ساڵی رابردوو (2015) زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر گەیشتنە ئەوروپا، بەڵام رێککەوتننامەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە مانگی ئاداری رابردوو، وایکرد ئەم ژمارەیە بۆ کەمتر لە 400 هەزار کەس لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەمبێتەوە.
بەڵام پێدەچێت بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016ـی رابردووی پەرلەمانی ئەوروپا، بۆ هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی تورکیا لەو رێکخراوە ئەوروپیە، کۆتایی بەو رێککەوتنەی تایبەت بە کۆچبەران بهێنێت کە لە نێوان هەردوولادا هەبوو.
شەڕ، کاولکاری، چەوساندنەوە و گەڕان بە شوێن ژیانێکی باشتر وایکرد کۆچی کۆچبەران روو لە زیادبوون بکات. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئاوارە و کۆچبەران لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە سەرووی 65 ملیۆن کەس، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت.
رێکخراوە جیهانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە "رۆژانە زیاتر لە 30 هەزار کەس لە جیهاندا ئاوارە دەبن، ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن و روو لە وڵاتێکی دیکە دەکەن بۆئەوەی دەست بە ژیانێکی باشتر بکەن".
شەڕی ناوخۆی سووریا، شەڕی عێراق و قەیرانەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایانکردووە، مانگانە هەزاران کۆچبەر هەوڵبدەن خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا و، سەرەکیترین رێگای گەیشتنیشیان بەو وڵاتانە، تورکیایە.
رۆژی هەینی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئەوروپا و هەڕەشەی کردنەوەی سنوورەکانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەوروپای لێ کردن.
ئەردۆغان، گوتی "کاتێک 50 هەزار کەس لەسەر سنووری کاپیکولی کۆبوونەوە، هاوارتان لێ هەڵسا. پرسیارتان لە یەکدی دەکرد چی بکەین ئەگەر تورکیا سنوورەکانی بکاتەوە! گوێ بگرن، ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن، سنوورەکان دەکەینەوە".
توێژەرەوانیش باوەڕیان وایە کردنەوەی سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەڕووی کۆچبەران، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی کۆچێکی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ ئەوروپا و، وڵاتانی ئەوروپاش بەرگەی ئەو لێشاوە ناگرن.
ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2016:
345,676 کەس گەیشتوونەتە ئەوروپا
77,695 کەسیان سووری بوون
40,540 کەسیان ئەفغانی بوون
25,22 کەسیان عێراقی بوون
ژمارەی کۆچبەران لە ساڵی 2015:
1,011,712 کەس گەیشتوونەتە ئەوروپا
475,902 کەسیان سووری بوون
205,858 کەسیان ئەفغانی بوون
86,989 کەسیان عێراقی بوون
27/11/2016