ئەندامێكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق رەخنەی توند لە ئێران دەگرێ لەسەر ئەو هەڕەشانەی لەزاری ژەنەراڵێكی پایە بڵندی ئەو وڵاتەوە لە هەرێمی كوردستان كرا و دەڵێت هەر هەڕەشەیەك لە هەرێمی كوردستان، هەڕەشەیە بۆ بەغدا و هەموو عێراق". پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی سەوزیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "رێگە بە ئێران نادەین و لێیان قبووڵ ناكەین".
كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی تەختكردنی كوردستان دەكات، هەڕەشەكەش لەلایەن كەسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووە. ئەوەش دوای شەڕ و پێكدادانی نێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە نزیك شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان.
سەردار سەلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران پێشمەرگەكانی حدكای بە "ئەشرار" ناو برد، كاتێك لە نوێژی هەینی لە تاران گوتارێكی پێشكەش كرد.
سەلامی جگە لە هێرشكردنە سەر پێشمەرگەكانی حدكا، هەڕەشەیەكی توندی لە هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بۆ ئەگەری لەشكركێشیی وڵاتەكەی كرد بۆ سەر "باكووری عێراق".
هەرێمی كوردستان زیاتر لە 800 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و سێ دەروازەی نێودەوڵەتیش لە نێوان هەردوولادا هەن.
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران هۆشداری دەدات كە ئێران دەست ناپارێزێ و بە (رووداو)ی گوت "لە مەرزەكان ئەو هێزانە (پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران-حدكا) ناتوانن هاتوچۆ بكەن، بەبێ رەزامەندیی لایەنێك. دیارە چاوپۆشی هەیە لەوە".
نازم دەباغ هۆشداریی توندی دا كە "ئەگەر رێگری لەو هێزانە نەكرێ، دۆخەكە خراپتر دەبێ، چونكە ئێران تاوەكو ئێستا رەچاوی زۆر شتی كردووە".
سەردار حوسێن سەلامی وەك نازم دەباغ باسی دەكات، لە ئێران "پلە و پێگەیەكی زۆر گرنگی هەیە. بۆیە سەلامی كە قسە دەكات بە حیسابە".
سەرداری كە بە جلی سەربازییەوە لە بەردەم هەزاران نوێژخوێن لە تاران وەستابوو، گوتی "هۆشداریی توند دەدەمە رژێمە بە كرێگیراوەكانی ناوچەكە و بەرپرسانی باكووری عێراق، كە بەڵێن دەدەن دەبێ پابەند بن بە بەڵێنەكانیانەوە، هەر شوێنێك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران، بەبێ هیچ لەبەرچاوگرتنێك ئەو شوێنە وێران دەكەین".
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەڵوێست وەرگرتنێك لەو هەڕەشانە، رۆژی 2/7/2016 لە رێگەی دەركردنی بەیاننامەیەكەوە وەڵامی سەلامیی دایەوە و رایگەیاند "ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی رەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بەهیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاربهێنرێت".
مەحموود عوسمان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كۆنە دانوستاندنكاری كورد لەگەڵ ئێران پێیوایە "پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات مافی خۆیانە بەرگری بكەن، تاوەكو ئێستا لە دەستووری ئێراندا وشەیەك نییە بەناوی كوردستان"، بەڵام ئەوەی ئێستا ئێران دەیكات لە هەڕەشە و تۆپبارانكردنی باشووری كوردستان وەك مەحموود عوسمان دەڵێت "چالاكییەكانی پێشمەرگەكانی حەدكا دەكاتە بیانوو، چونكە لە ئەسڵدا ئێران دژی باشووری كوردستانە و نایەوێ كیانی خۆی هەبێ".
هەرچەندە حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستا بەفەرمی هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر باشووری كوردستان دەرنەبڕیوە، بەڵام سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێ پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونكردنەوە لەو بارەیەوە بدات.
حەسەن شویدەر، سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "عێراق دەوڵەتێكە سیادەی خۆی هەیە و هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعێراق، بۆیە قبووڵ ناكەین هیچ هەڕەشەیەك لە هەرێمی كوردستان بكرێ"
شویدەر هەروەها گوتی "بەشێوەیەكی فەرمی داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەم كە هەڕەشەكەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، چونكە هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەڕەشەیە بۆ بەغدا و تەواوی عێراق". بەڵام وەك خۆی دەڵێ "ناكرێ سنوورەكان بەكاربێت بۆ ناسەقامگیركردنی دەوڵەتانی دەوروبەر".
پێناچێ هەوڵەكەی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەنجامێكی ئەوتۆی هەبێ، چونكە ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق شیعەیە و هاوپەیمان و دۆستێكی هەرە نزیكی ئێرانە.
سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستانیش رەخنە لە هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرێ، بەڵام وەك ئەو گوتی "لەبەر پەككەوتنی پەرلەمان ناتوانن هیچ هەنگاوێك بهاوێژن".
زانا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان كە یەكێتییە، بە (رووداو)ی گوت "ئەگەر هەوڵیش بدەین ئەوا لەبەر كارانەكردنەوەی پەرلەمان لێژنەكە نیساب تەواو ناكات، هەروەها بۆمان نییە راستەوخۆ پەیوەندی بە كۆنسوڵەكانەوە بكەین، بەڵكو دەبێ لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بێ".
زانا عەبدولڕەحمان هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر باشووری كوردستان بە "ناواقعی" دەزانێ و دەڵێت "رێگە بەوە نادرێ ئێران هێزی خۆی بهێنێتە نێو قووڵایی كوردستان بۆ ئەوەی لە هێزێكی ئۆپۆزیسیۆن بدات، ئەمە لە كەس قبووڵ ناكرێ، چونكە ئەوكات توركیاش بە بیانووی پەكەكە هێزێك دێنێت و لە پەكەكە دەدات".
زانا عەبدولڕەحمان بە دووری زانی عێراق بەرامبەر ئێران هەڵوێستی هەبێ و گوتی "عێراق هیچ رۆڵێك نابینێ، خۆی ناكاتە ساحێبی ئەم كێشەیە، بەڵام بۆ هەندێ شتی دیكە خۆیان دەكەنە ساحێب، لەرابردوودا داوامان لە عێراق كردووە، بەڵام وەڵامی نەبووە".
4/7/2016