پێشنێوەڕۆی دوێنێ دووشەممە 2016 -10 31 د. فرێدریک تیسۆ, پزیشک و دیپلۆماتی فەرەسی و دۆستی لەمێژەینەی کورد سەردانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کرد و ڕێبەرایەتیی حدکاش لەو ڕێورەسمی ڕێزلێنان و دابەشکردنی کتێبەکەیدا بەشدار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (کوردستان و کورد) لەو دیدارەدا د. تیسۆ دوای دەربڕینی خۆشحالی خۆی لەم دیدار و چاوپێکەوتنە، قسەکانی بە باسکردن لەسەر چۆنیەتیی ئاشنابوونی لە گەڵ گەلی کورد بەگشتیی و بەتایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بزاڤی مافخوازانەی ئەو گەلە درێژە پێدا و لەم بارەوە دەور و ڕۆڵی د. قاسملووی بەرز نرخاند.
دکتور تیسۆ بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەردەمی خەباتی چەکداریی حیزبی دیموکرات و شۆڕشی بەربڵاوی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، کۆمەڵیک بیروڕای خۆی خستەبەرباس و باسی لەوە کرد کە لە دەسپێکی ئاشنابوونی لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵات، ئێستاشی لەگەڵ بێ خۆی بە پاڵپشت و پشتیوانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەزانێ.
د. تیسۆ لەم بارەوە گێرایەوە "تەنانەت لە بنەماڵەکەی خۆم زۆرجار لێم دەپرسن کە بۆ هێندە کوردت خۆش ئەوێ، منیش دەڵێم بە خۆشویستنی کورد لەدایک بووم و بێ گومان دۆستایەتیم لەگەڵ قاسملووی شەهید لەم بارەوە کارتێکەریی هەبووە."
د. فرێدریک تیسۆ لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا کۆمەڵێک بیرەوەری ناخۆش و خۆشی خۆی لە سەردەمێک گێڕاویەوە کە وەکوو پزیشکێک لە تیمی پزیشکانی بێسنوور لە کوردستان خزمەتگوزارییان دەکرد و لەم بارەوە ڕایگەیاند کە "هەمووکات خۆم بە پێشمەرگەی حزب زانیوە و چەکی منیش زانستی پزیشکییەکەم بوو کە بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە شان بە شانی ئێوەی پێشمەرگە خزمتم بە کوردستان کردووە."
بەرێز دوکتور تیسۆ پاشان گوتی: "بەشداریکردنی من لە خەباتی پرمەترسیی و مافخوازانەی کوردی رۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات تەنیا وەکوو پزیشکێک نەبوو بۆ چارەسەریی بریندارو نەخۆشەکان، بەڵکوو زۆرجار لە بوارەکانی دیکەش ئەوەی لە دەستم هاتبێ درێغیم نەکردوە، ناوبراو لەم بارەوە باسی لە چۆنیەتی هێنانی ڕادیۆ بۆ حیزب کرد کە ئەودەم کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ویستمان دەنگی کوردستانی ئێران بە گوێ دۆستان و دوژمنانیشی بگات."
لە بڕگەیەکی دیکە ئەو دیدارەدا مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حدک بە نوێنەرایەتیی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حزب بەخێرهاتنی دک. تیسۆی کردو رایگەیاند کە "ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هیچکات هەوڵ و ماندووبوونی مرۆڤدۆستانەی ناوبراو لەبیر ناکەین و بە پێشمەرگەی حیزبی دەزانین."
فرێدریک تیسۆ لە کۆڕێکی گەرم و پێشمەرگانەدا و بەبەشداریی چەند کەسێک لە ڕێبەرایەتیی حدکا کتێبی بیرەوەریەکانی خۆی (مرۆڤێک بەپێوە) پێشکەش بە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کرد.
د. تیسۆ ڕاشیگەیاند "ماڵەکەم ئێستا هەر ٣٠٠ مەترێک لە شوێنی مانەوەی شەهیدان؛ د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی لە پاریس دوورە، بۆیە وەسیەتم کردوەو لێرەیش "جارێکی دیکەی دووپاتی دەکەمەوە؛ بۆ ئەوەی لەو دونیای دیکەیش هاوڕێ و نزیکی قاسملوو و شەرەفکەندی بم ، داوا دەکەم لە پێرلاشێزو و لای گۆڕی ئەوان بمنێژن.
شاندێکی رێبەریی حدکا بە سەرپەرشتی حەسەن شەڕەفی جێگری سکرتێری گشتیی حدکا، لەو دیدار و کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد کە ئەمە بووە هۆی خۆشحاڵیی ئەندامان و لایەنگرانی هەردوولای دیموکرات و د.تیسۆ.
1/11/2016