ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریکی، لە زاری راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان پێش کۆتایی ئەم ساڵ ئەنجام دەدرێت و ھەروەھا دانیشتووانی شاری کەرکووکیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/5/2017، ڕۆژنامەی (واشنتۆن تایمز)ی ئەمریکی، بڵاوی کردوەتەوە: "مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، دوێنێ سێشەممە ١٦/٥/٢٠١٧ لە میانی وتارێکی لە دەزگای (ھێریتیج)، دووپاتی کردەوە کە ریفراندۆم بۆ نیشاندانی ویستی خەڵکی کوردستانە و ڕەتی کردەوە ھیچ لایەنێکی کوردی ئەو بابەتە بۆ موزادەی سیاسی بەکار بێنێت".
رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاو کردووەتەوە: "مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردوەتەوە کە ریفراندۆم پرسێکی جدییە و بۆ ھیچ پڕوپاگەندەیەک نییە".
واشنتۆن تایمز، لەبارەی دانیشتوانی کەرکووکەوە، نووسیویەتی: "مەسرور بارزانی دەڵێت تەنھا دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کەرکووک بۆیان ھەیە بڕیار لەسەر داھاتووی شارەکەیان بدەن، مافی بەشداری کردنیان ھەیە، کەسانێک لەدەرەوە ناتوانن لە جیاتی کەرکووکییەکان ئەو بڕیارە بدەن".
رۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەش داوە کە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێڕاقی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەھۆی ھۆکاری نادیار ماددەی ١٤٠ی دوای چەندین ساڵ جێبەجێ نەکردووە، نووسیویەتیش: "مەسرور بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە ڕاستیدا ھێزی پێشمەرگە بووە بەرگری لەشاری کەرکووک کرد و نەیھێشت بکەوێتە دەستی داعش، وەکو شاری موسڵ، بۆیە باوەڕمان وایە کە ناسنامەی شاری کەرکووک زۆر ڕوونە".
لەبارەی دیالۆگی نیوان ھەولێر و بەغدا، ئاماژەی بەوەش داوە کە ھێشتا دەرفەت بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسیانە لەگەڵ بەغدا لەسەر داھاتووی کەرکووک ھەیە، بەڵام دەبێت ڕێز لە ویستی خەڵکەکەی بگیرێت، ئەوەشی لەسەر زاری مەسرور بارزانی بڵاوکردوەتەوە: "ھیوادارین بگەینە لێک تێگەیشتنێک لەگەڵ بەغدا، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ خەڵکی کەرکووک بگەینە لێک تێگەیشتن بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەو شارە"
17/5/2017