ڕۆژی پێنجشەممە 2017/4/27 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن سەبارەت بە کێشەکانی گەلی کورد و بارودۆخی ئاوارەکان لە عێراق و سووریا و تورکیا یەکەمین کۆنگرە ساز کرا.
سەرەتا سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ژاپۆنی وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و مەبەستی کۆنگرەکەی بۆ ئامادەبوان ڕوون کردەوە کە دەیانەوێت دۆستایەتیی هەر دوو نەتەوەی ژاپۆن و کورد پێش بخەن و هاوکار بن بۆ چارەسەریی کێشەکانی کورد.
پاشان عەبدوڵا حاجی مەحموود سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتەیەکدا سڵاوی پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی گەیاندە گەلی ژاپۆن و باسی لە گرنگی کۆنگرەکە کرد و سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپنی کرد.
ئەو پەرلەمانتارە کورد ئاماژەی کرد بەو ڕاپۆرتەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان ئامادەیان کردووە و داوای کرد هەرچی زووە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە بکرێت.
دواتر ڕاپۆرتێک لەلایەن دکتۆر فەرسەد سۆفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی داتاشۆوە خوێندنەوەی بۆ کرا کە پێکهاتبوو لە چەند تەوەرێک لهوانە: مێژووی گهلی كوردستان و شۆڕشەکانی کورد و تاوانەکانی بەعس و به نێودهوڵهتیكردنی ئهو تاوانانهی بهرامبهر نەتەوەی كورد كراون و شەڕی داعش و نەبەردییەکانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پێکەوەژیان و سیستەمی سیاسی و هەڵبژاردن و چاکسازی و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و ئاوارەکان و کێشەکانی هەرێم و بەغدا و کێشەکانی ناوچەکە و مافی چارەی خۆنووسین و ئەنجامدانی ڕاپرسی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و و
وڵاتی یابان و ڕاسپاردەو داواکارییەکان."
دوابەدوای ئەوە ڕاپۆرتێک لەلایەن مەحمود ئۆغرۆک ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی هەدەپە و ئیبراهیم گەنج ڕاوێژکاری هەدەپە لەسەر دۆخی کورستانی باکوور پێشکەش کرا.
پاشان هەدیە یووسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری سیستمی فیدرالی دیموکراتی رۆژئاوا و ئەڤین سوێد گوتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوا و مستەفا موتابخت سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی دیموکراتی کوردی سووریا، ڕاپۆرتێکیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرد.
هەر لە کۆنگرەکەدا ڕەفیق غەفوور ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کەنەکە، ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوەندی کورد و کوردانی تاراوگە پێشکەش کرد.
لە سەرجەم ڕاپۆرتەکاندا جەخت لەسەر دۆستایەتیی گەلی ژاپۆنی و گەلی کورد کرایەوە و داوا کرا کە پشتگیری لە هەنگاوەكانی گەلی كورد بكرێت بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ڕاسپارەدەی سەرجەم ڕاپۆرتەکان درانە دەست لایەنی پەیوەندیداری وڵاتی ژاپۆن.
لە کۆتاییدا کۆنگرەکە بە چەند چالاکییەکی هونەریی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
شایەنی باسە کۆنگرەکە لەلایەن هاوبەندی دۆستایەتیی ژاپۆن ـ کوردستان بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ژاپۆنی و کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ژاپۆن ـ کوردستان و هاوبەندی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریی پەنابەران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی ژاپۆن، ساز کرابوو.
ئەمە یەکەمین جارە لە وڵاتی ژاپۆن کۆنگرەیەک لەسەر ئەو ئاستە ساز دەکرێت کە تێیدا شاندی بەشەکانی کوردستان پێکەوە لەسەر کێشەکانی گەلی کورد و پێشهات و بارودۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.
29/4/2017