كەمپەكانی كۆچبەران لە سوێد و فینلاند بوونەتە شوێنی تێكەڵبوون و پێكەوەنانی خێزان لە نێوان كۆچبەرانی نەتەوە جیاوازەكاندا.
هەرگیز بەخەیاڵی هەژاردا نەدەهات لەگەڵ كچە عەرەبێكی مەغریبی خێزان پێكەوە بنێت. وەك خۆی دەڵێت "من لەوسەری دونیا و ئەو لەوسەری دنیا بوو". بەڵام ژیانی كۆچبەرێتی و كەمپی توركۆ ئەوانی بەیەك گەیاند "ئێستا ژیانێكی زۆر خۆشمان هەیە، منەتم بەوە نییە مافی مانەوەم دەدرێتێ یان نا".
كەمپەكانی كۆچبەران لە سوێد و فینلاند بوونەتە شوێنی تێكەڵبوون و پێكەوەنانی خێزان لە نێوان كۆچبەرانی نەتەوە جیاوازەكاندا. بەپێی بەدواداچوونێكی (رووداو) لە هەشت كەمپی سوێد و فینلاند، زیاتر لە 34 حاڵەتی پێكەوەنانی خێزان لە نێوان كۆچبەرانی كورد و كۆچبەرانی نەتەوەكانی دیكە تۆماركراوە.
هیوایەك لەودیو سنوور
هەژار مەهدی، 32 ساڵ، نزیكەی دوو ساڵی لەڕێی قاچاخ و ژیانی نێو كەمپەكان بەسەر برد. ئەو دەڵێت "تێگەیشتم لەوەی دەبێ خۆم ژیان بدۆزمەوە و نایەتە بەردەمم". هەژار كە لە باشووری كوردستانەوە بەرەو ئەوروپا كۆچی كردووە، دەڵێت "هەموو ژیانم لە شەڕ و برسێتیدا بەسەر برد و نامەوێت ئەوەی ماوە بەنامۆیی بەسەری بەرم".
لوبنە، 27 ساڵ، لە شاری كازابلانكای باكووری رۆژئاوای مەغریب لەدایك بووە، هەمان ئەو نەهامەتییانەی بینیوە كە هەژاری هاوژینی پێیدا رۆیشتووە. ئەوان لە كەمپێكی شاری توركۆ لە فینلاند یەكدییان ناسی و دواجار خێزانێكی خنجیلانەیان پێكەوەنا "من زۆر خۆشحاڵم بە ناسینی هەژار و پێموایە پێكەوە ژیانێكی خۆش دروست دەكەین".
ئەوان بڕیاری ئەوەیان داوە كە ئەگەر قبوڵیش نەكران، پێكەوە لە یەكێك لە وڵاتەكانیان مەغریب، یان كوردستان بژین.
لە ئەڵمانیاوە بۆ سوێد.. لەپێناو هاوژینەكەی
زاهید حەمەد پەشیمان نییە لەوەی ئەڵمانیای بەجێهێشتووە، ئەگەرچی هیوای بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لێسەندەوە، بەڵام دەڵێت "ژیانێكم دۆزییەوە كە هەرگیز بەهەشتی ئەوروپاش پێی نەدەبەخشیم".
زاهید و نادیە لە ئەڵمانیا و لە رێگەی قاچاخ لە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەدا یەكدییان ناسی. بەڵام ژیانی كەمپی سەرەتایی جیای كردنەوە، دواتر نادیە و زاهید لەیەكدی ون دەبن.
دوای كۆچكردن بەرەو باكووری ئەوروپا، بە رێكەوت نادیە دەكەوێتە كەمپێكی سوێد و زاهیدیش لە یەكێك لە كەمپەكانی باشووری ئەڵمانیا و لە ناوچەی بادن نیشتەجێ دەكرێت. دوای حەوت مانگ، لەرێگەی فەیسبووكەوە نادیە دەدۆزێتەوە.
هەرچەندە بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی كاتی، یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكانی داهاتووی زاهید بوو، بەڵام ئەوەی بەلاوە نا و بە قاچاخ خۆی گەیاندە لای نادیە لە سوێد.
ئێستا زاهید و نادیە لە یەكێك لە كەمپەكانی نزیك شاری یۆتۆبۆریی سوێد دەژین و بوونەتە هاوژین. هەردووكیان كۆكن لەسەر ئەوەی پەشیمان نین لەو بڕیارە و دەڵێن "ئاسوودەین پێكەوە و چارەنووسمان هاوبەشە".
بەهۆی ئەوەی زاهید پەنجەمۆری هەیە و پێشتر لە ئەڵمانیا خۆی تەسلیم كردووە، ئەگەری ناردنەوەی هەیە، بەڵام نادیە دەڵێت: "چارەنووسمان پێكەوەیە و لەیەك جیانابینەوە".
هیچ یەكێك لە دامەزراوەكانی كۆچی وڵاتانی ئەوروپی رێسایەكیان بۆ حاڵەتی لەم شێوەیە نییە.
بەڵام ریتا هامن كە كارمەندێكی مەیدانیی دەزگای كۆچی سوێدە، دەڵێت "ئەگەرێكی كەم هەیە لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بە كەیسەكانیان، ژیانیان وەك حاڵەتێكی تایبەت رەچاو بكرێت".
سەبارەت بەوەی لەڕووی بەڵگەی فەرمیی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ریتا هامن گوتی "بەهیچ شێوەیەك دەست لەو جۆرە حاڵەتانە وەرنادرێت و كێشەی دامەزراوەكەی ئێمە نییە، خۆیان ئازادن چی دەكەن و ئێمە رێزیان لێدەگرین و شوێنی تایبەتیشیان وەك خێزانێك بۆ تەرخان دەكەین".
گوتیشی "قبوڵكردنی یەكێك لەو ژن و مێردانەی لە كەمپن، یان لەو وڵاتە بوونەتە هاوژینی یەكدی، نابێتە بنەما بۆ ئەگەری قبوڵكردنی ئەوی دیكەیان".
مزگەوت و كەسایەتییە ئاینییەكان هاوكارن
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) بەشێكی زۆر لەو كەیسانە لەڕێگەی كەسایەتییە ئاینییەكان و مزگەوتەكانەوە كێشەی خۆیان چارەسەر كردووە.
لاوەند ناوی خوازراوی یەكێك لەو كۆچبەرە كوردانەیە كە بەهۆی ئەوەی كەسوكاری رازی نەبوون كۆچبەرێكی كەمپەكەی بكاتە هاوژینی خۆی، كەسوكارەكەی جێهێشتووە و لە دەرەوەی كەمپەكە لەگەڵ هاوژینەكەی دەژی. لاوەند گوتی "بەپێی نەریتی خۆمان، بەگوێرەی شەرع و لە مزگەوت لەلای مەلا لە یەكدی مارە كراوین".
وەك نەریتێك لە مزگەوتەكانی سوێد كە سەرۆكایەتی شارەوانیش كۆنترۆڵی كردووە و فۆرمی تایبەتی بۆ ئامادە كردوون، بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی بۆیان هەیە ژن و مێرد لەیەكدی مارە بكەن و ئەو فۆرمەشیان بۆ پڕ دەكەنەوە كە كۆمۆن بۆی تەرخان كردوون، بەڵام ئەو فۆڕمە تەنیا گرێبەستی هاوسەرییە و نابێتە بەڵگەی فەرمی.
سەید مەئموون حەمید، ئیمامی یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری ستۆكهۆڵم گوتی "دەوڵەت رێز لەو بنەما ئاینیانە دەگرێت و ئێمەش بەپێی شەرع ئەو ژن و مێردانە لەیەك مارە دەكەین كە تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵەوەیە و دوو شایەتیان هەیە".
منداڵ.. یەكێك لە كێشە گەورەكان
لەكۆی ئەو 34 كەیسەی (رووداو) زانیاری لەبارەوە وەرگرتن، سێ لەوان بوونەتە خاوەنی منداڵ و دەوڵەت نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بكات.
شاناز ئەدهەم كە پارێزەرێكی كوردە لە فینلاند، بە (رووداو)ی گوت "رێسایەكی ئەخلاقی هەبووە كە ئەو منداڵانەی لە هەر وڵاتێك لەدایك دەبن، مافی پەنابەرێتی بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ كۆچبەرانی نوێ قبوڵ نەكراوە و بە تایبەت بۆ ئەو ژن و مێردە تازانە، چارەنووسی منداڵەكان ونە".
(رووداو) پێشتر چەندین كەیسی ئەو منداڵانەی ئاشكرا كرد كە لە كەمپەكان لەدایك دەبن و كێشەیان هەیە و چارەنووسیان دیار نییە. هۆكاری خستنەوەی منداڵانیش ئەو بۆچوونە هەڵەیەی دایكان و باوكان بووە كە پێیانوابووە منداڵ دەبێتە فاكتەری بەدەستهێنانی مافی مانەوەی هەمیشەیی.
بڕیاری ناردنەوەی دایك و باوكێكی كورد بۆ هەرێمی كوردستان و هێشتنەوەی منداڵەكەیان لە فینلاند، مێدیاكانی ئەو وڵاتەی هەژاند. بەهۆی گوشاری مێدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، سەرۆكوەزیرانی فینلاند، دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەو خێزانە كوردە بەكارهێنا و بڕیاری ناردنەوەیانی راگرت.
8/7/2016