشی بەدیهێنا کە بە ئەردۆغانی گوت ناتکەین بە سەرۆک، دەبێ لێرەوە هەنگاوی زیاتر بنێت، خەڵک لەگەڵ گۆڕانکاری دیموکراسییە و پێویستە هادەپە پێشڕەوی ئەو گۆڕانکارییە بکات".

هەروەها دەڵێ: "پێویست ناکا بڵێن ئەمە دەکەین و ئەوە ناکەین، لەم جۆرە هەڵوێستەدا سۆزداریی هەیە، ئەمە کارێکی دروست نییە لە سیاسەتدا، لەجیاتی خۆبەندکردنیان لە حساباتی لەمجۆرە پێویستە لەسەر بنەما گشتییەکان گفتوگۆ بکەن".


رەخنە لە دەمیرتاش دەگرێ و پشتیوانی یوکسەکداغ دەکات

قەرەیلان لەبەرامبەردا پشتیوانی بۆ هەڵوێستی فیگەن یوکسەکداغ دەربڕی، کە گوتبووی: "ئێمە بۆ هەموو پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش کراوەین، بۆ ئەو کێشانەی کە سەرهەڵدەدەن ئامادەین ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجامی بدەین".

بە گوتەی قەرەیلان: "ئەو هەڵوێستە فیگەن ئەو رەوشەی هادەپە تێدەپەڕێنێ کە خۆی وابەستەی گۆشەیەکی بەرتەسک کردووە، بەڵام ئەگەر ئەمە کاریگەرتر و خێراتر بکرێ ئەرێنیتر دەبێت".

هەرەوەها دەڵێ: "هادەپە وا مامەڵە دەکات وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبێت و دەڵێن (دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێکی خودان بەخودانێکی سەربەرزانە)، وەرن سەرەتا چارەسەرییەکان دیاری بکەین، ئەو چارەسەرییە چۆن دەبێت، تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەبێت دەوڵەتی توکیا ناتوانێ یەک هەنگاویش بچێتە پێشەوە".

18/6/2015

baxchali turkya

 

سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP، سەرۆککۆماری تورکیا و حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆنتڕۆڵکردنی گرێ سپی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGوە بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێ: "کورد لە سووریا بە پشتیوانی ئەمریکا دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا دادەمەزرێنێ".

دەولەت باخچەلی، لەبارەی ئەوەی ناوی دەنێ (ئاسایشی نەتەوەیی) هۆشداری دا و گوتی: "PYD-YPG بە پشتیوانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکەمان ئاڵای خۆیان دەشەکێننەوە، ئەمریکا لە ئاسمان بۆردومان دەکات و PYD و PKKش لە زەمین پێشڕەوی دەکەن".

بەبۆچوونی ئەو: "دەوروبەری تورکیا بە (رێکخراوی تیرۆریستی) دەتەنرێ، خەریکە دەروازەی نێوان جزیرە و کۆبانێ  کە ئەو بە (عەینولعەرەب ناوی دەهێنێ) دەکرێتەوە، خەریکە کانتۆنەکانی پەکەکە یەکدەگرنەوە، پایەی رۆژئاوای کوردستان دادەمەزرێ".

باخچەلی بە ئاماژەدان بە بورکان ئەل فورات و سوپای ئازادی سووریا کە، کە دوو هێزن لە بەرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD  شەڕیانکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی گرێ سپی گوتی: "ئەو گرووپانەی کە ئاکەپە رایهێنان و پڕچەکی کردن ئێستا لە بەرەی PYD  و PKK شەڕ دەکەن، گوایە کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن، لەماوەی هەفتەیەکدا 16 هەزار سووری هاتنە تورکیا، بەڵام تورکمانەکان هاوار دەکەن و کەس نییە بیانبیستێ".

دوێنێ چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015  گوتی: " ئەگەر هاوپەیمانێتی لەنێوان AKP و HDP پێکنەیەت، یان هاوپەیمانێتی نێوان AKP و CHP سەرنەگرێت، پێویستە HDP، AKP و CHP بەیەکەوە هاوپەیمانێتی پێکبهێنن".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی کەمینەشەوە گوتی: "پێکهێنانی حکومەتی کەمینە بێ دەرەنجامە و کارێکی دروست نییە، هەر حکومەتێکیش کەپارتی دیموکراتی گەلان HDP ی تێدابێت لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە، قسە لەسەر سەرجەمی دەنگی هەر سێ حیزبەکە(واتە؛ جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە) دەکرێ، ئەمانە قسەی بێ مانان".

18/6/2015

putin

 

ڤلادمێر پوتینی، سەرککۆماری رووسیای فیدرال ڕایگەیاند، رووسیا ٤٠ مووشەکی بالستیک و کیشوەربڕ دەخاتە سەر هێزی ئەتۆمی وڵاتەکەی.

هەرچەندە پوتین باسی شوێنی جێگیرکردنی ئەو مووشەکانەی نەکرد، بەڵام چەند رۆژێک پیش ئێستا پلەدارێکی رووسی ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی "هێزی سەربازی خۆی لە ڕۆژئاوای رووسیا زیاد دەکات"، هەروەها رایگەیاندبوو، کە ئەم لێدوانەی ئەو تاکە لێدوانی بەرپرسانی رووسیا لەسەر ئەو پرسە نابێت. 

لێدوانەکەی پوتین تەنیا ڕۆژێک دوای ئەو پەیامەی ئەمەریکا دێت، کە تێیدا هاتبوو" بڕیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەکی قورسی خۆی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا جێگیر بکات".

18/6/2015

dahashakan

فەرماندەیەکی سەربازی باڵای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی داعش رایگەیاند هۆکاری کەوتنی شاری رومادی لە رۆژئاوای عێراق مانگی رابردوو بە دەستی رێکخراوی داعش، کشانەوەی "بێ بیانوو"ی هێزەکانی عێراق بوو.

جەنراڵ کریستۆفەر گیگا، فەرماندەی سەربازی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا راشیگەیاند:"رومادی بۆیە کەوت، چونکە فەرماندە عێراقییەکە کشانەوەی هەڵبژارد، بە واتایەکی دیکەش، ئەگەر بڕیاری مانەوەی بدایە ئەوا تا ئێستا لەوێ دەمایەوە".

جەنراڵ کریستۆفەر گیگا گوتیشی کەوتنی "رومادی سەرکەوتن نەبوو بۆ داعش، داعش لە رومادی سەرنەکەوت، داعش لە رومادی شەڕی نەکرد و سوپای عێراقی کشانەوە".

 چەکدارانی داعش لە 17/5/2015 شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان لە رۆژئاوای عێراق بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد. دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق بە سوپا و پۆلیس و دژەتیرۆر و هێزەکانی سوات و چەکدارانی هۆزەکانی سوننە لە شارەکە کشانەوە.

18/6/2015

logoi 5 hizbi saraki bashur

 

بریارە هەر پێنج حیزبەکەی بەشدار لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا و لەهەولێر کۆببنەوە و لەگرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش پرسی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

محەمەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"  رۆژی چوارشەممە 17-5-2015 هەر پێنج حیزبەکە لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوەو عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات".


بە پێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە تەوەرە گرینگەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.

17/6/2015

soleiman demirel turkya

 

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی گوڤەن لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" کاژێر 2:10 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015، سلێمان دەمیرل سیاسەتمەدار و سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەنقەرەی پایتەخت گیانی لەدەستدا".

بە گوێرەی بەیاننامەکەی نەخۆشخانەی گوڤەن، سلێمان دەمیرل لەرێککەوتی 13 ی ئایاری 2015، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانی و هەبوونی کێشەی هەناسەدان، لە نەخۆشخانەکەیاندا خەوێندراوە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدابووە، هاوکات بەردەوام رەوشی تەندروستی دەمیرل بەرەوخراپی چووە و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستداوە.

دەمیرل لە 1-11-1924 لەگوندێکی سەربەشارۆچکەی ئەتابەی سەربە پارێزگای ئسپارتە لەدایکبووە و ساڵی 1949 بەشی بیناسازی کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی ئیستەنبۆڵ تەواوکردووە.

ساڵی 1962 دەستی بەکاری سیاسی کردووە لە ریزەکانی پارتی داد و لە ساڵی 1964 دەبێتە سەرۆکی گشتی پارتەکە، ساڵی 1965 دەبێتە پەرلەمانتارو پارتەکەی یەکەمی هەڵبژاردن بەدەستدێنێت و دەبێتە دوازدەیەمین سەرۆکوەزیرانی تورکیا و حکومەت پێکدێنێت.

سالی 1973 پارتەکەی لەهەڵبژرادن دەبێتە دووەم پارت و هەرلەو ساڵە پارتەکەیان دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ماوەی 10 ساڵ کاری سیاسی لەسەر خۆی وپارتەکەی قەدەخەدەکرێت و ساڵی 1987 لەئەنجامی راپرسییەک قەدەخەکردنی کاری سیاسی لەسەر دەمیرەل هەڵدەگیرێت، لە هەمان ساڵ دەبێتە سەرۆکی پارتی رێگای راست و لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 1987 بۆ جارێکی دیکە دەبێتەوە پەرلەمانتار.

لەساڵی 1991 لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا دەبێتە یەکەمی هەڵبژاردن و لەگەڵ پارتی سۆسیالیستی تورکیا حکومەتی هاوبەش پێکدەهێنن و  تاساڵی 1993 وەک سەرۆکوەزیران بەردەوام دەبێت.

17/6/2015

logoi partyy

 

لەبەرامبەر یەکدەنگبوونی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی،  یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە پێشتر حیزبەکەی لەگەڵ ئەو لایەنانە واژۆیان کردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو رێککەوتنانە دەکات کە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیەتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەئەگەری هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و یەک دەنگ بوونی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکێتی و یەکگرتوو، لەسەر ئەو بابەتە.

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ رووداو گوتی:" ئەو ‌هەڕەشەیەیی پارتی دوای ئەوە دێت کە لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە و  دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەم بکەنەوە و  شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە بگۆڕن بۆ پەرلەمان".

ئەم پێکەنینە سیاسیەی یەکێتی لەگەڵ پارتی خەریکە کۆتایی دێت. چونکە  پاڵی داوەتە پاڵ گۆران و ئەویش پرۆژەی بۆ هەمواری یاساکە هەیە و پێچەوانەی خواستی حزبە هاوپەیمانەکانە.

بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان پەرلەمانی کوردستانلەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گەوتی:"  رێکەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێنا، زۆربەی لایەنەکان پرۆژەیان بۆ ئەوە هەیە و دەیانەوێت هەموارەکە بە دڵی خۆیانبێ، کۆمەل و یەکگرتووش پرۆژەیەکیان هەیە.

مەروان گەڵاڵی- سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستانیش گوتی:" لە پەرلەمانی کوردستان ئەو مشتومڕەی فراکسیۆنەکان لە کاتێکدایە بارزانی داوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەو یاسایەی کە ئێستا بەرکارە، ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی هەڵبژاردنی هەبێ، پرۆژەی فراکسیۆنەکان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی ، بەهایەکیان نامێنێ".  

17/6/2015

ayatullah khamanai wa hibadi

 

 رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە کاتی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران رایگەیاند:" ئێران رەوشی ئەمنی و سەقامگیری عێراقی بەلاوە مەبەستە و بارودۆخی ئێستای عێراق پێویستی بەتەبایی ویەکڕیزی نێوان پێکهاتەکانی هەیە، ‌هاوکات سوپا وهێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەرووبوونەوەی چەکدارانی داعش بەرگری لەخاکیان دەکەن و حەشدی شەعبیش یەکێکە لە هێزە کاریگەرییەکانی عێراقە لە دژایەتیکردن وشەڕکردنی جەکدارانی داعش لە عێراق".

رابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا بە حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەشکردووە :" هێزەکانی حەشدی شەعبی شوێنیان لە بەرگری وپاراستنی عێراق دیارو بەرچاوە هەربۆیەش دڵنیام حەشدی شەعبی ئایندەیەکی گەشی لەبنیادنانەوەی ئەمنی عێراق هەیە و هێزێکی ئازاوکاریگەری ئێستای عێراقە.

 خامەنەیی هەروەها بۆ عەبادی گوتویەتی، شەڕی تیرۆر لە عێراق مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە ولەبەرئەمەش ئەم شەڕەی داعش بە یەکڕیزی ویەکدەنگی هێزوپێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکرێت وهاوکات ئێران ئامادەیی تەواوی هەیە لە هاوکاری و پشتیوانی هێزەکان لە رووبەرووبوونەوەی داعش.

رۆژی چوارشەممە 17 ی حوزەیرانی 2015، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو تەوەری گفتوگۆکانی عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی تاران تایبەت بووە بە بواری ئەمنی و ژینگە و گەشتوگوزار، هەروەها باسکردنی پرسی چەکدارانی حەشدی شەعبی بووە.

18/6/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان