هێمن عەبدوڵڵا
پێداگیرییەكانی جۆو بایدن لە توركیا لەسەر بێئاگایی پێشوەختەی ئەمریكا لە هەوڵی كودەتا، قسەی راست بوون و نوێش نەبوون. چونكە شەوی كودەتاكە و رۆژانی دواتریش كۆنە بەڕێوەبەرانی سی ئای ئەی و دیپلۆماتكارانی ئەمریكی هاتنە سەر تەلەڤزیۆن و بەسەرسوڕمانەوە گوتیان: "ئەو ستایلەی كودەتای پێكراوە لە ستایلی ئێمە ناچێ و قەت لە هیچ شوێنێكی دنیا ئەمریكا وا بە ناڕێكوپێكی كودەتای نەكردووە". ئەوەی لە قسەكانی بایدندا نوێ بوو، ئەو خۆدزینەوەیە بوو لە بەیەكجاری رەتكردنەوەی تەڤگەری كوردی لە رۆژئاوای كوردستان. بایدن بەوە خۆی پەڕاندەوە كە سەركۆنەی كردەوەكانی نێوەوەی توركیای كرد و هەم هی پەكەكە و هەم هی داعشی بە "تیرۆر" ناساند. رۆژی دواتر جۆن كێری، وەك گوتەبێژی یەپەگە، لێدوانێكی دا و رایگەیاند كە یەپەگە لە منبج دەكشێتەوە و هێزەكانی سووریای دیموكرات دەمێننەوە.
وەك بڵێی كەس نەزانێت یەپەگە و هەسەدە دوو رووی یەك دراون!
ئەو نیگەرانییەی دوو هەفتە بوو لە بەشەكانی كوردستاندا بەهۆی نزیكبوونەوەی ئێران و توركیا و رووسیاوە دروست ببوو و دیاربوو زیانمەندی گەورە تێیدا كورد دەبێت، وردە وردە بەهۆی لێدوانی ئەمریكییەكان سەبارەت بە رۆژئاوا و باشووری كوردستان و سەردانە فەرمییە پرۆتۆكۆڵییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا رەوییەوە. بەڵام دیسانیش كەڵكەڵەی پرسیارێك دەستمان لێ بەرنادات: ئایا ئەمریكا دۆستمانە و ئاشبەتاڵێكی دیكەمان پێ ناكاتەوە لەدوای شەڕی داعش؟
جارێ گرنگە بزانین نە كورد كوردەكەی ساڵانی حەفتاكانە، نە ئەمریكا و ئێران و توركیاش هی ئەو سەردەمەن. هەرچەندە ئەو قسەیەی جارێك كاك مەسعود سەبارەت بە كوردی رۆژئاوا كردی راستە كە گوتی گەرەنتییان وەرنەگرتووە بۆ ئایندەیان و وەكو شەڕكەر لەدژی داعش بەكاردێن. بەڵام ئەوەی لە زاری ئەمریكی و لایەنەكانی دیكەوە دەیبیستین هەمان ئەو قسانەن كە سەرەتای نەوەتەكان سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش دەیانكرد: "رێگە نادەین كیانێكی كوردی دروستبێت كە سووریا دابەش بكات". ئەم قسەیە هەم توركیای پێ بێدەنگ دەكرێت و هەم بوار بۆ دۆستایەتی لەگەڵ كوردیش لەو پارچەیەدا دەهێڵێتەوە.
سەبارەت بە باشووری كوردستانیش رێككەوتنە سەربازییەكەی هەولێر و واشنتن گرنگە و بەداخەوە سەركردایەتیی كوردستان نەیتوانیوە خەڵكی كوردستان تێبگەیەنێت كە بۆچی ئەو رێككەوتنە گرنگە. ئەگەر مەسەلەی ئابووری و وزەش بەلاوەبنێین، بۆ ئەمریكایەك كە حزووری لە ناوچەكەدا بەهۆی لاملی و هۆشیاربوونەوەی گەلانی ناوچەكەوە كەوتووەتە مەترسییەكی جدییەوە، مانەوە و پەرەپێدانی كیانێكی كوردی قازانجی ستراتیژیی درێژخایەنی هەیە. بۆیە دەگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیاری ناونیشانی گۆشەی ئەم هەفتەیەم و دەڵێم: ئەمریكا چیدی دۆستی كورد نییە، بەڵكو هاوپەیمانێتی. بەمەرجێك كورد زیرەكی بكات و باش بزانێت كاتی گەرەنتیكردنی هێشتنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە تا پاش كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵە.
3/9/2016