فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

demirtashhhhhhhhhhhhhhhhh

 

هاوسەرۆكی هەدەپە ئامادەیی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK  بۆ شاتی و ئاگربەست رادەگەیێنێت. دەشڵێت " بەگوێرەی دەستووری تورکیا داوای مافەکانمان دەکەین".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند " قەندیل قسەکانی من رەتناکاتەوە و ئەو لێدوانەی جەمیل بایکیش سەبارەت بە ئاگربەست بەر لە داواکەی ئەو بووە". گوتیشی " کۆمەڵگەی تورکیا شەڕ رەتدەکاتەوە و پێویستە شەڕ بووەستێت، چونکە ئاشتی داخوازیی ئێمە و هەموو خەڵکی تورکیایە، چەند زووتر ئاشتی ببێت باشترە".

هاوسەرۆکی هەدەپە، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی کاتی تورکیاش گوتی " لە هەڵبژاردندا 6ملیۆن دەنگمان بەدەستهێناوە و بەگوێرەی دەستووری تورکیا داوای مافەکانمان دەکەین، مافی خۆشمانە پشکمان لە حکومەتی کاتی تورکیا هەبێت، چونکە حکومەتی تورکیا حکومەتی ئاکپارتی نییە و دەبێت مافی هەمووانی تێدا دەستەبەربکرێت".

دەمیرتاش لە کۆنفرانسەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژن بەشداری کاریگری هەێت لە حکومەتدا و رایگەیاند " دەبێت 50%ی حکومەتەکە لە ژنان پێكبێت". سەبارەت بە کاندیدەکانیشیان بۆ حکومەت گوتی " باسی ناوەکان ناکەم، چونکە کاندیدانی ئێمە هەموویان خەڵکی بەتوانان و دەتوانن کاروباری حکومەت هەڵبسووڕێنن".

25/8/2015

pirmam u tarmi faraidun jwanri

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئابی 2015، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، تەرمی فەرەیدوون جوانڕۆیی لە شارۆچکەی پیرمام بەخاکسپێردرا. پرسەكەشی لە مزگەوتی جەلیل خەیاتی شاری هەولێر دەبێت.

لەسەر راسپاردەی خانەوادەکەی، تەرمی فەرەیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری میحوەری خازر لە گۆڕستانێكی پیرمام بەخاکسپێردراوە. لە رێورەسمەكەشدا مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی، کەسوکارەکەی و جه‌ماوه‌رێكی زۆر بەشدارییان كردووە.

كاژێر 12:30 خولەكی شەوی رابردوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ  میحوەری خازر، فەرەیدوون جوانڕۆیی بە رووداوی هاتووچۆ كە ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكەی سەربازی میحوەری مەخموور بەیەكیان داكێشا، خۆی و شوفێرەكەی گیانیان لەدەستدا، 5 پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

25/8/2015

alai eran u israil

 

ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئیسرائیل، فایلێكی دەنگی”ئیھۆد باراك” وەزیری بەرگری پێشووی ئەو وڵاتەیان بڵاوكردەوە كە تیایدا باس لە پلانی ھێرشی سەربازی بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران لە سێ ساڵی یەك لە دوای یەكدا دەكات.

ئەو فایلە دەنگییە كە كەناڵی 2 ی ئیسرائیل بڵاوی كردووه‌تەوە، بەشێكە لە گفتوگۆی “ئیھود باراك” لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس كە كتێبی ژیاننامەكەیان نووسیوەتەوە. دوای بڵاوبوونەوەشی ئیهود باراک، ئەو قسانەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام گوتی بڕیار نەبوو كە بەوشێوەیە بڵاوبكرێنەوە.

بە پێی قسەكانی ئەو به‌رپرسه‌ ئیسرائیلیه‌، لە ساڵی 2010 و 2011 و 2012 بەشێوەیەكی جیددی ھەوڵی ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە ئارادا بووە، بەڵام بەھۆی ناكۆكی لە نێوان وەزیرانی كابینەكەی ناتانیاھۆ و كەسانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە ، بڕیارەكە ھەڵوەشاوەتەوە.

ھەوەھا دەڵێت، لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ھەر سێ جار ئامادەی ھێرش بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بووین، بەڵام ھەرجارەو بە ھۆكارێك ھەوڵەكانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.

“ئیھود باراك” كە پێشتر وەزیری بەرگری و سەرۆك وەزیرانی ئێسرائیل بووە، بە یەكێك لە بەرنامە دارێژەرانی ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەناسرێت، كە لەو ماوەیەی پۆستی وەزیری بەرگری ئیسرائیلی ھەبوو ھەوڵی زۆری دا كە وڵاتەكەی رازی بێت ھێرش بكاتە سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران.

24/8/2015

rojawa u sharwanani kch

 

رۆژی یەكشەممە 23/8/2015، هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بە پێی ڕێككەوتنێكی پێش وەختە، دیلەكانیان لەگەڵ داعشدا ئاڵوگۆڕ كرد و بەو هۆیەوە 3 شەڕڤان كە سەركردەیەكیان لەنێودا بووە، ئازاد كران. 


بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (باسنیوز) لە سەرچاوەیەكی تایبەت لە حەسەكەوە دەستی كەوتووە، ئەمڕۆ ڕێككەوتنێك بە ناوبژیوانیی گەورە پیاوانی عەشیرەتەكانی ناوچەكە، لە نێوان هێزە كوردییەكانی حەسەكە و ڕێكخراوی توندڕەوی داعشدا كراوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەك دیلی لای هەردوولا ئاڵوگۆڕ بكەن. سەرچاوەكە ئەوەی بۆ (باسنیوز) دووپات كردەوە كە بەیانیی ئەمڕۆ، ئاڵوگۆڕ كردنەكە ئەنجام دراوە و بە هۆیەوە 3 شەڕڤانی كورد كە سەركردەیەكی سەربازیشیان لە نێودا بووە، ئازاد كراون. 


بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، پێشتر ئەو شەڕڤانانە لە دەوروبەری گوندی (زەنتەری”ی باكووری شارۆچكەی (ئەلهول)ی باشووری حەسەكە، لە لایەن داعشەوە بە دیل گیرابوون. لە بەرامبەر ئازاد كردنیشیاندا، 3 چەكداری بە دیل گیراوی داعش كە دووانیان بە ڕەگەز سوورین و یەكێكیشیان بیانییە، لە لایەن هێزە كوردییەكانەوە ئازاد كراون. 

٢٤/٨/٢٠١٥

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی ئابی 2015، بەفەرمی نووسینگەی هەماهەنگی یەکێتی ئەوروپا لە شاری هەولێر كرایەوە، لە رێورەسمەكەدا كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبوو، گوتارێكی پێشكەشكرد و لەبارەی یارمەتیدانی پێشمەرگە و ئاوارەكان، هەروەها   لە بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش داوای لە ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

لە گوتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەردەوامبن لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، لە پێدانی چەک و مەشقکردن و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان.

سەرۆكی حكومەت هەروەها گوتی " بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس وەک ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی گەورەی دروستکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەبێ یارمەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە دابینکردنی پێداویستییەکان و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران بەردەوامبێت".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە تاوەکو ئێستا لە ناوچەی شنگال 12 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ ناساندانی تاوانەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوکاری سیاسی و مەعنەوی هەرێمی کوردستان بکەن.

24/8/2015

qatl u maqtuli dhoki

 

دوای حەوت ساڵ لە راگرتنی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان لە هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو سزای لە سێدارەدان بەسەر پیاوێك و دوو ژنەكەیدا لە شاری دهۆك جێبەجێ‌ كرا. دادوەرێكی دادگای تاوانی دهۆك دەڵێت "مەرسومی هەرێمی بۆ جێبەجێكردنی سزاكەیان دەرچوو، بۆیە سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ‌ كرا".

رۆژی 18/11/2011 كە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، كچێك بەناوی ئاڤان حاجی، كە چووبووە پاركێكی زاخۆ، ون بوو. هەر لە زاخۆ رۆژی 24/3/2012 كچێكی دیكە بەناوی هاڤین حەسەن ون بوو، تەمەنی هەردوو كچەكە 11 ساڵان بوو، دواتر دەركەوت لەلایەن پیاوێكی دانیشتووی هەولێرەوە رفێندراون.

نەقیب نەشئەت سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی قەزای زاخۆ، باسی هەوڵە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەكات بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو كچە و دەڵێت "گومانمان لە چەند كەسێك بوو، یەكێك لەوان (ف.ج) بوو، ئەو و ژنەكەیمان بانگ كرد بۆ لێكۆڵینەوە، بەڵام ئەوكات هیچیان لەسەر ئاشكرا نەبوو، هەتا مانگی شوباتی 2014".

(ف.ج)  كە لە زاخۆ كاری لەبغی دیواری دەكرد، دوو ژنی هەبوو، یەكێكیان لە زاخۆ و ئەوی دیكەیان لە شارۆچكەی بنەسڵاوە لە هەولێر نیشتەجێ بوو.

نەقیب نەشئەت دەڵێت "رۆژێك ژنەكەی (ف.ج)، ئەوەی لە زاخۆ دادەنیشت، سەردانی كردین و گوتی مێردەكەم لەگەڵم خراپە و زۆرم لێدەدات، چارەیەكم بكەن. ئێمەش پێمانگوت دەبێ‌ بچیتە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان. بەڵام ئەو گوتی ئەگەر ئێوە بتوانن من لە دەستی ئەو پیاوە رزگار بكەن، من شتێكی گرنگتان پێدەڵێم. ژنەكە گوتی: ئەو دوو كچەی لە زاخۆ ون بوون، مێردەكەی من رفاندوونی و هەردووكیشی كوشتوون".

(ج) لە ژنەكەی زاخۆ كچێكی هەیە و لە ژنەكەی هەولێریش پێنج منداڵی هەیە. كەسێكی نزیك لە (ج) بە (رووداو)ی گوت "(ج) هەردوو كچەكەی بردبوون بۆ ماڵی ژنە گەورەكەی لە هەولێر، هەر هەمان رۆژیش گەڕابووەوە زاخۆ، بۆ ئەوەی كەس هەستی پێنەكات. (ج) دەستدرێژی كردبووە سەر هەردوو كچەكە و پاشانیش هەردووكی كوشتبوون".

دوای ئاشكرابوونی تاوانەكە، پۆلیس (ج) و هەردوو ژنەكەی (خ.ح) و (ب.ح)ی دەستگیر كرد. پرۆسەی دادگایی دەستی پێكرد. رۆژی 24/4/2014 دادگای باڵای تاوانی دهۆك سزای لە سێدارەدانی بۆ هەرسێكیان دەركرد. بڕیارەكەی دادگا رەوانەی دادگای تەمیز كرا و دادگای تەمیزیش بڕیارەكەی پەسەند كرد. پاشان بڕیارەكە رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی واژۆی لەسەر بكات.

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2008ەوە واژۆی لەسەر هیچ بڕیارێكی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان نەكردووە. بەمەش چەندین تاوانبار كە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، چارەنووسیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

دادوەر د.عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، دادوەری دادگای تاوانی دهۆك - ژمارە دوو دەڵێت "دوای پەسەندكردنی ئەو بڕیارە لەلایەن دادگای تەمیز، بڕیارەكە دەچێتە وەزارەتی داد، لەوێش رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا".

سەرچاوەیەك لە دادگای تاوانەكانی دهۆك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند "بەبێ‌ بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیچ كەسێك لە سێدارە نادرێت. حوكمی لەسێدارەدانی ئەو سێ‌ كەسەش لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە واژۆی لەسەر كراوە".

ئەو سێ‌ كەسە دووجار سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری كە خۆی حوكمی لە سێدارەدانی بۆ ئەو سێ‌ كەسە دەركردووە، گوتی "ئەوان بەپێی ماددەی 422 لە یاسای سزادانی عێراقی دووجار سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، چونكە دوو كەسیان لە دوو كاتی جیاوازدا رفاندبوو، پاشانیش كوشتبوویانن". گوتیشی "گوشارێكی زۆری شەقام هەبوو بۆ لەسێدارەدانیان".

سزای ئەو سێ‌ تاوانبارە هەفتەی رابردوو لە شاری دهۆك بە ئامادەبوونی چەند لایەنێك جێبەجێ كرا. د.عەبدولڕەحمان دەڵێت "سزاكە بە ئامادەبوونی دادوەرێك و نوێنەری زانایانی ئاینی و پارێزەرانی دوو كچەكە و كەسوكاریان جێبەجێ‌ كرا".

حەجی كە بابی ئاڤانە، خۆشحاڵە بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر بكوژی كچەكەیدا و دەڵێت "لە سێدارەدانی ئەوان زۆر دڵخۆشی كردین، هەر هیچ نەبێت كەمێك لە برینەكانی ئێمە ساڕێژ بوون".

هەرچەندە ئەو دادوەرە دەڵێت كەسوكاری دوو قوربانییەكە ئامادەبوون، بەڵام حەجی دەڵێت "كەس ئێمەی ئاگادار نەكردەوە، بە رێگەی تایبەت زانیمان ئەوان لە سێدارە دراون".

24/8/2015

helikopteri turki

 

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ناوچەیەکی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، هاووڵاتییانی مەدەنی بۆردوومان دەکەن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا لە سێگۆشەی لیجە، هێنێ و کارازی و لە ناوچەی هورێ لە شاری ئامەد هاووڵاتییان، کە ببوونە ”قەڵغانی زیندوو“، بۆردووماندەکەن، بە بێ ئاماژەدان بە زیانە مادییەکانی ئەو بۆردوومانانەی سوپای تورکیا.

رۆژی شەممە 22ـی ئاب، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)ی نزیک لە پەکەکە داوای لە هاووڵاتییانی ئامەد کردبوو، کە ببنە ”قەڵغانی زیندوو“ و خۆیان بدەنە بەر گوللەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا.

23/8/2015

ilam u slemani wafd

 

وەفدێکی سیاسیی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد و لەگەڵ پارێزگار و چەند لێپرسراوی دیکەی ئەو شارە کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا) ئەو وەفدەی کۆماری ئیسلامی پێکهاتوو لە محه‌مه‌دڕه‌زا مروارید پارێزگاری ئیلام و محه‌مه‌د ڕاستكو ڕاوێژكاری باڵا و حسێن كه‌لانتری یاریده‌ری سیاسیی پارێزگار، دوێنێ شەممە 22 – 8 – 2015 سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد.

وەفدەکە دوێنێ لەگەڵ جێگران و چەند بەرپرسێکی سیاسیی شارەکە بۆ بوونەوە و شەوی رابردووشش لەگەڵ د. ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی و وەفدی هاوڕێی کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا باس پەیوەندی ئابووری و گەشتیاری و بازرگانی کراوە.

دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ساز کرا و ئامانج لەو سەردانە خرایەڕوو.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون گوتی: “سه‌ردانكردنی وه‌فدێكی پارێزگای ئیلام بۆ شاری سلێمانی بۆ په‌ره‌پێدانه‌ له‌رووی بازرگانی و گه‌شتیاری و بره‌ودان به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ ێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌.”

باسی لەوەش کرد له‌ڕووی جوگرافیه‌وه‌ هاوشێوه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ و له ‌كۆبونه‌وه‌کەدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی زیاتر كراوەتەوە.

‌ محه‌مه‌د ره‌زا مروارید پارێزگای ئیلام روونی كرده‌وه‌: خۆشحاڵین كه‌ سه‌ردانی پارێزگای سلێمانیمان کردووە و چاومان ده‌كه‌وێته‌ به‌رپرسانی ئه‌م پارێزگایه‌، ئامانجی سه‌ره‌كیش بره‌ودانه‌ به ‌په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردولادا، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی بازرگانی و گه‌شتیاری و فه‌رهه‌نگییەوە.

لە کۆتاییدا داوای کرد ‌خه‌ڵكی ناوچه‌كانی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیاری و شوێنه‌ مێژووییه‌كانی پارێزگای ئیلام بكه‌ن.

بڕیارە ئەو وەفدەی پاریزگای ئیلام ئەمڕۆش هەر لە سلێمانی بمێننەوە و سەدانی چەند شوێنی گەشتیاری و بازرگانیی سلێمانی بکەن.

23/8/2015

shari jwan

 

ئەندامێكی لیژنەی دانوستاندنكاری كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان رایگەیاند:" لەبەر ئەوەی كەسی یەكەمی حیزبەكان بەشدار نابن، كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان كاتی زۆرتریان دەوێت".

مافناس دانا دارا ئەندامی وەفدی دانوستانكار لە كۆمەڵی ئیسلامی، كە بەشداریی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەی رۆژی یەکشەممە 23-8-2015-ی شاری سلێمانی دەكات، لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی روواو) ئاماژە بەوە دەكات، كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بەردەوامن، چونكە وەك ئەو گوتی "لەبەر ئەوەی كەسی یەكەمی حیزبەكان بەشدار نابن، كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن و پێویستیان بەكاتی زیاترە، چونكە من ‌و هەر یەكێك لەو بەڕێزانەی دیكەش كە بەشداری كۆبوونەوەكان دەكەن، دەبێت بۆ بڕیاردان بگەڕێنەوە بۆ لای كەسی یەكەمی حیزبەكانمان".

سەبارەت بە گەشبینی ‌و رەشبینی ئەویش بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، گوتی "گەشبینی ‌و رەشبینی پێش كۆبونەوە دیاری ناكرێت، بەڵام ئەگەر كەسێك رەشبینبێت هەر بەشداریی كۆبوونەوە ناكات".

کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە نێوان (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری ھەر یەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان شەوی 18-8-2015 لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر بەڕێوەچووە، تاوەکو ئێستا 3 کۆبوونەوە ئەنجامدراون.

بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەم لە ھۆتێلی پێنج ئەستێرەی گراند ملیۆم (شاری جوان) لە سلێمانی ئەنجابدرێت، کە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرفراوان لەو ھۆتێلە ئەنجامدەدرێت، بە تایبەتی دیداری سلێمانی زانکۆی ئەمریکی کە بە ئامادەبوونی دەیان سیاسەتمەداری کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

23/8/2015

demirtashhhhhhhhhhhhhhhhh

 

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (HDP) داوا لە PKK دەکات بەبێ مەرج چالاکییە چەکدارییەکانیان لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا رابگرێت و پێیوایە AKP ناتوانێت بەگرتنی منداڵانی كورد لە كوچەو كۆڵانەكان تاوانەكانی خۆی بشارێتەوە.

سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)  لە ئیزمیر، رۆژی شەممە 22ی ئابی 2015 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ میدیاکاران لەبارەی بارودۆخی ئێستای توركیاو باكووری كوردستان، گوتی:" كورد و تورك، پۆلیس و سەرباز و گەریلا جیاوازیان نییە".

دەمیرتاش، گوتیشی "دەبێت PKK چالاكیە چەكدارییەكانی لە شارو چیاكان رابگرێت، AKPـەش ناتوانێت بەگرتنی منداڵانی كورد لە كوچەو كۆڵانەكان تاوانەكانی خۆی بشارێتەوە".

لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان و ئەو هێرشانە تاوەکو ئێستایش بەردەوامە و گەریلاکانی پەکەکەیش چەندین چالاکی سەربازییان لەباکووری کوردستان ئەنجامداوە کە چەندین سەربازی تورکیا و گەریلای پەکەکە و خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی.

تورکیاش تەنیا رێگای گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی بە دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، رایگەیاند:" لەهەڵبژاردنی پێشوەختدا ئەوانە سەردەكەون كە لایەنگری ئاشتین، ئیتر AKP ناتوانێت ببێتە حزبی یەكەمین، لە هەڵبژاردنەكەی 7ی حوزەیراندا سەركەوتنەكانی HDP بوو، كە نەیهێشت AKP بەتەنیا وەك تاكە حیزب ببێتە دەسەڵاتدار".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 1ی مانگی 11ی 2015ی بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی كۆماری CHP بووە خاوەنی 132 كورسی، پارتی دیموكراتی گەلان HDP و پارتی نەتەوەیی توركیا MHP بوونە خاوەن 80 كورسی.

23/8/2015

qasm slemaniiiiiiiiiii

 

ئاژانسە هەواڵییەکانی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە 23ی ئابی 2015 چەند وێنەیەكی نوێی قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوە.

لە وێنەکاندا قاسم سولەیمانی بەیاوەری ژمارەیەك راوێژكاری سەربازی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی لە كاتی سەردانی مەزاری ئیمام حوسێن لە شاری كەربەلا دەردەکەوێت.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، وەك هەندێ جار بە حاكمی راستەقینەی عێراق ناوی دەبردرێت، لە 11ی ئازاری 1955 لە دایك بووە، لە ساڵی 1980 لە سەروبەندی شەڕی ئێران- عێراق رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە سەرپەرشتیكردنی فەیلەقی (41 تۆڵەی خوا) لە 24ی كانوونی دووەمی 2011 بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پلەكەی لە لیوا بۆ فەریق بەرزكرایەوە.

23/8/2015

zankoi snaa

 

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە رایدەگەیەنێت، ئەو زانکۆیە دەتوانێ 13 هەزار خوێندکار وەربگرێت، بەڵام ئێستا 8 هەزار خوێندکار، لێی دەخوێنن. ئەو ئاماژە بەوەش دەکات زانکۆکە نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست گەشە بستێنێ، بۆیە لە قۆناخەکانی ماستەر و دکتۆرا دا زۆر کەمتر لە توانای خۆی خوێندکار وەردەگرێت. پڕۆژی وەرگرتنی خوێندکار لەسەر بنەمای خۆجێیبوون، بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی خوێندکارەکانی پارێزگای سنە لە چاو ساڵانی پێشتر کەم بێتەوە.

زانکۆی کوردستان لە سنە ساڵی 1974 دامەزرا. ئەو کات وەک دانشسەرای باڵای سنە، کە سەر بە زانکۆی بارهێنانی مامۆستای تاران بوو، دەستی بە کار کرد. زانکۆی کوردستانی سنە لەلایەن  فەریدوون مۆعتەمێد وەزیرییەوە دامەزرا.

وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران ساڵی 1991 ئەو ناوەندەی وەک زانکۆی کوردستان بە فەرمی ناسی. بە گوتەی جێگرێکی سەرۆکایەتی 13 هەزار خوێندکار دەتوانن لە زانکۆیەدا بخوێنن. بەڵام ئێستا تەنیا 8 هەزار و 200 خوێندکاری هەیە. عادل سیوسێ مەردان دەڵێ" ئەمە نیشانی دەدات کە زانکۆی حکومیی پارێزگای سنە 5 هەزار خوێندکار کەمی هەیە".

زانکۆی کوردستان، تەنیا زانکۆی حکومی پارێزگای سنەیە. بەگوتەی سیوسێ مەردان، 32 لەسەدی خوێندکارانی پارێزگای سنە لە زانکۆ ناحکومەتییەکان و 68 لەسەدیشیان لە زانکۆ و ناوەندە حکومەتییەکانی بەستراوە بە خوێندنی باڵادا دەخوێنن.

زانکۆی کوردستان پێنج کۆلیژی هەیە، کە لەواندا 80 بەشی خوێندن دەخوێندرێ. ئەم زانکۆیە یەکەم زانکۆی ئێرانە کە تێێدا بەشێکی تایبەت بە زمانی کوردی کراوەتەوە و بڕیارە پاییزی ئەمساڵ خوێندکار وەربگرێت.

لە ئێراندا دوو هەزار و 600 زانکۆ هەیە. 143 زانکۆیان حکومین. پارێزگای سنە لە کۆی زانکۆکانی ئێران 43 زانکۆی هەیە.

عادل سیوسێ مەردان، جێگری بارهێنانی سەرۆکی زانکۆی کوردستان، دەڵێ: لە ئێراندا بەگوێرەی هەر یەک ملیۆن خوێندکار دوو زانکۆ هەیە، کەچی لە پارێزگای سنەدا بەگوێرەی هەر یەک ملیۆن و 500 هەزار خوێندکار یەک زانکۆ هەیە. ئەو گوتیشی: دەبێت لە پارێزگای سنەدا سێ زانکۆی حکومەتی هەبێت، کەچی یەک دانە هەیە.

سیوسێ مەردان باس لەوە دەکات، دەبوو لە قۆناخی دکتۆرا دا 2 لەسەدی کۆی خوێندکارەکانی ئێران لە زانکۆ کوردستان وانەیان خوێندبایە، بەڵام بەهۆی پەرەنەسەندووییەوە تەنیا یەک لەسەد دەخوێنن.

22/8/2015

husen dehqan w. bargri

 

ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران، لە کاتی وتاری نوێژی هەینی تاران رایگەیاند:" وڵاتەکەی سەرەڕای بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە دروستکردنی مووشەکی باڵستیک"، بە بێ ئەوەی بایەخ بە بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و سزاکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا لەمبارەیەوە بدات.

لە بەشێک لە پاشکۆی بڕیارنامەی ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت پەسندکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا هاتووە" ئێران نابێت بەرنامەی بەرهەمهێنانی مووشەکی باڵستیکی هەبێت".

ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند:" لە کەرتی پیشەسازی ئاسمانیی خۆماندا، چەندەها جۆر مووشەکی باڵستیکی بە مەودای جیاواز بەرهەم دەهێنین، مەودای هاویشتنی موشەکەکان بە جۆرێک دانراوە بۆ وەڵامدانەوەی هەرجۆرە هەڕەشەیەک لەسەر وڵاتەکەمان وەڵامدەرەوە بێت".

دێهقان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا هۆشداریدا کە" هیچ بڕیارنامە یان هێزێک ناتوانێت رێگری لە ئێران بکات هێزی سەربازی خۆی بەهێز و فراوانتر بکاتەوە". 

ژەنەڕاڵ حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران گوتی:" ئێمە لەسەر رێگای خۆمان بەردەوام دەبین، لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە سەربازییەکانمان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەردەممان ئەو پەڕی هێزمان هەیە، هیچ هێز، جموجۆڵ، بڕیارنامە یانیش پڕوپاگەنەدەیەک ناتوانێت رێگە لە ئێران بگرێت بۆ ئەم مەبەستە کاربکات".

بەشداربوانی نوێژی هەینی چەندین جار دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ بەریتانیا"یان دوبارەکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا فیلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بەمەبەستی سەر لەنوێکردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی سەردانی تاران بکات، دواتریش لە داهاتوویەکی نزیکدا باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە بەریتانیا بکرێتەوە". 

22/8/2015

Ban-Ki-moon

 

بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند:" بە وردی چاودێری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتویەتی:" بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەوردی چاودێری کۆبوونەوەی نێوان لایەنکانی دەکات لە باشووری کوردستان و بە لای نەتەوە یەکگرتووەکان بابەتێکی گرنگە".

مەجید نیزامەدین گلی، بەرپرسی نوسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە نیۆرک رایگەیاند:" هەفتەیەک بوو ئێمە ئەو پرسیارەمان دەکرد، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری ئەو کۆبوونەوانەن کە لەنێوان لایەنکان دەکرێت لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،  وەڵامی گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەبوو کە :" ئەوان نەک ئاگاداری پرسەکەن، بەڵکو بە وردی چاودێری ئەو پرسە دەکرێت".

گوتیشی:" ئەو گوتەبێژە ئەوەی خستووەتەڕو کە ، بان کی مون هیوا دەخوازێت، کە لایەنەکان وا رێکبکەون کە ببێتە هۆی یەکگرتووی و سەقامگیری زیاتر لە عێراق و کوردستان".

كاژێر 06:30 خولەكی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18-8-2015 جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، 16 لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداری نوێنەرانی ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە، كە ماوەیەكە بووەتە گرفتی نێوان لایەنەكان. 

کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەبەشداریی نوێنەرانی  ئەمریكا، بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو.

سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا نوێنەری ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان UNداوایانكردووە هیچ گۆڕانكارییەك نەكرێت تاوەكو دوو ساڵی دیكە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئێستا كاتی گۆڕانكاری نییە.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش برێت مەکگۆرگ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:" کۆبوونەوە مێژوویەکە بە درێژایی ئەم شەو لەگەڵ پێنج حزبە کوردییەکە کۆتایی پێهات". 

هاوکات مەکگۆرک لە تویتەکەی ئاماژەی بەوەکردووە" هەنگاوی باشنراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمریکاش لە کۆبوونەوەکەدا هانی یەکڕیزی و سازانی لایەنە سیاسەکانی دەدا".

22/8/2015

logoi hdp

 

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، رایگەیاند کە" بۆ هەڵبژاردنی نوێی تورکیا دروشمی هەڵبژاردنییان بریتی دەبێت لە" ئێمە بەرەو دەسەڵات".

یوکسەکداغ رایگەیاند کە زۆر لایەن بوونی هەدەپەیان لەناو پەرلەمانی تورکیادا پێ قبوڵناکرێت و هەوڵی بچووکردنەوەی هەدەپە دەدەن و لە وەڵامی ئەمەدا هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دروشمەکەی دەکات بە "ئێمە بەرەو دەسەڵات"

لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی تورکیادا کە لە 7-ی حوزەیرانی 2015 ئەنجامدرا، دروشمی هەڵبژاردنی هەدەپە بریتی بوو لە "ئێمە بەرەو پەرلەمان" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردن دەشكێنیت و دەڕواتە ناو پەرلەمانی تورکیا.

ئەوە بوو ئەو حیزبە توانی بۆ یەکەمجار بەربەستی 10% تێپەڕێنێت و بە بەدەستهێنانی 80 کورسی توانی بچێتە پەرلەمانی تورکیا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 1ی مانگی 11ی 2015ی بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.

دوای ئەوەی ئەحمەد داودئۆغڵو، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی توركیا نەیتوانی لەوادەی دیاریکراودا حکومەتەکە پێکبێنێت، رۆژی 18-8-2015 دۆسیەی دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی رادەستی رەجەب تەییب ئەردۆغان کردەوە.

داودئۆغڵو رۆژی 9-7-2015 ئەو ئەرکەی وەرگرتبوو و بەپێی دەستووری تورکیا 45 رۆژی هەبوو بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام لەبەرئەوەی نەیتوانی لەگەڵ هیچ یەکێک لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست حکومەتی هاوپەیمانی پێکبهێنێت، داودئۆغڵو ئەرکەکەی گەڕاندەوە.

رۆژی چوارشەممە 19-8-2015، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ موختارەکان رایگەیاند " باشترین چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی كۆماری CHP بووە خاوەنی 132 كورسی، پارتی دیموكراتی گەلان HDP و پارتی نەتەوەیی توركیا MHP بوونە خاوەن 80 كورسی.

22/8/2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان