ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق رۆژی دووشەممە 10ی ئاب رایگەیاند كە ئەو خۆی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، نەوەكو كەسێكی دیكە جێگاكەی پێچۆڵبكات و لەهەمان کاتدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد.
عەللاوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا كە لەگەڵ بەرپرسانی كوتلەكەی بەستبووی گوتی :" ئێمە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانین و ئامادەین دەستبەرداری هەموو پۆستێكبین، تەنانەت پۆستەکانمان لە پەرلەمانیشدا لەپێناو بەدیهاتنی ویستی گەلانی عێراق".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە 9ی ئاب بڕیاریدا پۆستەكانی جێگری سەرۆككۆمار نەهیڵێت و لەو بارەشەوە عەللاوی رایگەیاند " من خۆم دەمەوێت لەم پۆستەدا نەمێنم كەس پێی نەگوتوم ئەو پۆستە جێبهێڵم "، گوتیشی " ئێمە لەپێناو عێراق تێکۆشانمان کردووە، بەبێ پۆستیش هەر ئامادەین لەپێناو عێراقدا تێبكۆشین".
راشیگەیاند " بەهۆی دابەشبوونی تائیفییەوە لە وڵات گەندەڵی بڵاوبووەتەوە" لە هەمان كاتدا گوتی " هەڵبژاردنی پێشوەخت باشترین چارەسەرە بۆ ئێستا".
ئەیاد عەللاوی هەروەها داوای كرد " ناوچەی سەوز نەهیڵرێت و لێكۆڵینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران بكرێت " ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " كاتێك سەرۆكی وەزیران بووم لە دژی گەندەڵی دەجەنگام و دیوانی چاودێری داراییم پێكهێنا و پشتیوانیم لێی كرد و، ئێمە تاكە لایەن بووین كە بودجەی كۆتاییمان پێشكەشكرد".
10/8/2015