بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی رێگای ئاوریشم ، رۆژی شەممە 13-5-2017 ، بەشێک لە سەرۆکەکانی وڵاتانی جیهان گەیشتنە پەکینی پایتەختی چین. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 14-5-2017 لە ژێر ناونیشانی " یەک پشتێنە - یەک رێگا" کۆڕبەندی نێودەڵەتی رێگای ئاوریشم بەڕێوەبچێت.
ئەم کۆڕبەندە بیرۆکەی شی جین پینگ، سەرۆکی چینە کە بەنیازە رێگای ئاوریشمی کۆن زیندوو بکاتەوە، لە رێگەی دامەزراندنی چەند رێڕەوێکی گرینگی وەک هێڵی ئاسن و رێگای نێودەوڵەتی و بنیاتنانی چەندین بەندەری گرینگ، کە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە گرێدەدات و دەبێتە گەورەترین رێرەوی بازرگانی جیهان.
لەم کۆڕبەندەدا 850 میوانی بیانی لە 130 وڵاتدا بەشدارن و 70 رێکخراوی جیهانیش ئامادەی کۆڕبەندەکەدەبن.
هەرچەندە وردەکاری دارایی هەموو پرۆژەکە ئاشکرا نەکراوە بەڵام، چین هەر لە ساڵی 2013 وە پلانی بۆ ئەو رێگایە داناوە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین پرۆژەی هێڵی ئاسن و وێستگەی کارەبا لە تاجیکستان و تایلەند و قێرغیزستان کردووەتەوە.
رێگای ئاوریشمی نوێ چەندین شاری گرێنگی چین وەک شاری دالیان لەگەڵ بەندەرە گەورەکانی جیهان پێکەوە گرێدەدات.
وانگ هو چین، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری شاری دالیان دەڵێت: "لە رێگەی هێڵی ئاسن و رێگای خێرا، ئێمە شارەکانی دالیان و لیاونینگ لەرێگەی مۆنگۆلیا و رووسیا دەبەستینەوە بە ئەوروپا هەموو ئەم رێگانە دەبنە رێڕەوی گرینگی بازرگانی جیهان. دالیان حەڵقەیەکی گرینگی پرۆژەی (یەک پشتێنە-یەک رێگا) یە.
کۆمپانیا چینییەکانیش دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ پێشخستنی کاروباری بازرگانی خۆیان.
کو هۆنگ، یاریدەدەری سەرۆکی کۆمپانیای DHHI دەڵێت: "لە رابردوودا ئێمە گرێردراو بووین بە هەناردەکردنەوە. کۆمپانیاکەی ئێمە ناچاربوو بەشەڕبێت لە بەرەکانی بازاڕدا. بەڵام دوای دەستپێشخەری(یەک پشتێنە-یەک رێگا) ئێمە هەلی زیاتر و پلاتفۆرمی گەورەترمان لەبەردەست دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی وڵاتان پێکەوە بۆ بەرژەوەندی هاوبەش کاری بازرگانی بکەین".
سەرەڕای ئەو هەموو بەرژەوەندییە بۆ کۆمپانیا چینییەکان ، هەندێ لە شارەزایان رەخنە لە پرۆژەکەی چین دەگرن بەوەی کە ئەو وڵاتە خوازیارە هەموو وڵاتانی بەشداربوو لەڕرووی ئابوورییەوە گرێدراوی خۆی بکات.
تۆم میلەر، راوێژکاری کۆمپانیای گاڤەکال رەخنە لەو پرژەیە دەگرێت و دەڵێت: "ئەوەی کە چین بەتەمایە ئەنجامی بدات دروستکردنی تۆڕێکی لە یەک ئاڵاوی نێودەوڵەتییە. کەواتە چین دەیەوێت بە وڵاتانی دیکە بڵێت، چاو لێبکەن، ئێوە رێگاوبانتان نییە، پردتان نییە، هێڵی ئاسنتان نییە، وێستگەی گازتان نیە، تۆڕەکانی کارەباتان نییە. وەرن ئەو شتانەتان بۆ دامەزرێنین. ئەمەش ئەنجامەکەی دیارە ، هەموو ئەو وڵاتانە دواجار لەڕووی ئابوورییەوە گرێدەدرێنەوە بە چین کە کاریگەری جیۆسیاسیشی بەدواوە دێت".
لە کۆربەندی " یەک پشتێنە-یەک رێگا" سەرکردەی 28 وڵاتی جیهان وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەشدارن. هەرچەندە هیچ سەرکردەیەکی گرینگی رۆژئاوایی لە کۆڕبەندەکەدا بەشدا نابێت.
14/5/2017