لەدوای ئاڵوگۆڕکردنی دوو زیندانی لەنێوان ئێران و ئەمریکا، حکومەتی ئێران رایدەگەیێنێت، ئامادەن هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بکەن تاوەکو زیندانی دیکەش ئاڵوگۆڕپێبکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە عەلی رەبایی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو کەسانەی بە نادادپەروەری لە ئەمریکا دەستبەسەرکراون، ئامادەین هاوئاهەنگی بکەین.
رەبایی راشیگەیاند، ئاڵوگۆڕپێکردنی زیندانییەکان بەمانای ئەنجامدانی دانوستاند لەگەڵ ئەمریکا نایەت و ئاڵوگۆڕپێکردنی زیندانییەکانی ئەم دواییەش لەسەر ئەم بنچینەیە نەبووە.
هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکدا نووسیویەتی، دوای هاتنەوەی بارمتەکەمان لەم هەفتەیەدا، بەتەواوی ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕی هەموو بەندکراوان.
وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەمەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ناوچەیی لە تورکیایە، لە توویتەکەیدا رایگەیاندووە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە.
ئەو توویتەی زەریف لەکاتێکدایە، شەممەی رابردوو 7-12-2019 ئەمریکا و ئێران دوو بەندکراوی یەکدیان بە نێوبژیوانی سویسرا ئازاد کرد.
لە کاردانەوە بەرامبەر بە ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وێڕای دەستخۆشی لە حکومەتی ئێران گوتبووی، ئەمە پیشانی دەدات کە دانووستاندنەکان دەتوانن سەرکەوتووبن ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ دانوستاندن لەبارەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران.
10/12/2019