فاروق حه‌جی مسته‌فا
ره‌نگه زۆر كه‌س به هاتنی سوپای توركیا بۆ نێو جه‌رابلوس، پرسه‌یان راگه‌یاندبێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له ئێمه ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژیش خه‌و نه‌چووبێته چاویه‌وه، ره‌شبین و نیگه‌ران بووبین. به رای ئه‌و جۆره كه‌سانه، ئه‌وه‌ی رووی دا كۆتایی مێژووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و شته وایه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای راپۆرت و زانیاریی میدیا بكه‌ین، تا ده‌گاته گوتاری به‌رپرسانی توركیا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زاری ئه‌و هێزانه‌شدا هات، كه هاوشانی سوپای توركیا خۆیان به جه‌رابلوسدا كرد.
گرته‌یه‌كی ڤیدیۆ بڵاو كرایه‌وه، تێیدا سه‌ربازان هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "هاتووین بۆ عه‌ینی ئیسلام". خۆ به‌ڕاست ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه پتر له لێدوانی میدیایی مایه‌ی ترس بوو، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌كه‌میان ده‌سته‌واژه‌ی (عه‌ینی ئیسلام) له‌بری (عه‌ینی عه‌ره‌ب) یان كۆبانی، چونكه ته‌نیا داعش بوو، كه به كۆبانیی گوت (عه‌ینی ئیسلام). دووه‌میان ده‌ركه‌وت كه هه‌ندێ سه‌رباز چاویان بڕیوه‌ته كۆبانی نه‌ك جه‌رابلوس یان هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی سووریا. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه رقێكی ئه‌ستوور ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی كۆبانی به‌تایبه‌تی و ده‌رهه‌ق به كورد به‌گشتی هه‌یه. له رواڵه‌تی گشتیدا دوو كار دێنه به‌رچاو: كاری یه‌كه‌م توركیا بۆ ده‌ركردنی داعش چووه نێو جه‌رابلوسه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌و كرده‌یه بۆ رێگرتن بوو له پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی ناوچه كوردنشینه‌كان.