فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی دوای دروستبوونی رێکخراوی داعش زۆرترین زیانی لەلایەن ئەو رێکخراوە پێگەیشتووە بەراورد بە وڵاتە ئەوروپییەکانی دیکە. فەرەنسا بە زۆر شێواز هاوکاری پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە لە شەڕی دژی داعش و خودی فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشیان هەیە و چەند جارێک یەکدیان بینیوە، سەرۆکی فەرەنسا یەکەم سەرۆکیش بوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لە دەسپێکی شەڕی داعشدا سەرۆککۆماری فەرەنسا بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی. سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەیکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دڵنیاکرد بەزوویی چەکی فەرەنسا دەگاتە دەست هێزی پێشمەرگە، لە 2 ساڵی رابردووشدا جارێک سەرۆککۆماری فەرەنسا و چەندین جاریش وەزیری بەرگری و دەرەوە ئەو وڵاتە سەردانی هەولێریان کردووە.
کۆبوونەوەکانی بارزانی و ئۆلاند
- 23-5-2014 مەسعود بارزانی لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند کۆبووەوە.
- 12-9-2014 فرانسوا ئۆلاند یەکەم سەرۆک بوو سەردانی هەولێری کرد، لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ کوردستان و شەڕی دژ بە داعش نیشاندا.
- 10-2-2015 مەسعود بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی پاریسی کرد، لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند کۆبووەوە، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنی ناردنی هاوکاری دا بۆ پێشمەرگە.
فەرەنسا هەرزوو یارمەتی پێشمەرگەی دا
لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی داعش هێرشەکانی بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. فەرەنسا زوو پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان لەو شەڕەدا راگەیاند.
لە رۆژی 12ی ئابی ساڵی 2014، لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی فەرەنسا، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای کرد، بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شێوازی یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ بکەن.
لە 13ی ئاب و تەنیا چەند رۆژێک پاش دەستپێکردنی هێرشەکەی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پێی راگەیاند" زۆر زوو چەکی فەرەنسی دەگاتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان".
یارمەتییە سەربازییەکانی فەرەنسا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیانپێکرد و، تاکو ئێستاش بەردەوامن. لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا دوو کاروانی یارمەتی سەربازیی فەرەنسا گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
بەشێک لە یارمەتی سەربازییەکانی ئەم دوو کارووانەش، مووشەکی جۆری ئێم ئێم90، سەدان هەزار گوللە و نارنجۆک و دووربینی شەوان بوون.
گەیشتنی ئەم یارمەتییە پاش ئەوە هات کە ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری بەرگری فەرەنسا دوو مانگ پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لە پێداویستییە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانی پرسیبووەوە.
فەرەنسا راهێنانی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە
فەرەنسا لە بواری راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی هەبووە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 حکومەتی فەرەنسا دەستی بە ناردنی راوێژکاری سەربازیی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
راوێژکارانی سەربازی فەرەنسا لە کامپەکان مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، بۆئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی سەرکەوتوو چەکی قورس و پێشکەوتوو لە شەڕی دژ بە داعشدا بەکاربهێنن.
فڕۆکەکانی فەرەنسا داعش لە سنوورەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکەن
فەرەنسا لە بواری هێزی ئاسمانیشەوە یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی داوە. بە 10 فڕۆكەی جەنگی لە شەڕی دژ بە داعش بەشدارە و، زۆرجاریش فڕۆکە فەرەنسییەکان بارەگاکانی داعشیان لە نزیک سنوورەکانی باشووری کوردستان بە چڕی بۆردوومانکردووە.
لە دوو ساڵی رابردوویشدا چەندینجار وەزیرانی دەرەوە و بەرگری فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پاڵپشتی وڵاتەکەیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
7/9/2016