لەگەڵ راگەیاندنی سیاسەتی نوێی کۆچ لە سوێد، کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو جێبەجێ بکرێ، تووندوتیژی بەرامبەر کۆچبەران زیادى کردووە و لە تازەترین پەرچەکرداریشدا چەند کەمپێک سووتێنران.
بەپێی سیاسەتی تازەی کۆچ لە سوێد کە هەفتەى رابردوو لەلایەن وەزیرى کۆچبەرانى ئەو وڵاتەوە ئاشکرا کرا، نزیکەى 11 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان منداڵ و هەرزەکارن، مافى مانەوەى کاتییان دەدرێتێ و لە داهاتووشدا مافى مانەوەى هەمیشەیى. ئەو بڕیارەش لەکاتێکدایە کە هەر ئەمساڵ 8300 کۆچبەر بڕیارى دەرکردنیان لە سوێد بۆ دەرچووە، بەڵام خۆیان لە دەزگاى کۆچ و پۆلیس شاردووەتەوە.
هەردوو بڕیارەکە ناڕەزاییەکی زۆریان لای سوێدییەکان دروستکردووە و بەشێوەی جیا پەرچەکرداریان هەبووە. لارس یۆهانسن، شارەزا لە پرسی پەنابەران و کارمەندی رێکخراوی مافی هاووڵاتیبوون دەڵێت: "سیاسەتی تازەی کۆچ لەگەڵ ئەوەی دەستپێشخەرییەکی تازەیە و بوێریی پێوە دیارە، بەڵام ناڕوونی و فەوزاشی تێدایە".
بەڕای یۆهانسن، بەپێی سیاسەتی تازەی کۆچ، زیاتر لە 9000 منداڵ دەبنە پەنابەر و مافی خوێندنیان دەبێت. بەڵام ئەو دەڵێت ئەمە "سەرلێشێواوی بۆ کۆچبەران دروستکردووە، تەنانەت پارێزەرانیش نازانن چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەدا بکەن".
بڵاوبوونەوەی دۆسیەى منداڵێکی کۆچبەر لە مێدیا لۆکاڵییەکانی سوێد کە بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە چونکە نازانێت چی بکات، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی سوێدی هەبوو. لە کاتێکدا بەپێی ئەو سیاسەتە تازەیە، ئەو منداڵە بۆی هەیە بمێنێتەوە و مافی پەنابەرێتی و سوودمەندبوون لە خوێندن دەیگرێتەوە.
یۆهانسن دەڵێت: "رێسا تازەکەى کۆچبەران ئەوەندە لاستیکییە، تەنانەت حکومەت و پارێزەرى کۆچبەرانیش نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن".
ئەگەر رەخنەی یۆهانسن و چالاکڤانانی بواری پەنابەران لە ناڕوونیی یاساکە بێ، ئەوا خەڵکانێک دژایەتییان بۆ رێکارە نوێیەکە دەربڕى چونکە بە گوتەى ئەوان ئاسانکارى زۆرى کردووە بۆ پێدانى مافى مانەوە بە کۆچبەران.
هەفتەی رابردوو پاتریک ریسیلۆ، گەورە سیاسەتمەداری پارتی مۆدێرات و پارلەمانتاری سوێد لە فراکسیۆنى ئەو پارتە، چووە رێزی پارتی سوێدییە دیموکراتەکان کە وەک پارتێکی نەژادپەرست ناوزەند کراوە و بە ئاشکراش دژایەتی بیانیی دەکەن.
ریسیلۆ بە مێدیاکانی سوێدى گوت "هەڵەی سیاسەتی کۆچ ئەو باوەڕەی لا دروست کردم کە لەنێو ئەم پارتە نوێیە درێژە بە کاری خۆم بدەم". ئەو پەرلەمانتارە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش گوتبووى سوێد لە ژێر هەڕەشەی کۆچبەراندایە.
سەبارەت بە سەنگەرگواستنەوەى ئەو پەرلەمانتارە بۆ نێو نەژادپەرستەکان، یۆهانسن دەڵێت "کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر باڵانسی بڕیار و پێگەی ئەو دوو پارتە نابێت، بەڵام ئەوە گوزارشتێکی راستەقینەیە لە زیادبوونی هزری نەژادپەرستی لە کۆمەڵگەی سوێدیدا".
تەنیا چەند رۆژێک بەسەر راگەیاندنی ئەم رێسا تازەیەی کۆچی سوێددا تێپەڕیبوو کاتێک لە یەک کاتدا، سێ کەمپی کۆچبەران سووتێنران و بە زەحمەت کۆچبەران لە ئاگرەکە رزگارکران.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە یەک کاتدا، ئاگری گەورە لە سێ کەمپی کۆچبەران لە ناوچەکانی بۆریبی و فیکخوێ و مۆلیلا کەوتەوە، یەکێک لە ئاگرەکان راستەوخۆ لە شوێنى نیشتەجێبوونى کۆچبەران بەردرا و 17 کۆچبەر زۆر بە زەحمەت لە ئاگرەکە دوورخرانەوە.
رزگار فەرەج کە کۆچبەرێکى کوردە و یەکێکە لەوانەى رزگاری بووە، لە چاوەڕوانی بڕیاری دامەزراوەی کۆچدایە بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی یان گەڕانەوە. رزگار بە (رووداو)ى گوت "تەواو بێزار بووم و لە چاوەڕوانی و دوور نییە بگەڕێمەوە".
رزگاری تەمەن 28 ساڵ کە خەڵکی هەرێمى کوردستانە، زیاتر لە دوو ساڵە لە سوێد چاوەڕێى وەڵامى دەزگاى کۆچ دەکات و دەڵێت "ئەوە سێیەم جارە، بەهۆی رووداوی جیاجیاوە، شوێنی نیشتەجێبوونمان دەگۆڕین".
رزگار دەڵێت بە موعجیزە رزگارى بووە. ئەو باسی ئەو ساتە دەکات و دەڵێت: "تازە لە حەمام هاتبوومە دەرەوە، بە نیازى نانخواردن بووین، هەستم بە بۆنی سووتانى شت کرد، ئەگەر چەند خولەکێکى دیکە لە گەرماوەکە بوومایە، ئێستا لە ژیاندا نەمابووم".
پۆلیس و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە زوو گەیشتبوونە شوێنى رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، پاشان رایانگەیاند کە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکان نادیارن، بەڵام رزگار دەڵێت :"ئەوە یەکەم جار نییە هەوڵی لەو شێوەیە دەدرێت و بە ئاشکراش دیارە کە بە ئەنقەست سووتێنراون". پشتریش گرووپە نەژادپەرستەکانى سوێد لە کاتى خۆپیشاندانەکانیان هەڕەشەى سووتاندنى کەمپەکانى کۆچبەرانیان کردبوو.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش، ئەم گەنجە کوردە بیرکردنەوەیەکی جیای لە کۆچبەرانی دیکە هەیە و دەڵێت :"خەڵکەکە ناهەقیان نییە رقیان لە ئێمە بێت، وێڕای ئەو خزمەتە زۆرەی بە ئێمەیان کرد، دیاریی ئێمە بۆ ئەوان تەنیا تێکدانی وڵاتەکەیان بوو".
ئەو هاوسۆزە لەگەڵ سوێدییەکان کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە رووداوێکدا لە نێوجەرگەی ستۆکهۆڵم، بەهۆی کۆچبەرێکەوە دەیان کەس بوونە قوربانی :"ناوێرم بە شەو، یان لە چۆڵیدا بچمە کافێیەک، یان رێستورانتێک بە چەندین شێوە دەمشکێننەوە و زۆرجار ترسم لێدەنیشێ".
رزگار ئەوە یەکەمجاری نییە لە لێوارى مەرگ دەگەڕێتەوە، پشتریش لە کاتى کۆچکردنیدا لە یۆنان چیرۆکى رزگاربوونەکەى لە دەریاى ئیجە بووە جێى بایەخى میدیاکان.
رزگار گوتى "لەکاتى هاتنمان بۆ سوێد بەلەمەکە لەنێو دەریاى ئیجە تێکشکا، تەنیا من و سێ گەنجى دیکە رزگارمان بوو، میدیاکان کە بۆ روماڵى هەواڵى کۆچبەران لەوێ بوون، زۆر شتیان لەبارەى چیرۆکى رزگاربوونمان بڵاوکردەوە".
رزگار لەو باوەڕەدایە کە چارەنووسێکى رەشى هەیە و دەڵێت "ئەگەر پەلەم نەکردبایە و یەک هەفتە خۆم بگرتبا، ئێستا دەمێک بوو مافى مانەوەم وەردەگرت، چونکە سێ هاوڕێیەکەم لە رێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فڕۆکە چوونە فینلاند و لەوێ مافى مانەوەیان هەیە و خانووشیان وەرگرتووە".
گوتیشی:"ئیدی قەدەرەکەم وایە، ئەوەندەی نەمابوو لە کەمپێکدا بمرم".
25/5/2017