چاودێرانی ئەمریكی پێیانوایە سەرۆك كۆماری نوێی ئێران رەوشی كورد لەو وڵاتە باش ناكات و دەشڵێن لەنێو كاندیداكانی پۆستی سەرۆكایەتی، رۆحانی باشترینیان بووە بۆ دەربازكردنی تاران لەو گوشارە نێودەوڵەتیەی لەسەریەتی.
رۆژی هەینی رابردوو لە یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێراندا، ئێرانییەكان روویانكردە سندووقی دەنگدان و بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراویش حەسەن رۆحانی كاندیدی ریفۆرمخوازەكان بە بەدەستهێنانی رێژەی 50.71%ی دەنگەكان بووە نۆیەمین سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە.
رۆحانی زۆربەی كات بە سیاسەتوانێكی "میانڕەو" ناوبراوە و بە ئاشكراش رەخنەی لە سیاسەتەكانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی ئێستای ئێران گرتووە.
ساڵی 2009 و لەمیانەی خۆپێشاندانەكانی ئێران كە پاش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار سەریهەڵدا، رۆحانی بە ئاشكرا پشتگیری لە خۆپێشاندەران كرد و رەخنەی لە حكومەت گرت كە دژی مافە رەواكانی خەڵك وەستاوەتەوە.
لەدوای ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە و سەرەڕای ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تێبینی هەبوو لەسەر ئاستی شەفافیەت و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، بەڵام واشنتن رایگەیاند كە ئەوان ئامادەن راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ئێرانی بكەن بە رابەرایەتی سەرۆكی نوێ.
یەكێك لە چاودێرانی ئەمریكی لەوبڕوایەدایە كە لەو هەڵبژاردنە سنووردارەی لەبەردەم ئێرانییەكاندا هەبووە، رۆحانی باشترینیان بووە، ئەمەش حەزی خەڵكی ئەو وڵاتە بۆ گۆڕان ئاشكرا دەكات.
لەوبارەیەوە د.پیتەر فیڤەر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی دوكی ئەمریكی بە (رووداو)ی گوت "ئێرانییەكان باشترین كەسیان هەڵبژارد لەوانەی لەبەردەستیان بوو، ئەمەش هێمایەكی ئاشكرایە بۆئەوەی كە خەڵكی ئێران دەیانەوێ وڵاتەكەیان رێگای خۆی بگۆڕێ و بەهیوای ئەوەن كە ئەو گۆڕینە ببێتە هۆی رزگاركردنی وڵاتەكەیان لەو قەیرانە نێودەوڵەتیانەی بەرەوڕووی بوونەتەوە".
بەڵام ئەو شارەزا ئەمریكییە پێشیوایە كە لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنەكان زۆر سنووردار بووە "ئەگەر گۆڕانكاریش بكرێت، گۆڕانكارییەكی سیمبوڵی دەبێت و پێناچێت ئەم هەڵبژاردنە هەوڵەكانی ئەمریكا سەربخات بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی شەریكێكی میانڕەو و مۆدێرن".
رۆحانی بە سیاسەتمەدارێكی بە توانا و شارەزا ناسراوە و لەگەڵ ئەوەی چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە و نوێنەرایەتی وڵاتەكەی كردووە لە دانیشتنە نێودەوڵەتییەكان، ئەوە وایكردووە كە نازناوی "شێخی دیپلۆماسیەت"ی پێ ببەخشن.
رۆحانی لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا داخوازیی ریفۆرمخوازانی كوردی پەسەند كرد كە لە 10 خاڵ پێكهاتبوون و زۆر جەختی لەسەر ئەوەش دەكردەوە كە كە دەبێت لە ئێرانی نوێدا مافی هەموو كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكان رێزیان لێبگیرێ.
بەڵام هەندێك لە شارەزایانی رۆژئاوایی گەشبین نین بەوەی سەرۆك كۆماری نوێ بتوانێت رەوشی كورد و كەمینەكانی دیكەی ئەو وڵاتە باش بكات.
د. تۆماس ئەمبرۆسیۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی نۆرت داكۆتای ئەمریكی و شارەزا لە پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە(رووداو)ی گوت "سەرۆكی نوێی ئێران رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێتەوە، لەوكاتەی خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆ نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدایانە، بۆیە زۆر زەحمەتە سەرۆكی نوێ بتوانێت شتێك بكات بۆ باشكردنی رەوشی كورد لە ئێران لە داهاتوویەكی نزیكدا".
بڕیارە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 3ی ئابی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسند بكات و هەر هەمان رۆژیش بڕیارە سەرۆكی نوێ لەبەردەم پەرلەمانی ئێران سوێندی یاسایی بخوات.
لەیەكەمین دەركەوتنیدا لەپاش هەڵبژاردن، رۆحانی رایگەیاند كە هەوڵدەدات سەرجەم بەڵێنەكانی بباتە سەر و گوتیشی "وەفادار دەبم لە بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكی ئێرانم داوە".